بیگ بانگ لە ڕووی قورئانەوە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-08-05-16:39:00 - کۆدی بابەت: 6189
بیگ بانگ لە ڕووی قورئانەوە

ناوه‌ڕۆك

گەردوون چۆن دروست بووە؟

بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە کە چۆنیەتی درووست بوونی هەموو گەردوون ڕوون دەکاتەوە بە تەواوی جێگیربوو دوای ئەوەی دەزگای ناسا تەلیسکۆپی هابڵی لە ساڵی ١٩٩٠ هەڵدا بۆ بۆشایی ئاسمان و لە ڕێگەیەوە مرۆڤ توانی تەماشای قووڵایی گەردوون بکات و وێنەکانی گەردوون پێش ملیارەها ساڵ ببینێت، لە گەردوون لەبەر دووریەکان ئەگەر تەماشای هەر تەنێک بکەی وێنەکانی ڕابردووی ئەو تەنە دەبینیت، بۆ نموونە کە تەماشای مانگ دەکەیت ئەوا وێنەکەی دەبینیت پێش کەمێک پتر لە یەک چرکە، ئەویش ئەو کاتەیە کە تیشک لە مانگەوە دەگاتە چاوی ئێمە لەسە زەوی، کە چاودێری خۆریش دەکەی وێنەکەی دەبینیت پێش کەمێک پتر لە ٨ خولەک، قەزەمە هەسارەی پلۆتۆش نزیکەی دوو کاتژمێری تیشکی دوورە، هەروەها تیشک لە نزیکترین ئەستێرە کە (ئەلفا سینتۆرس)ـە پتر لە چوار ساڵی دەوێت تا دەگاتە ئێمە.

تەلیسکۆپی هابل توانی ئەو تەنانەی گەردوونمان نیشان بدات کە لە قوڵایی گەردوون و ملیارەها ساڵ لە ئێمە دوورن، واتە بواری پێداین ڕابردوویەکی دوور پێش ملیارەها ساڵ ببینین، لەو چاودێری کردنەش دەرکەوت کە بە گشتی هەموو تەنەکان و گالاکسیەکانی گەردوون لە یەکتر دوور دەکەوتنەوە، بە گێڕانەوەی کات ملیارەها ساڵ و بە ووردی بۆ نزیکەی ١٣.٧ ملیار ساڵ (١٣٧٠٠ ملیۆن ساڵ) دەردەکەوێت کە گەردوون لە یەک خاڵی بچووکەوە لە تەقینەوەیەکی زۆر گەورە دەستی بە گەورەبوون کردووە، چڕی و بڕی ووزەی ئەو خاڵە ئەوەندە زۆر بووە کە بە بیر و لێکدانەوەی مرۆڤ مەزەندە ناکرێت، ئەو خاڵەش ماددە نەبووە چوونکە ئەو کاتە گەردیلە کە پێکهاتەی سەرەکی ماددەیە دروست نەبووبوو، هەر یەکسەر لەگەڵ ئەو تەقینەوەیە کات و شوێن دەستی پێ کردووە، بە پێی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئەنیشتاین کات و شوێن پێش ئەو تەقینەوەیە نەبووە و ناتوانرێت مەزەندەش بکرێت، گەردیلەکانی هایدرۆجین و هیلیۆم لە دوای تەقینەوە گەورەکە دروست بوون دوای ئەوەی گەردوون تا ڕادەیەک فراوان بوو و سارد بۆوە، هەروەها ماددە قورسەکانی تری گەردوون کە ٨٦ ماددە دەبن دوای دروستبونی ئەستێرەکان لە ناو ناووکی ئەو ئەستێرانە درووست بوون، بە پێی بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە کە تا ئێستا هەموو فیزیاناس و گەردونناسان لەسەری کۆکن، هەموو گەردوون کە دەکاتە کات و شوێن یان هەموو شتێک کە دەیبینین و مەزەندەی دەکەین لە تەقینەوەی ئەو خاڵە دەستی پێ کردووە.

ڕوونکردنەوەی قورئانی پیرۆز دەربارەی تەقینەوە گەورەکە "بیگ بانگ"

هەتا ئەم دواییانە چەند دەیەیەک پێش ئێستا، زانایانی بواری گەردوونناسی لە سەرانسەری جیهاندا پێیان وابوو گەردوون نموونەیەکی وەستاو و نەگۆڕە و سەرەتا و کۆتایی نەبووە، بەڵام نزیکەی 1400 ساڵ پێش ئێستا قورئانی پیرۆز ئەوەی ئاشکرا کرد کە گەردوون دروستکراوێکە و لە هیچەوە هێنراوەتە بوون، وەکو لە ئایەتی 4ی سورەتی "الحدید" دا هاتووە (هُوَ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَىٰ عَلَى الْعَرْشِ) واتە هەر ئەو زاتە خۆی ئاسمانەکان و زەوی لە شەش ڕۆژدا دروستکردووە و دواتر لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی پایەدارکرد، لە سەرەتادا زەوی و ئاسمانەکان وەکو بارستاییەکی مادەیەک وا بوون و پاشان خودای گەورە لێکی جیاکردنەوە وەکو ئەوەی خوای گەورە لە ئایەتی 30ی سورەتی "الانبياء"دا باسیکردووە، (أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ كَانَتَا رَتْقًا فَفَتَقْنَاهُمَا ۖ وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ ۖ أَفَلَا يُؤْمِنُونَ)، واتە ئایا ئه‌وانه‌ی بێباوه‌ڕ بوون نه‌یانبینیووه و بۆیان ڕوون نه‌بۆته‌وه به‌ڕاستی ئاسمانه‌کان و زه‌وی یه‌ک پارچه بوون لێکمان جیاکردنه‌وه له ئاویش هه‌موو شتێکی زیندوومان فه‌راهه‌م هێناوه ئایا ئه‌وانه هه‌ر باوه‌ڕ ناهێنن، ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە ئاماژەی پێ دەکات.

لە دوای تەقینەوە گەورەکەوە گەردوون پڕ بوو لە هایدرۆجین و هیلیۆم و بە ڕێژەیەکی کەم لیثیۆم، کاتێک گازێک لە پلەی گەرمی زۆر بەرزدابێت دەئایۆنێت "واتە ئەلیکترۆنەکانی ون دەکات" وە گەردوون تەڵخ و تاریک بوو "بەشێوەی دوکەڵ"، پاشان گەردوون بەهۆی تەڵخی و دوکەڵەوە نەدەتوانرا ڕووناکی تێدا ببیندرێت و ڕووناکی پێیدا تێبپەڕێت، پاش 380,000 ساڵ گەردوون وردە وردە پلەی گەرمییەکەی دابەزی و ڕێگەی بە تێپەڕبوونی ڕووناکیدا، بەپێی قورئان گەردوون سەرەتا دووکەڵ بووە، لە سوورەتی "الفصلت" لە ئایەتی 11دا خوای گەورە دەفەرمووێت (ثُمَّ ٱسْتَوَىٰٓ إِلَى ٱلسَّمَآءِ وَهِىَ دُخَانٌۭ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ ٱئْتِيَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًۭا قَالَتَآ أَتَيْنَا طَآئِعِينَ) واتە ئینجا ویستی ئاسمان ڕێک بخات و دروستی بکات له‌کاتێکدا که دوکه‌ڵ بوو، جا به ئاسمان و زه‌وی فه‌رموو: فه‌رمانبه‌ردار و ملکه‌چ بن، به‌خۆشی خۆتان یان به‌زۆر بتانخه‌مه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆمه‌وه‌؟ هه‌ردوولا خێرا وتیان: ملکه‌چی تۆین و چۆن ده‌فه‌رمویت وا ده‌که‌ین.

گەردوونناسەکان بوونی "وزەی تاریک"یان دووپاتکردەوە، هێزێکی نادیاری دوورکەوتنەوەیە و پێچەوانەی هێزی ڕاکێشانی زەوی کار دەکات، کاتێک دووری زیاد دەکات هێزی ڕاکێشەکی کەم دەکات، بەڵام ئەم هێزە نادیارە زیاد دەکات، ئەم هێزە گەلەئەستێرەکان لەیەکتر دوور دەخاتەوە، هەتا دووری زیاتر بێت هێزی دوورکەوتنەوە زیاتر دەبێت، ئەمڕۆ زاناکان نازانن ئەم وزە تاریکە چییە بەڵام دەزانن کە هۆکاری فراوانبوونی گەردوونە بە خێراییەکی زۆر، قورئان 1400 ساڵ پێش ئێستا پێش ئەوەی زاناکان درکی پێبکەن دەربارەی ئەم کشانە گەردوونییە بۆمان دواوە، لە سورەتی "الزاریات" لە ئایەتی 47دا خوای گەورە دەفەرمووێت (وَٱلسَّمَآءَ بَنَيْنَٰهَا بِأَيْي۟دٍۢ وَإِنَّا لَمُوسِعُونَ)، واتە ئێمه ئاسمانمان به‌ده‌ستی قودره‌تی خۆمان دروست کرد، به‌رده‌وامیش گه‌وره‌ی ده‌که‌ین و فراوانی ده‌که‌ین، (ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه بۆ ڕاستیه‌کی زانستی که‌زاناکانی گه‌ردوونناسی ده‌یسه‌لمێنن).


سەرچاوەکان



1733 بینین