کارتی شاشە

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-15-15:07:00 - کۆدی بابەت: 5904
کارتی شاشە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کارتی شاشە (بە ئینگلیزی: video card یان graphics card) بریتییە لە کارتێکی درێژکەرەوە (Expansion card) کە هەڵدەستێت بە پیشاندانی زانیارییەکان لەسەر لەسەر ئامێرێکی نیشاندەر وەک، تەلەفیزیۆن و شاشەی کۆمپیوتەرەکان (مۆنیتەر)، زۆرجار کارتی شاشە بە کارتە شاشە تایبەتەکان دەوترێت (dedicated graphics)، بەڵام لە زمانی کوردیدا زۆرجار بە کارتی شاشەی خاریجی یاخوەد دەرەکی ناودەبرێت، کە ئەم جۆرە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ کارتی شاشە لەجۆری یەک پارچە (integrated graphics)، کە دوبارە لە زمانی کوردیدا زۆرجار پێیدەڵێن کارتی شاشەی داخلی یان ناوەکی، لە ناوکی ئەم دوو جۆرە ئامێرەدا یەکەی چارەسەرکەری گرافیکی تێدایە (graphics processing unit)، کە بە بەشی سەرەکی کارتی شاشە دادەنرێت.
بێجگە لە دەرخستنی زانیارییەکان لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکان، کارتی شاشەکان دەتوانن چەند کارێکی تر ئەنجامبدەن کە پەیوەندی بە گرافیکەوە نییە لەڕێگەی بەکارهێنانی ئۆپن سی ئێڵ (OpenCL)، هەروەها کارتی شاشە دەتوانێت بەکاربهێنرێت لە بواری زیرەکی دەستکرددا.

کارتی شاشەی دەرەکی و کارتی شاشەی ناوەکی

کارتی شاشەی ناوەکی لەگەڵ مەزەربۆرد، (CPU) یان چیپێکدا لەسەر کۆپیوتەردا دادەنرێت، ئەم چۆرە کارتی شاشەیە لە زۆربەی کۆمپیوتەرەکاندا هەیە، هەروەها توانای ئەوە دەبەخشێت بە بەکارهێنەر کە لە بایۆسی(Bios) سیستمەکەدا بیکوژێنێتەوە و کارتێکی شاشەی دەرەکی بەکاربهێنێت کە لە ڕێگەی پۆرتی (PCI Express) بە کۆمپیوتەرەکەوە دەبەسترێت، بەکارهێنانی کارتی شاشەی دەرەکی هێزێکی زیاتر دەبەخشێت بە سیستمەکە لەچاو کارتی شآشەی ناوەکیدا، هەروەها لە هەندێ کاتدا دەتوانرێ هەردوو جۆری کارتی شاشەکە لە یەک کاتدا بەکاربهێنرێن بۆ نیشاندانی زانیاری لەسەر دوو شاشەی جیاواز.
لایەنە باشەکانی کارتی شاشەی ناوەکی بریتییە لە کەمی نرخەکەی، بچووکی قەبارەکەی و هەروەها کەم بەکارهێنانی کارەبا، بەڵام لەڕووی بەهێزییەوە کارتی شاشەی ناوەکی زۆر باش نییە چوونکە هەمان سەرچاوەی سیستم بەکاردەهێنێت کە (CPU)ـەکە بەکاریدەهێنێت، بەڵام کارتی شاشەی دەرەکی ڕام و فێنککەرەوەی تایبەت بەخۆی هەیە، هەروەها کارتی شاشەی دەرەکی بەتایبەت بۆ چارەسەرکردن (پڕۆسێس)ـکردنی وێنە گرافیکییەکان دروستکراوە، بۆیە بەکارهێنانی کارتی شاشەی دەرەکی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو پەستانەی کە لەسەر کۆمپیوتەرەکە هەیە و ئەنجامدانی کارەکان خێراتر دەکات، هەروەها لە زۆر حاڵەتدا کارتی شاشەی دەرەکی پێویست دەبێت، وەک یاریکردن، کارکردن لەگەڵ ئەنیمەیشنە سێ دوورییەکان یان دەستکاریکردنی ڤیدیۆ.

کۆپانیاکانی (AMD) و (Intel) هەستاون بە دروستکردنی (CPU) و مەزەربۆرد کە پشتگیری کارتی شاشەی ناوەکی دەکەن، کۆمپانیای (AMD) ئەو سی پی یوانەی کە دروستیان دەکات و کارتی شاشەیان تێدایە لەژێر ناوی (Accelerated Processing Unit)ـدا دەیانفرۆشێت، هەروەها کۆمپانیای (Intel) هەمان تەکنەلۆژیا لەژێر ناوی (Intel HD Graphics)ـدا دەفرۆشێت.
تەکنەلۆژیای (APU)ـی کۆمپانیای ئەی ئێم دی لەلایەن هەردوو کۆنسۆڵی پلەی ستەیشن و ئێکس بۆکسەوە بەکاردەهێنرێت.

بەکارهێنانە تایبەتەکانی کارتی شاشە

کارتی شاشەکان جۆریان زۆرە و هەریەکێکیان بۆ مەبەستێکی تایبەت دروستکراوە.

1- یاری کردن
GeForce GTX
GeForce RTX
Nvidia Titan
Radeon HD
Radeon RX

2- یاریکردنی هەوری (Cloud gaming)
Nvidia Grid
Radeon Sky

3- کارکردن (Workstation)
Nvidia Quadro
AMD FirePro
Radeon Pro

4- کارکردنی هەوری (Cloud Workstation)
Nvidia Tesla
AMD FireStream

5- هەوری زیرەکی دەستکرد (Artificial Intelligence Cloud)
Nvidia Tesla
Radeon Instinct

6- ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە خۆیان دەڕۆن
Nvidia Drive PX

پارچەکانی کارتی شاشە

کارتی شاشە لە خولگە (circuit)ـێکی چاپکراو پێکدێت کە پارچەکانی پێوە لکێنراوە.

یەکەی چارەسەرکەری گرافیک 

یەکەی چارەسەرکەری گرافیک (بە ئینگلیزی: graphics processing unit یاخود GPU)، بریتییە لە نەخشەیەکی ئەلیکترۆنی کە هەڵدەستێت بە دروستکردنی وێنەکان و نیشاندانیان لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکە.

یەکەی گەرمی هەڵمژ (Heat sink)

ئەم بەشەی کارتی شاشە هەڵدەستێت بە فێنک کردنەوەی یەکەی چارەسەرکەری کارتی شاشەکە، ئەم بەشە بە یەکەی چارەسەرکەرەوە دەلکێت و لەنێوانیاندا ماددەیەک هەیە کە پێیدەوترێت (Thermal paste).

بایۆسی ڤیدیۆ (Video BIOS)

بایۆسی ڤیدیۆ یان فیرم وەیر، بریتییە لە پڕۆگرامێکی بچووک کە بەکاردێت بۆ جێگیرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کارتی شاشەکە، هەروەها چەندین زانیاری دەربارەی کارتی شاشەکە دەردەخات وەک ڕامەکەی، و بڕی ئەو ڤۆڵتەی کە بەکاری دەهێنێت.

بیرگەی ڤیدیۆ

قەبارەی بیرگەی زۆربەی کارتە شاشە نوێیەکان لە 2 گێگابایتەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 24 گێگابایت، هەروەها هەندێکیش هەن کە 32 گێگابایت دەبن، ئەم بیرگانە لەلایەن پڕۆگرامەکانەوە بەکاردەهێنرێت کە پێویستیان بە ڕێکخستنی داتا گرافیکییەکانە وەک گرافیکی سێ دووری، پێکهاتەکان (Texture) هەروەها (vertex buffer)ـەکان.

ڕآمداک (RAMDAC)

ڕامداک کە کورتکراوەی (random-access-memory digital-to-analog converter)ـە، بریتییە لە بەشێکی کارتی شاشە کە هەڵدەستێت بە گۆڕینی ئاگادارکردنەوە (سیگناڵ)ـە دیجیتاڵییەکان بۆ سیگناڵی ئانالۆگ، بۆ ئەوەی شاشەی کۆمپیوتەرەکان بتوانن بیخوێننەوە.

دەرکەری ڕووکارەکان (Output interfaces)

ئەم بەشەی کارتی شاشەی هەڵدەستێت بە گواستنەوەی وێنە و گرافیکەکان بۆ سەر شاشەی کۆمپیوتەر، کە زۆرجار لەڕێگەی بەستنەوەی وایەرێکی دیاریکراوە بە شاشەکە و دەرچەی دەرکەری ڕووکارەکە.

جۆرەکانی دەرکەری ڕووکار:

Video Graphics Array (VGA)
Digital Visual Interface (DVI)
Video In Video Out (VIVO)
High-Definition Multimedia Interface (HDMI)
DisplayPort
USB-C


سەرچاوەکان



3805 بینین