یەکەمین چاوپێکەوتن بە نیازی هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-15-21:22:00 - کۆدی بابەت: 6891
یەکەمین چاوپێکەوتن بە نیازی هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

یەکەمین چاوپێکەوتن بە نیازی هاوسەرگیری دەبێت چۆن بێت؟

یەکەمین چاوپێکەوتن و گفتوگۆت لەگەڵ ئەو کەسەی کە بڕیارە پێکەوە هاوسەرگیری بکەن زۆر گرنگە و ئەو دوو کەسە لەم چاوپێکەوتنەدا بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان دەدەن، هەر بۆیە گرنگە لەم چاوپێکەوتنەدا ئاگاداری کۆمەڵێک خاڵ بیت چونکە کەسی بەرامبەرت سەرنجی ئەوە دەدات و لە یەکەمین چاوپێکەوتندا بڕیارت لەسەر دەدات.

لە یەکەمین چاوپێکەوتن دەبێت چۆن بیت؟

لە کاتی خۆیدا ئامادەبە 

هەمیشە ئاگاداری کات بە و لەکاتی خۆیدا لە شوێنی چاوپێکەوتنەکە ئامادەبە، ئامادەبوونت لەکاتی خۆیدا پیشاندەری ئەوەیە کە ڕێزی کەسی بەرامبەرت گرتووە و ئەم چاوپێکەوتنە گرنگ بووە بە لاتەوە، بەمە دەردەکەوێت کە کەسێکیت دوای هاوسەرگیریش لەسەر بەڵێنی خۆتیت.

شوێنی چاوپێکەوتنەکە

دەبێت کاتێک شوێنێک دادەنێیت بۆ چاوپێکەوتنەکە بە تەواوی زانیاریت هەبێت لەسەر جێگاکە و خواردن و هەموو خزمەتگوزاریەکانیان، چونکە ئەگەر ئەو شوێنە پڕ کەموکوڕی بێت شەرمەزاری دەبیت لەلای کەسی بەرامبەردا، هەوڵبدە شوێنێک هەڵبژێریت کە نزیکی هەردوولاتان بێت و زۆرینەی کاتەکە بە ڕێگا نەکوژن.

متمانە بەخۆبوون 

لە یەکەم چاوپێکەوتندا تەنانەت ئەگەر زۆر دڵەڕاوکێشت هەیە و دەترسیت دەبێت متمانە بەخۆبوونت لە دەست نەدەیت و کاتی قسەکردن لەگەڵ کەسی بەرامبەرت ئارامی خۆت لە دەست نەدەیت، و بابەتێک هەڵبژێرە قسەی لەسەر بکەن کە زانیاری زۆرت هەبێت دەربارەی، هەوڵبدە زۆر قسە نەکەیت و سنوورێک دابنێیت بۆ قسەکانت، بۆ نموونە قسەکردنێکی زۆر دەربارەی پەرتووکێک کە تۆ حەزت لێیەتی لەوانەیە بۆ کەسی بەرامبەر بێزارکەر بێت و ئەو وەک تۆ چێژی لێ نەبینێت، هەوڵبدە خودی ڕاستی خۆتبە و نواندن مەکە لەوکاتەدا.

چاوەکانت بخەرە سەری

لە یەکەم چاوپێکەوتندا بۆ تەواو ناسین و بینینی دەبێت ئاگاداربیت و چاوت لەسەری بێت و سەیری بکەیت و خۆت بە هیچی کەوە سەرقاڵ نەکەیت وەک مۆبایل، چونکە ئەمە ئەو بێزار دەکات و وادەزانێت کە هیچ گرنگ نییە بەلاتەوه ئەم چاوپێکەوتنە، کەواتە چاوت لەسەری بێت و کاتێک پرسیارێکت لێ دەکات بە تەواوی وەڵامی بدەرەوە.

هەڵبژاردنی خواردن و خواردنەوە

پێش ئەوەی بچیتە شوێنی چاوپێکەوتن واباشترە کە لە ماڵەوە شتێکت خواردبێت و زۆر برسی نەبیت، چونکە تۆ بۆ خواردن ناچیتە ئەوێ و نابێت هەموو سەرنجت لەسەر داواکردنی خواردن بێت، دەبێت خواردنەوەیەکی سادە داوا بکەیت نەک ژەمێکی تەواو.

کاتی چاوپێکەوتنی داهاتوو

ئەگەر چاوپێکەوتی سەرەتاتان لە ناوەڕاستی هەفتەدا بوو، بەدڵنییایەوە چاوپێکەوتنی دواترتان لە کۆتایی هەفتەدا دابنێ تاکوو کەسی بەرامبەرت وانەزانێت کە کۆتایی هەفتە بەردەوام لەگەڵ هاوڕێکانیت و ئەمت بەلاوە گرنگ نییە، بۆ ئەوەی بزانێت کە لە کاتی پشووەکاندا دەتوانیت کاتی خۆتی پێ ببەخشیت.

گرنگی بدە بە ڕووکەشت

لە یەکەمین چاوپێکەوتندا ڕووکەش زۆر گرنگە پێویستە خەواڵوو و ماندوو نەبیت و پڕ وزە بیت، هەروا جلێکی پاک و گونجاوت لەبەر بێت و شپرزە نەبیت، بۆ خانمان پێویست ناکات کە میکیاجێکی زۆر بکەن و زۆر نائاسایی دەربکەون، تەنها پاکوخاوێنی و گرنگیدان بە جلوبەرگ و ڕێک پۆشی گرنگە.

پارەکە بدە

کاتێک لە شوێنەکە دەچنە دەرەوە تۆ پارەی ئەو شتانە بدە کە داواتان کردبوو، بەمەش زیاتر متمانەی کەسی بەرامبەر بەدەست دەهێنیت.

سنووری خۆت بپارێزە

لە یەکەمین چاوپێکەوتندا ئاگاداری ئەوەبە کە سنوور نەبەزێنیت، چونکە ئێوە هیچ پەیوەندییەکی ڕەسمیتان لە نێواندا نییە و تەنها چاوپێکەوتنێکی سادەیە کە لەوانەشە بە هاوسەرگیری کۆتایی نەیەت.

شێوازی قسەکردنت جوان بێت

لە کاتی قسەکردندا ئەوەندە ڕەسمی مەبە کە کەسی بەرامبەر لێت بترسێت و ڕووی نەیەت قسە بکات، هەروەها ئەوەندەش گاڵتە و گەپ مەکە و منداڵانە قسە مەکە و خۆت بچووک مەکەرەوە.


سەرچاوەکان



1008 بینین