یەکەمین سوڕی مانگانەی دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-17-20:05:00 - کۆدی بابەت: 6611
یەکەمین سوڕی مانگانەی دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یەکێک لە خۆشییەکانی ماوەی دووگیانی ئەوەیە کە هیچ نەبێت بۆ ماوەی ٩ مانگ ڕزگارت دەبێت لە سوڕی مانگانە، بەڵام خانمان هەمیشە تووشی دڵەڕاوکێ دەبن لە بارەی ئەوەی کە کەی دووبارە سوڕی مانگانەیان بۆ دێتەوە دوای منداڵبوون، وەک چۆن ژیانت دوای منداڵبوون دەگۆڕدرێت بە هەمان شێوە دوای منداڵبوونیش سوڕی مانگانەکەت گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

سوڕی مانگانە لە کەیەوە دەست پێ دەکاتەوە؟

بە گشتی ئەگەر شیر نەدەیت بە منداڵەکەت، دوای تێپەڕبوونی ٦ بۆ ٨ هەفتە دوای منداڵبوون دەکەویتەوە سەر خوێن، ئەگەر شیری خۆت بدەیت بە منداڵەکەت کاتی دەستپێکردنەوەی سوڕی مانگانەکەت دەگۆڕدرێت، لەوانەیە زۆرینەی ئەو خانمانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان بە درێژایی ماوەی شیردانەکە نەکەونەوە سوڕی مانگانە بەڵام هەندێک لە خانمانی دیکە چ شیر بدەن یاخود نا دوای چەند مانگێک دووبارە دەکەونەوە سوڕی مانگانە.

بۆچی ئەو خانمانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان درەنگ دەکەونەوە سوڕی مانگانە؟

بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانەوە ئەو خانمانەی کە شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان دوای منداڵبوون درەنگتر دەکەونەوە سوڕی مانگانە، هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین کە هۆڕمۆنی بەرهەمهێنەری شیرە لە مەمکی دایکدا هۆڕمۆنەکانی دیکەی خانمەکە سەرکوت دەکات و بەمەش ناهێڵێت هێلکە بەڕەڵا ببێت بۆیە سوڕی مانگانەش ڕوونادات.

سوڕی مانگانە و شیری دایک

بە دەستپێکردنەوەی سوڕی مانگانە ئاگاداری هەندێک گۆڕانکاری دەبین لە شیری دایک و وەڵامدانەوەی منداڵەکە بۆ شیری دایکەکە، گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان کە دەبێتە هۆی سوڕی مانگانە کار دەکاتە سەر شیری دایک.
بۆ نموونە دایکەکە هەست دەکات کە بڕی شیرەکەی کەم بووەتەوە یاخود مەودای نێوان هەر شیر خواردنێکی منداڵەکە زیاتر دەبێت، هەروەها گۆڕانکاری هۆڕمۆنی کار دەکاتە سەر تامی شیرەکەش بەڵام هەموو ئەم گۆڕانکاریانە کەمن و کارێکی واناکاتە سەر شیردان.

شیردان و ڕێگریکردن لە دووگیانی

زۆرینەی خانمان شیردان بە ڕێگایەکی سروشتی بەکاردەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی دوای منداڵبوون، بە گوێرەی وتەی شارەزایان ساڵانە لە ١٠٠ ژن کە شیردان وەک ڕێگایەک بەکاردەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی یەکێکیان دووگیان دەبێت، ڕاستە کە شیردان توانایی پیتێن کەم دەکاتەوە بەڵام هەرگیز نابێت پشتی پێ ببەسترێت و لێی دڵنیا بیت وەک ڕێگایەکی ڕێگریکردن لە دووگیانی.
ئەگەر شیری خۆت دەدەیت بە منداڵەکەت و بەڵام کەوتوویتەتەوە سوڕی مانگانە ئەوە هەرگیز شیردان ڕێگایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بۆیە دەبێت وریا بیت و ڕێگای دیکە بەکربهێنیت، دەتوانیت سوود وەرگریت لەدانانی لەولەب، کۆندۆم و بەربەست.

سوڕی مانگانە دوای منداڵبوون چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت؟

ئەگەری ئەوە بوونی هەیە کە سوڕی مانگانەی پاش منداڵبوون جیاوازی هەبێت لەگەڵ سوڕی مانگانەی پێش منداڵبووندا، جەستە لەبەرئەوەی ٩ مانگە سوڕی مانگانەی نەبینیوەتەوە دەیەوێت دووبارە خۆی ڕابهێنێت لەگەڵ سوڕی مانگانەدا بۆیە دەکرێت سوڕی مانگانەکەت ئەم نیشانانەی لەگەڵدا بێت:

  • گرژبوونی کەمتر یاخود زیاتر لە جاران.
  • بوونی کڵۆخوێنی بچووک.
  • خوێنبەربوونی زیاتر.
  • پچڕان و دەستپێکردنەوەی خوێنبەربوونەکە.
  • زیادبوونی ئازار.
  • ناڕێکی سوڕی مانگانە.

لەوانەیە یەکەمین سوڕی مانگانەی دوای منداڵبوون توندتر بێت لە سوڕەکانی پێشووتر، لەبەرئەوەی منداڵدان دوای منداڵبوون دەبێت زیاتر پاک ببێتەوە و ناوپۆشەکەی زیاتر بێتە دەرەوە، هەر بۆیە هەست بە گرژبوونێکی زیاتر دەکەیت بەڵام وردە وردە لەگەڵ هەر سوڕێکی نوێدا ئەم نیشانانە کەمتر دەبنەوە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا ئەگەر خانمەکە نەخۆشییەکانی سایرۆیدە ڕژێن یاخود هەوکردنی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدانی هەبێت خوێنبەربوونی زیاتر دەبێت.

هۆکاری کەمبوونەوەی ئازاری سوڕی مانگانە دوای منداڵبوون چییە؟

دوای منداڵبوونەکە و بوونی چەند سوڕێک ئازاری سوڕی مانگانە کەمتر دەکاتەوە، دەکرێت هۆکارەکان ئەمانە بن:

  • هۆڕمۆنەکانی شیردان.
  • گەورەبوونی ناوەوەی منداڵدان دوای منداڵبوونەکە کە ئەمەش واتە دەبێت بەشێکی زۆری دیواری منداڵدان لە کاتی سوڕی مانگانەدا بێتە دەرەوە.

ناڕێکی سوڕی مانگانە دوای منداڵبوون

  • ڕێکبوونەوەی سوڕی مانگانە دوای منداڵبوون کاتی دەوێت لەوانەیە مانگێکی تەواو لەسەر خوێن بیت و و مانگی دوای ئەوە سوڕی مانگانە ڕوونەدات و لە مانگی سێیەمدا سوڕی مانگانە زووتر بێت لە کاتی خۆی.
  • بە درێژایی یەک ساڵ دوای منداڵبوون ناڕێکی سوڕی مانگانە و گۆڕانکاری بڕی خوێنبەربوونەکە ئاساییە بە تایبەت ئەگەر شیری خۆت بدەیت بە منداڵەکەت.
  • بە گشتی سوڕی مانگانەی خانمان دوای منداڵبوون وەک جارانی لێ دێتەوە واتە سوڕەکە لە نێوان ٢١ بۆ ٣٥ ڕۆژدایە و ڕۆژانی کەوتنە سەر خوێنیش ٢ تاکوو ٧ ڕۆژە و دەکرێت گۆڕانکاریشی بەسەردا بێت.

ئەو نیشانانەی سوڕی مانگانە کە دوای منداڵبوون مەترسیدارە

ئەگەر لە سوڕی مانگانەی دوای منداڵبوونەکەت ئەم نیشانانەت هەبوو ئەوا سەردانی پزیشک بکە:

  • خوێنبەربوون لەگەڵ ئازارێکی زۆر تونددا.
  • بوونی تا.
  • خوێنبەربوونێکی زۆر زیاتر لەهەفتەیەک.
  • کڵۆخوێنی گەورە.
  • دەردراوی بۆن ناخۆش.
  • سەرئێشەی توند.
  • کێشەکانی هەناسەدان.
  • بوونی ئازار لە کاتی میز کردندا.


سەرچاوەکان



4565 بینین