ڕووخساری ئایدز (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-16-10:53:00 - کۆدی بابەت: 6321
ڕووخساری ئایدز (١٠٠ وێنەکەی مێژوو)

ناوه‌ڕۆك

سەد وێنەکەی مێژوو

گۆڤاری تایم بڕیاری دا بە دانانی لیستێک بۆ بەناوبانگترین وێنەکانی مێژوو و لیستەکەش پێکهاتبوو لە ١٠٠ وێنە، بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە وێنەگر و وێنەزانانی جیهان کۆبوونەوە، لێکۆڵەرەکان دەڵێن: "هەندێک لە وێنەکانمان داناوە چونکە تاکن، هەندێکیان چونکە بیری مرۆڤیان گۆڕی، و هەندێکیش شێوازی ژیانمانی گۆڕی، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە نێوان هەموویان، ئەوەیە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە مرۆڤەکاندا".

ناوی وێنە ڕووخساری ئایدز
ناوی وێنە بە فەرمی The Face Of Aids
ڕیزبەندی سی و دووەمین
جۆر تەندروستی، مرۆڤایەتی
مێژوو ١٩٩٠
وێنەگر Therese Frare

ڕووخساری ئایدز

ئەم وێنەیە لە ساڵی ١٩٩٠ لە کاتی مردنی دەیڤد کێبیی (David Kirby) چالاکوان کە خێزانەکەی لە دەورین، لە لایەن خانمێکی وێنەگری تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی تریس فرەیر (Therese Frare) گیراوە، وێنەی پیاوێکی گرت کە لەسەر جێگاکەی چاوەڕێی مردن دەکات، ئەم وێنەیە نیشاندەری چرکەساتێکی دڵتەزێنە، ئایدزی وەک نەخۆشییەکی ترسناک بۆ مرۆڤ ناساند، ئەو نەخۆشییەی کە کێبیی کوشت، نەخۆشییەک کە لەو کاتەدا دوور لەچاوی خەڵکی چەندان کەسی تری وێران کردبوو و کردنی بە قوربانی، وێنەکەی فرەیر لە گۆڤاری لایف لە ساڵی ١٩٩٠ بڵاوکرایەوە، وێنەکە بوو بە نیشاندەری ئەوەی کە ئەو نەخۆشییە گوێ پێنەدراو و پشتگوێخراوە زۆر لەوە ڕووخێنەرترە کە تەنها کەسێک ببێت بە قوربانی و بیکوژێت، ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکە قردێلەی سوور بوو بە سمبولی بەزەیی و نەرمی بۆ قوربانییان، سێ ساڵ دواتریش سەرۆک کۆمار بیڵ کلینتۆن ئۆفیسێکی لە کۆشکی سپی کردەوە تایبەت بە پلانی نێودەوڵەتی نەخۆشیی ئایدز.

لە ساڵی ١٩٩٢ کۆمپانیای تایبەت بە جل و بەرگی بێنێتن (Benetton) چاپێکی لە وێنەکەی فرەیر بە ڕەنگاوڕەنگی لە زنجیرەیەک بڵاوکراوەی هاندەردا بەکارهێنا، هەندێک لە گۆڤارەکان ڕەتیان کردەوە کە بڵاوی بکەنەوە، هەندێک دەستەش داوایان کرد وێنەکە ڕەت بکرێتەوە، بەڵام خێزانی کێبی بەوە ڕازی بوون کە وێنەکە بەکاربهێنرێت، باوەڕیان بەوە هەبوو کە ئەو بڵاوکراوەیە یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی هۆشیاری ڕەخنەگرانەی خەڵک دەربارەی نەخۆشی ئایدز لە کاتێکدا کە نەخۆشییەکە هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە، هەروەها بەم هۆیەوە قوربانییەکان پشتگیری حکومەتی فیدراڵی بەدەست بهێنن بۆ خێراکردن لە پەرەپێدانی دەرمانی نوێی نەخۆشییەکە و چارەسەری، دایکی کێبی دەربارەی بڵاوکردنەوەی وێنەکە دەڵێت (ئێمە تەنها هەستمان کرد کە کاتی ئەوەیە خەڵک ڕاستییەکان دەربارەی نەخۆشی ئایدز بینن)، سوپاس بۆ وێنەکەی فرەیر و ئەو کارەی کردی.


سەرچاوەکان



802 بینین