کتێبە ئاسمانییەکان 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-02-14:41:00 - کۆدی بابەت: 6470
کتێبە ئاسمانییەکان 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باوەڕ بوون بە کتێبە ئاسمانییەکان یەکێکە لە پایەکانی باوەڕ لە ئیسلامدا و پێویستە موسوڵمانان بڕوایان بە هەموو کتێبە پیرۆزەکان بێت، لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بۆ ئەو کتێبە پیرۆزانە کراوە کە بۆ پێغەمبەران دابەزیوە، لە سوڕەتی البقرة ئایەتی 213 خودای گەورە دەفەرموێت: (كَانَ النَّاسُ أُمَّةً وَاحِدَةً فَبَعَثَ اللَّهُ النَّبِيِّينَ مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ وَأَنْزَلَ مَعَهُمُ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ) واتا له‌ سه‌ره‌تای په‌یدابونی خه‌ڵکیدا، پێش تۆفانه‌که‌ی نووح خه‌ڵکی یه‌ك ئوممه‌ت بوون و خاوه‌نی ته‌نها بیرووباوه‌ڕی یه‌کتاپەرستی بوون، به‌ڵام لایاندا خودای گەورەیش وێڵی نه‌کردن و پێغه‌مبه‌رانی بۆ ڕه‌وانه‌کردن، تاکوو مژده‌ده‌رو ترسێنه‌ربن له‌گه‌ڵ کتێبی ئاسمانیدا، بۆ ڕوون کردنه‌وه‌ی حه‌ق و ڕاستی، لە قورئانی پیرۆز ناوی پێنج کتێبی پیرۆز هاتووە، کە هەر دانەیەکیان تایبەتە بە پێغەمبەرێك و بۆ گەلێك نێردراوە. 

گرنگترین کتێبە پیرۆزەکان کە لە قورئاندا ناویان هاتووە 

قورئانی پیرۆز

قورئانی پیرۆز بۆ پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) نێردراوە، کتێبی پیرۆزی موسوڵمانانە، وشەی (قُرأَن/قورئان) ئەگەر ناو بێت ئەوە واتای خوێندراو دەدات، ئەگەر چاوگ بێت بە واتای (مَقرُؤ/خوێنراوە) دێت، هەروەها واتای (قراءة/خوێندنەوە)ش دەدات، هەروەکوو خودای گەورە لە سوڕەتی القيامة ئایەتی 18 دەفەرموێت:(فَإِذَا قَرَأْنَاهُ فَاتَّبِعْ قُرْآنَهُ) واتا جا كاتێك ئێمه‌ له‌ڕێگای جوبریله‌وه‌ بۆت ده‌خوێنینه‌وه‌ تۆ شوێنی خوێندنه‌وه‌كه‌ی ئه‌و بكه‌وه‌و لە دوای ئه‌و بیڵێرەوە و په‌یڕه‌وی لێ بكه‌.

قورئانی پیرۆز چوار ناوی سەرەکی هەیە

۱- القُراَن/قورئان: خودای گەورە لە سوڕەتی الواقعة ئایەتی 77 دەفەرموێت: (إِنَّهُ لَقُرْآنٌ كَرِيمٌ) واتا: به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی که‌ محەمەد (د.خ) ده‌یخوێنێته‌وه‌ قورئانێکه‌ زۆر پیرۆز و بە فڕە.
۲- الکتاب: ناوی دووەمی قورئانە وەک لە چەندان ئایەتی قورئان ئاماژەی پێکراوە، لە سوڕەتی البقرة ئایەتی 2 خودای گەورە دەفەرموێت: (ذَٰلِكَ الْكِتَابُ لَا رَيْبَ ۛ فِيهِ ۛ هُدًى لِلْمُتَّقِينَ) واتا: ئه‌و قورئانه‌ كتێبێكه‌ هیچ گومانێكی تێدا نییه‌ له‌ لایه‌ن خودای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ڕه‌وانه‌ كراوه‌ به‌ جوبریلدا بۆ پێغه‌مبه‌ر (د.خ)، كه‌ مایه‌ی ڕێنموویی و سه‌رچاوه‌ی هیدایه‌ته‌ بۆ خواناسان و پارێزکاران، وشەی کیتاب بە واتای نوسراو یان نوسراوە دێت.
۳- الذِكر: ناوی سێیەمی قورئانە خودای گەورە لە سوڕەتی الحجر ئایەتی 9 دەفەرموێت : (إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ) واتا: به‌ڕاستی هه‌ر ئێمه‌ قورئانمان دابه‌زاندووه‌ و بێگومان هه‌ر ئێمه‌ش پارێزگاری لێدەکەین، وشەی ذكر واتا بیرخەرەوە یاخوود یادهێنانەوە، چونکە قورئان وەکوو یاد هێنانەوەی باوەڕ و ڕاستییەکانە بۆ مرۆڤ.
٤- الفُرقان/فورقان: ناوی چوارەمی قورئانە خودای گەورە لەسوڕەتی الفرقان ئایەتی 1 دەفەرموێت: (تَبَارَكَ الَّذِي نَزَّلَ الْفُرْقَانَ عَلَىٰ عَبْدِهِ لِيَكُونَ لِلْعَالَمِينَ نَذِيرًا) واتا: به‌رز و پیرۆز و پاك و بڵنده ئه‌و زاته‌ی که قورئانی دابه‌زاندووه تا ببێته جیاکه‌ره‌وه‌ی ڕاست و ناڕاست، بۆ سه‌ر به‌نده‌ی خۆی محەمەد (د.خ) تا ببێته هۆشیار که‌ره‌وه‌و بێدارکه‌ره‌وه‌ی دانیشتوانی جیهان له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، وشەی فوڕقانیش چەمکێکە بە واتای جیاکاری لە نێوان هەق و ناهەق، حەڵال و حەڕام، چاک و خراپ و ڕاستی و درۆ.

تەورات 

کتێبی تەورات بۆ پێغەمبەر مووسا (د.خ) نێردراوە بۆ نەوەی ئیسرائیل، 18 جار لە قورئاندا ناوی هاتووە، لە سوڕەتی المائدة ئایەتی 44 دەفەرموێت: (إِنَّا أَنْزَلْنَا التَّوْرَاةَ فِيهَا هُدًى وَنُورٌ) واتا: به‌ڕاستی ئێمه‌ کاتێك ته‌وراتمان نارده‌ خواره‌وه‌ ڕێنموویی تیادا بوو بۆ هه‌موو خێرو چاکه‌یه‌ک نوور و ڕووناکیش بوو.

ئینجیل

کتێبی ئینجیل بۆ پێغەمبەر عیسا (د.خ) نێردراوە بۆ نەوەی ئیسرائیل، ناوی ئینجیل 12 جار لە قورئاندا هاتووە، خودای گەورە بە ڕێنیشاندەر و ڕووناکی و ئامۆژگاری تایبەتمەندی کردووە، لە سوڕەتی المائدة لە ئایەتی 46 دەفەرموێت: (وَقَفَّيْنَا عَلَىٰ آثَارِهِمْ بِعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ مُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ التَّوْرَاةِ ۖ وَآتَيْنَاهُ الْإِنْجِيلَ فِيهِ هُدًى وَنُورٌ وَمُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيْهِ مِنَ التَّوْرَاةِ وَهُدًى وَمَوْعِظَةً لِلْمُتَّقِينَ) واتا: ئینجا به‌شوێن ئاسه‌واری هه‌موو پێغه‌مبه‌رانی نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا عیسای کوڕی مه‌ریه‌ممان هێنا، که‌ ڕاستی ته‌وراتی ده‌رده‌خست و پشتیوانی لێده‌کرد و ئینجیلیشمان پێیدا، که‌ هیدایه‌ت و نوور و ڕووناکی تێدایه‌ و پشتگیریی ته‌وراتی پێش خۆیه‌تی، هیدایه‌ت و ڕێنموویی و ئامۆژگاریه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ خوا ده‌ترسن و پارێزکارن. 

زەبوور

کتێبی زەبوور بۆ پێغەمبەر داوود نێردراوە، حەوت جار ناوی لە قورئاندا هاتووە، خودای گەورە لە سوڕەتی الإسراء ئایەتی 55 دەفەرموێت: (وَآتَيْنَا دَاوُودَ زَبُورًا) واتا: کتێبی زه‌بووریشمان به‌ داوود به‌خشیوه‌. 

کتێبی پیرۆزی پێغەمبەر ئیبراهیم (د.خ)

ئەو نامە پیرۆزانەیە کە خودای گەورە بۆ پێغەمبەر ئیبراهیم (د.خ) ناردووە، خودای گەورە لە سوڕەتی الأعلى ئایەتی 19 دەفەرموێت: (صُحُفِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَىٰ) واتا: نووسراوه‌كه‌ی ئیبراهیم و مووسا. 


سەرچاوەکان



5660 بینین