ئەو کارانەی کە لە بەرچاوی خەڵکیت دەخەن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-23-22:16:00 - کۆدی بابەت: 6689
ئەو کارانەی کە لە بەرچاوی خەڵکیت دەخەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەموو کەسێک حەز دەکات کە بچێتە دڵی خەڵکەوە و خەڵکی خۆشیان بوێت، بەڵام چەند ڕەفتار و هەڵەیەک بوونی هەیە تاکوو لە بەرچاوی خەڵکی بکەویت و تۆیان بە دڵ نەبێت، هیچ کەسێک بە بێ هۆکار ڕقی لە کەسی دیکە نییە، بەڵام چەند هۆکارێک ئەم ڕقە دروست دەکەن کە پێویستە لێیان دووربکەوینەوە.

ئەو ١٠ کارە چین کە لە بەرچاوی خەڵکیت دەخەن؟

تەنها بیر لە خۆیان دەکەنەوە

زۆر کەس بە بێ ئەوەی کە خۆیان ئاگاداربن، تەنها بیر لە خۆیان دەکەنەوە، کاتێک قسە دەکەن تەنها دەربارەی خۆیان قسە دەکەن و گرنگی بە قسە و ڕای کەسانی دیکە نادەن و ئامادەن لە پێناو قسەی خۆیاند قسە بە کەسی بەرامبەر ببڕن، وە لە هەموو کاتێکدا یەکەم کەس کە بیری لێ بکەنەوە خۆیانن و ئامادەن لە پێناو خۆیاندا مافی کەسانی دیکە بخۆن.

گرنگی بە ڕووی دەرەوە دەدەن و ناخ نابینن

جوانی ڕاستەقینە لە دڵ و دەروونی مرۆڤدایە، شێوەی دەرەوەی مرۆڤ بڕیار نادات لەسەر کەسەکە، کاتێک کەسێک ڕووی دەرەوەی زۆر جوانە بیری دەچێتەوە کە گرنگە ناخیشی جوان بێت و تەنها گرنگی بە ڕووکەش دەدات، یاخود بە ڕووکەشی کەسەکان بڕیار لەسەر کەسەکان دەدات.

بەردەوام خەریکی کێبڕکێن

ئەو مرۆڤانەی کە دەیانەوێت بەردەوام لە هەموو بوارێکدا لە هەموو کەسێک باشتربن و ڕکابەری دەکەن و بە سەرکەوتنی کەسانی دیکە خۆشحاڵ نابن ناتوانن جێگای خۆیان لە دڵی کەسانی دیکەدا بکەنەوە، خۆ ئەگەر هات و کەسێکیش سەرکەوتوو بوو توانجی لێ دەدەن و پێیان خۆش نابێت.

هاوڕێکانیان بە دوژمنی خۆیان دەزانن

هەندێک کەس گوێ به هاوڕێیەتی نادەن و بەردەوام خیانەت لە هاوڕێ دەکەن و لە پشتەوە خەنجەری لێ دەدەن، و پێشیان وایە کە هاوڕێیەتی بوونی نییە.

هەمیشە نیگەرانن کە گرنگ نەبن بۆ کەسانی دیکە

ئەو کەسانەی بەردەوام دەیانەوێت هەموو کەسێک لە خۆیان ڕازی بکەن و یاخود دەیانەوێت کە خۆیان چۆن پێیان خۆشە خەڵکی بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و هەموو شتێک بە ویستی ئەوان بێت، ئەم کەسانە کەسانێکی خۆشویستراو نین چونکە بەردەوام سەرئێشەن بۆ کەسانی دیکە.

خۆیان بە سەرۆک دەزانن

لە هەموو بوارێکد خۆیان بە سەرۆک و سەرکردە دەزانن و دەیانەوێت کۆتا بڕیار بڕیاری ئەوان بێت و گوێ بۆ ڕای ئەوانی دیکە ناگرن و بە تەنها بڕیار دەدەن.

درۆزنن

درۆکردن ڕەفتارێکی زۆر ناشرینە و وادەکات خەڵکی لێت دوربکەونەوە، کەسانی درۆزن بۆ هەموو بابەتێک درۆ دەکەن ئەگەر بێت و بابەتێکی زۆر سادەش بێت چونکە ڕاهاتوون بەم درۆ کردنانە.

پەیڕەوی ئادابەکان ناکەن

کاتێک لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا دادەنیشن پەیڕەوی ئادابەکان ناکەن و نائاسایی ڕەفتار دەکەن، جۆرە قسەیەک دەکەن کە هەمووان بێزار دەبن، زۆر جار لە سنوور دەردەچن بە جۆرێک شەرم دەکەیت لە بیستنی قسەکانیان.

جێگای متمانە نین 

کەسانێکن کە هیچ کەسێک ناتوانێت متمانەیان پێ بکات بۆ کردنی کارێک و ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بەردەوام داوای هاوکاری لە کەسانی دیکە دەکەن و پشت بە خەڵکی دەبەستن.

هەمیشە نیوە خاڵییەکەی پەرداخەکە دەبینن

نائومێد بوون و ڕەشبینی زۆر مەترسیدارە و ژیان وێران دەکات، ئەم کەسانە بۆ هەموو بابەتێک تەنها لایەنە خراپەکانی لێک دەدەنەوە و بەردەوام ڕەشبینن، بە جۆرێک کاتێک لە لایاندا دادەنیشیت بێزار دەبیت و کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەرت.


سەرچاوەکان



600 بینین