بیانووگرتنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-27-12:16:00 - کۆدی بابەت: 6060
بیانووگرتنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

منداڵ بۆچی بیانوو دەگرێت؟

زۆرینەی منداڵ بە هۆی ئەوەی کە ناتوانێت بە قسەکردن هەستی خۆی دەرببڕێت و جوان وشەکان بڵێت، دەست دەکات بە گریان و بیانووگرتن.

هۆکارەکانی بیانووگرتن

  • ماندوویەتی
  • برسییەتی
  • بێتاقەتی
  • ترس و دڵەڕاوکێ
  • نەتوانینی دەربڕینی داواکارییەکەی
  • بیانوو گرتن لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکدا، بۆ نموونە منداڵەکە نەیەوێت شوێنێک بە جێبهێڵن
  • جوڵەی زیاد لە پێویست
  • نەخۆشی و ئازار
  • سەرلێشێواوی
  • بێتاقەتی لە فەرمانەکانی دایک و باوک
  • داواکارییەکی تایبەت

کاتێک منداڵەکەت بیانوو دەگرێت پێویستە چی بکەیت؟

کۆنتڕۆڵی خۆت لە دەست نەدەیت

کاتێک منداڵەکە دەگری و دەقیژێنێت تەنانەت هەندێک جار ڕەفتاری دیکە دەکات، وەک شت شکاندن و قاچ کوتان بە زەویدا و لێدان لە کەسانی دەورووبەری، گرنگترین کار کە دایک و باوک بیکەن لەو کاتەدا ئەوەیە کە تووڕە نەبن و ئەوانیش وەک و منداڵەکە نەقیژێنن، چونکە ئەمە هیچ کێشەیەک جارەسەر ناکات و ڕێگا چارەیەکی گرنگ نییە بەڵکوو ئەوەندەی دیکە منداڵەکە تووڕە دەکات، گرنگترین کار ئەوەیە بە هێمنی لای منداڵەکەت دابنیشیت تاکوو تەواو دەبێت لە بیانووگرتنەکەی و هاوارەکانی، ئەگەریش بەرگە ناگریت و دەترسیت بتەقیتەوە بەسەریدا، کەمێک بڕۆ دەرەوەی ئەو ژوورە تاکوو ئەویش هێمن دەبێتەوە، کەواتە گرنگترین کار ئەوەیە کە کۆنتڕۆڵی خۆت لە دەست نەدەیت.

ئاگاداربە کە بە گوێی نەکەیت 

کاتێک منداڵەکە بەردەوام دەگری و داوای شتێک دەکات کە ناکرێت، تەنها لە پێناو ئەوەی کە بێدەنگ بێت و بێزارت نەکات وەڵامی هەموو داواکارییەکانی مەدەرەوە و با فێرببێت کە هەندێک کار ناکرێت، بەڵام بە هێمنی و بە بێ توڕەبوون، هەرگیز کاردانەوەی کەسانی دەوروبەرت کارت تێنەکات و دڵت نەرم بکەن چونکە فێر دەبێت کە بەردەوام بەم شێوازە داواکاری بکات و کاتێکیش گەورە بوو بە هەمان شێوە دەبێت.

خۆشەویستی خۆت دەرببڕە بۆ منداڵەکەت

کاتێک منداڵەکەت ئارام بوویەوە پێی بڵێ کە زۆرت خۆش دەوێت و باوەشی پێدا بکە، بەم شێوەیە زیاتر دەتوانن دەربارەی کارە خراپ و بیانوو گرتنەکانی قسە بکەن، پێی بڵێ کە بۆچی قیژاندت و چیت دەویست، فێری بکە کە هەموو کارەکانی بە بیانووگرتن داوا نەکات و قسەی دڵی بکات.

کات پێدان بە منداڵەکەت

کات بدا بە منداڵەکەت و بهێڵە خۆی ئارام بکاتەوە، کاتێک بە هیچ شتێک ژیر نابێتەوە بیخەرە شوێنێکی چۆڵ و بڵێ بە دڵی خۆت هاوار بکە ئەمە سزادان نییە بەڵکوو تاکوو ئارام دەبیتەوە دەبێت لێرەدا بیت و تەنها چەند خولەکێک کاتت پێ دەدەم چاک ببیتەوە ئەگەر منداڵەکە بەڵێنی نەدا بەوەی زوو وازبهێنێت بە جێی بهێڵە و ئاوڕ مەیەرەوە و سەیری دواوە مەکە ئەمە لە کاتێکدا کە دڵنیا بیت لە سەلامەتی ئەو جێگەیەی کە تێیدایە

بیانوو مەدەرە دەست منداڵەکەت

ئەو بارودۆخانەی کە منداڵەکەت پێی ناخۆشە ئاگاداری بەو بیانوو مەیەرە دەستی، بۆ نموونە پێش ئەوەی کە لەبەر برسێتی زۆر تووڕە ببێت پێش هەمووان خواردن بەو بدە، یاخود کە پێی خۆشە ڕۆژانەکەی بەیانیان خەرج بکات، با بەیانیان بێت لەبری ئێواران، کاتێک کە دەیبەیتە دەرەوە و باخچە لەناکاو پێی مەڵێ کە با بچینەوە پێش ئەوە ئاگاداری بکەرەوە کە نیو کاتژمێری دیکەش یاری بکە دواتر دەچینەوە، هەمیشە بە نەخێر وەڵامی منداڵەکەت مەدەرەوە و ویستەکانی ئەویشت لا گرنگ بێت بۆ نموونە پرسیاری لێبکە ئایا ماست دەخوات یان پەنیر نەک بە دڵی خۆت یەکێکیان بخەیتە بەردەستی.

لە هەستەکانیان تێبگەن

کاتێک منداڵەکەت بیانوو دەگرێت و دەگری پێی بلێ کە لێت تێدەگەم گیانەکەم دەزانم حەز دەکەیت لێرە بمێنیتەوە، بەڵام ئێستا وا باشترە کە لێرە بڕۆین، نەک ئەوەی کە هیچ لێی تێنەگەیت و بە تووڕەییەوە ئەنجامی بدەیت.


سەرچاوەکان



2551 بینین