کوێنتن تارانتینۆ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-27-23:49:00 - کۆدی بابەت: 6736
کوێنتن تارانتینۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

كوێنتن جڕۆم تارانتینۆ (Quentin Jerome Tarantino) دەرهێنەر و سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەر و بونیادنەر و ڕەخنەگر و نواندنکارێکی ئەمریکییە، فیلمەکانی بە تایبەتمەندی جیاوازی وەک چیرۆکی ناڕاستەهێڵی (واتە چیرۆکێک کە بە پێچەوانە و تێکەڵ گێڕانەوەی بۆ بکرێت)، کۆمیدیای ڕەش و گاڵتەی خوێناوی و ڕووداوی لەناکاو و توندوتیژی جیاواز و دیالۆگی قوڵ و دوور و درێژ، هەروەها نواندنکاری دووبارەبووەوە (بۆ نموونە بۆ ماوەی سی ساڵ کار لەگەڵ یەک نواندنکار بکات) و تێکدانی مێژوو ناسراوە.

ژیاننامە

كوینتن تارانتینۆ، لە ٢٧ی ئازاری ١٩٦٣ لە نۆكسیڤێڵی ھەرێمی تێنیسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایكبووە، منداڵی تاقانەی خێزانەکەی بووە و باوکی نواندنکار بووە بە ناوی تۆنی تارانتینۆ، دایکی تارانتینۆ لە کاتی گەشتێکدا بۆ لۆس ئەنجلۆس باوکی تارانتینۆ دەناسێت و لەو کاتەدا باوکی خوێندکاری بەشی یاسا بووە، دواتر دایک و باوکی هاوسەرگیری دەکەن بەڵام هاوسەرگیرییەکەیان زۆر ناخایەنێت و  باوکی پێش ئەوەی كوێنتن لەدایک ببێت دایکی جێدەهێڵێت، كوێنتن بە ناوی نواندنکارێکی درامایەکی تەلەفزیۆنییەوە کە ناوی کوێنت ئاسپێر بووە ناونراوە، لە ساڵی ١٩٦٦ تارانتینۆ و دایکی دەگەڕێنەوە بۆ لۆس ئەنجلۆس، ماوەیەکی کەم دوای ئەوەی گەشتنە لۆس ئەنجلۆس دایکی تارانتینۆ هاوسەرگیری لەگەڵ مۆسیقاژەنێک دەکات، زڕباوکەکەی هەمیشە هانی خۆشەویستی تارانتینۆی دەدا بۆ فیلم، دوای ئەوەی کە دایکی تارانتینۆ لە زڕباوکەکەی جیابوویەوە لە ساڵی ١٩٧٣ و بە هەڵە وایزانی تووشی جۆرێکی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە، تارانتینۆی نارد تاکوو لەگەڵ داپیرە و باپیرەیدا بژی لە تێنیس، بەڵام بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک لەوێ مایەوە و گەڕایەوە بۆ کالیفۆڕنیا، لە كالیفۆرنیا داپیرەی بەردەوام دەیبات بۆ سەیركردنی فیلمەكانی جۆن واین و لەو تەمەنە كەمەوە خۆشەویستییەكی زۆری بەرامبەر فیلم و سینەما بۆ دروست دەبێت، چیرۆك دەنووسێت و بەسەرھاتی سەیر دەگێڕێتەوە، لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا دایكی تارانتینۆ وتویەتی: (چیرۆكی خەماوی بۆ دەنووسیم، ھەمیشە دەیكوشتم و پێی دەوتم لەو بارەیەوە ھەستی چۆنە، ئەو چیرۆكانەی بەس بوون كە بەردەوام فرمێسك لە چاوەكانمدا بن)، هەروەها تارانتینۆ ڕایگەیاندووە کە بە هەموو شێوەیەک دایکی بێبەش دەکات لە سەروەت و سامانەکەی چونکە کاتێک کە لە قوتابخانە بووە دایکی گاڵتەی بە کارامەیی نوسینی چیرۆکەکانی کردووە، کاتێک منداڵبوو سەرسامی ئەو چیرۆکە کۆمیکییانە بوو کە لەلایەن نوسەری کۆمیکی ئەمریکی ستان لی و جاک کێربیەوە نوسرابوون، هەروەها هەوادارێکی سەرسەختی جیهانی سینەمایی مارڤڵ بووە.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە ساڵی ٢٠٠٩ تارانتینۆ ڕایگەیاند کە بە نیازە لەدوای تەمەنی ٦٠ ساڵی و دوای بەرهەمهێنانی ١٠ فیلم واز لە دروستکردنی فیلم بهێنێت و خەریکی نوسینی ڕۆمان و ئەدەبی فیلم. 

هاوسەر و خێزان

تارانتینۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ لە کاتی گەشتێکدا بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی کارێکی تایبەت بە فیلمی زۆڵە بێ شکۆکان لەگەڵ گۆرانیبێژی ئیسرائیلی دانیێڵا پیک یەکتر دەناسن، لە ساڵی ٢٠١٨ هاوسەرگیری دەکەن و لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٠ دەبن بە خاوەنی کوڕێک و ناوی دەنێن لیۆ.

کارە هونەرییەکانی

سەرەتای کاری هونەری

لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا تارانتینۆ واز لە قوتابخانە دەهێنێت و وەک ڕێنماییکار لە هۆڵێکی شانۆیی پێگەیشتواندا کاردەکات، پاشان لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە شانۆدا بەشداردەبێت لە وانەکانی تایبەت بە ڕۆڵگێڕان و لەوێ چەندین کەس دەناسێت کە دواتر وەک هاوکار پێکەوە کاردەکەن و ئەمەش بوو بە ڕێخۆشکەر بۆ بەرهەمهێنانی یەکەم فیلمی تارانتینۆ بە ناوی (ڕۆژی لەدایکبوونی هاوڕێ نزیکەکەم - My Best Friend's Birthday) لە ساڵی ١٩٨٧، ئەم فیلمە بە تەواونەکراوی جێهێڵدرا بەڵام دواتر سکرینپەلەیەکەی بەکارهێنرا وەک بنچینەی فیلمی (ڕۆمانسی ڕاستەقینە - True romance)، لە (مانھاتن) كارێك لە بەشی ئەرشیڤی ڤیدیۆ Video Archives وەردەگرێت و لەگەڵ ڕۆجەر ئاڤاریدا كار دەكات و ئاشنایەتی پەیدا دەكات، خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ فیلم ھەردووكیان پێكەوە كۆدەكاتەوە و لە بیرۆكەی چەندین سیناریۆشدا پێكەوە كار دەكەن، لە ماوەی مانەوەی لە بەشی ئەرشیڤی ڤیدیۆدا لەسەر چەند سیناریۆیەك كار دەكات، لەوانەش (True Romance) و (Natural Born Killers)، ھەروەھا وەكو میوان لە پڕۆگرامی تەلەفزیۆنی کچە زێڕینەکان (The Golden Girls)دا بەشداردەبێت و ڕۆڵی ئێلڤیس پرێزلی دەگێڕێت کە گۆرانیبێژ و نواندنکارێکی ئەمریکی بووە.
پاشان ساڵی ١٩٩٠ Video Archives بەجێدەھێڵێت و ڕوو لە كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنان دەكات، لە ڕێگەی بەرھەمھێنەرێكی كۆمپانیاكەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسا سیناریۆی True Romance بخاتەڕوو و تۆنی سكۆتی بەرھەمھێنەریش پاش ئەوەی سیناریۆكەی بەدڵ دەبێت مافی ئەوەی پێدەدات كاری لەسەر بكات، تاکوو لە ساڵی ١٩٩٣ فیلمی ڕۆمانسی ڕاستەقینە بڵاوبوویەوە.

سیخوڕەکان - Reservoir Dogs

ساڵی ١٩٩٢ سیناریۆی فیلمی (سیخوڕەکان) بە ماوەی سێ هەفتە و نیو دەنووسێت خۆشی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت، هەروەها نواندکار ھارڤی كیتێڵ بە خوێندنەوەی سیناریۆكە سەرسام دەبێت و بڕیاردەدات لە بودجەکەیدا هاوکاربێت و وەک یاردەدەری بەرهەمهێنەر و نواندکار تێیدا بەشداربێت.

کرۆکی خەیاڵ - Pulp Fiction

تارانتینۆ لە ساڵی ١٩٩٤ کاری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ فیلمی کرۆکی خەیاڵ لە ژانەری کۆمیدیای ڕەش و تاوانکاری کرد و خۆشی ڕۆڵی تێداگێڕا، فیلمێكی چاوەڕواننەكراو و پڕ توندوتیژی و چیرۆکی ناڕاستەهێڵی بوو، فیلمێک کە شێوازی ناسراوی تارانتینۆ بە تەواوی تێیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەم فیلمە لەپاڵ سەركەوتنەكەی لە ڕووی بازرگانییەوە ڕەخنە و مشت و مڕێكی زۆریشی بە خۆوە بینی، لە فیستیڤاڵی فیلمی کاندا بۆ ساڵی ١٩٩٤ خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی بردەوە بۆ باشترین سیناریۆی ڕەسەن، لەپاڵ ئەوەشدا پاڵێورابوو بۆ حەوت خەڵاتی دیكە لە نێویاندا بۆ باشترین كاری وێنەگریی و باشترین دەرھێنەر، دواتریش خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین سیناریۆ بردەوە، هەروەها داهاتی ئەم فیلمە بریتی بوو لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار و یەکێکە لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو و نمرەی ٨,٩/١٠ وەرگرتووە بە پێی سایتی IMdb.

لە زەردەپەڕەوە تا خۆرئاوابوون - From Dusk Till Down و جاکی بڕاون - Jackie Brown

تارانتینۆ و ڕۆبێرت ڕۆدریگێز لە ساڵی ١٩٩٦ كاریان لەسەر فیلمی (لە زەردەپەڕەوە تا خۆرئاوابوون) کرد، تارانتینۆ سیناریۆكەی نوسیوە و ڕۆدریگێزیش كاری دەرھێنانی بۆ کردووە، بەڵام سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی و زۆرترین ڕەخنە و بۆچوونی نەرێنیی لە لایەن ڕەخنەگران و بینەرانەوە وەرگرت، لەبەر ئەمە ساڵێك دواتر و بە بەرھەمھێنانی فیلمی (جاکی بڕاون) تارانتینۆ ھەوڵ دەدات ھاوسەنگی و بۆچوونە ئەرێنییەكان بۆ فیلمەكانی بگەڕێنێتەوە، ھەرچەندە ئەم فیلمەیشی سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی.

کیڵ بیڵ بەشی ١ - Kill Bill: Vol. 1 و کیڵ بیڵ بەشی ٢ - Kill Bill: Vol. 2

تارانتینۆ بەشی یەکەمی فیلمی کیڵ بیڵ لە ساڵی ٢٠٠٣ و بەشی دوو لە ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ نواندنکاری دیار ئوما سورمان بەرهەم دەهێنێت، ئەم فیلمە جەخت دەکاتەوە لەسەر سێ چەمکی کوشتن، تۆڵە، خیانەت، چەمکی کوشتن دەسی بەسەر تەواوی فیلمەکەدا گرتووە، خوێن یان کوشتن لەم فیلمەدا بە شێوەیەک سادە کراوەتەوە وەک ئەوەی چۆن ڕاوکردنی نێچیر بۆ ڕاوچی بووە بە خویەک و ناتوانێت دەستبەرداری ببێت، مەبەستی سەرەکی لەم فیلمە نیشاندانی بێ بەهایی خوێنە کە مرۆڤ بە درێژاییی مێژوو خوێن ڕشتنی وەک بەشێکی سەرەکی و ھەڵبژاردەی یەکەمی چارەسەرەکان و تۆڵەکردنەوەکان زانیوە، بەشی یەکەمی فیلمەکە بوو بە براوەی ٢٩ خەڵاتی سینەمایی و پاڵێورا بۆ ١٠٣ خەڵاتی دیکە، هەروەها بە یەکێک لە فیلمە سەرکەوتووەکان دادەنرێت و نمرەی ٨,١/١٠ وەرگرتووە بەپێی سایتی IMdb و یەکێکە لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو.

گریندهاوس - Grindhouse و سەلماندنی مردن Death proof

گریندهاوس تێرمێکی ئەمریکییە بەو شانۆییانە دەوترێت کە باس لە چەوسانەوە و توندوتیژی دەکەن، تارانتینۆ لەگەڵ دەرهێنەر ڕۆدریگێز کاری دەرهێنانی بۆ فیلمی گریندهاوس کرد، فیلمەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ بڵاوبوویەوە، داهاتی بۆکس ئۆفیسی کەم بوو بەڵام کاردانەوەی بینەران بۆ فیلمەکە ئەرێنی بوو، لە هەمان ساڵدا فیلمی سەلماندنی مردن بڵاوکرایەوە لە نووسین و دەرھێنانی تارانتینۆ، کە ئەم فیلمە لە ڕووی شانۆییەوە وەک تەواوکەری فیلمی گریندهاوس بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەم فیلمەشی لە بۆکس ئۆفیسدا سەرکەوتوو نەبوو و بەهەمان شێوە لەلایەن بینەرانەوە کاردانەوەی ئەرێنی هەبوو.

زۆڵە بێ شکۆکان - Inglourious Basterds

فیلمی زۆڵە بێ شکۆکانی تارانتینۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوکرایەوە، بە ڕۆڵگێڕانی نواندنکاری بە توانا بڕاد پیت کە چیرۆکی فیلمەکە باس لە کۆمەڵەیەک سەربازی گەریلای جولەکەی ئەمریکی دەکات لە فەڕەنسای ژێردەستەی نازییەکان لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، فیلمەکە سەرکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی و بوو بە جێگای ڕەزامەندی زۆربەی زۆری بینەران، هەروەها لە ڕیزبەندی بۆکس ئۆفیسدا لە پلەی یەکەمدابوو و یەکێکە لە ٢٥٠ باشترین فیلمەکانی مێژوو و نمرەی ٨,٣/١٠ وەرگرتووە لە پێی سایتی IMdb.

جانگۆی ئازادکراو - Django Unchained

تارانتینۆ پاش ماوەیەكی کەم لە پشوودان، بە فیلمی جانگۆی ئازادکراو بە ڕۆڵگێڕانی نواندنکاری دیار لیۆناردۆ دیکاپریۆ لە ساڵی ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە بۆ كاری فیلمسازی و فیلمەكەی سەركەوتنێكی زۆر بەدەست دەھێنێت لە ڕووی بازرگانی و تێڕوانین و بۆچوونی ئەرێنییەوە، لە ٨٥ـەمین ئاھەنگی خەڵاتە ئەكادیمییەكانی ساڵی ٢٠١٣ فیلمەکە پاڵێورابوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەكانی ئۆسكار بۆ باشترین كاری وێنەگریی و باشترین سینەماتۆگرافی و دەنگسازیی و هەروەها بوو بە براوەی یەک خەڵاتی ئۆسکار، فیلمەکە نمرەی ٨,٤/١٠ وەرگرتووە و یەکێکە لە باشترین ٢٥٠ فیلمەکانی مێژوو بەپێی سایتی IMdb.

هەشت ڕقەبەرایەتییەکە - The hateful eight

تارانتینۆ لە ساڵی ٢٠١٥ فیلمی هەشت ڕقەبەرایەتییەکەی بڵاوکردەوە، ئەم فیلمەشی سەرکەوتنێکی دیاری بە خۆیەوە بینی پاڵێوراوی سێ خەڵاتی ئۆسکاربوو و ١ خەڵاتی ئۆسکاری بردەوە لەگەڵ ٤١ خەڵاتی دیکە، هەروها پاڵێورا بۆ ١١٣ خەڵاتی دیکە، نمرەی ٧,٨/١٠ وەرگرتووە بەپێی سایتی IMdb.

سەردەمانێک لە هۆڵیوود - Once Upon a Time In Hollywood

کاری پێش کۆتایی تارانتینۆ بریتیبوو لە فیلمی سەردەمانێک لە هۆڵیوود لە نواندنی هەردوو نواندنکاری بە توانا بڕاد پیت و لیۆناردۆ دیکاپیریۆ و خانمە نواندنکار مارگۆت ڕۆبی کە لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوبوویەوە، وەک خۆی ئاماژەی پێداوە تارانتینۆ بە ماوەی پێنج ساڵ سیناریۆی فیلمەکەی نوسیوە، هەروەها سەرەتا فیلمەکەی بە شێوەی کورتە چیرۆک نوسیوە و دواتر دایڕشتووە و فیلمی سەردەمانێک لە هۆڵیوودی لێ بەرهەمهێناوە.

 


سەرچاوەکان



638 بینین