زیانەکانی نموونە وەرگرتن لە جگەر

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-30-13:11:00 - کۆدی بابەت: 6439
زیانەکانی نموونە وەرگرتن لە جگەر

ناوه‌ڕۆك

نموونە وەرگرتن لە جگەر

نموونە وەرگرتن لە جگەر ڕێکارێکی تەندروستییە ئەنجامدەدرێت بۆ ئەو حاڵەتانەی کە بە ڕێگا دەستنیشانکارییە باوەکانی تری وەکوو تیشکی ئاسایی و وێنەگرتن بە تیشکی سەروو بیستن و لەرینەوەی موگناتیسی و CT دەستنیشان ناکرێن، ئەویش بەهۆی ئەوەی نموونەکە ڕێگە بە پزیشک دەدات بۆ بینینی شانەکان لە نزیکەوە و لە ڕێگەی وردبینەوە، کە ئەنجام دەدرێت بە تێکردنی دەرزییەک بۆ شانەکانی جگەر لە رێگەی پێست یان رێگەکانی ترەوە و نموونەیەکی لێ ڕادەکێشرێت و لە ژێر وردبیندا سەیردەکرێت پاش ئەنجامدانی کۆمەڵێک ڕێکاری سادە بۆ پاراستنی نموونەکە لە تێکچوون، ئەم نموونەیە ڕێگە بە بینینی خانە شێرپەنجەیی و ناباوەکان دەدات، هەروەها ڕێژەی مێوبەندی جگەر دیاریدەکات و بە شێوەیەکی کۆتایی دەکرێت دەستنیشانی بکات، دەکرێت نموونەی جگەر بەکاربهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی حاڵەتی تەندروستی جگەر و کاراییەکەی لە درەستکردنی زەرداو و ڕزگارکردنی جەستە لە ژەهرەکان.

بۆچی نموونە وەرگرتنی جگەر ئەنجام دەدرێت؟

دەکرێت نموونە وەرگرتنی جگەر هاوکار بێت لە دڵنیابوونەوەی دەستنیشانکردنی هەندێک نەخۆشی، هەروەها بۆ زانینی هۆکاری تێکچوونی جگەر بە شێوەیەکی گشتی، بۆیە لە ئامانجەکانی وەرگرتنی نموونەی جگەر بریتین لە:

- دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی جگەر کە بە ڕێگەی تر دەستنیشان ناکرێن. 
- دەستکەوتنی ئەو پارچەیەی جگەر کە لەسەر یەکێ لە ڕێگا دەستنیشانکارییە تیشکییەکان بە شێوەیەکی ناباو دەردەکەوێت، ئەویش بۆ لێکۆڵینەوەی بە چڕی.
- دیاریکردنی ئاستی ئازارپێگەیشتووی جگەر بەهۆی نەخۆشییەکی دیاریکراوەوە، کە ئەمە لەڕووی پزیشکییەوە پێی دەوترێت قۆناغبەندی Staging. 
- یارمەتیدانی دیاریکردنی پڕۆتۆکۆلی چارەسەر بەپێی حاڵەتی تەندروستی جگەر.
- دیاریکردنی کارایی چارەسەری بەکارهاتوو بۆ هەندێک نەخۆشی جگەر.
- چاودێری جگەر پاش نەشتەرگەری چاندنی جگەر.

دەکرێت پزیشک داوای نموونە وەرگرتنی جگەر بکات لە کەسەکە ئەگەر یەکێک لەم حاڵەتانەی هەبوو: 

- تاقیکردنەوەی جگەری ڕووننەکراوە بەو نیشانانەی دەرکەوتوون.
- بارستەیەک یان لوویەک یان تێکچوونێک کە دەکرێت لە پشکنینە تیشکییەکاندا دەربکەوێت.
- تای بەردەوام و ڕووننەکراوە.

لەوەی پێشووەوە دەتوانین بڵێین نموونە وەرگرتنی جگەر هاوکارە لە دەستنیشانکردن و دیاریکردنی قۆناغەکانی نەخۆشییە جیاوازەکانی جگەری وەکوو:

- چەوری جگەری ناکهولی.
- هەوکردنە درێژخایەنەکانی جگەر B و C.
- خۆییە بەرگرییە هەوکردنی جگەر.
- نەخۆشی کهولی جگەر.
- مێوبەندی رێڕەوی زراوی یەکەمی.
- ڕەقبوونە هەوکردنی ڕێڕەوی زراوی یەکەمی.
- نەخۆشی بۆیەبوونی خوێنی.
- نەخۆشی ویڵسن.

زیانەکانی نموونە وەرگرتن لە جگەر

بە شێوەکی گشتی نموونە وەرگرتن لە جگەر کردەیەکی بێ زیانە لای ئەو کەسانەی کە پاڵێوراون بۆ ئەنجامدانی یان هیچ حاڵەتێکی ڕێگریان نییە بۆ ئەنجامدانی، بەتایبەت گەر کەسی خاون ئەزموون ئەنجام بدرێت، بەڵام دەکرێت هەندێک زیان و مەترسیشی هەبێت، لەوانە:

- ئازار: بڵاوترین لێکەوتەی ئەنجامدانی نموونە وەرگرتنی جگەرە، بە زۆری دەبێتە هۆی توشکردن بە ئازارێک کە دەکرێت بەرگە بگیرێت، یان کەمێک هەراسانکەر، ئەگەر ئازارەکە زۆر و بەرگەنەگیراو بوو ئەوە ڕەنگە نەخۆش هەندێک ئازارشکێنی پێ بدرێت لە ڕێگەیەکی ناوەندییەوە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە.

- خوێنبەربوون: دەکرێت خوێنبەربوون پاش ئەنجامدانی نموونە وەرگرتن لە جگەر ڕووبدات، ڕەنگە پێویستی بە مانەوە بێت لە نەخۆشخانە ئەگەر خوێنبەربوونەکە مەترسیدار بوو.

- هەوکردن: زۆر بە دەگمەن ڕوودەدات، کە بەکتریا دەچێتە ناو سکە کەلێنەوە بەهۆی کەمی پاکژی لەکاتی یان پاش ئەنجامدانی نموونە وەرگرتنەکە.

- پێکرانی بێئاگایانەی ئەندامەکانی دەوروبەر: لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، دەکرێت دەرزی نموونە وەرگرتنەکە بگاتە ئەندامە هاوسێکاندا وەکوو تورەکەی زراو و سی.

لە هەندێک حاڵەتیشدا نموونە وەرگرتنی جگەر لە ڕێگەی بۆرییرکی بچووک بۆناو گەردنە خوێنهێنەر لە ملدا ئەنجام دەدرێت، تا دەگات بەو خوینهێنەرانەی بەستراون بە جگەرەوە، کە ئەمەش چەند زیانێک لەخۆ دەگرێت، لەوانەش:

  • کۆبوونەوەی خوێن "یان لووی خوێنی" لەسەر ئاستی مل.
  • پێکرانێکی کاتی بۆ دەماری دەموچاو.
  • پێکانی سی لەکاتی نموونە وەرگرتنەکە.

هەندێک نیشانەی مەترسی هەن کە پێویستە نەخۆش بیزانێت، کە دەکرێت ئاماژە بێت بۆ تێکچوونی پاش ئەنجامدانی نموونە وەرگرتنەکە بەڵام پاش دەرچوون لە نەخۆشخانە یان ناوەندە تەندروستییەکە "واتا لە ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە ئەنجامدانی نموونە وەرگرتنەکە"، لەو نیشانانەش:

  • تا.
  • سەرگێژخواردن.
  • لەرزین.
  • قورسی هەناسەدان.
  • ئازاری سنگ.
  • ئاوسانێکی سەیری سک.
  • سک ئێشەیەک کە هەمیشە زیاد دەکات.
  • ئازارێکی زۆر لەکاتی پەستان خستنە سەر ئەو ناوچەیەی دەرزییەکەی پێدا کراوە یان ناوچەکانی تری وەکوو شان و سک و سنگ.

لەکاتی ڕوودانی هەریەک لەم نیشانانە پێویستە سەردانی پزیشک بکریت بۆ ئەنجامدانی رێژاری گونجاو بۆ چارەسەر کردنیان.


سەرچاوەکان



493 بینین