هەدیە تارانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-11-19:53:00 - کۆدی بابەت: 5844
هەدیە تارانی

ناوه‌ڕۆك

هەدیە تارانی کێیە؟

هەدیە (بە فارسی: هدیه تهرانی) لەدایکبووی ٢٥/٦/١٩٧٢ـی شاری تارانی وڵاتی ئێرانە، یەکێکە لە ئەکتەرەکانی سینەمای ئێران و براوەی دوو خەڵاتی سیمورغی کریستاڵە لە فیستیڤاڵی فیلمی فەجر.

ژیان

هەدیە لە ٢٦ـی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە پایتەختی وڵاتی ئێران لەدایکبووە و یەکەمین فیلمی (روز واقعە) بووە و لەوێ هەڵبژێردراوە بەڵام لادانی موستەوفی شوێنی گرتۆتەوە، جارێکی دیکە بۆ فیلمی (بودن یا نبودن) هەڵدەبژێردرێت بەڵام ئەکتەرێکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە، لەکۆتاییدا لەلایەن مەسعوود کیمیاییەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمی (سلطان) ئەوەش بووە یەکەمین فیلمی هەدیە، بە دەرکەوتنی لە فیلمەکانی (غریبانە) و (شوکران) بووە جێی سەرنجی ڕەخنەگران و لەبەرچاویان ئاستی بەرزبوویەوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ بە دەرکەوتنی لە فیلمی (چهارشنبە سوری) دەرهێنەر (ئەسغەری فەرهادی) ناوبانگی بە دونیای هونەری ئێران بڵاوبوویەوە و بووە خاوەنی خەڵاتی سیمورغی کریستاڵی باشترین ڕۆڵی ژن و خەڵاتی زێڕین لە فیستیڤاڵی ئاهەنگی خانەی سینەما و بە تەواوی جێگای لە ناو سینەمای ئێراندا کردەوە، بەڵام ئەو کەمترین دەرکەوتنی هەبووە لە دەرەوەی فیلم و فیستیڤاڵەکان و زیاتر بە کاری دیکەوە سەرقاڵ بووە جیا لە کاری ئەکتەری.

لە یەکێک لە فیلمەکانی بەهمەنی قوبادیدا بەشداری کردووە بەناوی نیوەمانگ.

لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن وەزیری ڕۆشنبیرییەوە لەگەڵ چەند ئەکتەرێکی دیکەدا خەڵاتی یەکەمینی هونەر وەردەگرێت کە وەک دکتۆرای فەخری کاری پێدەکرێت.

لە فیستیڤاڵی وێنەگری ماسار لە ساڵی ٢٠١٧ و لە شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی سەوزی ئێران لە ٢٠١٧ دادوەر بووە.

هەدیە لەلای جیلی نوێی سینەما زۆر ناسراو نەبوو تا ئەوەی لە درامای هاوتاوان لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ دەرکەوتەوە و بووە ڕووخسارێکی بەناوبانگی ساڵەکە.

هاوسەرگیری

ژیانی تایبەتی هەدیە زۆر ڕوون نییە، لە ساڵی ٢٠٠٧ هاوسەرگیری لەگەڵ هومەن بەهمەنش کرد کە وێنەگری فیلمە و خەڵکی سنەیە و کوردی ڕۆژهەڵاتە، بەڵام لە هەمان ساڵ و دوای هەشت مانگ جیابوونەوە و لەدوای ئەوەوە هاوسەرگیری نەکردووەتەوە.

ئارەزوو و کارەکانی

هەدیە دۆستێکی نزیکی ژینگەیە و لە گرنگترین کارەکانی بابەتی ژینگە و سروشت و پاراستنی ئاژەڵانە و زۆرینەی چالاکییەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی ژینگەی جیهان و ئێرانە و خاوەنی چەندین کەمپەینە و پشتگیری لە دەیان ڕێکخراوی ناحکوومی دەکات بە بەردەوامی بۆ پاراستنی دارستان و سەرچاوەی ئاوی و پاکوخاوێنی وڵاتەکەی و جیهان، لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە چیاکانی زاگرۆس هەمیشە لەگەڵ ڕێکخراوەکاندا لە کارکردندا بوو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و وەستاندنی زیانگەیاندن بە دەستکەوت و موڵک و ژینگەی وڵاتەکەی، هەروەها ڕێگر بووە لە چەندین دیاردەی ناپێویستی بەهەدەردانی سامانی ئاژەڵ لە ئێران لە ڕێگای کەمپەینەکانیەوە.

یەکێکی دیکە لە ئارەزووەکانی کە لە کاتی بێکاریدا ئەنجامی دەدات بریتییە لە دیزاینکردنی ناوەوەی ماڵ و ڕێکخستنی و زۆری حەز بە کەلوپەلی کۆن و دێرین و کلتووریە و کار بۆ پاراستنیان دەکات.

حەزی بە هونەری جەنگی و یۆگا و وەرزش هەیە و ساڵی ٢٠١٣ دەبێتە جێگری سەرۆکی کۆمیتەی تای چی چوانی ژنان، هەرچەند هەندێک کەس دژی ئەوە وەستانەوە بە بیانووی ئەوەی ئەو پیشەی ئەکتەرییە و لەو ئەرکەدا سەرکەوتوو نابێت، بەڵام ڕاهێنەران دڵنیاییان دا کە هەدیە پێشتر مامۆستا و فێرکاری وشۆ بووە.

هەدیە بەوە ناسراوە دۆستی کەسانی لێقەوماو و زیانێکەوتووە، بەوەی کە لە زۆرینەی ڕووداوە سروشتییەکانی وڵاتی ئێراندا دەستی باڵای هەیە لە یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و کەم‌دەرامەت، وەک لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨ دوای ئەوەی لافاوێکی گەورە زیانێکی زۆری ماددی بە خەڵکی گەیاند، هەدیه لەو کاتەدا لە ناوچەی گوڵستان لە یارمەتیدانی ڕێکخراوەکان و مانگی سووردا ڕۆڵێکی کارای هەبوو، هەروەها لە یارمەتیدانی ژنان و کچان بۆ دۆزینەوەی ئارەزووەکانیان و هاندانیان بۆ بەرەوپێشبردنی خۆیان و کارکردن بۆ دەستکەوتنی بژێوی بە شێوەیەکی شیاو بۆ خۆیان و ماڵەوەیان.

هەروەها ئارەزووی لە وێنەگرتنە و ساڵی ٢٠٠٩ پێشانگایەکی بۆ وێنەکانی کردەوە و نمایشی کردن.

فیلم و بەرهەمەکانی

ناوی فیلم دەرهێنەر
سلطان    مسعود کیمیایی
غریبانه    احمد امینی 
شوکران    بهروز افخمی  
سیاوش     سامان مقدم  
قرمز    فریدون جیرانی  
دست‌های آلوده سیروس الوند  
پارتی    سامان مقدم 
آبی    حمید لبخنده 
چتری برای دو نفر   احمد امینی  
زمانه    حمیدرضا صلاحمند  
کاغذ بی خط  ناصر تقوایی 
خانه‌ای روی آب  بهمن فرمان‌آرا 
آبادان    مانی حقیقی 
دنیا    منوچهر مصیری  
دختر ایرونی   محمدحسین لطیفی   
دوئل    احمدرضا درویش  
جایی برای زندگی   محمد بزرگ‌نیا   
شبانه     امید بنکدار و کیوان علیمحمدی  
یک بوس کوچولو بهمن فرمان‌آرا  
چهارشنبه سوری  اصغر فرهادی  
نیوه‌مانگ    بهمن قبادی  
نسل جادویی  ایرج کریمی   
هر کس سینمای خودش عباس کیارستمی
شیرین    عباس کیارستمی  
فرزند صبح بهروز افخمی 
تهران ۱۵۰۰  بهرام عظیمی  
هفت دقیقه تا پاییز   علیرضا امینی   
پل چوبی مهدی کرم پور  
یک روز دیگر حسن فتحی  
آشغال‌های دوست داشتنی محسن امیریوسفی 
روز مبادا   فائزه عزیزخانی  
آااادت نمی‌کنیم   ابراهیم ابراهیمیان   
دوئت    نوید دانش   
اسرافیل    آیدا پناهنده   
پدیده    علی احمدزاده   
بدون تاریخ بدون امضا  وحید جلیلوند   
روزهای نارنجی   آرش لاهوتی 
مسخره‌باز    همایون غنی‌زاده  
سینما شهرقصه  کیوان علی‌محمدی
بدون همه چیز   محسن قرایی

خەڵاتەکانی

  • خەڵاتی تایبەتی ڕەخنەگرانی ئیسپانیا - ٢٠١٩
  • خەڵاتی تایبەتی ڕەخنەگرانی ئەڵمانیا - ٢٠١٨
  • باشترین ئەکتەری ژن لە فیستیڤاڵی تورێنتۆ ٢٠١٨
  • خەڵاتی زێڕینی باشترین ئەکتەری ژن بۆ فیلمی چهارشنبه سوری لە فیستیڤاڵی جشن خانه سینما ٢٠٠٦
  • سیمورغی بلورینی باشترین ئەکتەری ژن ٢٠٠٥
  • باشترین ئەکتەری ژن - فیستیڤاڵی کۆریا ٢٠٠٢
  • باشترین ئەکتەری ژن - فیستیڤاڵی حافظ ٢٠٠٢
  • باشترین ئەکتەری ژن لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٠
  • سیمورغی بلورینی باشترین ئەکتەری ژن - ١٩٩٨


سەرچاوەکان

1262 بینین