ماندووبوونی قاچ

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-07-11-23:33:00 - کۆدی بابەت: 5847
ماندووبوونی قاچ

ناوه‌ڕۆك

ماندووبوونی قاچەکان چییە؟ 

ھۆکار زۆرە کە ماندووبوون  دروست دەکات لە قاچدا، کە لەوانەیە ئازار  و گرژی و کزانەوەی لەگەڵدا بێت یاخود نا، ھەستکردن بە ماندووبوون مەرج نیە نەخۆشی بێت، بەڵام  گرنگە کە  گرنگی بە جەستەمان بدەین، کاتێک ھەست بەماندووبوون دەکەین.

ھۆکارەکانی

١-بەکارھێنانی زۆر و خراپ بەکارھێنانی قاچەکان: بەتایبەت ئەو کەسانەی کەپێشتر کەمتر بەکاریان ھێناوە، وە گرنگە کە بەکارھێنانی بەپێی توانای جەستەی خۆت بێت.

٢-کەم بەکارھێنان و جووڵانی قاچەکان: ئەمیش ھۆکارێکە بۆ ماندووبوون، بەتایبەت ئەوانەی ماوەیەکی زۆر دادەنیشن یاخود پاڵ دەکەون. 

٣-گرژبوونی ماسولکەکانی قاچ: کەئەمیش دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە ماندوویەتی، پێویستە لەو کاتەدا پشووی تەواو بە قاچەکان بدرێت ھەتا نیشانەکان نامێنن. 

٤-کەمی پۆتاسێۆم: کاتێک ڕێژەی پۆتاسێۆم کەمدەبێت لەلەشدا، لەوانەیە ئەم نیشانانەی تریشی لەگەڵدا بێت: 

  • بێتاقەتی.
  • بێھێزی.
  • گرژی قاچەکان.
  • قەبزی.

٤-دەوالی: کاتێک خوێنھێنەرەکان بەباشی کارناکەن، خوێن تیایاندا کۆدەبێتەوە، خوێنھێنەرەکان گەورە دەبن و دەئاوسێن. 

٥-کەمبوونەوەی سوڕی خوێن بۆ قاچەکان: لەم حاڵەتەدا خوێن بە باشی ناتوانێت بگواسترێتەوە بۆ پەلەکانی خوارەوە و گەڕانەوەی خوێنیش بەباشی نابێت بەرەو دڵ بۆیە ھەڵئاوسان دروست دەبێت لە قاچ و پێ و و قولەپێدا. 

٦-دوو گیانی: کە ھەڵئاوسان و ماندووبوون بەھۆی ئەم ھۆکارانەوە دەبێت: 

  • گۆڕان لە ھۆرمۆندا.
  • کۆبوونەوەی شلە و ئاو لە خانەکاندا. 
  • زیادبوونی فشاری سەر خوێنھێنەرەکان. 

٧-نەخۆشی (MS): 
قورسبوون و ماندووبوونی قاچەکان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، دیاریکردنی ئەم نەخۆشییە لەلایەن پزیشکی  پسپۆڕەوە دەبێت. 

چارەسەر

چۆن چارەسەری ماندووبوونی قاچەکان دەکرێت؟ 

١-شانەکردنی وشک: ئەمیش بە فڵچەی تایبەت دەکرێت، کەیارمەتی چالاک کردنی سوڕی خوێن دەدات، سوڕی لیمف چالاک دەکات، ووزەی زیاتر دەدات بەقاچەکان، جگە لەوەی خانەکانی پێست تازەدەکاتەوە. شانەیەک بەکاربھێنە یاخود فڵچەیەک کە دانەکانی سروشتی بن و ڕەق نەبن، لە پێیەکانتەوە دەست پێبکە و بەرەو قاچ و بەرەو دڵ، ئەمە بۆ ماوەی (١٠-١٥)خولەک بکە پێش حەمامێکی سارد. 

٢-حەمامی گەرم: چوونە ناو حەمامی گەرم یارمەتی خاوبوونەوە و ئارامبوونەوە دەدات، سوڕی خوێن چالاک دەکات، دەتوانیت ٢ کوپ خوێی ئینگلیزی "خوێی دەریا" یاخود سۆدەی نان بکەیتە تەشتی حەمام یاخود بانێۆکەوە بۆ ماوەی بیست خولەک. 

٣-حەمامی قاچ: شوشتنی قاچەکان یارمەتی پشوودانی قاچەکان دەدات بە کەمکردنەوەی ئازار و ئاوسان و ھەوکردن. باشترە تەشتێک یاخود سەتڵێک ئاوی شلەتێن بێنیت و یەک کوپ سرکە یاخود خوێی زبری تێبکەیت و بۆ ماوەی بیست خولەک قاچەکانتی تێبکەیت. 

٤-سرکەی سێو: ھەندێک لەتوێژینەوەکان دەڵێن،  چەورکردنی قاچەکان بەسرکەی سێو نیشانەکانی دەوالی کەمدەکاتەوە، وەکو گرژبوون و ئازار و ماندووبوون. 

٥-ڕێگای ڕایس (RICE): 

R: ڕیلاکس، پشوودان بە قاچەکان. 
I: ئایس، بە واتای دانانی سەھۆڵ لەسەر قاچەکان.
C: کۆمپرێشن، بەمانای بەستنی  قاچەکان بە سپلینتی تایبەت یاخود بە باندج. 
E: ئیلیڤەیشن، بە مانای بەرزکردنەوەی قاچەکان و دانانی لەسەر گۆشە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان و ناڕەحەتی. 

٦-مەساجکردن و شێلان.

٧-وەرزشی ئاسان و سادە: ھەندێک وەرزشی ئاسان یارمەتی کەمکردنەوەی ماندووبوونی قاچەکان دەدەن، بۆ نموونە : 

  • دانانی تۆپێکی تێنس لەژێر پێیەکاندا و جوڵاندنی.
  • قوولەپێت بجوڵێنە بەشێوەی میللی کاتژمێر، یان ھەوڵبدە لەسەر زەوییەکە بازنەیەک بکێشیت. دەتوانیت ئەم وەرزشە بکەیت لە
  • کاتێکدا دانیشتویت یان بەسەر پێوەیت. 
    قاچەکانت بەرزبکەرەوە.
  • کاتێک بەسەر پێوەیت ھەوڵ بدە لەسەر پەنجەی پێیەکانت خۆت بەرزبکەیتەوە و دووبارە پێیەکانت دابەزێنیتەوە بۆ زەوی. 


سەرچاوەکان



1038 بینین