زیانەکانی کەمی ڤیتامین C لە جەستەدا

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-10-07-18:59:00 - کۆدی بابەت: 6826
زیانەکانی کەمی ڤیتامین C لە جەستەدا

ناوه‌ڕۆك

ڤیتامین C

ڤیتامین C مادەیەکی خۆراکی پێویستی جەستەیە، کە دەبێت بەشێوەیەکی گونجاو بوونی هەبێت تا ڕێگربێت لە دروست بوونی چەندین نەخۆشی، باوترین هۆکارە مەترسیدارەکان بۆ کەمبوونی ڤیتامین C بریتین لە خۆراکی خراپ، خواردنەوەی بەردەوامی خواردنەوە کحولییەکان و جگەرەکێشان، نیشانە تووندەکانی کەمی ڤیتامین C ماوەی چەند مانگێکی پێویستە بۆ دیاریکردن، بەڵام هەندێک نیشانەی بچوک هەن کە پێویستن بۆ چاودێری کردن

زیانەکانی کەمی ڤیتامین C لە جەستەدا

- زبربوونی پێست و قڵیشان: ڤیتامین C ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە بەرهەمهێنانی کۆلاجین، کە پڕۆتینێکە لە پێست، قژ، جومگەکان، ئێسک و لوولەکانی خوێندا زۆرە، لە ئەگەری کەمی ڤیتامین C کۆلاجینیش کەم دەبێتەوە و پێست توشی جۆرێک لە نەخۆشی دەبێت کە هەندێک جار بە نەخۆشی پێستی مریشک ناودەبرێت کە دەبێتە هۆی دروست بوونی زیبکەی ورد لە بەشی سەرەوی قۆڵ و ڕان و سمت.

- هەڵگەڕانەوەی مووی لەش: کەمی ڤیتامین C دەتوانێت ببێتە هۆکاری زیادبوونی مووی لەش بە شێوەیەکی ناسروشتی کە شێوەی (چەماوە یاخود لوول)ـیان هەیە، مووەکە لە پێستدا دەمێنێتەوە و نایەتە دەرەوە بەهۆی تێکچوونی ئەو پێکهاتە پڕۆتینیانەی بەرپرسن لە گەشەکردنی مووەکان، ئەم حاڵەتە لە ماوەی یەک مانگ پاش وەرگرتنی بڕێکی پێویست لە ڤیتامین C چارەسەر دەبێت.

- شینبوونەوە و خوێن تێزان: لە ئەگەری کەمی ڤیتامین C شینبوونەوە و خوێنتێزان ڕوودەدات کە بە شێوەی پەڵەی بچوک لەسەر جەستە دەردەکەوێت، ئەمەش لە ئەنجامی دزەکردنی خوێنە لەژێر پێستدا بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.

- هێواش ساڕێژبوونی برین: کەمی ڤیتامین C ڕێژەی پێکهێنانی کۆلاجین نزم دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هێواش ساڕێژبوونی برینەکان، لە ئەنجامی کەمی ڤیتامین C ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی برینە کۆنەکان هەیە، تەنانەت مەترسی تەنینەوەشیان زیاد دەکات.

- ئازار و هەوکردنی جومگەکان: لە چەندین ڕاپۆرتدا باس لە هاوبەشی کەمبوونەوەی ڤیتامین C و ئازار و هەوکردنی جومگە کراوە، زۆر جار بەشێوەیەکی قورس ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی شەلبوون یان سەختبوونی توانای ڕۆیشتن، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو ئەم نیشانانە دەتوانرێت بە وەرگرتنی ڤیتامین C بۆ ماوەی یەک هەفتە چارەسەر بکرێت.

- لاوازبوونی ئێسک: نزمی ڕێژەی ڤیتامین C لە لەشدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی ئێسکەکان هەبێت و ببێتە هۆی زیادکردنی مەترسیی شکان و پوکانەوەیان، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە ڤیتامین C ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێکهێنانی ئێسکدا، هەربۆیە کەمی ڤیتامین C دەتوانێت ئەگەری زیان بەرکەوتن بە ئێسک زیاد بکات بەتایبەتی ئێسکەکانی لەشی منداڵ، چونکە ئەوان بە بەردەوامی لە گەشە کردندان.

- خوێنبەربوونی پووک و زیان گەیاندن بە ددان: سووربوونەوە و ئاوسان و خوێنبەربوونی پووک نیشانەیەکی دیکەی باوی کەمی ڕێژەی ڤیتامین Cـن، بە نەبوونی ڕێژەی ڤیتامین C پێویست پووک لاواز دەبێت و هەوکردن و خوێنبەربوون ئاسان دەبێت، لە کۆتاییدا ددانەکان بە هۆی ناتەندروست بوونی پووکەوە لاواز دەبن و ئەگەری کەوتنیان زیاد دەکات.

- لاوازبوونی بەرگری جەستە: لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە ڤیتامین C لە ناو جۆرە جیاوازەکانی خانەکانی بەرگریدا کۆدەبێتەوە و یارمەتیان دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توشبوون بە نەخۆشی و لەناوبردنی هۆکارەکانی نەخۆشی.

- شەکەتی و تێکچوونی میزاج: دووان لە نیشانە پێشوەختەکانی کەمی ڕێژەی ڤیتامین C ماندووبوون و تێکچوونی میزاجە، ئەم نیشانانە تەنانەت پێش ئەوەی بە تەواوی بزانیت ڤیتامین C لە جەستەتدا کەمە دەردەکەون، هەندێک جار ماندووبوون و بێزاری لە نیشانە سەرەتاییەکانن کە دەردەکەون، ئەوان بە شێوەیەکی ئاسایی چارەسەر دەبن دوای تەنها چەند ڕۆژێک لە وەرگرتنی چارەسەری پێویست یان تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا.

- زیادبوونی لەناکاوی کێش: ڤیتامین C یارمەتی پاراستنی لەش دەدات دژی قەڵەوی بە ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی چەوری لە خانەکانی خوێندا، هەروەها کەمکردنەوەی هۆرمۆنی سترێس و کەمکردنەوەی هەوکردن، نزمی ڕێژەی ڤیتامین C لە خوێندا دەبێتە هۆی زیاتر کردنی ڕێژەی چەوری لە جەستەدا بە گشتی و لە سکدا بەتایبەتی.

- هەڵگەڕانەوەی نینۆک و دروستبوونی پەڵەی سوور و خەت خەت بوونی نینۆک: هەموو ئەوانە زیاتر پەیوەندیان هەیە بە کەمی ڕێژەی ئاسن، وە هەروەها پەیوەندیان هەیە بە کەمی ڤیتامین Cـەوە، لە ئەنجامی کەمی ڕێژەی ڤیتامین C نینۆکە هەڵگەڕاوەکان چاڵ دەبن و ناسک دەبنەوە و زوو دەشکێن، دروست بوونی پەڵە سوورەکان و خەتخەتبوونی نینۆک و دروستبوونی هێڵی ڕەش لە ناو نینۆکدا ناسراون بە پچڕانی دەمارەکانی خوێن، هەروەها لەوانەیە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ڤیتامین C شدا دەربکەون.


سەرچاوەکان



1997 بینین