فرەجووڵەیی - ADHD

له‌لایه‌ن: - ئیدریس نوری - به‌روار: 2021-08-18-13:25:00 - کۆدی بابەت: 6339
فرەجووڵەیی - ADHD

ناوه‌ڕۆك

فرەجووڵەیی

ئەگەرچی منداڵ بە سروشتی خۆی، گەشەی مێشک و جەستەی زۆر خێرایە، کاریگەری ئەم خێراییە وای کردووە، لە ڕووی جووڵەشەوە خێرابێت، بەڵام ئەگەر هاتوو لە حاڵەتی ئاسایی خۆی دەرچوو، دەبێتە کێشە و سەرئەنجام بە نەخۆشی دیاری دەکرێت.

زۆربەی توێژینەوەکان ئەوەیان پشت ڕاستکردووەتەوە، کەیەک منداڵ بیست هێندەی کەسێکی ئاسایی دەجوڵێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم جوڵانە لە سنوری خۆی تێپەڕی کرد بێگومان دەگۆڕێت بە نەخۆشی، کە ئەویش ناسراوە بەفرەجووڵەیی "ADHD". 

"فرەجووڵەیی" یەکێکە لەو گرفتە باوانەی کە لەمێشکدا درووست دەبێت، ڕێژەی لە کوڕاندا زۆرترە تاوەکوو کچان، "فرەجووڵە" بەو کەسانە دەوترێت کە ناتوانن کۆنترۆڵی خۆیان بکەن، وە خەیاڵیان پەرتەوازەیە و تەرکیزیان کەمە، بێ قەرار و نائارامن، بەڵام لەڕووی هۆشەوە تەواون، لە ڕووی چالاکی و جووڵەییەوە بێ ئەندازە دەجوڵێن، وە یەکێکە لەو کێشانەی بەزۆری لە دوایی تەمەنی سێ ساڵییەوە دەردەکەوێت، خۆش بەختانە هەندێکیان بەگەورەبوون ئەم حاڵەتەیان تێدا نامێنێت، بەتایبەت ئەوانەی کە لە جۆری حاڵەتی سوکن.

نیشانەکانی فرەجووڵەیی ADHD

  • ئەم منداڵانە جووڵەیان نائاساییە، زیاد لە پێویست دەجووڵێن و ماندوو نابن.
  • بەزۆری خەیاڵیان ڕۆشتووە، تەرکیز و ئاگایان کەمە، ناتوانن مەگەر تەنها بۆ ماوەیەکی دیاری کراوی کورت لەسەر شتێک بمێننەوە.
  • جوڵانی ئەم جۆرە منداڵانە بێ ئامانجە، زۆر جار هەڕەمەکی دەجوڵێن و بیر لەئەنجامی کارەکە ناکەنەوە.
  • باوەڕبەخۆبونیان کەمە.
  • زۆر قسەدەکەن.
  • ئەرکی ماڵ و قوتابخانە بە جوانی ئەنجام نادەن.
  • خەویان کەمە.
  • چێژ لە ماندووبوونی خۆیان دەبینن.
  • ئەگەر پرسیارێکی لێ بکەیت، پێش تەواوکردنی پرسیارەکە وەڵامت دەدەنەوە.
  • زوو بێزاردەبن لەیاری کردن.
  • لەقوتابخانە جیاواز لە هاوپۆلەکانی زۆربەی کات خەیاڵیان لە پۆلدا ڕۆشتووە، وە زۆر دەجوڵێن کە هاوپۆل و مامۆستای وانە بێزار دەکەن. 

ئایا منداڵێک زۆر جووڵا دەتوانین بڵێین ADHD هەیە؟

نەخێر، بەڵکو لایەنی کەم دەبێت ئەو خاڵانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێکرد لەکەسی تووشبوودا هەبێت، یان کەسی پسپۆڕ ئەو بوارە هەڵسەنگاندنی تەوای بۆ کردبێت. 

منداڵانی "فرەجووڵە" ئەگەر چارەسەر نەکرا چی؟

بێگومان کاتێک گەورە دەبێت کەسایەتییەکی بێئارام و تووڕەیی لێ دەردەچێت، هیچ حەوسەڵەی گوێ گرتن و بەرنامە ڕێژی نابێت، وە ناتوانێت بە ئاسانی ناوچە جوگرافیاکان بناسێتەوە، هەر زوو شتی لەبیر دەچێت، پێی خۆش نییە لەیەک جێگە بۆماوەیەکی دیاری کراو بمێنێتەوە، ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات. 

هۆکاری تووشبوون بە ADHD؟

هەتا ئێستا هۆکاری بەتەواوەتی دیارنییە، بەڵام لەهەندێ توێژینەوە ئاماژە بە بۆماوە کراوە،  گواستنەوەی (کرۆمۆسۆمات و جینات) دەکرێت لە باوانەوە هۆکارێکی کاریگەربن، بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر کەدەبێتە هۆی زیاتری نەمانی تەرکیز، ئەگەرچی دایک و باوک و بەخێوکار بۆ مەبەستی لە جووڵەخستنی ئەم ڕێگایەبەکار دەهێنن، ڕاستە لەجووڵەی دەخات بەڵام لەڕووی هزریەوە هێندەی تر حاڵەتەکە قورستر دەکات. 

چارەسەر

  • ڕەفتار و گوفتار دەرمانی، ڕێگەیەکی دیاری چارەسەرکردنن.
  • دەرمانی پزیشکی (ڕیتالین ـ دیکسترین ـ گۆنۆفیسین ـ کلۆنیدین) لە ژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ.
  • ئارام گرتنی دایک و باوک و هەوڵدان و هاوبەشی پێکردنیان لەگەڵ خۆیان بۆ چارەسەرکردنیان.
  • پێویستە ڕۆژانە ئەم جۆرە منداڵانە ئەو وزەی پێیانە سەرفی بکەن، بۆ ئەم مەبەستە دەبێت ببرێنە پارک و جێگە وەرزشی یەکان.
  • پێویستەدایک و باوک لەڕستەی سادە و کورت سود وەربگرن، لەکاتی قسەکردن سەیری نێو چاوانی منداڵەکەی بکات و بەڕوویەکی خۆشەوە مامەڵەی لەگەڵ دابکات.
  • کاری پێ بسپێرە بەشێوەیی ڕیزبەندی، مەڵێ شتەکانت کۆبکەرەوە، بەڵکوو بۆنمونە بڵێ، سەرەتا تۆپ یان بووکەکەت بخە نێو سەبەتەکەوە، دواتر سەیارەکەت، چونکە منداڵانی ADHD کێشەیان لەڕیز بەندی و جوزئیات هەیە.
  • لەبری ئەوەی بڵێی تۆ تێناگەیت، بڵێ تۆ لە ئەمەیان تێ نەگەیشتوویت.
  • هەندێ خواردن ڕێژەیەکی زۆر وزەیی تێدایە پێویسته نەدرێت بەمنداڵەکەت، وەک شیرینی و چا و قاوە لە بری ئەوە ئەو خواردنانە بدرێت بەمنداڵ کەت ئارام بەخشن، بەسوودن، بەتایبەت ئۆمیگا۳، کە لە ماسی سەلەموون ڕێژەیەکی باشی تێدایە و ڤیتامینەکان.
  • چارەسەری Tdcs کە بەشێوەی کارەباییەکی کەم لەمێشک دەدرێت.
  • سوود وەرگرتن لە دکتۆر و کەسانی شارەزا تاکوو بەشێوەیەکی تەندرووست چارەسەریان بۆ بکرێت


سەرچاوەکان



3604 بینین