ڕاستگۆیی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-15-06:01:00 - کۆدی بابەت: 10668
ڕاستگۆیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕاستگۆیی (بە ئینگلیزی: honesty، بە عەرەبی: الصدقبەرزترین ئاستی کەسایەتییە لە مرۆڤدا، بەڵێنێکی ڕاستەقینەیە لە نێوان ڕەفتار و پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ کەسانی تر، ڕاستگۆیی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروست و ئاسوودەت هەبێت و کەسێکی ڕاستگۆ لە ژیانییدا تووشی گرژی و ئاڵۆزی نابێت، کەسێک کە لە ژیاندا تووشی گرژی نەبێت، زیاتر دەژیێت. ئەگەر ئێمە لە بەڵێن و پەیمانەکانی خۆمان لەگەڵ کەسانی تردا ڕاستگۆ بین، چیتر نیگەرانی ئەنجامی کارەکانمان نابین. نیگەرانی و فشاری ئەنجامی نەبوونی ڕاستگۆیی لە کارەکانماندا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی توشبوونی نەخۆشییە جیاوازەکان.

ئەگەر هەموو تاکەکانی ناو کۆمەڵگا لە کارەکانیاندا ڕاستگۆبن، چی ڕوودەدات؟

- ئەگەر هەموو تاکەکان ڕاستگۆ بن، بەهۆی هەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی لە هەموو بوارەکاندا، گەندەڵی بوونی نامێنێت.

- کەسانی ڕاستگۆ کەمتر دووچاری فشار دەبن، بەمەش ئەگەری توشبوونیان بەو نەخۆشیانەی هۆکارەکەی فشارە کەمتر دەبێت.

- ڕاستگۆیی لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا، وەفاداری کەسەکە نیشان دەدات و وەفاداری دەبێتە هۆی زیاتر بەهرەمەند بوونی پیشەیی و بازرگانی، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابووری و زیاتر جێگیربوونی لایەنی ماددی.

- ڕاستگۆیی لە کاتی ئەنجامدانی ڕێککەوتنە کەسی و بازرگانییەکاندا زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ درووست بوونی پەیوەندی پتەو لەگەڵ کەسەکان.

- نەبوونی کێشە بازرگانی و کەسییەکان ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دڵخۆشکەر دەخوڵقێنێت، بوونی ڕاستگۆیی لە سەرکردەکاندا، دەبێتە هۆی ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگاکە زیاتر متمانە بە سەرکردەکان بکەن. 

ئەگەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا لە کارەکانیاندا ڕاستگۆ نەبن، چی ڕوودەدات؟

- کاتێک هیچ یەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا ڕاستگۆ نەبن لە کارەکانیاندا، بەهۆی خۆویستی زۆری ئەو کەسانە، گەندەڵی لە کۆمەڵگادا زیاد دەبێت.

- بەهۆی دوودڵی و نەبوونی دڵنیایی لە کاتی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی کاری و پەیوەندییە جیاوازەکان، فشاری سەر کەسەکان زیاتر دەبێت.

- کەسانی ناڕاستگۆ تەنها بە مەبەستی بەدەستهێنانی پارە کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بیر لە بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکان، کاری بەکۆمەڵ، ئامانجەکان و وەفاداری ناکەنەوە.

- پەیوەندی و هاوڕێیەتی بەردەوام و پتەو بوونی نامێنێت. دۆسیەی تاوانەکان لە دادگاکاندا، چالاکی پۆلیس، تاوانکاری و دڕەندەیی کەسەکانی کۆمەڵگا زیاتر دەبێت.

- لەکاتی نەبوونی ڕاستگۆیی لە سەرکردەکاندا، چیتر بیر لە ئاسوودەیی و سوودی تاکەکانی کۆمەڵگا و بەرەو پێشبردنی ناکەنەوە و گرنگی پێنادەن، تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە و دەیانەوێت سوودی زیاتر بۆ خۆیان بەدەست بهێنن. 

هۆکارەکانی گرنگی ڕاستگۆیی

١. بەبێ بوونی ڕاستگۆیی، پەیوەندییەکانمان بەهیچ شێوەیەک بناغەیەکی بەهێزییان نابێت، بوونی ڕاستگۆیی لە پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تر وەکوو پەیوەندی خێزانی، هاوڕێیەتی و خۆشەویستی دەبێتە هۆی دروست بوونی هەستی متمانە لەکەسی بەرانبەردا، بەبێ بوونی ڕاستگۆیی لە پەیوەندییەکاندا، دەستەواژەی خۆشمدەوێیت وەکوو درۆیەک دەبینرێت و بە هیچ جۆرێک هەست بە ئاسوودەیی ناکرێت لەو پەیوەندییەدا. 

٢. خەڵکی ناتوانن مێشکی ئێوە بخوێننەوە، ڕاستگۆیی تەنیا بە واتای وتنی ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو بە واتای چۆنیەتی کردارەکانیش دێت لە بارودۆخەکە جیاوازەکاندا، بۆ نموونە لەوانەیە کەسێک بە ئەنجامدانی کارێک ببێتە هۆی ئازاردانی تۆ، بەڵام خۆی ئاگادار نەبێت، لەو بارودۆخەدا ڕاستگۆیی تۆ و ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسە دەربارەی کارە هەڵەکانی، زۆر یارمەتیدەری دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵەکانی، بەڵام ئەگەر ئاگاداری نەکەیتەوە، ڕێگا نادەیت هەڵەکانی ڕاست بکاتەوە، کەواتە ڕاستگۆیی دەتوانێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان و قەڕەبووکردنەوەی هەڵەکان زۆر یارمەتیدەر بێت.

٣. کاتێک خەڵکی ڕاستی بابەتێک نازانن، هەوڵ دەدەن بۆ زانین و دۆزینەوەی ڕاستییەکە، لەم بارودۆخەشدا لەوانەیە هەندێک کەس پڕوو پاگەندە بڵاوبکەنەوە یان درۆ کردنی هەندێک کەس ببێتە هۆی دروست بوونی هەڵە تێگەیشتن و کێشەی گەورەتر لە پەیوەندییەکاندا، لە کاتێکدا کەسەکان ڕاستییەکان نازانن دەکرێت بەئاسانی باوەڕ بە پڕوپاگەندەکان بکەن و لەئەنجامدا هەست بە ئازار و خیانەت بکەن. ئەوەش لەکاتێکدا ئەگەر لە سەرەتاوە ڕاستگۆیی هەبووایە، ڕێگری دەکرد لە درووست بوونی تەواوی ئەو کێشانە.

٤. خەڵکی بەگشتی زیاتر لە شاردنەوەی ڕاستییەکان زیانیان پێدەگات بە بەراورد بەخودی ڕاستییەکە، هەندێک کەس بۆیە درۆ دەکەن چونکە لەوە دەترسن گووتنی ڕاستییەکان کێشەی زۆرتریان بۆ دروست بکات، تەنانەت ئەگەر بیستنی ڕاستییەکان قورسیش بێت بەلای کەسەکانەوە له بیستنی درۆ باشترە، چونکە کاتێک ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن ئەو کەسانەی درۆیان لەگەڵدا کراوە، هەست دەکەن یارییان پێکراوە و ئەو پرسیارەیان بۆ دروست دەبێت کە بۆچی هەر لە سەرەتاوە ڕاستییەکە بە ئەوان نەگوتراوە.

٥. ڕاستگۆیی، پەیوەندییەکان چاک دەکاتەوە و متمانەی نێوان کەسەکان زیاتر دەکات. ژیان کردن لەگەڵ درۆ کارێکی زۆر سەختە و دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەکان زیاتر ئاڵۆز ببن. لەوانەیە ڕاستگۆیی لە سەرەتاوە ببێتە هۆی ئاڵۆزی بارودۆخەکە، بەڵام لەکۆتاییدا کەسەکان لەیەکتر نزیکتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی ئاسوودەیی و پارێزراوی لە پەیوەندییەکاندا.

ڕێکارە گونجاوەکان بۆ زیادکردنی ڕاستگۆیی لە خۆتدا

١. ئەگەر دەچیت بۆ قوتابخانە، بەهیچ شێوەیەک لە تاقیکردنەوەکانت گزی مەکە، چونکە بە گزی ناتوانیت سەرکەوتن بەدەست بهێنیت.

٢. ئەگەر کار دەکەیت، لە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانت ڕاستگۆبە و بیر لە بەرژەوەندییەکانی ئەو شوێنە بکەرەوە کە کاری لێدەکەیت، نەک تەنیا بەرژەوەندییەکانی خۆت.

٣. پێش قبووڵ کردنی هەر بەرپرسیارێتییەک، بەجوانی هەموو لایەنەکانی هەڵبسەنگێنە و دڵنیاببەوە کە دەتوانیت ئەو کارە ئەنجام بدەیت، پاشان بۆ تەواوکردنی کارەکە بە باشترین شێوە هەوڵ بدە.

٤. بۆئەوەی وابکەیت کەسانی تر بە ئەرێنی بیرت لێبکەنەوە، درۆ مەکە و خۆت بە جۆرێک نیشان مەدە کە وانیت.

٥. خۆت خۆش بوێت، ئەو کەسانەی هەستێکی باشیان بەرانبەر خۆیان هەیە کەمتر درۆ دەکەن.

٦. کاتێک کەسانی تر داواتان لێدەکەن درۆ بکەیت، بەتوندی ڕەتی بکەرەوە.

٧. هەڵەکانی خۆت قبووڵ بکە و ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکان ببەوە، دواتر بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ پاداشتی ڕاستگۆییەکەت وەردەگریتەورە.


سەرچاوەکان



6621 بینین