بەم ڕێگایانە ببە بە باشترین هاوڕێی هاوسەرەکەت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-10-22:08:00 - کۆدی بابەت: 6240
بەم ڕێگایانە ببە بە باشترین هاوڕێی هاوسەرەکەت

ناوه‌ڕۆك

باشترین پەیوەندی لەگەڵ هاوسەر

ئەگەر لە ژیانی هاوسەریدا وەک هاوڕێیەک بیت لەگەڵ هاوسەرەکەتدا ئەوە بێگوومان دوو هاوسەری سەرکەوتوو دەبن لە ژیاندا، ژیانی هاوسەری نابێت بە شێوەیەک بێت کە ترس و شەرمی نابەجێی تێدا بێت، بەڵکوو پێویست دەکات کە هاوڕێیانە ڕەفتار بکەن و هاوسەرەکەت ببێتە باشترین و نزیکترین هاوڕێت.

بەم ڕێگایانە ببە بە باشترین هاوڕێی هاوسەرەکەت

پێکەنین و قسەی خۆش

لەگەڵ هاوسەرەکەتدا زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە قسەی خۆش بکە و نوکتە بگێڕەوە بۆی، هەمیشە دەم بەخەندە بەو پێبکەنە لەگەڵیدا، وەک چۆن دوو هاوڕێ پێکەوە بەردەوام پێدەکەنن و کاتێکی خۆش دەبەنە سەر پێکەوە.

لە کاتە قورسەکاندا پشت بە هاوسەرەکەت ببەستە

کاتێک دڵگرانیت و کێشەیەکت هەیە، یەکەم کەس هانا بۆ هاوسەرەکەت ببە و داوای یارمەتی لە ئەو بکە و هاوڕێیانە کێشەکە چارەسەر بکەن، تەنانەت ئەگەر کارێکی واشی پێ نەکرێت، لەگەڵ بوون و گوێگرتن بۆت پاڵپشتییە و دڵخۆشت دەکات.

کێشەتان هەبێت بەڵام نەهێڵن گەورە ببێت

لە هەموو جۆرە پەیوەندیەکدا کێشە دروست دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە نەهێڵیت کێشەکە پەیوەندییەکە خراپ بکات، بەڵکوو هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت.

کاتێکی زۆر پێکەوە قسە بکەن

مرۆڤ کاتێک هاوڕێیەکی نزیکی دەبێت چەند کاتژمێرێک بەردەوام پێکەوە قسە دەکەن و لێک بێزار نابن، کاتێک ڕۆژانە بەردەوام قسە لەگەڵ هاوسەرەکەت بکەیت ئەمە واتا پەیوەندییەکەتان گەشتۆتە ئاستی هاوڕێیەتی.

شێوازێکی جوانی قسەکردن

گرنگە لەگەڵ هاوسەرەکەتدا بە شێوەیەکی جوان و بە هێمنییەوە قسە بکەیت، لە کاتی قسەکردندا وشەی جوان و باش بەکاربهێنە.

خۆگونجاندن و قوربانیدان

کاتێک هاوڕێیەکی نزیکت دەبێت پێت خۆشە کە قوربانی بۆ بدەیت و هەمیشە هاوکاری بیت، گرنگە کە لە بەرامبەر قوربانیدان و خزمەتەکەدا چاوەڕێی پاداشت و قەرەبووکردنەوە نەبیت، هەروەها گرنگە کە هاوسەران نرخی ئەوەیان لابێت، هەروەها بە پێی بارودۆخ خۆیان بگونجێنن لەگەڵ یەکتردا.

دوورکەوتنەوە لە ڕەفتاری ناشایستە

گرنگە لەگەڵ هاوسەرەکەتدا هەمیشە بە جوانی قسە بکەیت، کاتێک دوو هاوڕێ پێکەوە قسە دەکەن لە یەک ئاستدا قسەکانیان دەکەن و هیچکامیان خۆی بە گەورەتر لەوی دیکەیان نازانێت و ترس نییە لە کاتی قسەکردندا.

هەبوونی هەستێکی تایبەت

هەندێک کاری ئاسایی ڕۆژانە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکان زۆر پتەوتر دەکات، وەک یارمەتیدانی پیاو بۆ ژنەکەی لە کاری ماڵەوەدا، سەیرکردنی فیلم و بەرنامەکان پێکەوە.

دەربڕینی خۆشەویستی

بەردەوام خۆشەویستی خۆتی بۆ دەرببڕە و لە هەموو کات و جێگەیەکدا باسی باشییەکانی بکە، لەلای خێزانی خۆت و ئەودا وەسفی بکە و ستایشی بکە و بە خراپە باسی مەکە، هەروەها ڕۆژانە کە باوەشی پێدا بکە و هەستی خۆشەویستی خۆتی بۆ دەرببڕە و مەیشارەوە تاکوو پەیوەندییەکەتان پتەوتر ببێت.

یەکتری قبوڵکردن

هاوسەرەکەت بەو شێوازە قبوڵ بێت کە هەیە و ڕێز لە کەسایەتی بگرە و نەتەوێت لە هەموو ڕەفتارێکیدا لە تۆ بکات.

گوێگرتن و متمانەکردن

کاتێک هاوسەرەکەت قسەت بۆ دەکات بە تەواوی بونتەوە گوێی بۆ بگرە و قسەکانی پێ مەبڕە، ڕێز لە قسەکانی بگرە و یارمەتیدەریبە، متمانەی پێ بکە و هیچ شتێک لە یەکتری مەشارنەوە و ڕاستگۆ بن لەگەڵ یەکتریدا.


سەرچاوەکان



1663 بینین