بەلجیکا

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-10-09-15:07:00 - کۆدی بابەت: 6839
بەلجیکا

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی بەلجیکا

وڵاتی بەلجیکا (بە ئینگلیزی: Belgium) بە شێوەیەکی فەرمی پێی دەوترێت شانشینی بەلجیکا وڵاتێکی هەڵکەوتەی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپایە، لە باکوورییەوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا، لە ڕۆژهەڵاتییەوە وڵاتی ئەڵمانیا بوونی هەیە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتییەوە وڵاتی بچووکی لێخنشتاین هەڵکەوتووە و هەرچی گەورە وڵاتی فەڕەنساشە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئەم نیشتیمانەوە، ڕووبەری وڵاتەکە بچووکە و ٣٠ هەزار کیلۆمەتر دووجایە، ڕێژەی دانیشتووانی نزیکەی ١١.٥ میلیۆن کەسە کە ئەم ڕێژەیەش لەچاو بچووکی وڵاتەکەدا زۆرە و وای کردووە ئەم وڵاتە بە ١١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار دانیشتووانەوە ببێتە ٢٢ـەمین چڕترین وڵاتی جیهان و ٦ـەمین چڕترین وڵاتی ناو کیشوەری ئەورووپا، چڕی دانیشتووانەکی ٣٧٦ کەسە لە یەک کیلۆمەتری چوارگۆشەدا، گەورەترین شار و پایتوختەکەی شاری برۆکسلە.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات بەلجیکا
پایتەخت برۆکسل
زمانە فەرمییەکان هۆڵەندی، فەڕەنسی، ئەڵمانی.
ئایین
  • ٪٦٠ مەسیحی
  • ٪٣١ بێ ئایین
  • ٪٧ ئیسلام
  • ٪٢ ئایینەکانی تر
ڕۆژی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە هۆڵەندا ٤/١٠/١٩٣٠ 
ڕووبەر ٣٠ هەزار و ٦٨٩ کیلۆمەتر چوارگۆشە 
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٢٠) ١١,٤٩٢,٦٤١
چڕی دانیشتووان ٣٧٦ کەس/کیلۆمەتر دووجا
داهاتی ساڵانە ٥٠٣.٤١٦ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٤٣,٨١٤ دۆلار
دراو یۆرۆ
کات UTC +1
کاتی هاوینە UTC +2
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی +٣٢ 

جوگرافیا

وڵاتی بەلجیکا یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپایە، لەگەڵ بچووکی خاکەکەی بەڵام ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژییە و برۆکسلی پایتەختی جێگای کۆبوونەوەی ئەندامانی ناتۆیە، ئەم وڵاتە سنووری ٦٢٠ کیلۆمەتری لەگەڵ وڵاتی فەڕەنسادا هەیە، لەگەڵ ئەڵمانیا ١٦٧ کیلۆمەتر، لۆکسمبۆرگ ١٤٨ کیلۆمەتر و وڵاتی هۆڵەندا ٤٥٠ کیلۆمەتر سنووریان هەیە لەگەڵ وڵاتی بەلجیکادا، پێشتر وڵاتی بەلجیکا ١٦٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە کەمتر حساب دەکرا، بەڵام دواتر لە پێوانەکردنەوەی ساڵی ٢٠١٨ دا ئامێری تازەتر و پێشکەوتووتر بەکارهێنرا و زانرا کە لە کەنارەکانی وڵاتەکە ١٦٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە زیاترە وەک لەو ڕووبەرەی تا ساڵی ٢٠١٨ نووسرابوو، وڵاتەکە هەڵکەوتەی هێڵی درێژی ٤٩ بۆ ٥١ ی باکوور و بازنەی پانی ٢ بۆ ٦ ی ڕۆژهەڵاتە، لەم وڵاتەدا چەندین نەتەوە و زمانی جیاواز هەیە و قسەی پێدەکرێت.

وڵاتی بەلجیکا خاوەنی سێ هەرێمی گرنگی جوگرافییە، یەکەمیان کەنارەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتە لەگەڵ دەریای باکووردا، دووەمیان تەختاییەکانی ناوەڕاستە و سێیەمیشیان بەرزاییەکانی “ئاردێن”ـە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە.

کەنارەکانی باکووری ناوچەی گرنگی ئاوی وڵاتن و کەنار دەریاکانی ناوچەی گەشتیارین بۆ گەشتیاران، چەندەها دوورگە و شوێنی جیاوازی لەسەر هەڵکەوتووە، ناوچەی ئاردێن کە زیاتریش بە دارستانەکانی ئاردێن ناسراوە، ناوچەیەکی چڕ و پڕ درەختە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەلجیکا و چەندین دیمەنی جیاوازی تیا دەبینرێت، لەپاڵ دارستان و بوونی درەختە جۆربەجۆرەکانی چەندەها چیا و بەرزایی جیاوازی تێدایە و ئەشکەوتی گەورە و بچووک لەناو بەردەڵانەکانی قەدپاڵی چیاکاندا هەڵکەوتوون، لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و سنوورەکانی ئەڵمانیادا زنجیرە چیای ئیفڵ هەیە کە دوو وڵاتەکە پێکەوە دەبەستێتەوە و پلێتە بەرزەکانی “فێنس” دیمەنی سەرنجڕاکێشی داوە بەو ناوچەیە.

وڵاتی بەلجیکا و برۆکسلی پایتەختی ئەندامن لە چەندین ڕێکخراوی گرنگ و بنکە و بارەگای سەرەکین بۆ کۆبوونەوەی چەندین کاری گرنگ لە جیهاندا، ئەندام و یەکێک لە شەش دامەزرێنەرانی یەکێتی ئەورووپایە، برۆکسل بارەگای سەرەکی کۆبوونەوەی وڵاتانی (یەکێتی ئەورووپا، کۆمسیۆنی وڵاتانی ئەورووپا، ئەنجوومەنی ئەورووپا و ئەنجوومەنی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا) یە، وە یەکێکیشە لەو دوو شارەی کە پەرلەمانی ئەورووپای تێدایە (شارەکەی تر ستراتسبۆرگی فەڕەنسایە) و جێی کۆبوونەوەی نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپایە کە ڕاستەوخۆ و پێنج ساڵ جارێک لەلایەن دانیشتووانی وڵاتانی ناو یەکێتییەکەوە هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ناتۆ، ڕێکخراوی ئاڵوگۆڕی جیهان، یەکێتی زۆنی یۆرۆ (یەکێتییەکە کە لەناو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپادا دامەزراوە و دراوی یۆرۆی کردووەتە دراوی فەرمی زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا) وە یەکێکە لە وڵاتانی شنگن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی بەلجیکا وەک زۆر وڵاتی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپا کەشێکی زەریایی هەیە و کاریگەری زەریای ئەتڵەسی لەسەرە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەورووپاوە، ئەو وڵاتانەی ئەم جۆرە ئاووهەوایەیان هەیە بە شێوەیەکی تێکڕا و گشتی هاوینیان گەرمە بەڵام تاقەتپڕوکێن نییە، زستانیشی فێنکە و زۆر سارد نییە، ئەو وڵاتانەی کاریگەری کەشی زەریاییان لەسەرە بە شێوەیەکی گشتی مەودای پلەی گەرمییان کەمە و جیاوازی زۆر نییە لە تەواوی کاتەکانی ساڵدا.

تێکڕای نزمترین پلەکانی گەرمی ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەمدا (مانگی ١) دەبینرێت کە پلەکان دادەبەزن بۆ ٣ پلەی سیلیزی، بەرزترین پلەکانیشی لە مانگی تەمووز (مانگی ٧) دا یە کە پلەکان دەچنە ١٨ پلەی سیلیزی بەشێوەیەکی تێکڕایی، پلەکانی گەرما لە ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٦ بە شێوەی تێکڕا وەرگیراوە و تێبینی کراوە کە پلەی گەرمی ڕۆژ نزمترینی ٧ و بەرزترینی ١٤ بووە و تێکڕای ڕێژەی بارانبارین ٧٤ میلیمەتر بووە لە هەر مانگێکدا، بەم داتایەش پلەکانی گەرمی لەچاو سەدەی پێش خۆیدا ١٩٠٠ بۆ ٢٠٠٠ لە پلەکانی گەرمیدا ١ پلە زیادی کردووە و بڕی بارانبارینی مانگانەش ١٠ میلیمەتر زیادی کردووە.


سەرچاوەکان

631 بینین