یاریی سکوید (٢٠٢١) - Squid Game

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-04-12:33:00 - کۆدی بابەت: 6781
یاریی سکوید (٢٠٢١) - Squid Game

ناوه‌ڕۆك

سینەمای کۆریا

سینەمای کۆری واتە ئەو فیلم و زنجیرانەی کە بەرهەمی ناوخۆی کۆریای باشوور بێت و خۆیان بەرهەمی بهێنن، لە سەدەکانی پێشوودا واتە لە کۆتاییەکانی سەردەمی چووساندا تاکو کاتی جەنگی کۆریا، وڵات تەنها لە خزمەتی بابەتی سیاسی و جەنگدا بووە و خزمەتێکی وا بە سینەما نەکراوە، لە کۆریای باشوور لە ساڵەکانی کۆتایی ١٩٥٠ بۆ ١٩٦٠ سینەمای کۆریا لە سەردەمی ئاڵتوونی خۆیدا بوو، بەڵام لە ١٩٧٠ـدا سینەما لەم وڵاتەدا ئەم گەورەییەی لە دەستدا، لە ٢٠٠٥ـدا کۆریای باشوور یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە فیلمەکانی ناوخۆی زیاتر سەیر دەکرا وەک لە فیلمە بیانییەکان، چونکە نمایشی فیلمە بیانییەکان لەو وڵاتەدا تا ڕادەیەک سنووردار کرابوو، بەڵام لە ٢٠٠٦ـدا ئەم سنووردارییە نەما، لەم دوو دەیەی کۆتاییدا سینەمای کۆریا دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو لە جیهاندا و لە ئێستادا مەوداکەی کەمی کردووە لەگەڵ سینەمای هۆڵیوددا.
ساڵانێکە کە فیلم و دراماکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوونیان هەیە، هۆکاری سەرکەوتنیشیان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەندین دەرهێنەر و ئەکتەری بەتوانا و هەروەها وێنەگرتن و نواندنی ناوازە، فیلم و دراماکانی کۆریا زۆر جار بە چیرۆکی جیاواز و جوان دەناسرێنەوە، لە کاتێکدا کە زۆرینەی ئەو فیلمانەی لە کۆریای باشووردا بەرهەم دەهێنرێن بودجەیەکی ئەوتۆیان نییە وەک فیلمەکانی هۆڵیود، وە لە ساڵی ٢٠١٩ـدا فیلمی کۆری (مشەخۆر - Parasaite) توانی چوار خەڵاتی ئۆسکار بباتەوە کە بۆ یەکەمجار بوو فیلمێکی سینەمای کۆریا ئەم خەڵاتە بباتەوە، هەروەها لە ئێستاشدا بە بوونی زنجیرەیەکی وەک یاری سکوید ئەوەندەی دیکە ناوبانگی سینەمای کۆریای باشوور زیادی کردووە.

ناساندنی زنجیرەکە

زنجیرە درامایەکە لە نووسین و دەرهێنانی هوانگ دۆنگ هیۆکە، کە لە ژانەری ئاکشن و سەرکێشی و درامییە و بەرهەمی کۆریای باشوورە و لە لایەن تۆڕی نێتفلێکسەوە لە بەرواری ١٧/٩/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە و لە ئێستادا پڕبینەرترین درامای ناو تۆڕەکەیە و ڕیزبەندی یەکەمی گرتووە کە توانی بکەوێتە پێش درامای تاڵانی پارە و پلەی یەکەمی لێ بسەنێت، سەیرکردنی بۆ کەسانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ ناگونجێت، هەر یەکە لە ئەکتەران (لی جۆنگ جێ، پارک هێ سوو، وی ها جوون، ئۆ یۆنگ سوو) بەشداریان تێدا کردووە و تا ئێستا تەنها وەرزی یەکەمی زنجیرەکە بڵاوبووەتەوە کە لە ٩ ئەڵقە پێکهاتووە.

چیرۆکی دراماکە

سۆنگ هی هون پیاوێکە کە قەرزێکی زۆری بەسەرەیەوە و پارەی نییە کە بیداتەوە، ڕۆژێک لە وێستگەیەکی میترۆدا وەستاوە کە پیاوێکی ڕێکپۆش لێی نزیک دەبێتەوە داوای لێدەکات کە یارییەکی منداڵانەی لەگەڵدا بکات، پێی دەڵێت کە ئەگەر یارییەکە بباتەوە ٠٠,٨٥ دۆلاری پێدەدات و ئەگەریش بدۆڕێت زلـلەیەکی لێ دەدات و بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە کردنی یارییەکە و بڕێک پارەی دەست دەکەوێت، دوای تەواوبوونی یاریەکە پیاوەکە کارتێک بە سۆنگ هی هون دەدات و داوای لێدەکات کە بێتە ناو یارییەکی گەورەترەوە، ئەویش یارییەکە قبووڵ دەکات و پێکەوە لەگەڵ ٤٥٥ کەسی دیکەدا یاری دەکات کە ئەم یاریزانی ژمارە ٤٥٦ـە و هەموو یاریزانەکان ژمارەی خۆیان لەسەر جلەکانیانە، یارییەکە پێکهاتووە لە ٦ یاری کە هەموویان ئەو یاریانەن لە سەردەمی منداڵیدا دەکرێن لە کۆریا، وە لە ئەنجامدا کەسی براوە ٣٨.٧ ملیۆن دۆلار دەباتەوە.
ئەم زنجیرەیە باس لەو سیستەمە سەرمایەدارییە دەکات کە هەندێک لە وڵاتان پەیڕەوی دەکەن و کەسانی هەژار و کەم دەرامەت وەک کاڵایەک دەبینن، کە کۆریاش یەکێکە لەو وڵاتانە و ئەوە پیشان دەدات کە ئەگەر کەسێکی دەوڵەمەند نەبوویت ئیتر شایەنی ژیانێکی باش نیت و هەرچۆنت کردبێت دەبێت بەردەوام و بە درێژایی ڕۆژ کار بکەیت تاکوو نەکەویتە سەر شەقامەکان، هەروەها خراپی مرۆڤ دەردەخات کە ئامادەیە هەموو شتێک بکات تاکوو پارەی دەست بکەوێت و تەنانەت هەڵیبژێرێت کە یارییەک بکات کە بزانێت بە دۆڕاندنی دەکوژرێت، وە له پێناو پارە ئامادەیە کە کەسانی دەووروبەری خۆی لەناوببات و خۆپەرست بێت و گوێ بە هیچ نەدات لە پێناو مانەوەی بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە دەیەوێت، زۆر جوان ئەوە پیشان دەدات کە ناکرێت بە ئاسانی  متمانە بە هەموو کەسێک بکرێت و زۆر جار دەکرێت گەورەترین زیان لەلایەن کەسی نزیکتەوە بێت کە پێت دەگات.

کەسایەتییەکانی ناو زنجیرەکە

سۆنگ هی هون

یاریزانی ژمارە ٤٥٦ کەسێکی دڵباش و سادەیە، بەڵام ڕۆشنبیر نییە کە باری دارای زۆر خراپە و ئالوودەی قومارکردنە و پێویستی بە پارەیە بۆ چارەسەری دایکە نەخۆشەکەی و هێنانەوەی کچەکەی بۆ لای خۆی کە لەلای ژنەکەی و زڕباوکی دەژیت.

چوو سانگ هوو

یاریزانی ژمارە ٢١٨ کە کەسێکی زیرەک و ڕۆشنبیرە خاوەن پارەیەکی زۆر بووە و بەڵام لە دەستی داوە. 

کانگ سەی بایۆ

یاریزانی ژمارە ٦٧ کچێکی بێدەنگە و لە کۆریای باکوورەوە هاتۆتە کۆریای باشوور و لەگەڵ براکەیدایە، کە بە هۆی نەبوونی پارەوە برا بچووکەکەی لە خانەی بێسەرپەرشتانە و پێویستی بە پارەیە تاکوو دایک و باوکی لە کۆریای باکوورەوە بهێنێتە کۆریای باشوور و لەگەڵ براکەیدا پێکەوە بژین.

ئیل نام (پیاوە پیرەکە)

یاریزانی ژمارە ١ کەسێکی پیر و تا ڕادەیەک خۆشەویست و زیرەکە و لوویەک لە سەریدا هەیە، کە زۆر کاتی نەماوە لە ژیانیدا یارمەتی کەسانی دەوروبەری دەدات بە بیرۆکەکانی کە ئەمیش نهێنییەکی گەورەی لە پشتەوەیە.

عەلی عەبدوول

یاریزانی ژمارە ١٩٩ پیاوێکی پاکستانی بوو کە سادە و ساکار بوو و بە مەبەستی کار کردن هاتبوویە کۆریا لەگەڵ ژنەکەی و منداڵە یەک ساڵەکەیدا دەژیا و بە هۆی بێ پارەییەوە بەشداری ئەم یارییەی کردبوو.

کاری دەرهێنانی زنجیرەکە

هوانگ دۆنگ هیوک دەرهێنەری زنجیرەکە وتی کە یەکەمین دەقی زنجیرەکەم لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا نوسیووە، کە خۆم قەرزدار بووم ڕێک وەک ٤٥٦ کەسەکەی ناو زنجیرەکە و بیرم لەوە دەکردەوە کە ئایا ئەگەر یارییەکی وا بوونی هەبێت بەشداری دەکەم؟
ئەم دەرهێنەره نووسینی دەقی زنجیرەکەی لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا تەواو کردووە، بەڵام بەدەستخستنی ئەکتەر و سەرمایەگوزار بۆ کارەکەی دژوار بووە چونکە ١٢ ساڵ لەمەوپێش زنجیرەی لەم جۆرە وەحشیانە و بێبەزەییانە دەرکەوتووە کە لەوکاتەدا ئەو جۆرە زنجیرانە کەمتربوون بە تایبەت لە کۆریا.

ڕەنگ 

وەک دەردەکەوێت سەربازەکان ڕەنگی پەمەیی و یاریکەرەکان ڕەنگی سەوزیان پۆشیووە کە ئەم دوو ڕەنگە لە خولگەی ڕەنگەکاندا دژی یەکن وەک ڕەنگی ڕەش و سپی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم دوو لایەنە زۆر جیاوازن لەیەک، سەرەتا دەرهێنەر ویستوویەتی کە جۆرە جلێکی کۆنی سەربازی دابنێت بۆ سەربازەکان کە لە جیاتی پانتۆڵ شۆرتیان لە پێدا دەبێت و جەستەیان بە دەرەوە دەبێت، بەڵام وادیارە ناچار بووە کە وانەکات چونکە نەدەبوو هیچ کام لە سەربازەکان جەستەیان دەربکەوێت.

ژمارە 

یاریزانەکان بە ناوی خویانەوە بانگ نەدەکران و بە ژمارە بانگ دەکران، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە چۆن سیستەمی سەرمایەداری گرنگی نادات بە مرۆڤەکان و کەسایەتییانی بۆ گرنگ نییە و وەک کاڵایەک دەیانبینێت، هەروەها ئەو ٤٥٦ کەسە هەموویان کەسی ڕاستی بوون کە بەشدارییان کردووە لە دراماکەدا.

وێنەکان 

لە سەرەتادا جێنووستنی زۆر هەبوو لە هۆڵەکەدا واتە ٤٥٦ جێگای نووستن هەبوو بە پێی ژمارەی یاریزانەکان و کۆمەڵێک وێنە لەسەر دیوارەکان هەبوون کە ئاماژەبوون بۆ یارییەکان بەڵام بە باشی دەرنەدەکەوتن، دوای نەمانی زۆرینەی یاریزانەکان جێنووستنەکانیشیان نەما و وردە وردە وێنەی سەر دیوارەکان جوانتر دەرکەوتن.

شێوە جیاوازەکان 

بیرۆکەی شێوە جیاوازەکانی سەر ڕووپۆشی سەربازەکان لە کۆمەڵەی مێروولەوە هاتووە، کە لە کۆمەڵەی مێروولەدا هەر مێروویەک ئەرک و ڕۆڵی تایبەت بەخۆی و دیاریکراوی هەیە هەرچەندە لە دەرەوەی کۆمەڵەکەدا ئەو مێرووانە لە یەکتر جیاناکرێنەوە. لەبەرئەوەش هەرچەندە سەربازەکان پۆشاکی وەک یەک دەپۆشن بەڵام شێوە جیاوازەکانی سەر ڕووپۆشەکانیان ئەرک و ڕۆڵەکانیان لەیەکتر جیادەکاتەوە.

شێوەی سەر ڕووپۆشەکان

ماسکی بازنە

کاریان بریتییە لە بەردەستی کە وەک نان پێدانی یاریزانەکان، کاتێک یاریزانێک بمرێت ئەوان هەڵدەستن بە لابردنی و سووتاندنی و زۆربەی کارەکان بە ئەوان دەکرا.

ماسکی سێگۆشە

ئەم کەسانە سەربازن چەکیان بە دەستە و هەر یاریزانێک بدۆڕایە ئەوان دەیان کوشتن. 

ماسکی چوارگۆشە

ئەم کەسانە واتە بەڕێوەبەر یان سەرپەرشتیاری ئەو دوو پلەی تر کە بۆیان هەیە فەرمان بە دوو کۆمەڵەکەی تر بکەن وە ئەو هەردوو کۆمەڵەکەی تر بۆیان نییە قسە بکەن تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە ڕێگەیان پێبدرێت.

مۆسیقا لە زنجیرەکەدا

زۆرجار لەو زنجیرانەی کە گرتەی شەڕانگێزی و توندوتیژی و ئاکشنی تێدایە مۆسیقایەکی دراماتیکی هەیە، بەڵام ئەم زنجیرەیە مۆسیقایەکی ئارامبەخشی تێدا بەکارهاتووە تاکوو بە هێمنی و ئارامییەوە یارییە ترسناکەکان ببینیت.

بینەری زنجیرەکە

زنجیرەکە بینەرێکی زۆری هەبوو کە لە ڕیزبەندی یەکەمدایە لە پڕبینەرترینی نێتفلێکسدا و کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە کە خەتی ئینتەرنێتمان دەبڕێت بە هۆی زۆر بەکارهێنانییەوە.


سەرچاوەکان



5434 بینین