ژیریی دەستکرد

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-07-13-23:57:00 - کۆدی بابەت: 5877
ژیریی دەستکرد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژیریی دەستکرد (بە ئینگلیزی: Artificial intelligence، بە عەرەبی: الذكاء الاصطناعي) کورتکراوە (ئەی ئای، AI) بریتییە لە زیرەکی یاخوود درکپێکردن کە لەلایەن ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە نیشاندەدرێت، یان دەتوانین بڵێین بریتییە لە نیشاندانی زیرەکی مرۆڤەکان لەلایەن کۆمپیوتەرەکانەوە. نموونەی ئەو کارانەی کە ژیری دەستکرد ئەنجامیدەدات بریتییە لە ناسینەوەی دەنگ و قسەکردن، بینینی کۆمپیوتەر (Computer vision) کە بوارێکی کۆمپیوتەرە و کاردەکات لەسەر ناسینەوە و جیاکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکان، وەرگێڕان لەنێوان زمانە سروشتییەکان، کە ئەو زمانانەن مرۆڤەکان قسەی پێدەکەن، هەروەها تێگەیشتن و خوێندنەوەی داتا گەورەکان.

ژیری دەستکرد لە چەندین بواردا بەکاردێت وەک بزوێنەری گەڕانی وێب وەک گووگڵ (Google Search)، سیستمەکانی پێشنیارکردن کە لەلایەن یوتیوب، ئەمازۆن، تیکتۆک و نێتفلیکسەوە بەکاردەهێنرێت، تێگەیشتن و ناسینەوەی قسەکان وەک سیری (Siri) و ئەلێکسا (Alexa)، لە ئۆتۆمبێلە بێشۆفێرەکان، بڕیاردان و کێبڕکێکردن بە باشترین شێوە لە یارییە ستراتژییەکاندا وەک یارییکانی شەترەنج و گۆ (Go).

ژیری دەستکرد وەک دیسیپلینێکی ئەکادیمی لە ساڵی ١٩٥٦ دامەزراوە و لە ساڵانی دواتردا چەندین شەپۆلی پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، پاشان تووشی نائومێدی و لەداستدانی بوودجە بۆ بەرەوپێشبردنی ببوە، کە ئەم ماوەیە بە (زستانی ئەی ئای) ناسراوە، پاشان دووبارە بوژانەوە و بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.

ژیری دەستکرد چەندین لقی لێدەبێتەوە و هەریەکەیان ئامانجی تایبەت بەخۆی هەیە، ئامانجەکان  بریتین لە بەڵگەهێنانەوە، نیشاندانی زانیاری، پلاندانان، فێرکردن، پڕۆسێسکردنی زمانی سروشتی، لێکدانەوە، توانای جوڵاندن و دەستکاریکردنی شتەکان، وەک ڕۆبۆتەکان.

زیرەکی گشتی (توانای چارەسەرکردنی کێشە گشتییەکان) یەکێکە لە ئامانجە درێژخایەنەکانی بوارەکە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، توێژەرانی AI کۆمەڵێک تەکنیکی چارەسەرکردنی کێشەیان دروستکردووە لەوانە گەڕان و باشکردنی بیرکاری، لۆجیکی فەرمی، تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان (artificial neural networks)، ئامار و هەروەها ئەگەرەکان(probability). هەروەها AI سوود لە زانستی کۆمپیوتەر، دەروونناسی، زمانەوانی، فەلسەفە و چەندین بواری دیکە وەردەگرێت.

ئەی ئای لەسەر ئەو گریمانەیە دامەزراوە کە زیرەکی مرۆڤ "دەتوانرێت ئەوەندە بە وردی وەسف بکرێت کە دەکرێت ئامێرێک بۆ ھاوشێوەکردنەوەی دروست بکرێت"، ئەمەش بووە هۆی وروژاندنی بواری فەلسەفی لەبارەی عەقڵ و دەرئەنجامە ئەخلاقییەکانی دروستکردنی بوونەوەری دەستکرد کە زیرەکییان هاوەشێوەی زیرەکی مرۆڤەکانە؛ زانایانی کۆمپیوتەر و فەیلەسوفەکان پێشنیاریان کردووە کە ڕەنگە AI ببێتە مەترسییەک بۆسەر بوونی مرۆڤایەتی گەر توانا عەقڵانییەکانی بەرەو ئامانجە سوودبەخشەکان ئاراستە نەکرێن.

مێژوو

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا چەند زانایەک دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ڕێبازێکی نوێ بۆ دروستکردنی ئامێری زیرەک, لەسەر بنەمای دۆزینەوەکانی زانستی دەمار, زانستی بیرکاری و سایبەرنێتیکس (Cybernetics). لە هاوینی ساڵی 1956 لە کۆنفڕانسێکدا لە کەمپی کۆلێژی دارتمۆسدا بواری توێژینەوەی ژیری دەستکرد دامەزرێنرا. ئامادەبوانی ئەم کۆنفڕانسە بۆ ماوەی چەند دەیەیەک بوونە پێشەنگی توێژینەوەی ژیری دەستکرد، بەتایبەتی جۆن مەکارتی و مارڤین مینسکی؛ ئالن نۆئێل و هێربێرت سیمۆن کە تاقیگەی ژیری دەستکردیان لە MIT و زانکۆی کارنێگی مێلۆن (CMU) و ستانفۆرد دامەزراند، خۆیان و خوێندکارەکانیان هەستان بەنووسینی چەندین بەرنامە کە بووە هۆی سەرسامکردنی شارەزایانی بوارەکە. لە ناوەڕاستی شەستەکاندا، توێژینەوەی ژیری دەستکرد لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە ڕێژەیەکی زۆر پارەی بۆ دابین دەکرا. لەم ماوەدا توێژەران چەند پێشبینییەکیان کرد کە بریتیبوون لە:

  • لە ساڵی ١٩٦٥دا هێربێرت ئەلێکساندەر سیمۆن (Herbert A. Simon): “دوای بیست ساڵ، ئامێرەکان دەتوانن هەر کارێک بکەن کە مرۆڤ بتوانێت بیکات".
  • لە ساڵی ١٩٦٧ مارڤین مینسکی: "لە ماوەی نەوەیەکدا، کێشەی دروستکردنی ژیری دەستکرد تا ڕادەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت".

لە ساڵی 1974 لە بەرامبەر ڕەخنەکانی سێر جەیمس لایتێل لە ئینگلتەرا و فشارە بەردەوامەکانی کۆنگرێس بۆ دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەی بەرهەمدارتر، حکومەتی ئەمریکا و بەریتانیا بودجەی خۆیان بۆ هەموو لێکۆڵینەوەیەک لە بواری ژیری دەستکرددا بڕییەوە، ئەمەش بە یەکەم پاشەکشە دادەنرێت لە توێژینەوەکانی ژیری دەستکرددا کە ناسراوە بە زستانی ئەی ئای (AI winter)؛ پاشان دووبارە لە سەرەتای هەشتاکاندا توێژینەوەکانی AI دووبارە سەریانهەڵدایەوە و بەرەوپێشوونیاین بەخۆوەبینی.

لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، توێژینەوەکانی AI بەهۆی سەرکەوتنی بازرگانی سیستەمی پسپۆڕانەوە زیندووکرانەوە، تا ساڵی ١٩٨٥ بازاڕی AI گەیشتبووە زیاتر لە ملیارێک دۆلار. لە هەمان کاتتدا، پڕۆژەی کۆمپیوتەری نەوەی پێنجەمی ژاپۆن ئیلهامبەخش بوو بۆ حکومەتی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ گەڕاندنەوەی بودجە بۆ توێژینەوە ئەکادیمییەکان لە بواری ژیری دەستکرددا. بەڵام لە دوای دەستپێکردنی داڕمانی بازاڕی ئامێری لیسپ لە ساڵی ١٩٨٧، جارێکی دیکە AI کەوتە ناو ناوبانگێکی خراپەوە و زستانی دووەم و درێژخایەن دەستی پێکرد.

زۆرێک لە توێژەران دەستیان کرد بە گومان لەوەی کە ڕێبازی هێمایی یاخود ڕەمزی کە رێگایەکی بەکارهێنانی ژیری دەستکردبوو، بتوانێت لاسایی هەموو شێوازەکانی ناسین و فێربوونی مرۆڤ بکاتەوە، بەتایبەتی تێگەیشتن، ڕۆبۆتیک، فێربوون و هەروەها ناسینەوەی نەخش. ژمارەیەک لە توێژەران هەستان بە سەیرکردنی ڕێبازە "لاوەکییە هێماییەکان" بۆ چارەسەرکردنی کێشە تایبەتەکانی AI. توێژەرانی ڕۆبۆتیک، وەک ڕۆدنی بروکس، AIی هێمایی ڕەتکردەوە و سەرنجی خستە سەر ئەو زانیارییە ئەندازیارییە سەرەتاییانەی کە ڕێگە بە ڕۆبۆتەکان دەدەن بجوڵێن و بژین و فێری ژینگەکانیان ببن. گرنگیدان بە تۆڕە دەمارییەکان لەلایەن جۆفری هینتۆن و دەیڤید ڕومێلهارت و کەسانی دیکە لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زیندوو بووەوە. ئامرازەکانی کۆمپیوتەری نەرم لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەرەیان پێدرا، وەک تۆڕە دەمارییەکان، سیستەمی تەمومژاوی (fuzzy systems)، تیۆری سیستەمی خۆڵەمێشی (Grey system theory) و چەندین ئامرازی تر کە لە ئامار یان باشکردنی بیرکارییەوە وەرگیراون.

لە کۆتاییەکانی نەوەدەکان و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا ژیری دەستکرد وردە وردە ناوبانگی خۆی گەڕاندەوە لەڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە تایبەتەکان. سەرنجی ورد و دیاریکراو ڕێگەی بە توێژەران دا کە ئەنجامی پشتڕاستکراو بەرهەم بهێنن و شێوازی بیرکاری زیاتر بەکاربهێنن و هاوکاری لەگەڵ بوارەکانی دیکەدا بکەن وەک بوارەکانی ئامار، ئابووری و بیرکاری. لە ساڵانی ٢٠٠٠دا ئەو چارەسەرانەی کە لەلایەن توێژەرانی AI پەرەی پێدرابوون بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنران، هەرچەندە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە دەگمەن بە "ژیری دەستکرد" وەسف دەکران.

کۆمپیوتەری خێراتر، باشترکردنی ئەلگۆریتم و دەستگەیشتن بە بڕێکی زۆر لە داتا، بووە هۆی پێشکەوتن لە فێربوون و تێگەیشتنی ئامێرەکان. بەپێی وتەی جاک کلارک لە بلومبێرگ، ساڵی ٢٠١٥ ساڵێکی گرنگ بوو بۆ ژیری دەستکرد، ژمارەی ئەو پڕۆژە و نەرمەکاڵایانەی کە  AI بەکاردەهێنن و لە ناو گووگڵدا هەن لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ زیاتر لە ٢٧٠٠ پڕۆژە زیادیکردووە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ زیاتر گونجان و بەردەستبوونی تۆڕە دەمارییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی ژێرخانی کۆمپیوتەری هەور و زیادبوونی ئامرازەکانی توێژینەوە و کۆمەڵە داتاکان (datasets). لە ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٧دا، لە پێنج کۆمپانیا یەکێکیان ڕایگەیاندووە کە "AI لە پێشکەشکردن یان یەکێک لە پڕۆسێسەکانی کۆمپانیاکەیاندا جێگیر کردووە". بڕی توێژینەوەکان لەسەر AI (بەپێی ئەو پڕۆژانەی بڵاوکراونەتەوە) لە ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٩ بە ڕێژەی ٪٥٠ زیادی کردووە.

ئامانجەکانی ژیری دەستکرد

بەڵگەهێنانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان

لەسەرەتادا توێژەران هەستان بە پەرەپێدانی ئەلگۆریتمەکان کە هەڵدەستا بە لاسایی کردنەوەی هەنگاوەکانی بەڵگەهێنانەوە (reasoning)ـی مرۆڤەکان لە چارەسەرکردنی مەتەڵ و کێشە لۆجیکییەکان. تا کۆتاییەکانی ساڵی هەشتاکان و نەوەدەکان توێژینەوەکان چەند ڕێگەیەکی جیاوازیان بەرهەمهێنا بۆ چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ داتا و زانیارییە ناتەواوەکان لە رێگەی بەکارهێنانی بوارەکانی ئەگەر (probability) و ئابووری.

زۆرێک لە ئەلگۆریتمەکان سەماندیان کە بەتەنها بەس نین بۆ چارەسەرکردنی کێشە گەورەکانی ئەگەر دانان چوونکە توشی تەقینەوەی تێکەڵاو (combinatorial explosion) دەبوون، کە لەگەڵ گەورەبوونی کێشەکان کارکردنی ئەلگۆریتمەکان بەشێوەیەکی بەرچاو هێواش دەبوونەوە. تەنانەت مرۆڤەکانیش بەدەگمەن هەنگاو بە هەنگاو کێشەکانیان چارەسەردەکەن، بەڵکو لەڕێگەی بەکارهێنانی بڕیاردانی خێرا و تێگەیشتنەوە چارەسەری دەکەن.

نیشاندانەوەی زانیاری

نیشاندانەوەی زانیاری (Knowledge representation) و ئەندازیاری زانیاری (knowledge engineering) رێگە بە پڕۆگرامەکانی ئەی ئای دەدەن کە بەشێوەیەکی زیرەک وەڵامی پرسیرەکان بدەنەوە و بڕیاری ڕاست بدەن دەر بارەی زانیارییەکانی جیهان.

توێژینەوەکانی ژیری دەستکرد چەندین ئامرازیان پەرەپێداوە بۆ نیشاندانەوەی زانیاری بوارە جیاجیاکان، وەک شتەکان (objects)، تایبەتمەندی شتەکان، پۆلێنەکان، پەیوەندی نێوان شتەکان، دۆخەکان، ڕووداوەکان، حاڵەتەکان و کاتەکان، هۆکار و گاریگەرییەکان، زانیاری دەربارەی زانیاری (ئەو زانیارییە ڕاستانەی کە لە کەسانی ترەوە فێردەبین)؛ بەڵگەهێنانەوەی بنەڕەتی (ئەو ڕاستیانەی کە مرۆڤەکان وا گریمانە دەکەن کە دەیزانن تا ئەوکاتەی ڕاستییەکەیان پێدەوترێت) هەروەها لەگەڵ چەندین بواری تر.

نیشاندانەوەی زانیاری بەکاردەهێنرێت لە ئیندێکسکردن و وەرگرتنەوەی زانیاری لەسەر بنەمای ناوەڕۆک.

فێربوون

فێربوونی ئامێر (Machine learning) چەمکێکی بنەڕەتی بواری ژیری دەستکردە کە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە ئەلگۆریتمەکانی کۆمپیوتەر کە وادەکات کۆمپیوتەرەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە ڕێگەی ئەزموونەوە فێرببن و باشترببن.

فێربوونی ئامێر چەند جۆرێکی جیاوازی هەیە کە بریتین لە:

فێربوونی بێچاودێری (Unsupervised learning) هەڵدەستێت بە دۆزینەوەی نموونە و هێما (pattern) لە زانیارییەکاندا کە پێویستی بە یارمەتی مرۆڤ نییە لە فێربووندا.

فێربوونی سەرپەرشتیکراو (Supervised learning) پێویستی بە کەسێک هەیە داتا و زانیارییەکان ناولێبنێت (label) پێش پێدانی زانیارییەکان بە ئامێرەکە بۆئەوەی لێوەی فێرببێت، ئەم جۆرە فێرکردنە بۆ دوو مەبەست بەکاردەهێنرێت کە بریتین لە پۆلێنکردن (classification) و شیکارکردنی پاشەکشەیی ژمارەیی (numerical regression).

پۆلێنکردن بەکاردەهێنرێت بۆ ناسێنەوە و پۆلێنکردنی ئەو شتانەی کە دەدرێت بە ئامێرەکە کە دەکرێت وێنە، ڤیدیۆ، دەنگ، یان هەرجۆرێکی تری زانیاریبێت، سەرەتا پڕۆگرامەکە یان مۆدێلەکە هەڵدەستێت بە بینین و فێربوون لە کۆمەڵێک زانیارییەوە کە پێشتر لەلایەک کەسی گەشەپێدەرەوە پێیدراوە و ناویان لێنراوە، واتا سەرەتا تۆ دەبێت بە ئامێرەکە بڵێیت ئەم وێنەی سەگێکە و ژمارەیەک وێنەی جیاوازی پێبدەیت بەهەمانشێوە بۆ کۆمەڵە ئاژەڵێکی تر، دواتر وێنەیەکی نوێ دەدەیت بە پڕۆگرام یان ئامێرەکە پێشتر نەیبینوە بەڵام لەڕێگەی ئەو وێنە کۆنانەی کە پێی دراوە و لێوەی فێربووە دەتوانێت وێنە نوێیەکە پۆلێن بکات.

شیکارکردنی پاشەکشەیی ژمارەیی، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کردارێک کە توانای دۆزینەوە و پەیوەندی لەنێوان زانیارییە هاتووەکان و چووەکان (input, output) هەبێت، هەروەها ئەگەر هەر زانیارییەکی هاتوو بگۆڕدرێت چ کاریگەرییەک و گۆڕانێک لەسەر زانیاری یاخود داتای دەرچوو (output) دەبێت.

ئەم دوو جۆەری پۆلێنکەر و شیکارکردنی پاشەکشەیی دەکرێت پێیانبوترێت "کرداری نزیککەرەوە" چوونکە وەڵامەکان ٪١٠٠ نین بەڵام زۆرتین هەوڵدەدرێت کە نزیک بکرێنەوە و ڕاستترین وەڵام بدەنەوە.

جۆرێکی تری فێربوونی ئامێر پێێدەوترێت فێربوونی بەهێزکردن (Reinforcement learning)، لەم شێوازی فێرکردنەدا ئەو ئامێر یان مۆدێلە پاداشتدەکرێت کاتێت وەڵامێکی ڕاستدەداتەوە و سزا دەدرێت کاتێک وەڵامێکی هەڵە دەداتەوە، بەمشێوەیە فێردەبێت کە زیاتر هەوڵبدات کە وەڵامەکانی راستبێت بۆ بەدەستهێنانی پاداشت.

کۆتا جۆری فێربوونی ئامێر بریتییە لە فێربوونی گواستنەوەیی (Transfer learning) کە لەم جۆرەدا مۆدێلەکە هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی ئەو زانیاریانەی کە فێربووە لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆندا و بەکارهێنانی لە وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشەی نوێ.

چارەسەرکردنی زمانی سروشتی

چارەسەرکردنی زمانی سروشتی (Natural language processing) ڕێگە بە ئامێرەکان دەدات کە توانای خوێندنەوە و تێگەیشتنی زمانی مرۆڤەکانیان هەبێت. سیستمێکی بە‌هێزی چارەسەرکردنی زمانی سروشتی توانای خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانە هەیە کە لەلایەن مرۆڤەکانەوە نووسراوە وەک ڕۆژنامەکان. بەکارهێنانەکانی چارەسەرکردنی زمانی سروشتی بریتین لە کۆکردنەوە و وەرگرتنی زانیاری، وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و وەڕگێڕانی ئامێرەکان، واتا وەڕگێڕانی زمانێک بۆ زمانێکی تر کەڕێگەی بەکارهێنانی ئامێر و پڕۆگرامەکانەوە.

تێگەیشتن

تێگەیشتنی ئامێرەکان (Perception) بریتییە لە بەکارهێنانی وەرگرەکانی وەک کامێرا، مایکرۆفۆن، سیگناڵەکانی وایەرلێس، لیدار (lidar)، سۆنەر، ڕادار و هەستەوەرە ئەلیکترۆنییە فیزیکییەکان، بەکارهێنانیان بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتە و سیمای جیهان، بەکارهێنانەکانی تێگەیشتنی ئامێر وەک جیاکردنەوە و ناسینەوەی دەنگ، ڕووخسار و هەروەها ناسینەوەی شتەکان، کە ئەم بوارە زیاتر ناسراوە بە بینینی کۆمپیوتەر (Computer vision).

ژیری گشتی

ئامێرێک کە خاوەنی ژیری گشتیبێت تونای وەڵامدانەوەی ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر لە کێشەکانی هەیە هاوشێوەی مرۆڤەکان، چەند ڕێگایەک هەیە بۆ بەدەستهێنانی و پەرەپێدانی ژیری گشتی، هانس مۆراڤێک و مارڤین مینسکی کە زانای بواری ژیری دەستکردن، دەڵێن دەکرێت کارکردن لەسەر ژیری دەستکردن لەبوارە جیاجیاکاندا بکرێت بە یەک و کۆبکرێنەوە لە سیستمی بەهێزدا کە خاوەنی ژیری گشتیبێت، هەروەها هەندێک پێیان وایە تایبەتمەندییە ئەنترۆپۆمۆرفیزمییەکان کە بەواتای "مرۆڤاندن" دێت، وەک مێشکی دەستکرد دکرێت بەدەستبهێنرێت کاتێک ژیری گشتی زیاتر بەرەوپێشدەچێت.

بەکارهێنانەکان

ژیری دەستکردن دەکرێت بۆ هەر کارێکی بیرکردنەوە بەکاربهێنرێت، بەکارهێنانە مۆدێرنەکانی زیرەکی دەستکرد گشتگیرن و زۆرن و لەژماردن نایەن. زۆرجار کاتێک تەکنیکێکی ژیری دەستکرد زۆر بەکاردەهێنرێت و وەک شتێکی ڕۆژانەی لێدێت، چیتر بە ژیری دەستکرد نازانرێت و سەیرناکرێت؛ ئەم دیاردەیە پێیدەوترێت کاریگەری ئەی ئای (AI effect).

لە ساڵانی ٢٠١٠دا، پڕۆگرامەکانی AI لە کرۆکی سەرکەوتووترین بوارەکانی کۆمپیوتەردا بوون لە ڕووی بازرگانییەوە و بووبوونە تایبەتمەندییەکی هەموو بەشەکانی ژیانی ڕۆژانە.

هەزاران بەرنامەی سەرکەوتووی AI هەیە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پیشەسازی یان دامەزراوە تایبەتەکان بەکاردەهێنرێن، وەک هەڵگرتنی وزە، دیپ فەیک، دەستنیشانکردنی پزیشکی، لۆجستیکی سەرباز، یان بەڕێوەبردنی زنجیرەی دابینکردن.

یاریکردن یەکێک بووە لە خاڵە بەهێزەکانی ژیری دەستکرد لە سەرەتاکانی ساڵەکانی ١٩٥٠کاندا، دیپ بلوو (Deep Blue) یەکەمین کۆمپیوتەری یاری شەتڕەنجبوو کە توانی لە پاڵەوانی جیهانی شەترنج بەناوی گاری کاسپارۆڤ (Garry Kasparov) لە ١١ ی ٥ ١٩٩٧ بباتەوە.

ساڵی ٢٠١١ لە یاری جێپۆردی، کە بەرنامەیەکی پرسیار و وەڵامبوو، کۆمپیوتەر وەڵامدەرەوەی پرسیاری کۆمپانیای ئای بی ئێم بە ناوی واتسۆن (Watson) توانی لە دوو پاڵەوانی یارییەکە بە ناوەکانی براد ڕوتەر و کێن جێنینگز بباتەوە بە جیاوازییەکی زۆر. ساڵی ٢٠١٦ پڕۆگرامی ئەلفا گۆ (AlphaGo) لەکۆی ٥ یاری توانی ٤ یاری لە پاڵەوانی جیهانی (Lee Sedol) لە یاری گۆ (go) بباتەوە.

تا ساڵی ٢٠٢٠ سیستمەکانی پڕۆسێسکردنی زمانی سروشتی وەک جی پی تی-٣ (GPT-3) دروستکران وەک چات جی پی تی (Chat GPT) کە توانای وەڵام دانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە خێرایی مرۆڤەکان زیاتربوو. ئەلفا فۆڵد ٢ (AlphaFold 2) کە بەرهەمێکی دیپ مایند بوو لە ساڵی ٢٠٢٠ توانی شێوازی سێ دووری پێکهاتەی پڕۆتین دروستبکاتەوە لەماوەی تەنها چەند کاتژمێرێکدا.


سەرچاوەکان



4672 بینین