بۆمبی لۆجیکی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-05-15:08:00 - کۆدی بابەت: 6185
بۆمبی لۆجیکی

ناوه‌ڕۆك

بۆمبی لۆجیکی چییە؟

بۆمبی لۆجیکی (بە ئینگلیزی: Logic bomb) بریتییە لە کۆدێک کە دەکرێتە ناو سیستمێکەوە و کاتێک ئەو مەرجانەی کە بۆی دانراوە جێبەجێ دەبن دەبێتە هۆی ئەنجامدانی چەندین کاری گوماناوی، بۆ نموونە پڕۆگرامەرێک هەڵدەستێت بە نوسینی پارچەیەک کۆد کە هەموو زانیارییەکانی ناو داتابەسی کۆمپانیایەک دەسڕێتەوە، گەر لە کۆمپانیاکە دەربکرێت.

نەرمەواڵە گوماناوییەکانی وەک ڤایرۆس و کرمەکان زۆرجار بۆمبی لۆجیکی لەخۆدەگرن کە چەند کارێکی تایبەت ئەنجامدەدەن بەپێی ئەو کاتە یان مەرجانەی کە بۆی دیاریکراوە، بۆمبی لۆجیکی لەلایەن ڤایرۆسەکانەوە بەکاردەهێنرێن بەمەبەستی زیادبوون و بڵاوبوونەوە بەبێئەوەی خاوەنی سیستمەکە ئاگاداربێت، هەروەها هەندێک هێرشی ئەلیکترۆنی هەیە کە لە کاتی دیاریکراودا ئەنجامدەدرێت وەک یەکەم ڕۆژی مانگی 4 کە بە درۆی نیسان ناسراوە، ئەو تڕۆجان و ڤایرۆسانەی کە لەکاتێکی دیاریکراودا دەکەونەکار پێیاندەوترێت بۆمبی کاتی.

بۆئەوەی نەرمەواڵەیەک یان کۆدێک بە بۆمبی لۆجیکی هەژمار بکرێت ئەوا پێویستە ئەو کارەی کە لەکاتی ئیشکردنیدا دەیکات نەخوازراوبێت بۆ بەکارهێنەرەکە، بۆ نموونە کاتێک نەرمەواڵەیەک ڕێگەت پێدەدات  هەموو تایبەتمەندییەکانی بەکاربهێنیت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و پاش ئەو ماوەیە داوای پارابکات بۆ ئەوەی هەموو تایبەتمەندییەکانی دووبارە بەکاربهێنیت، ئەوا بە بۆمبی لۆجیکی هەژمار ناکرێت.

یەکەمین بۆمبی لۆجیکی

یەکێک لە مەترسیدارترین زیانەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی ئەوەیە کە مەرج نییە زیانەکان تەنها سیستم و نێتۆرکەکان بگرێتەوە، بەڵکو دەکرێت زیانی فیزیکی و گیانی لێبکەوێتەوە، لە ساڵی 1982 دەزگای هەواڵگیری ناوەندی (CIA) بۆمبێکی لۆجیکی بۆ مەبەستی تێکدان (sabotage) بەکارهێنا و بویە هۆی تێکدانی سیستمەکانی گواستنەوەی گازی سایبیریا و پاشان تەقینەوەی.

بۆمبە لۆجیکییە سەرکەوتووەکان

لە مانگی 6ـی ساڵی 2006 ڕۆجەر دورۆنیۆ بەڕیوبەری سیستمەکانی کۆمپانیای (UBS) تۆمەتبارکرا بە بەکارهێنانی بۆمبێکی لۆجیکی بۆ تێکدانی کۆمپیوتەرەکانی نێتۆرکی کۆمپانیاکە بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخی پشکەکانی کۆمپانیاکە، پاش ئەمە ڕۆجەر دۆرینۆ بۆ ماوەی 8 ساڵ و 1 مانگ زیندانیکرا، هەروەها بە بڕی 3.1 ملیۆن دۆلار غەرامەکرا کە دەبێت بیداتەوە بە کۆمپانیای (UBS).

لە 20/3/2013 هێرشێکی ئەلیکترۆنی کرایە سەر کۆریای باشوور کە تێیدا بۆمبی لۆجیکی بەکارهێنرابوو، بۆمبەکە بوویە هۆی سڕینەوەی تۆمارکراوی سێ هەفتەی زانیارییەکانی سێ بانک و دوو کۆمپانیانی میدیایی لەهەمان کاتدا، کۆمپانیای ئاسایشی سیمانتێک (Symantec) کە ئێستا بە نۆرتۆن (NortonLifeLock) ناسراوە ڕایگەیاند کە بۆمبەکە هەندێک پێکهاتەی تێدابووە کە توانیویەتی پێکهاتەکانی ئامێرەکانی لینوکس بسڕێتەوە.

لە 19/7/2019 دەیڤد تینلێی کە فەرمانبەربوو بە گرێبەست، تاوانبارکرا بە دانانی بۆمبی لۆجیکی لەو نەرمەواڵەی کە بۆ کۆمپانیای سیمنزی (Siemens) دروستدەکرد، نەرمەواڵەوە بەشێوەیەک دروستکرابوو کە پاش ماوەیەک لەکاربکەوێت، پاشان دەیڤد خۆی بانگدەکرا بۆ چاککردنەوەی هەروەها لە بەرامبەردا پارەی وەردەگرت، ئەم کارەی دەیڤد بۆ ماوەی دوو ساڵ کەی پێی نەزانی، بەڵام لەکۆتاییدا ئاشکرابوو کاتێت ڕۆیشتە دەرەوەی شار و دەبوایە وشەی نهێنی بەڕێوەبردنی نەرمەواڵەکەی بدایە بەدەستەوە.

بۆمبە لۆجیکییە سەرنەکەوتووەکان

لە مانگی 2ـی ساڵی 2000ـدا (Tony Xiaotong) تاوانبارکرا بە ناشتنی بۆمبێکی لۆجیکی کاتێک پڕۆگرامەر بوو لە کۆمپانیای (Deutsche Morgan Grenfell)، تۆنی هەتسابوو بە ناشتنی بۆمبێکی لۆجیکی لە ساڵی 1996ـدا کە دانرابوو لە 20/7/2000 بکەوێتە کار، بەڵام لەلایەن پڕۆگرامەرەکانی کۆمپانیاکەوە دۆزرابوویەوە، هەروەها پاککردنەوە و لابردنی بۆمبە لۆجیکییەکە نزیکەی چەند مانگێکی خایاند.

لە مانگی 10ـی ساڵی 2009ـدا دۆگلاس دوچاک (Douglas Duchak) لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە کە شیکەرەوەی داتا بوو لە کۆمپانیای ناوەندی کارەکانی کۆلۆرادۆ سپرینس (Colorado Springs Operations Center - CSOC)، لە کامێرای چاودێرییەکاندا دەرکەوتبوو کە دۆگلاس هەڵدەستا بە تێکردنی بۆمبی لۆجیکی بۆناو سێرڤەرەکانی کۆمپانیانی (CSOC)ـەوە، لە مانگی ـی 2011 دۆگلاس سزای 2 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا لەگەڵ غەرامە بە بڕی 60،587 دۆلار هەروەها 3 ساڵ لەژیر چاودێریدا بێت.


سەرچاوەکان



972 بینین