هۆکارەکانی وەرینی قژ لە کچاندا

له‌لایه‌ن: - سایە مستەفا - به‌روار: 2021-07-14-15:09:00 - کۆدی بابەت: 5887
هۆکارەکانی وەرینی قژ لە کچاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆربەی کچان لە تەمەنی هەرزەکاریدا تووشی کێشەی وەرینی قژ دەبنەوە، ئەم کێشەیە چەندین ھۆکاری ھەیە، لەکاتی تێگەشتن لەم کێشانە چارەسەرکردنی ئاسان و کاریگەر دەبێت، بەپێی ماڵپەڕی (ھارڤارد) دکتۆرە دیبورا سکوت، کە مامۆستای یاریدەدەرە لە زانستی نەخۆشییەکانی پێست لە زانکۆی ھارڤارد، دەڵێت زۆربەی کچان بەدەست کێشەی قژ ھەڵوەرینەوە دەناڵێنن، بەڵام ھەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەتوانرێت ئەم قژ وەرینە چارەسەر بکرێت، چەندین شێوازی نوێ ھەیە بۆ وەستاندنی ئەم قژ وەرینە.

تێگەشتن لە وەرینی قژ 

ھەنگاوی یەکەم چۆنیەتی ڕەفتارکردنە لەگەڵ وەرینی قژی تەنک و دیاریکردنی ئەوەی لە جەستەدا ڕوودەدات، ئەو ھۆکارەی دەبێتە ھۆی بینینی قژت لەو کاتەی دەکەوێتە سەر شانەکانت، پێویستە بزانیت وەرینی بڕێک لە قژ ئاساییە، ھەموو کەس بەشێک لە قژی دەوەرێت لە سوڕی گەشەکردنی سروشتی قژیدا، کە ئەم سوڕە لە سێ قۆناغ پێکدێت:

قۆناغی گەشەکردن: ئەم قۆناغە ئاماژە بە کاتی گەشەی تاڵەكانی قژ دەدات بە شێوەیەکی چالاک، دەکرێت ئەم قۆناغە بۆ ماوەی دوو ساڵ تا ھەشت ساڵ بەردەوام بێت.

قۆناغی گەڕانەوە: قۆناغی گواستنەوەی کورتە، کە سێ ھەفتە دەخایەنێت، لەم قۆناغەدا قژ لە گەشە دەوەستێت و ئامادە دەبێت بۆ وەرین.

قۆناغی وەرین: ئەم قۆناغە بەشێكە لە سووڕی قژ، لەو کاتەی قژەکە لە سلکی قژ لێدەکرێتەوە، لەدوای وەرینی قژ سلکی قژ بەنزیکی بۆ ماوەیی سێ مانگ بە ناچالاکی دەمێنێتەوە، پێش ئەوەی قژی نوێ دەستبکاتەوە بە گەشەکردن.
بەڵام ئەگەر تێبینی وەرینی ڕێژەیەکی نا سروشتی قژت کرد، یان تاڵە قژەکان دەوەرن و قژت تەنک دەبێتەوە، ئەوە ئاماژە بە بوونی کێشەیەک دەکات.

ھۆکارەکانی وەرینی قژ 

دەکرێت چەندین کێشە ببنە ھۆی وەرینی قژ، وەک خواردنی دەرمان، یان ڕاکێشانی قژ لە کاتی بەستنیدا، یان لە ماوەی چاکبوونەوە لە دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

لە حاڵەتی دیکەدا  کێشەی وەرینی قژ دەکرێت بەھۆی کێشەیەکەوە بێت کە لەناو جەستەدا ڕوودەدات، وەک کێشە لە غودەی دەرەقی، یان گۆڕانی ھۆرمۆنەکان یان بەھۆی ھەوکردنەوە.

دەکرێت وەرینی قژ بۆ ماوەیی بێت، چەند ھۆکارێکی دیکە ھەیە لە کچاندا دەبێتە ھۆی وەرینی قژ، وەک ھەوکردن کە تووشی پێستی سەر دەبێت بەھۆی نەخۆشی ئەکزیما یان بەڵەک، ھەندێک جار دەبێتە ھۆی دروست بوونی پەڵە و وەرینی قژ لە پێشەوەی سەر واتە سەروی نێو چاوان.

چەند ھۆکارێکی ناسراوی دیکەی وەرینی قژ: زۆر بەکارھێنانی بەرھەمی زیانبەخشی قژ، و بەکارھێنانی ئامێری وەک وشککەرەوەی قژ یان ھەر ئامێرێکی دیکە لە ڕێکخستنی قژدا بەکاردێت، هەروەها ھەندێک نەخۆشی وەک نەخۆشییەکانی بەرگری جەستە، و بەدخۆراکی و تێکچوونی ھۆرمۆنەکان کە دەبنە ھۆی وەرینی قژ.


سەرچاوەکان



945 بینین