ئەحمەد بەشیر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-25-12:48:00 - کۆدی بابەت: 6706
ئەحمەد بەشیر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ڕاگەیاندکار و کۆمیدیانی عێراقی ئەحمەد عەبدولهادی عەبدوسەلام بەشیر (بە عەرەبی: ٲحمد البشیر) لە ساڵی 1984 لە شاری بەغداد لەدایکبووە و لە شاری ڕومادی پەروەردە بووە، قۆناغەکانی خوێندنی قوتابخانەی هەر لەو شارە تەواو کردووە و چووەتە کۆلێژی ژمێریاری پاش دوو ساڵ پسپۆڕییەکەی گۆڕیوە و لە ساڵی 2006 چووەتە بەشی ڕاگەیاندن، لە خێزانێکی ئاینی پەروەردە کراوە، باوکی دکتۆرای هەبووە لە شەریعەتی ئیسلامی و نێردراوەتە مزگەوت و قورئانی پێخوێندراوە، برایەکی لە تەمەنی 15 ساڵی شەهید کراوە کاتێك گولە هاوەنێك بەر ماڵەکەیان کەوتووە، لە پاش مانگێك لەم ڕووداوە ئەحمەد بە هۆی شۆکی ئەم ڕووداوە ماڵی بەجێهێشتووە و لەگەڵ ماڵی مامی لە شارێکی تر ژیاوە، لە ساڵی 2007 لەلایەن گروپە تووندڕەوەکان باوکی ڕفێندراوە، لە پاش ئازادکردنی باوکی بە چەند ڕۆژێك بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدانی کۆچی دوایی کردووە. 

قۆناغەکانی پیشەکەی

لە پاش دەرچوونی لە بەشی ڕاگەیاندن وەکوو پەیامنێر کاری کردووە لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن، لە ساڵی 2011 لە کاتی ڕووماڵکردنی ڤیستیڤاڵێکی شیعر خوێندنەوە تەقینەوەیەکی خۆکوژی ڕوویداوە بە سەختی بریندار بووە و حەوت لە هاوڕێ نزیکەکانی شەهید کراون، ئەم ڕووداوە کاریگەری زۆری لەسەر دەروونی بەجێهێشتووە و بڕیاریدا بە تەواوی لە هەموو ڕوویەکەوە ژیانی بگۆڕێت و سەرەتایەکی نوێ بۆ کارەکانی دابنێت، لە سەرەتادا لە کەناڵی (البابلیە) پڕۆگرامێکی بە ناوی (شکو ماکو) پێشکەش کرد ناوبانگی زۆری دایەوە و بووە هۆی ئەوەی بچێتە کەناڵی ناوداری عێراقی (الشرقیە) کە چەندان پڕۆگرامی تێدا پێشکەش کرد لەوانە لیفە ستایل و موقتاتە و ئەبوو لیسان، پڕۆگرامەکانی بە گشتی بە شێوازێکی کۆمیدی و ڕەخنەگرانە بوو، و زۆر بە بوێرانە باس لەواقیعی سیاسی عێڕاقی دەکات، لە پاش ئەوەی ئەزموونی وەرگرت بڕیاریدا پڕوگرامێکی جیاوازتر پێشکەش بکات و داهێنانێکی نوێ بکات لە نێو ڕاگەیاندنی عێراقیدا، بۆیە پڕۆگرامێکی دەرکرد ناوی لێنا "بەشیر شۆ" پڕۆگرامێکی کۆمیدی سیاسی گاڵتەجاڕیی، کە ناوبانگی لە شەقامی عێراقی و عەرەبی زیاتر کردووە، بەشی یەکەمی لە کەناڵی موستەقبەل و پێگەی یوتیوب پەخشکرا، دواتر بەشی دووەمی لە پێگەی کۆمەڵایەتی یوتیوب پەخشکرا، بەشی سێیەمی لە کەناڵی ئاسمانی سۆمەرییە و کەناڵی عەرەبی دیوچ وێڵی (D.W) پەخشکرا، بەڵام دەسەڵاتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی پڕۆگرامەکەیدا لە تەلەفزیۆن وکەناڵە عێڕاقییەکان قەدەغەکرا، دواتر لە ئەڵقەی دەیەم تاکوو کۆتایی بەشی سێیەم لە کەناڵی NRT پەخشکرا، بەشی چوارەمی بەرنامەکە هەر تەنها چەند ئەڵقەیەکی لە کەناڵی NRT پەخشکرا، پاشان بەهۆی هێزی حکومەتی عێڕاقییەوە پەخشکردنی ڕاگیرا، تاکوو ئێستا پڕۆگرامەکەی بەردەوامی هەیە و بەشی حەوتەمی لێ پەخشدەکرێت لە پێگەی تایبەتی یوتیوب و کەناڵی عەرەبی دیوچ وێڵی (D.W)، ئەڵقەکانی ئەم پڕۆگرامە نیو ملیار بینەری تێپەڕاندووە لە پێگەی یوتیوب، بینەری عێڕاقی زۆر سەرسامی بەرنامە گاڵتەجاڕییەکەن، چوونکە دەربڕینە بۆ واقیعی عیڕاقی و دەرخستنی ڕووی ڕاستی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عێراقە، بێجگە لەکاری پێشکەشکاری ئەحمەد بەشیر لە ساڵی 2019 کاری دەرهێنانی بۆ فیلمێك کردووە بە ناوی "لەخە" لە کەناڵی شەرقیە پەخشکرا زنجیرەیەکی کۆمیدییە باس لە ژیانی تاکی عێڕاقی دەکات.

تۆقاندن و هەڕەشەکردن بە کووشتن

بە هۆی ناوەڕۆکی پڕۆگرامەکەی چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەکردن بووەتەوە، بۆ نموونە لە پاش بڵاوکردنەوەی ئەڵقەیەکی تایبەت لەسەر ڕابەری سەدڕییەکان لە عێراق "موقتەدا سەدڕ" و گاڵتەکردن بە چەند هەڵوێستێکی سیاسی موقتەدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق، لە کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن کۆمەڵێکەوە هەڕەشەی کووشتنی لێکراوە کە خۆیان سەر بە ڕەوتی سەدرییەکان لە عێراق ناساندووە. 

باری خێزانی 

لە ساڵی 2020 لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ئەحمەد بەشیر ڕایگەیاند کە پەیوەندی خۆشەویستی هەیە لەگەڵ کچێکی عێڕاقی و بە هۆی بارودۆخی جیهان و پەتای کۆرۆنا نەیتوانیوە ئاهەنگی هاوسەرگیری ڵەگەدا بکات. 


سەرچاوەکان



363 بینین