مەترسیدارترین پیشەکان لە جیهاندا

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-10-08-15:29:00 - کۆدی بابەت: 6832
مەترسیدارترین پیشەکان لە جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

پیشەی مەترسیدار

بە گشتی کاتێک باس لە پیشەی مەترسیدار دەکرێت ئەوەی کە زیاتر بە مێشکی خەڵکدا دێت ئەو پیشانەن کە زۆرجار کارمەندەکانیان بە پاڵەوان ناو دەبرێن بۆ نموونە، ئاگرکوژێنەوەکان و سەربازەکان و ئەفسەرانی پۆلیس، لە ڕاستیدا ئەم کەسانە زۆر دوورن لەو لیستەی کە باس لە پیشە مەترسیدارەکان دەکات و لە ئەنجامدا دەبنە هۆی مردنی کارمەندەکان لەکاتی کارکردندا.

مەترسیدارترین پیشەکان لە جیهاندا

داربڕەکان و دارکۆکەرەوەکان

زۆرجار ئەو کەسانەی کە لە پیشەسازی بڕینەوە و گواستنەوەی درەختدا کاردەکەن، ماوەی کارکردنیان درێژە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو درەختەکاندا دەمێننەوە و زۆر هیلاک دەبن، بەهۆی سەرکەوتنیان بەسەر درەختەکاندا یان لە ئەگەری کەوتنە خوارەوەی درەختەکان لە کاتی بڕینەوەدا ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر دەبنەوە و زۆربەی کات دەبنە قوربانی.

ماسیگرانی قوڵایی دەریا

ئەم پیشەیە بە کوشندەترین ڕاوکردن ناسراوە، لەبەر ئەوەی ماسیگرەکان دەبێت دژی گەردەلوولەکانی دەریا بجەنگن، وە لە هەندێک کاتدا ناتوانن لە جەنگەکەدا براوە بن و گیان دەسپێرن.

کرێکارانی کانگە

مەرجەکانی سەلامەتی و ڕێنماییەکان بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە کرێکارانی کانگە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام هێشتا هەر کارێکی مەترسیدارە چونکە ئەوان لەژێر زەویدا کاردەکەن و زەوییەکە هەڵدەکەنن کە ئەمەش ئەگەری داڕمان و خنکان و تەقینەوەی گازە کوشندەکانی هەیە.

کارمەندی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک

فڕێدانی خۆڵ و خاشاک خراپترین مامەڵەیە کە خەڵک بەرامبەر بە ژینگە و مرۆڤایەتی دەیکات، بوونی ماددەی کیمیایی زیانبەخش لەناو خۆڵ و خاشاکدا زۆرجار زیان بە تەندروستی کارمەندەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی کوشتنیان، جگە لەوەش کە هەندێک کات کارمەندەکان لە ئەنجامی کارکردنی بەپەلە دەکەونە ژێر ئامێرەکانی کۆکرنەوەی خاشاک و گیان لەدەست دەدەن.

پسپۆڕانی هەڵگرتنەوەی مین

ئەم کەسانە هەوڵی ئەوە دەدەن کە جیهان پارێزراوتر بکەن بە دۆزینەوە و دەرهێنانی مینەکان لە زەوی، کە هەندێک جار دەبنە قوربانی لەپێناو ئەنجامدانی ئەم کارە مرۆڤایەتییە.

پاسەوانی پاراستن

ئەو پاسەوانانەی ئەرکیان پاراستنە چ پاراستنی حکومەت بێت یاخود تاکێک یاخود ڕێکخراوێک، لەپێناو پاراستنی سامان یان کەلوپەل یان کەسایەتی، ئەوان زۆربەی کات ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی ناهەموار دەبنەوە وەک دزیکردن و هێرشکردن و ڕەفتاری خراپ، بەمەش ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

کارەباچییەکان

بەستنی کارەبا لە ماڵ و بینا و لەسەر ڕێگاکاندا کارێکە کە مەترسییەکەی دەکرێت جیاواز بێت بە پێی ئەو ژینگەیەی کە کاری تێدا دەکرێت، کارەباچییەکان زۆر جار ڕووبەڕووی مەترسی کەوتنەخوارەوە دەبنەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی کارەکانیان لەسەر پەیژە ئەنجام دەدەن، یاخود ڕووبەڕووی مەترسی سوتان دەبنەوە لەکاتی شۆرتکردنی کارەبادا.

شۆفێرانی گەیاندن

شۆفێرانی گەیاندن بەرپرسیارن لە گواستنەوەی کەلوپەلەکان لە شوێنی سەرەکییەوە بۆ کڕیارەکان، ئەم کارە ماندووبوونێکی زۆری تێدایە بەتایبەتی لە ڕووی جەستەییەوە کە پێکدێت لە لێخوڕینی زۆر و هەڵگرتنی کەلوپەلەکان لەشوێنی سەرەکییەوە بۆ کڕیارەکان بە وریاییەوە و بەبێ شێواندن، وە لەگەڵ ئەوەشدا شۆفێرانی گەیاندن زۆرجار دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ یاخود ڕووبەڕووی دەستدرێژی و دزی دەبنەوە.

کارمەندی قەسابخانە

زۆرجار لە قەسابخانەکاندا ئامێر بەکاردێت بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان، هەندێک کات کارمەندانی قەسابخانە دەکەونە ژێر ئامێرەکان و دەبنە قوربانی ئامێرەکانی سەربڕین.

کارمەندانی ئاگر کوژێنەوە

لەکاتی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەی زۆر گەورە لە ماڵ یان لە باڵەخانەکاندا لەوانەیە ژیانی زۆر کەس بکەوێتە مەترسییەوە، لەپێناو ڕزگارکردنی ژیانی کەسانی دیکە، کارمەندانی ئاگر کوژێنەوە زۆرجار ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە.


سەرچاوەکان



1289 بینین