ماکسی شێت: ڕێگای توڕەیی (٢٠١٥)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-20-21:03:00 - کۆدی بابەت: 5972
ماکسی شێت: ڕێگای توڕەیی (٢٠١٥)

ناوه‌ڕۆك

چیرۆکی فیلمی Mad max: fury road

لە جیهانێکی وێرانبوودا، ئافرەتێک لە دژی فەرمانڕەوایەکی خۆپەرست و زۆردار شۆڕشێک بەرپادەکات و بەرەو دۆزینەوەی نیشتیمانی ڕاستەقینەی خۆی بەڕێدەکەوێت لەگەڵ کۆمەڵێک ئافرەتی دیکەدا، لەم نێوەندەدا بە شۆفێرێکی لێهاتوو و شێت ئاشنادەبن بە ناوی ماکس.

زانیاری دەربارەی فیلمی Mad max: fury road

فیلمێکی ئاکشن و سەرکێشی و خەیاڵاوییە، لەلایەن جۆرج میڵەرەوە کاری دەهێنانی بۆ کراوە لە ساڵی ٢٠١٥، لە ١٥ی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥ بڵاوکرایەوە، لە نواندنی تۆم هاردی، چارلز سیرۆن، نیکۆڵاس هۆڵتە، ماوەی فیلمەکە ١٢١ خولەکە.

پاڵێوراوی ١٠ خەڵاتی ئۆسکارە و براوەی ٦ خەڵاتی ئۆسکاربووە، لە ڕیزبەندی ٢٠٤ دێت لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو نمرەی ٨،١\١٠ وەرگرتووە لە سایتی IMDB بە یەکێک لە فیلمە ئاکشنە تایبەتەکان هەژمار دەکرێت، لەم فیلمەدا کۆتایی جیهان بە شێوەیەکی زۆر ترسناک وێناکراوە، تیشک خراوەتە سەر کەمبوونەوەی دوو گرنگترین سەرچاوەکانی ژیان کە ئاو و سوتەمەنییە، بە جۆرێک دەستەیەک وەک سەرۆک و فەرمانڕەوا کە تاوانباری سەرەکین مژدەی ژیانێکی ئاسوودە و خەیاڵی بە خەڵکی ژێردەستە و هەژار دەدەن، لەم فیلمەدا بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە خەڵکی بەسەر سێ چیندا دابەشکراو.

  • چینی هەژار و چەساوە: بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە برسی و تینوو کراون.
  • چینی شەڕکەڕ و ڕێگر و چەتە: لە پێناو مانەوەی خۆیان و دەسەڵەتدارەکەیان زۆر بێ بەزەییان هەموو کارێک ئەنجام دەدەن.
  • چینی سەرەوە: چینی دەسەڵاتدار و پاشا و ئەفسانە کە هەمیشە بانگەشەی نەمری بۆ خۆیان دەکەن.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • زیاتر لە ٪٨٠ ی ئیفێکتەکانی ناو فیلمەکە ڕاستین لەگەڵ ئەوەی کە ئەو تەقینەوە گەورەیەی لە ناو فیلمەکەدا ڕوودەدات، دەکرا زۆر سامناک بێت بۆ بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە، بەڵام تیمی بەرهەمهێنەران لەبەر ئەم دیمەنە گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بەبێ بەکارهێنانی تەکنیکیCGI کاری وێنەگرتنیان بۆ ئەو دیمەنە کردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ٢٠ گاڵۆن بەنزینیان بەکارهێناوە.
  • لە کاتی وێنەگرتندا چارلز سێرۆن ڕوپۆشێکی سەوزی لە قۆڵدا بوو بۆ ئەوەی کە دواتر ئەو قۆڵەی لاببرێت و وەک قۆڵێکی بڕاو دەربکەوێت، بەڵام کاتێک لە دیمەنێکدا لەناکاو دەستی دەجوڵێنێت بە هەڵە دەستی بەر لوتی تۆم هاردی دەکەوێت و لوتی دەشکێت، هەروەها چارلز سێرۆن پرچی خۆی بە تەواوی تاشی بۆ ڕۆڵبینین لە فیلمەکەدا.
  • دیمەنەکانی شەو بە ئەنقەست لە ڕۆژدا تۆمار کراون و زۆرجار ئاسمان گۆڕدراوە و دەسکاری کراوە بۆ ئاسمانێکی سەرنجڕاکێشتر، ئەو بیابانەی کە زۆربەی دیمەنەکانی تێدا وێنەگیراوە لە وڵاتی نامیبیایە، بیابانێکە کە بە هۆی ئەم فیلمەوە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری لەو وڵاتەدا.
  • دەرهێنەری فیلمەکە بە سینەماتۆگرافەری فیلمەکەی وتبوو کە دەبێت ئەکتەری سەرەکی هەمیشە لە ناوەڕاستی شاشەکەدا دەرکەوێت بۆ ئەوەی تەماشاکەر ناچار نەبێت لە کاتی دیمەنە خێراکاندا چاو بگێڕێت بەناو شاشەکەدا تاکو ئەکتەری سەرەکی بدۆزێتەوە، ئەمەش بۆ سینەماتۆگرافەری فیلمەکە کارێکی کەمێک قورس بوو و کاتی زۆری پێویست بوو.
  • جۆرج میڵەری دەرهێنەر و چارلز سێرۆنی ئەکتەر لەگەڵ تۆم هاردی زۆر نەدەگونجان لە کاتی وێنەگرنتندا چونکە هەردووکیان پێیان وابوو کارکردن لەگەڵ تۆم هاردی قورس بێت، هەر لەبەر ئەمە تۆم هاردی لە فیستیڤاڵی خەڵاتەکانی کان داوای لێبووردنی لە جۆرج میڵەر کرد


سەرچاوەکان



1176 بینین