فرانز كافكا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-17-15:10:00 - کۆدی بابەت: 6913
فرانز كافكا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

فرانز کافکا (بە ئینگلیزی: Franz Kafka) نووسەر و ڕۆماننووسی ناودار یەکێکە لە دیارترین نووسەرەکانی سەدەی بیستەم، لە ساڵی 1883 لە "پراگی" پایتەختی کۆماری چیک لەدایکبووە و لە خێزانێکی جوولەکە پەروەردە کراوە، باوکی کەسایەتییەکی تووندی هەبووە و دایکیشی کەسایەتییەکی لاواز و شەرمن و بێدەسەڵاتی هەبووە، دوو برای لە تەمەنی منداڵی مردوون و تاقانەی سێ خووشک بووە و پەیوەندییەکی باشی هەبووە لەگەڵ خوشکەکانی، ئەوانیش لە نێو ئۆردوگای نازییەکانی تایبەت بە جولەکەکان کۆچی دواییان کردووە، پەیوەندی کافکا لەگەڵ دایک و باوکی زۆر ئاڵوز بووە، ئەوان هەمیشە دژی ئەوە بوونە کە کوڕەکەیان ببێتە نووسەر، کەسایەتی توندی باوکی کافکا کاریگەری زۆری بەسەر نووسینەکانیەوە هەبووە و هیچ کات ڕێزی لایەنە لێهاتووییەکان و تواناکانی کافکای نەگرتووە، بۆیە کافکا لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تایبەتییەکانی ڕووبەڕووی کێشە و ئاڵۆزی زۆر بووەتەوە، كافكا لە خوێندنگە منداڵێکی زیرەک و ژیر و گۆشەگیر بووە، لە قوتابخانەی نموونەیی وەرگیراوە و وانەی خوێندووە، لە پاش تەواوکردنی خوێندنی قوتابخانە، لە زانکۆی "چارلس فێردیناند" لە پراگ وەرگیراوە، لە سەرەتادا بەشی کیمیای هەڵبژاردووە بەڵام لە دوای دوو هەفتە بەشەکەی گۆڕیوە و چووتە بەشی یاسا کافکا هەرگیز لەم بەشە ڕازی نەبووە و هیچ کات چێژی لە خوێندنەکەی نبینیوە و دڵخۆشی نەکردووە، تەنها بۆ ڕازیکردنی باوک و دایکی بەشی یاسای خوێندووە، لە ساڵی 1906 بەشی یاسای تەواوکرد و بۆ ماوەی ساڵێك وەکوو خۆبەخش کاری کردووە، لە کۆتایی ساڵی1907 لەگەڵ دەزگای بیمەی ئیتاڵی کاری کردووە، ئەم پیشەیەی زۆر ماندووی کردووە و کاتی بۆ نووسین نەبووە لە دوای ساڵیک دەستی لەکار کێشاوەتەوە، دواتر لە پەیمانگایەکی بیمەی تایبەت بە ڕووداوەکانی کرێکاران لە شانشینی بۆهیمیا کارێکی دەستکەوت و لەو کارەی زۆر لێهاتوو بووە و ئاشنای چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بووە، لە ساڵی 1917 بە هۆی نەخۆشیەوە دەستی لەکار کێشایەوە.

تایبەتمەندی نووسین و بەرهەمەکانی کافکا

سەرەڕای ئەوەی کافکا بنچینەی بۆ کۆماری چیک دەگەڕێتەوە جوولەکە بووە، بەڵام زۆر پەیوەست بووە بە زمان و کولتوری ئەڵمانییەوە بەرهەمەکانی بە زمانی ئەڵمانی نووسیوەتەوە، کافکا تاکوو خۆی لە ژیاندا مابوو خوێنەر ئاشنای بەرهەمەکانی نەبوون ناوبانگیان دەرنەکرد، هاوڕێیەکی کاتی زانکۆی بە ناوی "ماکس برۆد" هەمیشە پاڵپشتی بەرهەمەکانی کردووە، کافکا داوای لێکردووە لە پاش کۆچی دوایی خۆی هەموو بەرهەمەکانی لەناوبەرێت، بەڵام هاوڕێکەی بە پێچەوانەوە لە ساڵی 1925 لە پاش کۆچی دوایی کافکا ڕۆمانێکی بە ناوی "شوێن پێ" بۆ بڵاوکردەوە بووە یەکێک لە پڕفرۆشترین بەرهەمەکانی، پلە بە پلە هەموو ڕۆمانەکانی بۆبڵاوکردەوە.

گرنگترین بەرهەمەکانی

ـ تێڕامان: یەکەمین بڵاوکراوەی کافکا "تێڕامان" بوو، کە کۆکراوەی هەژدە پارچەی کورتەپەخشان بوو، لەنێوان ساڵانی 1904 تاکوو 1912 نووسراون.
- ڕۆمانی بەدگۆڕان یان مسخ: لە ساڵی 1912 ئەم ڕۆمانەی نووسیوەتەوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی پاڵەوان "گریگۆر سامسای" دەکات کە چۆن دەگۆڕێت بۆ مێرویەکی سامناک، ئەم کتێبە زۆر ناودار بوو، بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە چەند فیلمێکی سینەمایی لێبەرهەم هێنراوە.
ـ ڕۆمانی دادگایی: ئەم ڕۆمانە لە نێوان ساڵی 1914 بۆ 1915 نووسراوە باس لە پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەکات کە ناوی "جۆزیفە" لە بەیانی سێیەمین ساڵرۆژی لەدایکبوونیدا دەستگیر دەکرێت لە بەردەم دادگایییەکی نەناسراو دادگایی دەکرێت، ڕۆمانەکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1925 لە دوای مردنی کافکا، لەلایەن "ماکس برۆدی" هاوڕێیەوە بڵاوکرایەوە، ئەم ڕۆمانەی زۆر ناودار بوو بۆ چەندین زمانی دوونیا وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە ساڵی 1962 کراوە بە فیلم.
ـ نامەیەک بۆ باوک: ئەم کتێبەی کافکا وەکوو یاداشتنامەیەک وایە، کێشەی نێوان باوک و کوڕێک دەخاتە ڕوو، زۆر بەئاشکرا دیارە کە مەبەست و سەرەنجەکانی نێو ئەم کتێبە وێنەدانەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان خۆی و باوکی بووە.
ـ کۆشك: کۆتا بەرهەمی کافکا بوو کە نووسیەوە، پاش مردنی لەلایەن "ماکس برۆدی" هاوڕێیەوە بڵاوکرایەوە. 

باری خێزانی 

باری سۆزداری کافکا ناجێگیر و ئاڵۆز بووە، بە چەندان پەیوەندی سۆزداریدا تێپەڕیوە و هیچ کات لە پەیوەندییەکانی جێگیر نەبووە، نموونەی پەیوەندییەکانی:

ـ لە ساڵی 1912 ئاشنای "فلیس پاور" دەبێت و پاش دوو ساڵ داوای هاوسەرگیری لێدەکات و تەنها بۆ ماوی مانگێک دەزگیرانییەکەیان بەردەوامی هەبووە و جیابوونەتەوە، پاشان لە ساڵی 1917 جارێکی تر کافکا گەڕاوەتەوە بۆ لای و داوای هاوسەرگیری لێکردووە و دووبارە بە هۆی نەخۆشی سیلەوە لێی جیابووەتەوە.

ـ ئاشنای کچێک بووە بە ناوی"یولی فۆرێتسیك" لە ساڵی 1920 بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، بەڵام کافکا بە چەند ڕۆژێک پێش ڕۆژی ئاهەنگەکە، هاوسەرگیرییەکەیانی هەڵوەشاندەوە.

ـ لە کۆتاییدا ئاشنای کچێک بوو بە ناوی "جۆرا دینامت" تاکوو ڕۆژەکانی کۆتایی تەمەنی هەر لەگەڵ ئەم کچە  بووە.

چیرۆکی خۆشەویستییەکەی لەگەڵ مێلینا

کافکا کەسایەتییەکی جیاواز و گۆشەگیری هەبووە، چیرۆکی خۆشەویستییەکەی نێوان کافکا و مێلینا نامۆ و چاوەڕوان نەکراو بووە، سەرەتای ئەم ئەوینە دوراودور دەستیپێکرد، تەنها دوو جار ئەم دوو دڵدارە یەکتریان بینیوە، جاری یەکەم لە ڤێیەننا چاوپێکەوتنێکی کورت و بێدەنگ لە نێوانیاندا ڕوویداوە، چاوپێکەوتنی جاری دووەمیش ئەو کاتە بووە کە مێلینا لە تەمەنی 36 ساڵی وەرگێڕان بۆ بەرهەمێکی کافکا دەکات و یەکتریان بینیوە، نامەکانی نێوان کافکا و مێلینا پڕاوپڕن لە هەست و سۆز و ئەوین، هەر یەکێکیان تەواوکەری یەکتری بوونە مێلینا دووچاری نەخۆشی هەوکردنی سییەکان بووە و کافکاش دووچاری نەخۆشی سیل بووە، یەکەمین نامە گۆڕینەوەی نێوانیان لە ساڵی 1920 بووە، ئەو کاتە مێلینا لە ڤێیەننا بووە و کێشە و ئاڵۆزی هەبووە لەگەڵ هاوسەرەکەی و هەوڵیداوە لە ڕێگای نووسین و وەرگێڕانەوە و ڕێچکەیەکی تایبەت بە خۆی داڕێژێت، بۆیە لە ڕێگای وەرگێڕانی بۆ بەرهەمێکی کافکا ئەو پەیوەندییە لە نێوانیاندا درووست بووە، کافکا لە نامەکانی بۆ مێلینا جیاواز لە نووسینەکانی تری گەشبین و شاد دەردەکەت و هەمیشە پاڵپشتی مەعنەوی بووە بۆ مێلینا و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی وەڵامی نامەکانی کردووە، نامە گۆڕینەوی نێوانیان بەردەوام بووە بۆ ماوەی سێ ساڵ تاکوو ساڵی 1923، ئەوینێکی مەحاڵ و ئاڵۆز و ڕاست لە نێوانیاندا درووستبووە، هەموو نامەکانی کافکا بۆ مێلینا لە دووتوێی کتێبێکدا لە ساڵی 1952 بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکرایەوە لەپاش سڕینەوەی چەند نامەیکی تایبەتی، بەڵام لە ساڵی 1986 هەموو نامەکان و چەند نامەیەکی تایبەتی مێلینا کە پێش مردنی لە چلەکان بۆ هاوڕێکەی کافکای ناردبووی تێیدا خۆشەویستی خۆی بۆ کافکا دووپاتکردۆتەوە، ئەم نامانە بۆ چەندان زمان وەرگێڕانیان بۆ کراوە و لە هەموو دونیادا بڵاوبووەوە.

کۆچی دوایی کافکا

کافکا دووچاری نەخۆشی سیل (دەردەباریکە، تەدەروون) ببوو، چوتە ڤێیەننا بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەڵام سوودی نەبووە، لە ساڵی 1924 لە پراگ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی تایبەت بە جولەکەکان لە تەنیشت دایک و باوکی بە خاك سپێردراوە. 


سەرچاوەکان



916 بینین