سەڵاحەدین دەمیرتاش

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-22-12:17:00 - کۆدی بابەت: 5987
سەڵاحەدین دەمیرتاش

ناوه‌ڕۆك

دەمیرتاش

سیاسەتمەدارێكی کوردی زازایی باكووری كوردستانە، لە ١٠/٤/١٩٧٣ لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگاری خارپێتی لەدایکبووە، باوكی ناوی تاھیر و دایكی ناوی سادییەیە، خاوەنی حەوت برا و یەك خوشكە و شەش برایان دەرچووی زانكۆن و یەك برای ئەندازیارە و خوشكەكەشی مامۆستایە، لە ماڵەکەی خۆیدا بە منداڵی بە نازناوی ئیساریش ناسراوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٢دا  لەگەڵ باشاك دەمیرتاش ژیانی ھاوسەری پێكھێناوە و باوكی دوو كچە بە ناوەكانی  دیلدا و دێلال.

دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتیك (DTP) وەكوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەرلەمانی توركیا و لە دوای قەدەغەكردنی ئەم پارتە لەلایەن دادگای دەستووری توركیاوە لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP)، دواتریش بووە هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).

دەمیرتاش كوردی زازایە و دەرچووی كۆلێژی یاسای زانكۆی ئەنقەرەیە، هەریەک لە زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی دەزانێت، پێش کاری سیاسی لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD) بوو، ھەروەھا لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخستنی مافی مرۆڤی توركیاشە.

دەمیرتاش دەڵێت لە مانگی مارسی ١٩٨٨ كاتێك خوێندكاری پۆلی دووی دواناوەندی بووە، بە بیستنی دەنگی درووشمی خۆپێشاندەران لە دەرەوەی قوتابخانەكەی لە ئامەد و قسەی مامۆستاكەیان لەسەر نەهامەتییەکانی نەتەوەی كورد بەدەست حكوومەتی سەدام حسێن و كیمیابارانی ھەڵەبجە، بۆ یەكەم جار زانیویەتی كە ئەویش سەر بەو نەتەوە ستەملێكراوەیە، بەڵام ھەر بە پێشنیاری مامۆستاكەی ھەوڵ دەدا لە سیاسەت نزیك نەبێتەوە، ئەشقی بە موزیكژەنی لە موزیكی كوردی نزیكی دەكاتەوە و ناچار دەبێت ساڵانێك بە دزی دایك و باوكی گوێ لە گۆرانی كوردی بگرێت.

ناوبراو دەگێڕێتەوە دوای  شوێنبزركرانی سەرۆكی پارتی ڕەنجی گەل (HEP) لە ساڵی ١٩٩١ و دۆزرانەوەی تەرمەكەی پاش سێ ڕۆژ و ئاڵۆزییەكانی ئامەد دوای ئەو ڕووداوە، بۆ یەكەم جار سەرنجی ڕاستەوخۆی ناوبراوی بۆ سیاسەت ڕاكێشاوە، ھەروەھا قۆڵبەستكرانی برایەكی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێكخستنی گەنجانی پەكەكە لە زانكۆی (موغوڵا) و سزادانی بە ٢٤ ساڵ زیندان بەھۆی نەبوونی دەرفەتی ماددی بۆ گرتنی پارێزەر، وای لێ كردووە كە خوێندن لە بواری بەڕێوەبەری دەریاوانی لە زانكۆی ئیزمیر جێبھێڵێ و ساڵی ١٩٩٣ لە زانكۆی ئەنقەرە دەست بە خوێندنی یاسا بكات، ساڵی 1995، ھەر لە زانكۆ ھەوڵی داوە بچێتە شاخ بەڵام بە دەستگیركردنی شانەی نهێنی ڕێکخستنەکانی، پلانەكەی لێ ئاشكرا بووە و دواتر بەم ھۆیە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قۆڵبەست كراوە.

دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، سەڵاحەدین وەک پارێزەرێک گەڕایەوە ئامەد، بووە ئەندامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە شارەکەدا، ئەوکات سەرۆکی کۆمەڵەکە گەنجێک بوو تەنیا دوو ساڵ لە دەمیرتاش گەورەتربوو، کە عوسمان بایدەمیر بوو، ئەو دێرینترین هاوڕێی تێکۆشانی دەمیرتاش بوو لە بواری سیاسەتدا، عوسمان دواتر بووە سەرۆکی شارەوانیی ئامەد لە ساڵانی 2004 تاوەکو 2012.

سەڵاحەدین دەمیرتاش موزیكژەنیكی بە توانای ئامێری سازە و لە بەندینخانە كتێبێكی بە ناوی  saher adli öuku نووسی و بە زمانی کوردی سۆرانیش بەردەستە.

هەدەپە

لە ساڵی ٢٠١٢ دەمیرتاش و هاوبیرەكانی، بەمەبەستی پێكھێنانی بەرەیەكی بەرفراوانتر لە چین و توێژە جیاوازەكانی كوردستان و توركیا  حیزبێكیان بە ناوی پارتی دیموكراتیی گەلان (HDP)یان دامەزراند، دەمیرتاش لەگەڵ (فیگەن یوكسەكداغ) لە ٢٢ی حوزیرانی ھەمان ساڵدا وەك ھاوسەرۆكانی ھەدەپە ھەڵبژێردران، و لەلایەن حیزبەكەیەوە لە ئابی ٢٠١٤ دا وەك بەربژێری پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری كرا و لەم قۆناغەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك و دامەزرێنەری ئاكەپە و سەرۆك وەزیری ١٢ ساڵی ڕابردووی توركیا كەوتە ڕكابەری ڕاستەوخۆ، ھەرچەند لەو ڕكەبەرییە سەركەوتنی بەدەست نەھێنا و وەك سەرۆكۆماری توركیا ھەڵنەبژێردرا بەڵام لە سەردەمی بانگەشەی ھەڵبژاردندا توانی سەرنجی زیاتری كۆمەڵگا و میدیای توركیا بۆ لای خۆی و حیزبەكەی ڕابكێشێت و ڕێژەی ٩٫٧٦ی دەنگەكان بەدەست بھێنێت.

دەستگیرکردن

دەمیرتاش رۆژی ٤ی ١١ـی ٢٠١٦ لەگەڵ فیگەن یۆکسکداگی هاوسەرۆکی هەدەپە و 13 پەرلەمانتاری دیکەی هەمان پارت، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکرا و لە ٢٩/٥/٢٠٢١ـیشدا سزای دوو ساڵ و شەش مانگی زیندانی بۆ نوێکرایەوە.

دادگای ئەوروپا

دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە شوباتی ٢٠٢١دا، بۆ جارێکی دیکە داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد، سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکەن چونکە دادگا پێیوایە بیانووەکانی تورکیا بۆ لەبەندکردنی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر، تەنیا پەردەیەکە لە ڕێگەیەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێت فرەیی و گفتوگۆی دیموکراتییانە، سنووردار بکەن.

دادگا ئەوروپییەکە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو داوایکرد لەپای چوار ساڵ زیندانیکردنی دەمیرتاشدا، حکومەتی تورکیا  60 هەزار و 400 یۆرۆ، وەک قەرەبوو بداتە هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان.

ژیانی ناو زیندان

لە ساڵی ٢٠١٩ لە چاوپێکەوتنێک ڕایگەیاند:

من لە 4ی تشرینی دووەم 2016 وە تاكو ئەمڕۆ لەگرتوخانەی ئیزمیر دەستگیر كراوم، لەم بەندیخانە ساردەوە دەمەوێت سڵاوێكی گەرم ئاڕاستەی هەمو تاكێكی كورد بكەم لەهەر شوێنێك بن و سوپاسی هەڵوێستی مەردانەتانم.

پرسیار : بەڕێز دەمیرتاش سەرەتا دەمانەوێت هەواڵی تەندروستیت بپرسین ئایا تەندروستیت باشە هیچ كێشەیەكتان هەیە ، ئایا لەزیندان ڕۆژەكانت چۆن بەسەر دەبەیت و چۆن پڕۆگرامەكانت دادەڕێژیت؟

وەڵام: تەندروستیم زۆر باشە و ورەم زۆر بەرزە هەرچەندە یاساكانی ئەم زیندانە زۆر قورسە بۆیە دەمەوێت هەرچۆنێك بێت خۆم بگونجێنم و ئاگام لەتەندروستی خۆم بێت، لەبەر ئەوەی ئەم زیندانە لەژێر چاودێریەكی ئاسایشی قورسدایە بێگومان یاساكانیشی ئاسان نابێت و دەسەڵاتەكانی ئێمەش لێرە دیاریكراوە، لێرە من و ئەندام پەرلەمانی هاوڕێم (عەبدوڵا زەیدان) كاتەكانمان زۆربەی بە خوێندنەوە بەسەر دەبەین و ئیرادەمان زۆر بەرزە و ئەوەی ئێمەی لەسەر پێ ڕاگرتووە خۆڕاگری میلەتەكەمانە بەرانبەر ئەو هەموو ستەمەی كە دووچاری دەبنەوە.

ئەو پێشهاتانەی كە لە دەرەوەی زیندان ڕوو دەدەن ئێمە لە ڕێگەی ڕۆژنامە و تەلەفیزیۆن یاخود ئەو كەسانەی كە سەردانمان دەكەن وەك خێزانەكانمان و پارێزەرەكانمان ئاگاداردەبین لێیان.

بەكورتی لێرە لەگەڵ سیاسەت دەخەوین و لەگەڵ سیاسەت هەڵدەستین.

هەر هەڵسوكەوتێكمان لێرە بە بەرنامە و پلانە، دەخوێنینەوە هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ دەكەین بۆ ڕووداوەكان و دەنوسین و وەرزش دەكەین و زۆر كاری بچووكی ڕۆژانەش ئەنجام دەدەین.

پرسیار: لەناو زیندان ڕووبەڕووی دەمیرتاشێكی جیاواز بوینەتەوە هەم سیاسەتمەدارە هەم وێنەکێش و ئاوازدانەر و ئەدەبیاتبێژ، تۆ چی دەڵێیت؟

وەڵام: دەبێت ناهەقی بەرانبەر ئەدەبیاتی كوردی نەكەین، ئەدەبیاتی كوردی ئەوەندە دەوڵەمەندە دەتوانێت ببێتە كۆلێژێك لە ئەدەبیات، بێگومان ئەمە لە زیندانەكاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەم ئەدەبیاتە كە ئێستا ئێمە خاوەنین بەشێكی زۆری لە زیندانەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو ئەدەبیاتەی كە لە زیندانەكان بەرهەم دەهێنرێت دەبێت بەرز بنرخێنرێت، گەر بێیتە سەر باسی خۆم من لە دەرەوەی زیندان نوسراو و بڵاوكراوەم زۆر كەم بوو چونكە كاتێكی كەمم هەبوو بۆ نوسین و خوێندنەوە و پۆستە سیاسیەكەشم ڕێگەی پێنەدەدام كە بە دڵی خۆم بنووسم، بەڵام كاتێك كە سیاسەت بارمتەبێت توانای نووسین چالاكتر دەبێت.

پرسیار: لە چەند ڕۆژی ڕاِبردوودا لە فەڕەنسا پاڵێورابویت بۆ وەرگرتنی بەنرخترین خەڵاتی نۆبڵی ئازادی، هەستت چۆن بوو؟

وەڵام: زۆر بە باوەڕ و گەرم و گوڕیەوە دەیڵێم ئەو جێگایەی كە میلـلەتەكەم بۆی داناوم لە دڵی هەموو كوردێكدا ئەوە گەورەترین خەڵاتە بۆ من لەلایەن میلـلەتەكەمەوە خەڵاتی خۆم وەرگرتووە ئیتر پێویستیم بە خەڵات نیە.
جارێكی تر سوپاسی ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ئەو شەرەفەیان بەمن بەخشیووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێكی لەو جۆرە مانایەكی گەورە دەبەخشێت و بەرزی ڕادەگرم.


سەرچاوەکان



1486 بینین