زەڕافە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-03-13:13:00 - کۆدی بابەت: 6480
زەڕافە

ناوه‌ڕۆك

ئایا زەڕافەکان سەر بە چ تیرەیەکن؟

زەڕافە (بە ئینگلیزی :giraffe) جۆرێکە لە مەمکدارە ئەفریقییە سمدارەکان، ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ مله‌ درێژه‌كه‌ی و خێراییه‌كه‌ی، هەروەها بە خێراییەکەشی ناسراوە، کە دەتوانێت لەماوەی کاتژمێرێکدا ٥٠ کم ببڕێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەن بۆ زەڕافەکان لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵدایە، شایەنی باسە کە لە رۆژێکدا بە نزیکەیی ١.٩ کاتژمێر دەخەوێت، لە ئێستادا سێ جۆری زەڕافەکان لە ژێر هەڕەشەی مەترسی لەناوچوندان.

نیشتیمانی ڕاستەقینەی کوێیە لە بنەڕەتدا؟

زەڕافەکان بەلایانەوە پەسەندە کە لە دارستانە نیمچە وشکە کراوەکاندا بژین کە دار و درەختی تێدا بڵاوبوەتەوە، لەبەر ئەوە ساڤانا ژینگەی نمونەییە بۆ ئەم جۆرە ئاژەڵە، و ئەفریقا بە نیشتیمانی بنەڕەتییان دادەنرێت، ئەمانەش نموونەی باوترین جێگەی نیشتەجێبونی زەڕافەکانە (کینیا، کامیرۆن، نەیجیریا، نامیبیا، زامبیا، تەنزانیا و باشووری ئەفریقا)، زەڕافەکان لە ڕۆژێکدا ١٥ بۆ ٢٠ کاتژمێر بە دوای خۆراکدا دەگەڕێن، چونکە ٦٣کگم خۆراک بەکاردەهێنێت لە ڕۆژەکەدا، کە یەکجار دەیخوات و دووەمجار بەکاریدەهێنێتەوە لە ڕێگەی کاوێژکردنەوە، هەوەها ٣٧ بۆ ٤٥لیتر ئاو دەخواتەوە بەیەکجار. 

بەشەکانی جەستەی

کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە لە پێکهاتە و شێوازی دروستبوونی زەڕافەکان، کە بوون بە جیاکەرەوەی لە بەرامبەر ئاژەڵەکانی دیکە، وەک:

  • قەبارە: زەڕافەکان بە درێژترین ئاژەڵی کێوی دادەنرێت، بە جۆرێک کە درێژی مێینەکانی ٤.٢٧م و نێرەکان ٥.٤٩م دەبن.
  • کێش: تەنها کێشی ملی ٢٧٢کگم دەبێت، مێینەکان کێشیان نزیکەی ٦٨٠کگم و نێرەکانی ١٣٦٠کگم دەبن.
  • ڕەنگ: هەردوو ڕەگەزەکە فەرویەکی خاڵداریان هەیە، بەڵام بە گوێرەی جۆرەکانیان قەبارەی خاڵەکان دەگۆڕێت، دەکرێت بچووک بێت ناوەند بێت یاخود گەورە بێت، هەروەها ڕەنگی فەرووەکەی لە پلە ڕەنگەکانی زەردەوە هەتا ڕەش دەڕوات، فەروەکەی هاوکاری دەکات لە فریوداندا لە نشینگە جیاوازەکان و ڕەنگەکەشی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا و گۆڕانی تەندروستی دەگۆڕێت، وە ڕەنگ لەگەڵ نشینگەکەی بوون بە هۆکاری سەرەکی پۆلێنکردنی زەڕافەکان.
  • پەلەکان: لە کاتی سەرنجدانی پەلەکانیدا دەتوانرێت تێبینی بکرێت کە پەلەکانی دواوە کورتترە لە پەلەکانی پێشەوەی، هەروەها شایەنی باسە کە هەموو زەڕافەکان درێژی پێیەکانیان هەمان ژمارەیە کە ١.٨م دەبێت.
  • مل: درێژی مل دەگاتە زیاتر لە ٢.١٣م، کە یەکسانە بە نیوەی درێژیەکەی لە پێیەکانییەوە بۆ سەری، لە ٧ بڕبڕە پێکهاتووە، کە ئەم درێژییە هاوکاری زەڕافەکەیە بۆ گەشتن بە خۆراکەکەی لە بەرزاییە زۆرەکاندا.
  • شاخ: هەردوو ڕەگەزەکە قۆچیان هەیە، کە لەسەرەتای لەدایکبوونیدا جیاکراوەتەوە لە کەللەی سەری بەڵام لەگەڵ گەشەسەندنیدا دەنوسێت بە کەللەی سەرییەوە.
  • کلک: کلکێکی درێژی هەیە کە هاوکاری دەکات لە دوورخستنەوەی مێشولەکان لە جەستەی.

زۆربوون

بەزۆری نێرینەی زەڕافەکان لە وەرزی زۆربووندا دەجەنگن لەگەڵ یەکتری، شەڕەکەیان ماوەی چەند خولەکێک دەخایەنێت کە لە ئەنجامدا براوەکە لەلایەن مێینەکەوە هەڵدەبژێردرێت بۆ جووتبوون، هەرچەند ملی درێژتر بێت و سەری قورستر بێت بردنەوەکەی ئاساندەکات، کە لە ئەنجامدا بەتواناکە بە لێدانێکی بەهێز ڕکابەرەکەی دەخاتە سەر زەوی، دوای جووتبون ماوەی سکپڕی زەڕافە ١٥ مانگ دەخایەنێت، بە زۆری ماوەی دوو ساڵ هەیە لە نێوان سکپڕییەکاندا، لە کۆتاییدا بێچوویەکی زەڕافە لە دایک دەبێت و هەندێک جار بە دەگمەن دەکرێت دوانە بێت.

پەیوەندیکردن

زەڕافەکان کۆمەڵێک دەنگ دەردەکەن وەک پرخاندن و چپەکردن و ناڵاندن، هەوەها ئەم ئاژەڵانە هاوشێوەی فیلەکان دەنگی لەرەلەر نزم دەردەکەن، کە بە گوێی مرۆڤەکان نابیسترێت، زۆربەی جارەکانیش مێینەکان پەیوەندی دەکەن بە بێچوەکانیانەوە بەهۆی فیکەیەکی ماوە درێژی نزمەوە، بەهەمان شێوە کۆمەڵێک دەنگی دیاریکراو هەیە بەکاریدەهێنێت بۆ ئاگادارکردنەوە لە هەبوونی مەترسی.

زەڕافەکان بە گەل پێکەوە دەژین کە بەزۆی لە ١٢ ئەندام پێکهاتوە زۆرینەی مێینەیە لەگەڵ ژمارەیەکی کەمی نێرینەی تەمەن بچووک، لە کاتێکدا نێرینەکان بە تەنها دەژین، بە جۆرێک کە ویستی هەبێت دەتوانێت بڕواتە ناو کۆمەڵەکە و هەرکاتێکیش بیەوێت جێیبهێڵێت بە بێ هیچ هۆکارێک، هەروەها زەڕافەکان سەرکردەیان نیە، جگە لە دەنگ زەڕافەکان لە ڕێگەی لە باوەش گرتنیشەوە پەیوەندی دەکەن.

جۆرەکانی زەڕافە 

هەتا ئێستا لەسەر ڕووی زەوی ٩ جۆری جیاواز لە زەڕافەکان هەژمارکراون، کە بریتین لە:

  • زەڕافەی کردفان: ئەم ناوەی لە نشینگەکەیەوە بەدەستهێناوە کە هەرێمێکی وڵاتی سودانە، قەبارەی بچووکە و خاڵەکانی جەستەی بە ڕێکخراوی ڕیزنەبوون.
  • زەڕافەی نوبی: لە ئەسیوبیا و ئۆگەندا دەژی، مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، لە ئێستادا لە هەریەک لە وڵاتەکانی میسڕ و کۆنگۆ بە تەواوەتی لەناوچووە.
  • زەڕافەی ڕوچیلد: یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە زۆرترین مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، کە بەدیاریکراوی ژمارەیان تەنها ١٦٧١ دانەیە.
  • زەڕافەی نەیجیری: لە ئەفریقا دەژی و خاڵەکانی سەر فەرووەکەی ڕەنگێکی کاڵی هەیە.
  • زەڕافەی تۆڕی: ئەوەی ئەم زەڕافەی تایبەتمەند کردووە بریتیە لە قەبارەی گەورە و ڕەنگی سووری نیشانەکانی سەر فەرووەکەی.
  • زەڕافەی ئەنگۆلی: ١٣ هەزار دانەی ماوە لە ئێستادا، و تایبەتمەندە بە بچووکی قەبارەی خاڵەکانی.
  • زەڕافەی باشووری ئەفریقا: لە ئەفریقا دەژی، خاڵەکانی ئەم جۆرە ڕەنگەکەی لە ڕەش نزیکدەبێتەوە و شێوەکەشی خڕە.
  • زەڕافەی ماسای: لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەژی، و ئەم جۆرە گەورەترینی نێو هەموو جۆرەکانی زەڕافەیە.
  • زەڕافەی سورنیکروفت: ئەم زەڕافەیە لە زامیبیا دەژی و ڕووەکەکان دەخوات.


سەرچاوەکان



1501 بینین