ڕێگاکانی شێخ دورەید ئیبراهیم موصلی بۆ لەبەرکردنی قورئان

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-28-18:41:00 - کۆدی بابەت: 6080
ڕێگاکانی شێخ دورەید ئیبراهیم موصلی بۆ لەبەرکردنی قورئان

ناوه‌ڕۆك

لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ئاشکرایە کە هەموو شەیدایانی قورئان ئارەزووی ئەوەیان هەیە کە زۆر بە جوانی و لێهاتوویەوە قورئانی پیرۆز لەبەر بکەن, بە جۆرێک کە هەر کاتێک ویستیان لە هەر شوێنێکەوە ویستیان قورئان بخوێنن, کە ئەمەش کاتێک دەبێت کە تۆ زۆر بە جوانی و لێهاتووییەوە قورئانت لەبەر کردبێت, هەروەها زۆر شێواز و ڕێگە هەیە کە زانا بەڕێزەکان دایان هێناوە بۆ ئەوەی ئەو ئامانج و مەبەستە بهێننە دی, یەکێک لەو ڕێگایانە ڕێگەی (احفظ القرآن كما تحفظ الفاتحة)ـیە, قورئان لەبەربکە هەروەک چۆن سورەتی فاتیحەت لەبەرە, مەبەست لەم ڕێگەیەش ئەوەیە کە تۆ بتوانیت هەموو سورەتەکانی قورئانی پیرۆز وەک سورەتی فاتیحە بە جوانی و بێ هەڵە لەبەر بکەیت.

ڕێگاکانی شێخ دورەید ئیبراهیم موصلی بۆ لەبەرکردنی قورئان

  • ڕۆژانە لاپەڕەیەک لە قورئانی پیرۆز لەبەر بکە, ئەگەر نەتوانی ئەوە نیو لاپەڕە بکە.
  • پێش ئەوەی دەست بکەیت بە لەبەرکردنی ئەو لاپەڕەی کە دەتەوێت لەبەری بکەیت بیست جار بیخوێنەرەوە, ئەمەش لەبەر ئەوەی کاتێک کە دەستت کرد بە لەبەرکردن وشەکان لەسەر زمانت ئاسان بن و لە هیچ وشەیەکدا نەگیرێییت و هیچ وشەیەک بە هەڵە لەبەر نەکەیت.
  • کاتێک کە دەستت کرد بە لەبەرکردن لاپەڕەکە دابەش بکە و بە دێڕ دێڕ یا ئایەت ئایەت لەبەری بکە, گەر لاپەڕەکە ئایەتی کەمی تێدابوو ئەوا ئەوکات بە دێڕ دێڕ لەبەری بکە, ئەگەریش لاپەڕەکە ئایەتی زۆری تێدابوو ئەوا بە ئایەت ئایەت لەبەربکە.
  • دەست دەکەیت بە لەبەرکردن, گریمان تۆ بە دێڕ دێر لەبەر دەکەیت, دێڕی یەکەم دە جار بخوێنەرەوە, پێنج جاری یەکەم بە خوێندنەوە و سەیرکردنی مصحف, پێنج جاری دووەم بە لەبەر و بێ سەیرکردنی مصحف, ئەو پێنج جارەی بە لەبەر دەیڵێیتەوە نابێت هیچ هەڵەیەکی لەبەرکردنی تێدا بکەیت, گەر لە یەکێک لەو پێنج جارە لەبەرکردنە هەڵەت کرد ئەوا سووڕەکە دەست پێدەکاتەوە, واتە دەبێت پێنج جاری بێ هەڵە بە لەبەر بیڵێیتەوە.
  • بە دەنگێکی مامناوەند قورئان بخوێنە, ئەگەر بە دەنگی بەرز قورئان بخوێنیت ئەوە قوڕگت ماندوو دەبێت.
  • پاش ئەوەی کە دێڕی یەکەمت زۆر بە جوانی لەبەرکرد بچۆ سەر دێڕی دووەم.
  • دەست بکە بە لەبەرکردنی دێڕی دووەم بە هەمان شێوازی دێڕی یەکەم.
  • پاش ئەوە دێڕی یەکەم و دووەم دە جار بە لەبەر دەڵێیتەوە بە بێ هەڵە.
  • پاشان دەچیتە سەر دێڕی سێیەم و بەهەمان شێوەی دێڕی یەکەم لەبەری دەکەیت.
  • پاشان دێڕی یەکەم و دووەم و سێیەم دە جار دەیڵێیتەوە بە بێ هەڵە.
  • بەم شێوە بەردەوام دەبیت هەتاوەکو لاپەڕەکە کۆتایی دێت.
  • پاش ئەوەی بەم شێوازە لاپەڕەکەت تەواو کرد, پشوویەکی دە بۆ پانزە خولەکی وەربگرە و گەر توانیت شتێک بخۆ تێیدا.
  • پاش ئەوەی کە پشووت وەرگرت, ئەمجارە ئەو لاپەڕەی کە ئێستە لەبەرت کرد دە جار بەبێ هەڵە بە لەبەر بیڵێرەوە.
  • بەم شێوازە تۆ لاپەڕەیەکت لەبەرکرد زۆر بە جوانی و لێهاتووییەوە.
  • بە هیچ شێوەیەک مەچۆرە سەر لەبەرکردنی لاپەڕەیەکی تازە تا ئەوکاتەی لاپەڕەی پێش ئەوە بە جوانی لەبەر دەکەیت.
  • بە هیچ شێوەیەک مەچۆرە سەر لەبەرکردنی سورەتێکی تازە تا ئەو کاتەی سورەتی پێش ئەوە بە جوانی لەبەر دەکەیت.
  • بە هیچ شێوەیەک مەچۆرە سەر جوزئێکی تازە تا ئەوکاتەی لاپجوزئیەڕەی پێش ئەوە بە جوانی لەبەر دەکەیت.
  • بەکارهێنانی ئەم شێوازە زۆر بەسوودە و ئەزموون کراوە و ئەو کەسانەی کە ئەم شێوازەیان جێبەجێ کردووە خۆیان باسی دەکەن کە زۆر بەهێزبووە ئەم ڕێگەیە بۆ لەبەرکردن و زەبت کردنی قورئانی پیرۆز.


سەرچاوەکان



1208 بینین