سوودەکانی هێلکە بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-26-15:05:00 - کۆدی بابەت: 6411
سوودەکانی هێلکە بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

پێکهاتەی هێلکە

سپێنەی هێلکە

لە کاتێکدا کە هەم زەردێنە و هەم سپێنەی هێلکەش ماددەی خۆراکی زۆر باشیان تێدایە، بەڵام سپێنەکەی کالۆری کەم تێدایە و هەروەها هیچ بڕە چەورییەک و کاربۆهیدراتێکی تێدا نییە، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک جار دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستیاری و بۆیە باشترە کە لە پێشدا زەردێنە بە منداڵ بدرێت و پێدانی سپێنە دوابخرێت.

زەردێنەی هێلکە

زەردێنەی هێلکە چەوری تێدایە و کە جۆری ناتێر و کۆلیسترۆڵە، هەروەها ئەسیدی زۆری تێدایە و ڤیتامین و بڕێکی زۆر کالیسۆم و ئاسنی تێدایە.

منداڵ دەبێت لە چ تەمەنێکەوە هێلکە بخوات؟

منداڵ دوای تەمەنی ٧ بۆ ٨ مانگی دەتوانێت هێلکە بخوات، بەڵام بەو مەرجەی کە تاکوو دەبێتە یەک ساڵ تەنها زەردێنەی هێلکەکە بخوات و لە دوای تەمەنی یەک ساڵییەوە سپێنەکەشی پێ بدرێت، چونکە سپێنە زۆر جار هەستیاری دروست دەکات بۆ منداڵ.

نیشانەکانی هەستیاری بە سپێنەی هێلکە

  • هەستیاری پێستی وەک، ئاوسان، سووربوونەوە، ئەگزیما
  • خیزە خیزی سەر سنگ یان قورسی لە هەناسەداندا
  • پژمین و ئاوی لووت
  • سووربوونەوەی چاو یاخوود کۆبوونەوەی ئاو لە چاودا
  • ئازاری گەدە
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • سکچوون

 منداڵ هەفتانە چەند هێلکە بخوات باشە؟

دەتوانیت لە هەفتەیەکدا چوار جار هێلکە بدەیت بە منداڵ، باشترە کە لەوە زیاتر نەبێت بۆ ئەوەی کە ڕێگری بکەیت لە بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵی خوێنی منداڵەکە، هەروەها بۆ دووربوون لە ئەگەری نەخۆشی و جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەکانی دڵ.

سوودەکانی هێلکە بۆ منداڵ

تەندروستی چاو

هێلکە دەوڵەمەندە بە (Lutein) و (Zeaxanthin) کە سەلامەتی چاوەکان دەپارێزێت و توانای بینین وەک خۆی دەهێڵێتەوە و هەروەها سوودی هەیە بۆ شەبەکەی چاو.

تەندرووستی مێشک

هێلکە ماددەی (Choline) تێدایە کە یارمەتی خانەکانی مێشک دەدات و گرنگە بۆ گەشەی مێشکی منداڵەکە.

دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا 3

ئۆمێگا 3 چەوری تەندرووستە کە بە سروشتی لە ماسیدا هەیە و هەروەها یارمەتیدەرە بۆ گەشەی مێشک و بەهێزکردنی یادەوەری منداڵ.

دەوڵەمەندە بە ڤیتامین D

هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین D کە گرنگە بۆ گەشەکردن و پتەوکردنی ئێسکەکانی جەستە.

تەندرووستی قژ و نینۆک

هێلکە ٩ ئەمینۆ ئەسیدی زۆر گرنگی تێدایە کە گرنگن بۆ گەشەی قژ و نینۆک و قژ زووتر درێژ دەکاتەوە و یارمەتی گەشەی نینۆکەکانیش دەدت.

پێکهاتووە لە چەورییەکان

هێلکە پێکهاتووە لە چەورییە تێرەکان و چەورییە ناتێرەکان کە گرنگ بۆ جەستە.

دوڵەمەندە بە ڤیتامین B12

هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B12 کە گرنگە بۆ گەشەی مێشک و دەمارەکانی جەستەی منداڵەکە.

دەوڵمەندە بە فۆلیک ئەسید

بە هەمان شێوە فۆلیک ئەسید یارمەتی گەشەکردنی منداڵەکە دەدات بە تایبەت گەشەی مێشکی منداڵ.

دەوڵەمەندە بە پڕۆتین

هێلکە بە تایبەت هێلکەی کوڵاو پڕۆتینێکی زۆری تێدایە، پڕۆتین گرنگە بۆ پتەوبوون و بەهێزی ماسولکەکان و شانەکانی جەستە.

ئایا منداڵ دەکرێت هێلکەی خاو بخوات؟

منداڵ بە هیچ شێوەیەک نابێت هێلکە بە کاڵی یاخود بە نیمچە کوڵاوی بخوات، چونکە منداڵەکە مەترسی لەسەرە بۆ ژەهراویبوونی و هەروەها ڕێژەی ماددە خۆراکییە گرنکەکانی ناو هێلکەکەش کەم دەکات، پڕۆتینی ناو هێلکەی خاو بەشێوەیەکی گرێدراو و ئاڵۆزن کە هۆکارێکە تاکوو جەستە نەتوانێت بە باشی هەرسی بکات.

هێلکە بە کوڵاوی

هێلکەی کوڵاو باشترین جۆری پێدانی هێلکەیە بە منداڵ کە تێیدا ماددە خۆراکیەکان ئاستێکی بەرزیان هەیە بە تایبەت دەوڵەمەندە بە پڕۆتین کە زۆر گرنگە بۆ تەندروستی ئێسک و ماسولکەی منداڵەکە.

هێلکە و ڕۆن 

دەکرێت هێلکەی سورەوەکراویش بدەیت بە منداڵەکەت بەڵام ئاگاداری ئەوەبیت کە منداڵ نابێت پێش تەمەنی یەک ساڵی سپێنەی هێلکە بخوات، بۆیە کاتێک هێلکە و ڕۆنەکە دەکەیت دەبێت سپێنەی هێلکەکە جیابکەیتەوە و تەنها زەردێنەکەی بۆ سووربکەیتەوە.

هێلکەی دوو زەردێنە

لە کۆندا وا باو بووە کە هێلکەی دوو زەردێنە سوودێکی زیاتری هەیە بۆ منداڵ و هەروەها کاتێک مریشک پەستانی زۆری لەسەر بێت، هێلکەی دوو زەردێنە بەرهەم دەهێنێت بەڵام ئەم بیروباوەڕانە دوورن لە ڕاستییەوە و هێلکەی دوو زەردێنە بە تەواوی پەیوەندی بە حاڵەتی بۆماوەییەوە هەیە و هەمان سوودیشی هەیە.

ئایا دەبێت هێلکە بشۆردرێتەوە؟

بەشی دەرەوە و پارێزەری هێلکەکە بەرگێکی ساف و ماددەیەکی پێوەیە، کاتێک دەیشۆیتەوە و دەیخەیتە ناو ئاو ئەم ماددەیە نامێنێت و لە ئەنجامدا ئەگەری چوونە ناوەوەی میکرۆبەکان بۆ ناو هێلکەکە زیاد دەکات، واباشترە لە کاتی کڕینیدا نەشۆردرێتەوە و بەڵام ئاساییە ماوەیەک پێش بەکارهێنانی بیشۆیتەوە.


سەرچاوەکان



4029 بینین