چەند پرسیار و وەڵامێک لەسەر چۆنیەتی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-30-16:24:00 - کۆدی بابەت: 6111
چەند پرسیار و وەڵامێک لەسەر چۆنیەتی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

پرسیار و وەڵام لەسەر چۆنیەتی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

هەندێک پرسیار و وەڵام لەسەر چۆنیەتی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کە بۆ هەموو فێرخوازێک دێتە پێشەوە.

قورئان لەبەر دەکەم و لەبیرم دەچێتەوە, چارەسەری ئەم کێشە چییە؟

ئەو شێوازەی کە بەکاری دەهێنیت بۆ لەبەرکردنی قورئان گونجاو نیە, پێویستە شێوازەکەت بگۆڕیت, شێوازێک بەکار بهێنە لەگەڵ تۆ بگونجێت, بتوانیت جێبەجێی بکەیت, چونکە زۆر ڕێگە هەیە بۆ لەبەرکردنی قورئان, بە پێێ تواناکنی خۆیت یەکێک لە ڕێگاکان هەڵبژێرە, هەروەها پێویستە کاتێکی زۆر باش تەرخان بکەیت بۆ قورئان, ئەو کاتەش پێویستە کاتێک بێت کە چواردەورت قەرەباڵغ نەبێت, باشترە ئەو شوێنەی کە قورئانی تێدا لەبەر دەکەیت و پێداچوونەوەی بۆ دەکەیت شوێنێکی هێمن بێت دوور لە جەنجاڵی, هەر بۆیە دوای نوێژی بەیانیان کاتێکی زۆر گونجاوە.

بە خێرایی قورئانەکەم پێ لەبەر دەکرێت, بەڵام زۆر زوویش لە بیر دەچێتەوە، چارەسەری ئەم کێشە چییە؟

تۆ پێویستە لەسەرت کە تەرکیز (کۆبیری) ـت کۆبکەیتەوە لە کاتی لەبەرکردنی قورئاندا, وا باشترە لە کاتی لەبەرکردنی قورئاندا بە هیچ شتێکی ترەوە سەرقاڵ نەبیت و تەنها و تەنها خەیاڵت لەلای قورئانەکە بێت, کاتێک کە هەر ئایەتێک لەبەر دەکەیت زۆر بە جوانی سەرنجی ئایەتەکە بدە, ڕۆح و دڵ و هەموو هەستەکانت بەکار بهێنە لە کاتی لەبەرکردنی قورئان, بۆ ئەوەی زیاتریش چێژی لێ ببینی, لەبیرت نەچێت کە هەمیشە دووعا بکەیت, چونکە دووعا چەکی دەستی باوەڕدارە و نابێت هەرگیز دەست بەرداری ببیت, هەروەها پەرستش و بەندایەتیەکی زۆر گەورەیە.

کاتێک ئایەتێک تەواو دەکەم نازانم دوای ئەوە چی دێت, واتە سەرەتای ئایەتەکانم لێ تێک دەچێت, چارەسەری ئەم کێشە چییە؟

تۆ پێویستە تەرکیز بخەیتە سەر ئەوەی کە بتوانی بە هەرکاتێک ئایەتێک لەبەر دەکەیت ڕاستەوخۆ یەکەم وشە لە ئایەتی دوای ئەوە لەبەربکە لەگەڵ ئەو ئایەتەدا, وا باشترە کە بتوانیت بە وەصلەوە قورئان لەبەربکەیت, بەم شێوەیە تۆ ئیسترسال ـت زۆر باش دەبێت, مەبەست لە ئیترسالیش ئەوەیە کە تۆ بتوانیت قورئان بە لەبەر زۆر بە جوانی بخوێنیت و بزانیت کۆتایی ئایەتەکان بە چی دێت و ئایەتی پاش ئەوە بەچی دەست پێدەکات.

کۆتایی ئایەتەکانم لێ تێک دەچێت, بۆ نموونە لێم تێک دەچێت ئایا کۆتایی ئایەتەکە (علیم حکیم) ـە, یا (حکیم علیم), یا (علیم حلیم)، چارەسەری ئەم کێشە چییە؟

بۆ چارەسەری ئەمە پێویستە سوود لە تەفسیری قورئان وەربگریت لەگەڵ ئەو کتێبانەی کە تایبەتن بە لەبەرکردنی کۆتایی ئایەتەکان, وەک: (ثبت حفظك لخواتيم الآيات) و (ضبط خواتيم سورة البقرة وآل عمران و النساء) و زۆر کتێبی تر کە بە تەفسیرەوە بۆت ڕەبت دەکەن کە بۆچی لەو ئایەتەدا ئەو وەسفە پێش وەسفەکەی تر کەوتووە, ئێمە وەکو موسمان باوەڕمان بەوە هەیە کە قورئان پڕە لە حیکمەت و وردی و جوانی و بێ هاوتایی, هەر بۆیە پێویستە ئەوەش بزانین کە کۆتایی ئایەتەکان هەمیشە پەیوەندیان بە ناوەڕۆکی ئایەتەکەوە هەیە, بەم شێوە ئێمە ئاسانتر قورئانمان بۆ لەبەر دەکرێت, بۆ نموونە: کاتێک خودای گەورە لە ئایەتەکەدا باس لە شایەتیدان دەکات, ئەوا لە کۆتایی ئایەتەکە بۆ نموونە دەفەرموێت: (إن الله کان على کل شهیدا) واتە: بزانن بە دڵنیاییەوە خودای گەورە بەسەر هەموو شتێکەوە شایەتە, ئاگادارە بەوەی کە کێ بەڕاستی شایەتی داوە و کێ بە ناڕاستی و درۆوە شایەتی داوە, بەم شێوە من ئەم ئایەتەم لەبەرکرد و لێم تێک ناچێت, یان لە باسی طەلاقدا خودای گەورە دەفەرموێت: (لعلکم تعقون) واتە: بۆ ئەوەی تێبفکرێن, بۆ ئەوەی بیر بکەنەوە, بۆ ئەوەی پەلە نەکەن و بە وردی لە بابەتەکە بکۆڵنەوە, چونکە بابەتی طەلاق هەستیارە و پێویستە بە عیلم و حیکمەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت, بەم شێوە ئەم ئایەتەم لەبەر کرد, کەواتە کاتێک گەیشتمە ئەم ئایەتە دەڵیم (لعلکم تعقلون), ناڵێم (لعلکم تتقون).

ئایەتەکانم بۆ لەبەر ناکرێت, هەمیشە لە ناوەڕاستی ئایەتەکاندا هەڵە دەکەم، چارەسەری ئەم کێشە چییە؟

تۆ پێویستە لەسەرت ئەو بەشەی کە ڕۆژانە لەبەری دەکەیت زۆر دووبارەی بکەیتەوە, واتە پێویستە دووبارەکردنەوەت زۆر بێت, هەوڵ بدە ئەوەی ڕۆژانە لەبەری دەکەیت بە لایەنی کەمەوە 25 جار بە لەبەر دووبارەی بکەرەوە بۆ ئەوەی کە زۆر بە جوانی لە مێشکتدا بچەسپێت, هەروەک وتراوە: (ما تکرر تقرر), واتە: هەر شتێک کە زۆر دووبارەی بکەیتەوە ئەوا لە مێشکتدا دەچەسپێت و لەبیرت ناچێتەوە.

لە سورەت و ئایەتە درێژەکان دەترسم, چارەسەری ئەم کێشە چییە؟

لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا خەیاڵێکە و بە هیچ جۆرێک بەو شێوەیە نیە, بەڵکو بە پێچەوانەوە دەتوانیت لەو کەسانە بپرسیت کە قورئانیان تەواو کردوە, پێیان بڵێ ئایا سورەتە کورتەکان بەلاتەوە ئاسانە یاخود سورەتە درێژەکان, زۆربەیان دەڵێن کە سورەتە درێژەکانمان لا ئاسانترە, لەوە دەچێت لە کاتی لەبەرکردنی ئەو ئایەت و سورەتانە تۆزێک ماندوو ببیت پێیانەوە, بەڵام دڵنیابە پاش ئەوەی کە بە فەزڵی خودای گەورە لەبەرت کرد زۆر ئاسان دەبێت لەلات, چونکە بە گشتی هەر لاپەڕەیەک کە ئایەتی کەمتری تێدابێت ئاسانترە بۆ لەبەرکردن وەک لە لاپەڕەیەک کە ژمارەیەکی زۆر ئایەتی تێدابێت, چونکە هەرکات ئایەتی زۆر لە لاپەڕەیەکدا هەبوو ئەوا پێویستت بە تەرکیزی زیاترە بۆ ئەوەی بزانی ئایەتەکان لە دوای یەکتریەوە چیدێت.


سەرچاوەکان



1587 بینین