ساردین

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-26-00:12:00 - کۆدی بابەت: 6996
ساردین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ساردین (بە عەرەبی: سردين، بە ئینگلیزی: sardineماسییەکی تیرەی ڕەنجەیە واتە لە ماسییە سوێرەکانە، پێنج خێزانی سەرەکی هەیە کە ٢١ ئەندامی جیاواز لە خۆ دەگرێت، نشینگەی پەسەندی ئەم جۆرە ماسییە دەکەوێتە زەریای ئەتڵەسی و ڕۆژئاوای دەریای سپی ناوەڕاست، بڕێکی کەمیشی هەیە لە دەریای ڕەش و دەریای مەرمەرە، یەکێکە لە ئەو ماسییانەی خواستی زۆری لەسەرە بۆ ڕاوکردن و خواردن و بە یەکێکە لە سامانە سروشتییەکانی باکووری ئەفریقا دادەنرێت، بۆ ڕاوکردنی ساردینەکان ڕاوچییەکان جۆرێک تۆڕی دیاریکراو بەکاردەهێنن، ئەم جۆرە ماسییە ناوی ساردینی لێنراوە چونکە یەکەمجار لە نزیک دورگەی ساردینیای ڕۆژئاوای دەریای سپی ناوەڕاست ڕاوکراوە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک جار ژمارەی تاکەکانیان لە پۆلێکدا دەگاتە ملیۆنان بەڵام بەهۆی ڕاوکردنی زۆرەوە ژمارەیان لە هەندێک ناوچەی جیهاندا زۆر کەمبووەتەوە و مەترسییان لە سەرە.

سوود و بەکارهێنانەکانی

 جگە لە ئەوەی بە ڕاوکردن بۆ خواردنی مرۆڤەکان خواستی زۆری لەسەرە وە لە ئێستادا ساردینی لە قوتوو نراو لە زۆرینەی ڕەفەکانی بازاڕە ناوخۆییەکانیش دەفرۆشرێت و پیشەسازی ساردینی ئامادە و لێنراوی لە قوتوو نراو بڵاوبووەتەوە، زەیتەکەشی بەکاردێت بۆ دروستکردنی مۆم و بۆیە و وارنیش بۆ بریسکاندنەوەی ڕوپۆشەکان، هەندێک جۆریشیان بەکاردێت وەک ئالیکی ئاژەڵ و بۆ بەپیتکردنی زەوییەکانیش، بێچووەکانی بە ژمارەی دیاریکراو و بە بازرگانی باڵا وەک نێچیر بۆ ڕاوکردنی ماسی تونە بەکاردێن و لەبەرئەوەی لە پێکهاتەی جەستەیدا ماددەیەک هەیە کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ترشێتی میز، بۆیە ئەو نەخۆشانەی کە کێشەی هەوکردنی جومگەکانیان هەیە ئامۆژگاری دەکرێن کە خواردنی کەم بکەنەوە یان لە هەندێک باردا بە تەواوەتی قەدەغە دەکرێت لێیان، هەروەها ساردین سەرچاوەیەکی باشی ئۆمێگا ٣ یە کە یارمەتی باش هێشتنەوەی تەندروستی دڵ دەدات و سەرچاوەیەکی سروشتی ڤیتامین D و کالسیۆمە، بەڵام هەندێک جۆریان ڕێژەی سۆدیۆمیان بەڕادەیەک بەرزە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر پەستانی خوێن و ئەگەری نەخوازراوی دیکە.

شێوازی ژیانکردنی

ساردینەکان لە ناوچەی ئاوی فێنک و سوێر و ئاوی گەرمی هێڵی کەمەرەییدا دەژین، بە گشتی لە نزیک کەناراوەکانی هەموو کیشوەرەکاندا هەن، بەڵام زۆرترین بڕیان دەکەوێتە کەناراوەکانی یابان و ڕۆژئاوای باکووری ئەفریقا و ڕۆژئاوای ئەمریکای باشوور، ژیانکردنیان بە کۆمەڵەیە پێکەوە و لە نزیک ڕووی ئاو دەژین کە ٠-٢٠٠ م لە قوڵایی ئاودا هەن، بە شەودا بە تەواوەتی دەڕۆنە سەر ڕووی ئاو بۆ خۆراک بەدەستهێنان، ئەو زیندەوەرە ئاوییە بچووکانەی کە لەناو ئاودا هەڵواسراون و پێیان دەوترێت پلانکتۆن دەخۆن، دەکرێت گیانەوەر بن یان ڕووەک یاخود هێلکەی ماسی گەورەتر لە ساردینەکان، بۆیە ئەم ماسییە گۆشتخۆر و ڕووکخۆریشە، ئەو پلانکتۆنانەی  کە ناتوانن بە نێو ئاودا مەلە بکەن و هەڵبێن لە ڕاوچی، ساردینەکانیش دەبن بە نێچیر بۆ گیانەوەری وەک قرش و دۆلفین و سەگی ئاوی و پەنگوین (بەتریق) و باڵندەی دەریایی و ...هتد.

شێوەی دەرەوەی

ناوەندی درێژییەکەیان لە نێوان ٢٣-٣٠ سم دایە، و کێشی نزیکەی ١١٣ گم دەبێت، کێش و درێژییەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی ناوچە جیاوازەکان دەگۆڕێت، ڕەنگی بەشی سەرەوەی جەستەی ساردین ڕەساسییە، و بەشی ژێرەوەشی زیوییە. 

زۆربوون

ئەم ماسییانە لە تەمەنی دوو ساڵییەوە دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، دەکرێت گەرا (هێلکە) دانانەکەی لە وەرزێکدا زیاد لە جارێک بێت، لە وەرزی بەهاردا ساردینەکان بڕێکی زۆر گەرا دادەنێن بە هەڵواسراوی لە نێو ئاوەکەدا دەمێننەوە، گیانەوەری ئاوی دڕەندە زۆرینەی گەراکان لەناودەبەن و دەیخۆن و ژمارەیەکی کەمی دەمێنێتەوە و بێچووە ساردینەکانیش دواتر بە هۆی ئاڕاستەی ئاوەوە دەگوازرێنەوە بۆ نزیک جۆری دیکە لە ماسییەکانی کەنارەکان، زۆربەی جوڵەکانیش بە شەوی درەنگ و تاریکدا دەبێت، هەروەها تەمەنی ئەم  جۆرە ماسییە دەگاتە سەروو ١٣ ساڵ.


سەرچاوەکان



683 بینین