فێرکاری قسەکردن بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-20-20:51:00 - کۆدی بابەت: 6648
فێرکاری قسەکردن بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

قسەکردنی منداڵ

قسەکردنی منداڵ دوای لەدایکبوونی وردە وردە دەست پێ دەکات و بە پێی تەمەنەکەی چۆنییەتی قسەکردنەکەشی دەگۆڕدرێت.

لە لەدایکبوونەوە تاکوو ٣ مانگی

لەم تەمەنەدا منداڵەکەت دەنگت دەبیستێت و هەوڵ دەدات دەنگەکە دووبارە بکاتەوە، تۆش دەتوانیت بەم ڕێگایانە یارمەتی منداڵەکەت بدەیت.

  • گۆرانی بڵێ بۆ منداڵەکەت: گۆرانی وتن بۆ منداڵەکەت نەک دوای لەدایکبوونی بەڵکوو لە کاتێکیشدا کە لە سکتدایە یارمەتیدەرێکی باشە تاکوو بتوانێت جوانتر فێری گوێگرتن ببێت و زیاتر هەوڵ بدات دووبارەی بکاتەوە.
  • قسەکردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەرت: ڕاستە منداڵەکە لەم تەمەنەدا زۆر بچووکە و لە زۆرینەی قسەکان تێناگات، بەڵام کاتێک دەبینێت تۆ لەگەڵ کەسانی دەروبەرت قسە دەکەیت و پێدەکەنیت، ئەو بە بیستنی دەنگ و بینینی جوڵانی لێوت و پێکەنینەکانت چێژ وەردەگرێت و گەشەی پێ دەکات.
  • دابینکردنی شوێنێکی ئارام و هێمن: منداڵان زۆر جار پێویستیان بە شوێنی ئارامە تاکوو مێشکیان ئارام بێت و بتوانێت وشەی زیاتر وەربگرن.

لە تەمەنی ٣ مانگییەوە تاکوو ٦ مانگی

لەم ماوەیەدا منداڵەکەت هەوڵ دەدات کە لە قسەی نێوان دوو کەس تێبگات، ئێوەش بە ئەنجامدانی ئەم کارانە دەتوانن یارمەتی بدەن لە قسەکردنیدا:

  • با مەودای نێوان خۆت و منداڵەکەت کەم بێت تاکوو منداڵەکە بتوانێت سەیری ناوچاوت بکات.
  • کاتێک قسەی لەگەڵدا دەکەیت زەردەخەنەی بۆ بکە.
  • لاسایی ئەو دەنگانە بکەرەوە کە منداڵەکەت لێوەی دەردەچێت، وەک قیژە و پێکەنین و گڕوگاڵ.
  • کاتێک هەوڵ دەدات وشەیەکی تۆ بڵێتەوە تۆش ئەو وشەیە چەند جارێک دووبارە بکەرەوە.

لە تەمەنی ٦ مانگییەوە تاکوو ٩ مانگی

لەم تەمەنەدا منداڵەکەت هەوڵ دەدات دەنگی جیاواز دەربکات و یاری بکات بە دەنگەوە، بەشێک لە وشەکان بریتییە، لە بابا یاخود دادا، منداڵەکەت بە بیستنی دەنگی دڵخۆشی و پێکەنینت پێدەکەنێت و بە بیستنی دەنگت کاتێک کە تووڕەیت دەگری، وە دەتوانیت بەم چەند ڕێگایە یارمەتی منداڵەکەت بدەیت:

  • یارمەتی بدە تاکوو دەست و جەستەی بجوڵێنێت بە ئاوازی گۆرانییەکە.
  • یاریییەکانی پێ بدە لەکاتی پێدانیدا و ناوی لێبنێ و دەربارەیان شتێک بڵێ.
  • منداڵەکەت بخەرە بەر ئاوێنەوە و پرسیاری لێ بکە و بڵێ ئەمە کێیە؟
  • پرسیار بکە لە منداڵەکەت، بڵێ فڵانە یاریت لەکوێیە؟ دایە لەکوێیە؟ بەم شێوەیە منداڵەکە ئاماژە دەکات بۆی.

لە تەمەنی ٩ مانگییەوە تاکوو ١٢ مانگی

منداڵەکەت لەم کاتەدا دەست دەکات بە دەربڕینی وشەی سادە، ئەگەر لەم تەمەنەدا کاتێک دەیەوێت کارێک بکات پێی بڵێیت، نا نەکەیت دەوەستێت و سەیرت دەکات، ئەگەر کەسێک لێی بپرسێت کە دایکت لەکوێیە؟ ئەو دێت و دەگەڕێت بە شوێنتدا و بە ئاماژە و قسەی تایبەتی خۆی هەوڵ دەدات پەیامی ئەو کەسەت پێ بگەیەنێت.
بۆ نموونە کاتێک دەستی بەرز دەکاتەوە و سەیرت دەکات ئەو پەیامەت پێ دەدات کە دەیەوێت تۆ لە باوەشی بکەیت، هەروەها دەتوانیت فێری بکەیت چۆن خواحافیزی بکات بە ڕاوەشاندنی دەستی.

لە تەمەنی ١٢ مانگییەوە تاکوو ١٥ مانگی

منداڵان لەم تەمەنەدا دەست دەکەن بە بەکارهێنانی وشە، چەند وشەیەکی سادە دەڵێن وەک بابە و دایە و لەم تەمەنەدا دەتوانن ١ بۆ ٢ وشە بڵێن و زیاتر لە ٢٥ وشە تێبگەن.
بۆ نموونە ئەگەر یاری بوێت، بۆتی دەهێنێت، دەتوانێت بە بێ قسەکردن تەنها بە ئاماژە و بەکارهێنانی دەنگ و شێوازێکی تایبەتی خۆی بۆ قسەکردن داوای شتێکت لێ بکات، تۆ دەتوانیت بەم ڕێگایانەی خوارەوە زیاتر هاوکاری بیت:

  • کاتێک پێکەوە یاری دەکەن پرسیار لە منداڵەکەت بکە و چاوەڕێ بکە تاکوو ناوی یارییەکە بڵێت.
  • کاتێک سەیری ناو گۆڤارەکان و تەلەفزیۆن دەکەن پرسیاری لێ بکە دەربارەی ڕەنگ و ڕووەک و ئاژەڵەکان.
  • کاتێک منداڵەکەت ناوی یارییەک دەڵێت و دەیزانێت بزەی بۆ بکە و چەپڵەی بۆ لێبدە، هەروەها دەربارەی ئەوەش چەند شتێکی دیکەی پێ بڵێ، بۆ نموونە ئەگەر ناوی سەگی هێناوە بڵێ سەیری ئەو سەگە بکە چەند گەورەیە، ئەها دەمی چۆنە.
  • زیاتر دەربارەی ئەو باسانە لەگەڵ منداڵەکەتدا قسە بکە کە حەزی لێیانە.
  • پرسی پێ بکە دەربارەی کاری ڕۆژانە، بڵێ حەز دەکەیت کام جلەت لەبەربکەم؟ حەزت لە شیرە یاخود شەربەت؟
  • ئەو یاری و بووکانەی کە منداڵەکەت زۆری خۆش دەوێن بەردەوام لە قسەی ڕۆژانەدا بەکاری بهێنن، بۆ نموونە بڵێ بووکەکەت دەیەوێت لەگەڵ ئێمەدا یاری بکات، دەیەوێت خواردن بخوات لەگەڵماندا.

لە تەمەنی ١٥ مانگییەوە تاکوو ١٨ مانگی

منداڵەکەت لەم تەمەنەدا جوڵەی ئاڵۆزتر و وشەی زیاتر بەکاردەهێنێت و ئاماژەی بۆ شتەکان زیاتر دەبێت، لەوانەیە دەستت بگرێت و بتبات بۆ لای کتێبخانەکە و ئاماژە بکات بە کتێبێکی دیاریکراو، دەتوانیت بەم ڕێگایانە زیاتر یارمەتی منداڵەکەت بدەیت:

  • ئاماژە بکە بۆ بەشەکانی جەستەت و ناویان بڵێ و با ئەویش دووبارەی بکاتەوە، بڵێ ئەمە لووتە ئادەی لووتی من کامەیە و دواتر دەست لە لووتی بدە و پێی بڵێ کە ئەمە چییە.
  • یارییەکان بشارەوە و داوای لێبکە کە بیدۆزێتەوە، پێکەوە بڕۆن بیدۆزنەوە و یارمەتی بدە و بەڵام هەرگیز خۆت مەیدۆزەرەوە تەنها یارمەتی بدە تاکوو بۆ ئەو جێگایە بڕوات کە یارییەکانت لێ شاردووەتەوە.
  • کاتێک منداڵەکەت یارییەک یاخود کتێبێکت پێ دەدات هەر ئاوا بە وشکی لێی وەرمەگرە، دەست خۆشی لێ بکە و هەوڵبدە وای لێ بکەیت کە دەربارەی قسەت بۆ بکات.

لە تەمەنی ١٨ مانگییەوە تاکوو ٢ ساڵی

منداڵەکەت لەم تەمەنەدا فێر دەبێت کە فەرمانت بەسەردا بکات و دەتوانێت وشەکان پێکەوە بلکێنێت و قسە بکات، وەک بە ئۆتۆمبێلەکە بڕۆ، ئاوم پێ بدە، بە ئەم ڕێگایانەی خوارەوە دەتوانیت هاوکاری بیت:

  • داوای یارمەتی بکە لە منداڵەکەت، داوای لێکە پەرداخێک بخاتەوە جێگای خۆی یان پێڵاوەکانت بۆ دابنێ، داوای لێ بکە ناوی کەلوپەلەکانی دەوروبەرت پێ بڵێت.
  • یارمەتی منداڵەکەت بدە تاکوو لەگەڵ هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی خۆیدا باسی یارییەکانی بکات.
  • بەردەوام یاری بکە لەگەڵی بە تایبەت یاری ماڵە باجێنە و ناو لە بووکەکانی بنێ و پێکەوە خواردن دروست بکەن و بچن بۆ ماڵی یەکتری و قسە بکەن وەک دوو خانمی گەورە.

لە تەمەنی٢ ساڵییەوە تاکوو ٣ ساڵی

منداڵەکەت لەم تەمەنەدا وشەی زۆر فێربووە و دەتوانێت وشەکان بە جوانی بکات بە ڕستە، بۆ نموونە دەڵێت خوات لەگەڵ دایە، هەروەها دەتوانێت وەڵامی پرسیاری ئاسان بداتەوە، بۆ نموونە لێی بپرسیت کە ورچەکەت لەکوێیە و تاکوو ٣٦ مانگی دیکە منداڵەکەت توانای هەیە کە وەڵامی پرسیاری ئاڵۆزیش بداتەوە، وەک ئەگەر برسیت بێت دەبێت چی بکەیت؟ هەروەها لەم تەمەنەدا کاری خەیاڵی زۆر ئەنجام دەدات بۆ نموونە شەڕ کردن و بوونی ئۆتۆمبێلی خەیاڵی و ئەگەریش کچ بوو بوونی منداڵی خەیاڵی کە ناویشی لێناون یاری کردن و چاودێریکردنیان.
لەم تەمەنەدا بەم چەند هەنگاوە دەتوانیت یارمەتی منداڵەکەت بدەیت بەم چەند ڕێگایە:

  • فێری ناوی خۆی و باوکی و باپیری بکە.
  • پرسیاری جیاوازی لێبکە دەربارەی زۆرینەی بوارەکان و کەرەستەکانی ناوماڵ و دەرەوە.
  • پرسیارێک مەکە لە منداڵەکەت کە وەڵامەکەی پێویستی بە بەڵێ یاخود نەخێر هەبێت، بەڵکوو پرسیارێک بێت کە مێشکی منداڵەکەت بجوڵێنێت، بۆ نموونە بڵێ ئەم هەموو کرمە لێرەدا ئایا دەزانی ژمارەیان چەندە؟ دەزانی بۆ کوێ دەڕۆن؟ چاوەڕێ بە تاکوو وەڵامت بداتەوە ئەگەر هەر وەڵامی نەبوو بڵێ من ٥ کرم دەبینم بەڕای تۆش وایە؟ بە ڕای تۆ دەچن بۆ دووکان یاخود پارک؟
  • بەردەوام داوای لێبکە کە ئەو چیرۆکانەت بۆ باس بکات کە لە تەلەفزیۆن بیستوویەتی یاخود تۆ یان کەسێکی دیکە بۆی باس کردووە و بەردەوام لە نیوەی چیرۆکەکەدا پرسیاری لێ بکە دەربارەی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە.


سەرچاوەکان



2022 بینین