دیاریکردنی ئاڕاستەی قیبلە 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-01-14:24:00 - کۆدی بابەت: 6461
دیاریکردنی ئاڕاستەی قیبلە 

ناوه‌ڕۆك

چۆنێتی دیاریکردنی ئاڕاستەی قیبلە

قيبلە ڕووگەی موسوڵمانانە لەکاتی نوێژکردن، یەکێکە لە پایەکانی نوێژکردن لە ئیسلامدا، موسوڵمانان پێویستە لە کاتی نوێژکردن ڕوو لە کەعبەی پیرۆز بکەن، هەروەها لە زۆر حوکمی ئیسلامی گرنگ پێویستە پەیڕەوی ئاڕاستەکەی بکەن وەکوو سەربڕینی ئاژەڵ و ناشتنی مردووان کە دەبێت بەرەو ئاڕاستەی قیبلە بێت، چەندان ڕێگا و ئامرازی باو و کۆن و سەردەمیانە هەیە بۆ دیاریکردنی ڕووی قیبلە، لەوانە بەکارهێنانی ئاڕاستەی خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و ئاڕاستەی با.

دیاریکردنی ڕووی قیبلە بەپێی ئاڕاستەی خۆر

نوێژخوێن دەتوانێت ئاڕاستەی قیبلە بزانێت لە ڕێگای هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆرەوە، هەڵاتنی خۆر لە سەرەتای ڕۆژدا لە ڕۆژهەڵاتەوەیە و بەردەوام دەبێت لە جێگۆڕکێ تا ئاوابوونی لە ڕۆژئاواوە واتا شوێنی خۆر جێگیر نییە و ئاراستەکەی دەگۆڕێت بەپێی کات و ساتی ڕۆژەکە، دەتوانین بە زانینی ئاڕاستەی خۆرهەڵات و خۆرئاوا ڕووی قیبلە دیاری بکەین بەم شێوەیە:

کەسەکە بە شێوەیەك دەوەستێت ڕووی لە خۆرهەڵات بێت، خۆرئاوای لە پشتەوە بێت، ئاڕاستەی باکوور لە لای چەپیەوە بێت و ئاڕاستەی باشووریش لە لای ڕاستیەوە، ئاڕاستەی باشوور دەبێتە ڕووی قیبلەکەی، لە کاتی نیوەڕواندا ئاڕاستەی خۆر بە شێوەی ستوونی لەسەر کەعبەی پیرۆز دەبێت، لەو کاتەدا ئەگەر ئاڕاستەی سێبەری خۆت دیاری کرد، ئەوا ئاڕاستەی قیبلە بە پێچەوانەی ئاڕاستەی سێبەرەکەت دەبێت، لە کاتی عەسران و ئێواراندا ئاڕاستەی خۆر دەکەیتە لای ڕووی ڕاستت و ڕووی قیبلە دیاری دەبێت. 

دیاریکردنی ڕووی قیبلە بەپێی ئاڕاستەی مانگ 

بەپێی ڕۆژەکانی مانگی کۆچی و ئاڕاستە و شێوەی مانگ دەتوانین قیبلە دیاری بکەین، لە سەرەتای مانگی کۆچییدا مانگ دەبێت بە شێوەی هیلال بێت و دەیخەینە لای ڕۆژئاواوە پاشان ڕوو لە قیبلە دەکەین، لە 14ی مانگی کۆچی مانگ کامڵە و دەبێت بە مانگێکی تەواو دەیکەینە لای ڕۆژهەڵاتەوە و ڕووی قیبلە دیاری دەبێت، لە شەوی 21ی مانگی کۆچی لە کاتی نوێژی بەیانی بەرەو ڕووی مانگ دەوەستین قیبلە دیاری دەبێت، لە شەوی 28ی مانگی کۆچی مانگ بە شێوەی هیلال دەردەکەوێت لە کاتی نوێژی بەیانی، مانگ دەکەینە لای ڕۆژهەڵاتەوە و قیبلە دیاری دەبێت.

دیاریکردنی ڕووی قیبلە بەپێی ئەستێرەکان

خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا لە سوڕەتی النحل دەفەرموێت (وَبِالنَّجمِ هُم يَهتَدونَ) واتا (ئه‌وان به‌ ئه‌ستێره‌كانیش ڕێیان ده‌رده‌كرد له‌تاریكایی شه‌ودا) هەر بۆیە ئەستێرەکان بە ڕاستترین و گونجاوترین ڕێگا دادەنرێت بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی قیبلە، جەمسەر و تەوەری باکوور بەهێزترین بەڵگەی دیاریکردنی ڕووی قیبلەیە چوونکە شوێنەکەی نەگۆڕە و ناجووڵێت، لە کاتی نەبوونی ڕووناکی مانگ زۆر بە ئاسانی دەستنیشان دەکرێت لە لایەن خەڵکەوە، ئەوەی بینینی باش و بەهێز بێت دەیبینێت، لە دەورووبەری کۆمەڵێك ئەستێرەی بچووك و ورد هەن بە شێوەی بازنە دەوریان داوە، ئەو جەمسەرە دەکرێتە ئاڕاستەی پشتەوە، و ڕووی قیبلە بەرەو پێش دەبێت، لە کاتی دەرکەوتنی ڕووناکی مانگ ئەم جەمسەرە وون دەبێت.

دیاریکردنی ڕووی قیبلە بەپێی ئاڕاستەی با

ئەم ڕێگایە زۆر کۆنە، ئێستا زۆر کەم بەکاردەهێنرێت هەروەها لە لایەن هەندێک لە زانایانی ئیسلامی بە ڕێگایەکی لاوازی دادەنرێت. 

دیاریکردنی ڕووی قیبلە بە بەکارهێنانی ڕێگای سەردەمیانە 

لە ئێستادا ئەم ڕێگایە بەربڵاوترین ڕێگایە بۆ دیاریکردنی قیبلە، نوێژخوێنان دەتوانن بە بەکارهێنانی چەند ئاپ و پڕۆگرامێکی نێو مۆبایلە زیرەکەکان، ڕووی قیبلە دیاری بکەن، ئەم پڕۆگرامانە زۆر بە شێوەیەکی ئاسان و سادە ئاڕاستەی قیبلە دیاری دەکات. 

مێژووی جێگیر بوونی ئاڕاستەی قيبلە لە ئیسلامدا

لە سەرەتای ئیسلامدا ئاڕاستەی قیبلەی نوێژخوێنان بەرەو ڕووی "مزگەوتی ئەقسا" بووە، لە دوای کۆچکرد بەرەو شاری "مەدینە" جوولەکەکان ڕەخنەی بێ بنەمایان لە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) گرتووە کە هەمان قیبلەی ئەوانیان هەیە و بە قسەکانیان پێغەمبەریان ئازارداوە، بۆیە پێغەمبەر (د.خ) دوعای زۆر کردووە کەعبە ببێتە ڕووگە و قیبلەی موسڵمانان، چوونکە قیبلەی پێغەمبەر ئیبراهیم (د.خ) بووە خودای گەورە لە سوڕەتی البقرة لە ئایەتی 144 لەو بارەیەوە دەفەرموێت: (قَدْ نَرَىٰ تَقَلُّبَ وَجْهِكَ فِي السَّمَاءِ ۖ فَلَنُوَلِّيَنَّكَ قِبْلَةً تَرْضَاهَا ۚ فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ ۚ وَحَيْثُ مَا كُنْتُمْ فَوَلُّوا وُجُوهَكُمْ شَطْرَهُ ۗ وَإِنَّ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ لَيَعْلَمُونَ أَنَّهُ الْحَقُّ مِنْ رَبِّهِمْ ۗ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا يَعْمَلُونَ) واتا: (به‌ڕاستی ئێمه‌ گه‌ڕانی ڕووخسارت و ڕوو به‌ ئاسمانت ده‌بینین، ده‌ی سوێند به‌خوا ڕووت ده‌که‌ینه‌ ڕووگه‌یه‌ک په‌سه‌ندت بێت ئیتر ڕووت وه‌رچه‌رخێنه‌ به‌ره‌و لای که‌عبه ‌(مسجد الحرام) ئێوه‌ش ئه‌ موسڵمانان له‌هه‌ر لایه‌ک بوون (له‌نوێژدا) ڕووتان بکه‌نه‌ ئه‌وێوه‌ (مسجد الحرام) به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی پەڕاویان پێدراوه چاک ئه‌زانن که‌ئه‌مه‌ شتێکی ڕاسته‌ له ‌په‌روه‌ردگاریانه‌وه‌، وە خوا بێ ئاگا نیه‌ له‌وه‌ی که‌ده‌یکه‌ن).

بە پێی ڕا و بۆچوونی زانایانی ئیسلامی لە نیوەی مانگی شەعبانی کۆچیدا لە ساڵی دووەمی کۆچیدا ئاڕاستەی قیبلەی موسڵمانان گۆڕاوە بەرەو ڕووی کەعبەی پیرۆز یەکەمین نوێژی پێغەمبەر (د.خ) کە بەو ئاڕاستەیە بووە نوێژی نیوەڕۆ بووە. 

حیکمەتی گۆڕینی ئاڕاستەی قیبلە بۆ موسڵمانان

ئاڕاستە گۆڕینی قیبلە چەندان سوود و بایەخی گرنگی هەبوو بۆ موسڵمانان، لە ڕووی سیاسییەوە، لەوکاتەوە نیمچە دوورگەی عەرەبی بووە نێوەندێکی بایەخدار بۆ جیهانی موسڵمانان، لە ڕووی مێژووییەوە موسوڵمان زیاتر پەیوەست بوون بە مێژووی پێغەمبەر ئیبراهیمەوە، هەروەها گۆڕینی ئاڕاستەی قیبلە هۆکارێکی یارمەتیدەرە بوو بۆ فەتحی مەککە و پاککردنەوەی کەعبەی پیرۆز لە بتپەرستی، بایەخێکی تری گۆڕینی ئاڕاستەی قیبلە بریتیبوو لە یەکبوونی ئاڕاستەی قیبلە و ڕووگەی موسڵمانان لەگەڵ "بيت المعمور" (قيبلە و ڕووگەی فریشتەکانە لە ئاسمان). 


سەرچاوەکان



4135 بینین