بەشی زانستی ژینگەیی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-06-03:42:00 - کۆدی بابەت: 6194
بەشی زانستی ژینگەیی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەشی ژینگەیی (بە ئینگلیزی: Environmental Science) سەر بە کۆلێژی زانستە، ئەو بەشەیە کە بایەخ بە کێشە باوەکانی ژینگە دەدات وەکوو پیسبوونی خاك و هەوا و ئاو، کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتیەکان، بە بیابان بوون، کێشەی خاشاك و پاشەڕۆکان و دووبارە بەکارهێنانەوە، و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و گەرمبوونی زەوی، زیادبوونی دانیشتوان، و ژاوەژاو.

ئامانجی ئەم پسپۆڕییە دەستەبەرکردنی چارەسەری زانستی گونجاو و شیاوە بۆ ئەو کێشانە بە ئاسانترین ڕێگا، بە گشتی زانستی ژینگە بایەخ دەدات بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئەو بەشە زیندوو و نازیندووانەی کە لەنێو سروشتدا هەن، هەروەها گرنگیدانە بە سەرچاوە سروشتیەکانی وەکوو ئاو و خاك و سەرچاوەکانی وزە.

ئەم بەشە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە دەربارەی کێشە ژینگەییەکان. 

قۆناغەکانی خوێندن

ماوەی خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، وانەکان تا ڕادەیەك پەیوەستن بە زیندەزانی و جیۆلۆجی و کیمیا و کشتوکاڵ، وانەکانی قۆناغی یەك و دوو وانە گشتییەکانن وەکوو بنەمایەکی سەرەکی وان بۆ پسپۆڕیی وەرگرتن لە ژینگە، هەروەها زیاتر گرنگی بەو زانست و بوارانە دەدەن کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە بە پسپۆڕی ژینگەوە، قۆناغەکانی سێیەم و چوارەم بەرەو پسپۆڕی وەرگرتن هەنگاو دەنێن بە چڕی و بە وردی وانە پسپۆڕییەکان دەخوێندرێت وەکوو پیسبوونی ژینگە، ژەهراوی بوونی ژینگە بە ماددە پیسکەرەکان، وزە پاك و نوێیەکان، ژینگەی دارستانەکان، تەندروستی ژینگەیی، و چارەسەرکردنی پاشماوە ژینگەییەکان، و زانستەکانی خاك.

هەروەها لە ماوەی خوێندندا وانەکان بە شێوازی تیۆری و کردارەکی دەخوێنرێت. 

مەرج و تایبەتمەندی خوێندکارانی زانستی ژینگە

- توانا و کارامەیی لە وانە زانستییەکان بە تایبەت وانەکانی کیمیا و زیندەزانی.
- بوونی حەز و خولیا بۆ بەشەکەی، چونکە ئەم بەشە بەراورد بە بەشەکانی تر ئاسانە، خوێندکار دەتوانێت لێهاتوو بێت تێیدا.
- هەبوونی حەزی نوێگەری و داهێنان کە زۆر گرنگە بۆ  چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان.
- بەتوانا لە زمانی ئینگلیزی چونکە خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە. 
- چونکە ئەم بەشە پسپۆڕییەکی تایبەت و نوێیە، بۆیە لەلای خەڵکی نامۆیە، و زۆر کەس بەهەڵە لەم پسپۆرییە تێگەیشتوون، دەرچووی زانستی ژینگە دەتوانێت بە کارامەیی و لێزانی خۆی ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بگۆڕێت بەرامبەر بەم پسپۆڕییە. 

بوارەکانی کارکردن

هەلی کارکردنی فراوانە، هەروەها بوارەکانی هەمەجۆرە، دەکرێت لە کەرتی تایبەت و حکومی کاربکەیت، هەروەها کارکردن تەنها پەیوەندیدار نییە بە بواری ژینگەوە، بەڵکو دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت بە لێهاتوویی خۆی لە چەندان بواردا کاربکات، نموونەی بوارەکانی کارکردن:

- بواری ژینگەیی: دەرچووانی ئەم بەشە دەتوانن وەکوو پارێزەر و چاودێری ژینگەیی دەستبەکار بن و یارمەتیدەری ژینگە بن، لە ڕێگەی دیاریکردنی کێشە ژینگەییەکان و دەستەبەرکردنی چارەسەری گونجاو بۆیان لە ڕێگەی پسپۆڕییەکەیانەوە.

- کۆمپانیا و کارگەکان: دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت دەستبەکار بێت لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە سامانە سروشتییەکان وەکوو کۆمپانیایاکانی نەوت و گاز.

- بواری ئەکادیمی: دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو بەڕێوبەر یان یارمەتیدەرە یاخود توێژەر لە زانکۆ و سەنتەری توێژینەوەکانی پەیوەست بە بوارە ژینگەییەکان  دەستبەکار بێت.

- کەرتی گشتی: دەرچووی ژینگە بۆی هەیە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە کاربکات.

- چارەسەرکردنی پاشماوەی ماڵان: گرنگیدان بە دووبارە بەکارهێنانەوە و سوود وەرگرتن لە خاشاك و پاشماوەکان.

- پاشماوە پیشەسازییەکان: چارەسەرکردنی پاشماوە پیشەسازییەکانی کارگە و کۆمپانیاکان وەکوو کارگەی چیمەنتۆ و کارگە کیمیاییەکان و کۆمپانیاکانی تایبەت بە دەرهێنانی نەوت.

- بەڕێوبەری ژینگەیی: دەتوانێت وەکوو بەڕێوبەر و چاودێری پڕۆژە ژینگەییەکان دەستبەکاربیت. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



1862 بینین