پێش هاوسەرگیری کردن ئەم ١٠ خاڵە لەبەرچاوو بگرن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-03-22:03:00 - کۆدی بابەت: 6159
پێش هاوسەرگیری کردن ئەم ١٠ خاڵە لەبەرچاوو بگرن

ناوه‌ڕۆك

هاوسەرگیریکردن

هەڵبژاردنی هاوسەر یەکێکە لە بڕیارە قوورسەکان بۆ کچان و کوڕانیش، چونکە بڕیاردان لێی کار دەکاتە سەر تەواوی ژیانی داهاتوو، هەندێک جار هاوسەرگیری وەک شوتییە کە تاکوو لەتی نەکەیت نازانیت ناوەکەی چی تێدایە، تاکوو نەچیتە ناو پڕۆسەکەوە نازانیت هەڵبژاردنەکەت ڕاست بووە یان دروست، بەڵام گرنگە کە پێش هەڵبژاردن چەند خاڵێک ڕەچاو بکەیت تاکوو لە داهاتوودا دووچای کێشە نەبیتەوە.

ئەو ١٠ خاڵەی کە پێویستە ڕەچاو بکرێت پێش هاوسەرگیریکردن

تەندروستی جەستە و ڕۆح

یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵبژاردنی هاوسەر، زانینی تەندروستی جەستە و ڕۆحیەتی، دەبێت ئەوانەی هاوسەرگیری دەکەن لە پێشدا پرسیار و بەدواداچوون بکەن بۆ هەر کێشەیەک، بۆیە گرنگە کە پێش ئەوەی بڕیار بدەیت چەند جارێک بیبینیت و قسە بکەن تاکوو دڵنیابیتەوە لە تەندروستی جەستە و ڕۆحی.

گونجانی خێزانەکان

کاتێک کە دوو کەس دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، دەبێت خێزانەکانیان خاڵی هاوبەشیان هەبێت لە نێوان یەکدا، ئەگەر لە هاوسەرگیریدا خێزان لە بەرچاو نەگیرێت و تەنها پێوەر ئەشق بێت، دووچاری کێشەی زۆر دەبینەوە، چونکە خێزان شتێک نییە بتوانیت وازی لێ بهێنیت و بەردەوام تێکەڵی و بەرکەوتنتان دەبێت.

پێشینەی خێزانەکان

پێویستە کاتێک دەتەوێت کەسێک وەک هاوسەرت هەڵبژێریت،  پێشینەی خێزانەکەی بزانیت سەبارەت بە هەموو شتێک و پەیوەندی لە نێوان بنەماڵەکەدا و بوونی کێشە لە نێوانیاندا.

ئاستی خوێندەواری و بڕوانامەی هەردوولا

ئاستی خوێندەواری و بڕوانامەی هەردوولا زۆر گرنگە و پێویستە لە ڕووی ئاستی خوێندنەوە لە یەکەوە نزیک بن تاکوو لە داهاتوودا کێشەیان بۆ دروست نەبێت.

بیر و باوەڕ

لە کاتی هەڵبژاردنی هاوسەردا دەبێت بیر و باوەڕی یەکتری لەبارچاو بگیردرێت، ئەوانەی بیروباوەڕیان لە یەکەوە دوورە تاکوو ماوەیەکی درێژ ناتوانن پێکەوە بمێننەوە.

ئاستی داهات

پێویستە پێش هاوسەرگیری ئاستی داهاتی هەردوولا ڕوون بێت و لەیەکەوە نزیک بن لەو ڕووەوە، کەسێکی زۆر دەوڵەمەند و کەسێکی زۆر هەژار پێکەوە ناگونجێن و هەرچەند خۆشیان کێشەیان نەبێت لە کۆتایدا کێشەیان بۆ دروست دەکرێت.

دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوون

پێش هاوسەرگیری کچ و کوڕەکە پێویستە دیاری بکەن و ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی کە شوێنێک بە دڵی هەردوولا هەڵبژێرن و تێیدا بژین، وە گرنگە پێش هاوسەرگیری ئەمە یەکلای بکەنەوە تاکوو ئەو کاتە نەبێتە کێشە بۆیان.

پێشینەی هاوسەرگیری 

هەندێک هاوسەرگیری پێشووی خۆیان دەشارنەوە و باسی ناکەن، پێویستە کە هەموو ڕووداوەکان سەرەتا ڕوون بن تاکوو ژیانێک لەسەر بنەمای درۆ دەست پێ نەکات بە تایبەت بابەتی هاوسەرگیری لە ڕابردوودا.

جیاوازی تەمەن

جیاوازی تەمەن زۆر کێشە لە نێوان هاوسەراندا دروست دەکات و زۆر جار لە یەکتری تێناگەن بە هۆی جیاوازی تەمەنەوە، گرنگە کە هەردوو هاوسەرەکە لە ١٠ ساڵ زیاتر نەبێت جیاوازی تەمەنیان.

"مەڵێن تەنها خۆی گرنگە، نەک خێزانەکەی"

کاتێک بڕیاری هاوسەرگیری دەدەیت و بۆت دەردەکەوێت کە خێزانەکەیان کێشەی زۆریان هەیە، مەڵێ کە خۆی گرنگە و من هەقم نییە بە خێزانەکەیەوە، پێویستە زیاتر بیر بکەیتەوە چونکە لە داهاتوودا ئەوانیش دەبنە خێزانی تۆ و ئەگەر کێشەیەک هەبێت تۆش دووچاری دەبیتەوە.


سەرچاوەکان



4697 بینین