بۆن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-21-18:09:00 - کۆدی بابەت: 5986
بۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆن (بە ئینگلیزی: Perfume) ماددەیەکی شلی بۆن‌خۆشە بەشێوەیەکی گشتی لەو ڕۆنە بنچینەییانە پێکدێت کە لە گوڵ و چەند جۆرێکی بەهارات دەردەهێنرێن، بۆن بەکاردێت بۆ بەخشینی بۆنێکی خۆش و خوازراو بە لەشی مرۆڤ بە ئامانجی کەشخەیی و متمانە بەخۆبوونی زیاتر، هەروەها سەلمێنراوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی تەندروستییەکی باشتر بە ئارامکردنەوە، کەمکردنەوەی دوودڵی، ماندوویەتی و زیادکردنی توانای مێشکی مرۆڤ.

مێژووی دۆزینەوەی بۆن

وشەی بۆن Perfume لە وشەی لاتینی perfumare هاتووە کە بە مانای "بۆ ئەوەی بەهۆیەوە بۆنبکرێت" دێت، هونەری دروست کردنی بۆن لە لایەن میسرییە کۆنەکان، میزۆپۆتامیا، هیندۆسەکان و چینییەکان سەری هەڵدا هەروەها پێشتر لە لایەن ڕۆمانەکان و موسوڵمانەکانەوە پوختەکرابوو.

یەکەم کیمیاگەر لە جیهاندا کە ناوی تۆمارکرا بە بەرهەمهێنەری بۆن ئافرەتێک بووە بە ناوی تاپوتی(Tapputi)، لە نووسینی بزماریدا ناوی بە بەرهەمهێنەری بۆن هاتووە لە ٢٠٠٠ ساڵی پێش زایین، ئەم کیمیاگەرە بە دڵۆپاندنی گوڵ، ڕۆن لەگەڵ چەند ئەڕۆماتیکێکی دیکە پاشان پاڵاوتنیان بە چەند جارێک توانیویەتی بۆن بەرهەمبهێنێت.

لە ساڵی ٢٠٠٣ دا پسپۆڕەکانی زانستی شوێنەوارناسی لە کارگەیەکی دروست کردنی بۆندا چەند کەرەستەیەکی دروستکردنی بۆن و کۆنترین بۆنیان دۆزییەوە کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ٤٠٠٠ ساڵی پێش زایین لە Pyrgos و Cyprus  (دەکەونە یۆنانی کۆنەوە).  

پێکهاتەکانی دروستکردنی بۆن چین؟

  • بۆن لە گوڵ، تۆوی ڕووەک، بەهارات، میوە، دار، ڕەگ، بەلسەم (ماددەیەکی چەوری بۆندارە)، گەڵا، دەدراوی ئاژەڵ، هەروەها چەند ماددەیەکی کیمیایی وەک کحول، ماددەی پێترۆکیمیایی، خەڵوز بەرهەمدەهێنرێت.
  • هەندێک پێکهاتەی بۆن لە ئاژەڵەوە سەرچاوە دەگرێت وەک ئەندامێکی لەشی گۆڕهەڵکەن کە دەکەوێتە ژێرکلیکییەوە، میسک کە ئەندامێکی لەشی جۆرێکی ئاسکی مێینەیە، جۆرێکی دەگمەنی پاشماوەی نەهەنگ کە لە ڕیخۆڵەی نەهەنگدا بەرهەمدێت.
  • ئەو بۆنانەی پاشماوەی نەهەنگیان تێدایە یەکێکن لە گرانبەهاترین بۆنەکان و تێچوویان ٣٠ ئەوەندەی زیوە، ئەم پێکهاتانە زۆرجار وەک جێگیرکەر بەکاردێن بۆ ئەوەی وا لە بۆنەکە بکەن درەنگتر بچێت بە هەوادا و بۆنەکەی زیاتر بمێنێتەوە.
  • کحول و هەندێکجار ئاو وەک ڕوونکەرەوەیەک بەکاردێن بۆ کەمکردنەوەی خەستی بۆن، ڕێژەی کحول بۆ بۆن دیاری دەکات کە ئەو بۆنە تا چەند بەهێزە و دەمێنێتەوە.

جیاوازی چییە لە نێوان بۆنی ئافرەتان و بۆنی پیاوانەدا؟

لە کۆندا هیچ جیاوازییەک نەبووە لە نێوان بۆنی پیاوان و بۆنی ئافرەتاندا، بەڵام بە پێی تێپەڕبوونی کات لە دوای ساڵی ١٩٥٠ خەڵک هەستیان بە جیاوازی جۆرەکانی بۆن کرد، بۆن بووە پێناسەیەک بۆ کەسایەتی ئەمەش بوو بەهۆکاری ئەوەی پیاوان و ئافرەتان ئەوە دیاری بکەن کە چ بۆنێک خانمی و پیاوەتی ئەوان دەردەخات.

ئافرەتان بۆنی میوە، گوڵ، شیرین و سەرخۆشکەریان پێخۆشە و زیاتر لە پیاوان گرنگی بە بۆن دەدەن لەبەر ئەوەی پێیان وایە بۆن ڕەنگدانەوەی کەسایەتی و کەشخەیییانە، پیاوانیش ئەو بۆنانە هەڵدەبژێرن کە زیاتر پیاوانەیە، هۆشیارکەرەوە، ئارامبەخشن بۆ بەکارهێنان و ئەوانەیان پێخۆشە کە لە بۆنی داری سنەوبەر، ڤانێلا و هەندێک جۆری تری ڕووەک دروستدەکرێن.

هەندێک بۆنیش هەن کە جوت توخمن، پیاوان و ئافرەتانیش بەکاری دێنن و پێیان خۆشە، بەڵام لە ڕاستیدا و لە ڕەچەتەی بۆندا هیچ ڕەچەتەیەک نییە تایبەت بێت بە پیاوان و بە ئافرەتان، بەڵکو زیاتر کارگەکانی بەرهەمهێنانی بۆن و شێوازی پێچانەوە و شوشەی بۆنەکان وای لە بەکار‌‌هێنەر کردووە کە هەستی جیاوازی بۆ دروست ببێت

ڕیزبەندی پێنج باشترین بۆنەکانی جیهان

  • ژادۆر لەلایەن کۆمپانیای کریستیان دیۆر بۆ ئافرەتان - J’adore By Christian Dior for Women 5.0 Oz Eau De Parfum
  •  بۆنی ئافرەتانی شینی کاڵ لەلایەن کۆمپانیای دۆڵچێ و گەبانا - Dolce & Gabbana Women’s Eau De Toilette Spray, Light Blue
  •  ئەستێرەی فریشتەکانی میوگلەر لەلایەن دیزاینەری فەڕەنسی تیاری میوگلەر - MUGLER ANGEL STARS BY THIERRY MUGLER
  • ترەزەر لەلایەن کۆمپانیای لانکەمەوە - TRESOR by Lancome EAU DE PARFUM
  • کۆکراوەی بنچینەیی گوڵ لەلایەن کۆمپانیای گرافەوە - Blossoms Ultimate Collection By Graff


سەرچاوەکان



4000 بینین