باشترین ڕەفتاری دایک و باوک لە کاتی کەوتنی منداڵەکەیاندا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-26-12:30:00 - کۆدی بابەت: 6716
باشترین ڕەفتاری دایک و باوک لە کاتی کەوتنی منداڵەکەیاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵان بە گشتی دەکەون و تووشی ڕووشان و شینبوونەوە و برین دەبن لەسەر پێستیان، ئەمە هیچ گرنگ نییە چونکە هەموو منداڵێک ئەمەی بەسەردا دێت، بەڵام گرنگترین کار ڕەفتاری دایک و باوکە کاتێک منداڵەکەیان دەکەوێت کە دەبێت چی بکەن و چۆن ڕەفتار بکەن.

کاتێک منداڵەکەت دەکەوێت دەبێت چی بکەیت؟

 وەڵامدانەوەیەکی توندت نەبێت

گرنگترین کار دوای کەوتنی منداڵەکەت زاڵبوونە بەسەر خۆتدا و نەشڵەژانە، چونکە منداڵ هۆشیارە و وەڵامدانەوەی تۆ لەوکاتەدا لە مێشکیدا دەمێنێتەوە، منداڵ بە توندی دەکەوێت و یاخود بە شوێنی بەرزدا دەڕوات بەڵام هەرگیز کاتی کەتنەکەی ئەوەندەی هاوار کردنەکەی تۆ و وەڵامدانەوەکەت ناترسێت، منداڵ کاتێک بەو شێوەیە وەڵامدانەوەی تۆ دەبینێت زۆر دەترسێت و متمانە بە خۆبوونی لەدەست دەدات.

مەشڵەژێ

کاتێک منداڵەکەت دەکەوێت زۆر مەشڵەژێ و خۆت کۆنتڕۆڵ بکە، مەگری و هەندێک وشە مەڵێ کە وابکەیت منداڵەکەت زیاتر بگری و ئەم بە هەلێک بزانێت و کەسێکی لاواز و گرینۆکی لێ دەربچێت، گرنگە کە وەک خۆی لە بابەتەکە بڕوانیت، ناشکرێت پێ بکەنیت و بڵێیت نا هیچ نەبووە چونکە ئەمە درۆیەکە و منداڵیش بە باشی ڕاستی و درۆ لە یەک جیادەکاتەوە، بۆیە باشترین کار ئەوەیە کە بە هێواشی بڕۆیت بەرەو ڕووی و لە باوەشی بگریت و دڵی بدەیتەوە و بڵێی شتێکی وانییە کەمێکی دیکە باش دەبیت و قسەی خۆشی بۆ بکەیت و هەوڵ بدەیت کە کەتنەکەی بیر بچێتەوە.

زۆر هەستیار مەبە

کەوتنی منداڵ زۆر ئاساییە بۆیە پێویست ناکات لەگەڵ هەر کەوتنێکیدا ئەوەندە هەستیار ببیت و گوێی پێ بدەیت چونکە ئەمە هەم بۆ خۆت و هەم بۆ منداڵەکەشت باش نییە.

ڕێگەبدە منداڵەکەت بکەوێت

ئەمە بەو واتایە نایەت کە منداڵەکەت فەرامۆش بکەیت، گرنگە چاودێری بکەیت و جۆری چاودێری کردنەکەش دەکەوێتەوە سەر تەمەنی منداڵەکە، بەڵام کاتێک منداڵەکەت یاری دەکات بەردەوام لەلایدا مەبە و دەستی مەگرە و یارییەکەی لێ تێک مەدە لە ترسی ئەوەی کە بکەوێت چونکە هەستی خۆشی و چێژ وەرگرتنی لێ دەسەنیتەوە و ناهێڵیت کە ئازاد بێت، بۆیە ئاساییە ئەگەر شوێنێکی سەلامەت بێت منداڵەکەت بکەوێت ئەمە منداڵەکە بەهێز دەکات و فێردەبێت کە دوای کەوتنی هەستێتەوە و بەردەوامی بدات بە یارییەکەی.


سەرچاوەکان



1523 بینین