کەمبوونەوەی زینک لە منداڵدا

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-10-27-13:45:00 - کۆدی بابەت: 7006
کەمبوونەوەی زینک لە منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

زینک چییە؟

زینک بەشێکی سەرەکی زیندەچالاکیە لە جەستەدا، زیاتر لە ١٠٠ ئەنزیم دەوروژێنێت و بەشداری لە پێکهێنانی پڕۆتین دەکات هەروەها یارمەتی ڕێکخستنی دەربڕینی بۆماوە ماددە دەدات، پێویستە بەشێوەیەکی ڕێک و پێک لە ژەمەکاندا هەبێت لەبەرئەوەی لەشی مرۆڤ زینک لە خۆراکی زیادەی ناپێویستی خۆی پاشەکەوت ناکات، زینک لە گۆشتی (سوور و پەلەوەر و ماسی)ـدا هەیە، لەشی مرۆڤ ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی ٨ میلیگرامە بۆ ژنان و ١١ میلیگرام بۆ پیاوان، کەپسولی زینک ٧ بۆ ٨٠ میلیگرام لە توخمی زینک لەخۆدەگرێت و بە شێوەیەکی ئاسایی لە شێوەی ئۆکسیددایە.

سوودەکانی زینک

زۆر لە مێژە مرۆڤ سوودەکانی زینکی زانیووە، زینک بەشداری لە گەشەی ئاسایی لەشدا دەکات و لە هەلومەرجی ئاساییدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پاراستنی سەقامگیریی کردارە سروشتیەکانی جەستەدا، لە سوودەکانی زینک:
- بەرگری لەش زیاد دەکات.
- لە چارەسەری شێرپەنجەدا بەکاردەهێنرێت چونکە دژە ئۆکسیدە.
- لە هاوسەنگی هۆرمۆندا ڕۆڵ دەبینێت.
- ڕۆڵی ئەرێنی دەبینێت لە چارەسەری نەخۆشی شەکرەدا.
- پاڵپشتی لە لوولەکانی خوێن دەکات و  یارمەتی تەندروستی دڵ دەدات.
- ڕێگری لە سکچوون دەکات.
- توانای وەچەخستنەوە زیاد دەکات.
- یارمەتی هەرسکردن و هەڵمژینی خۆراکەکان دەدات.

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی زینک لە منداڵدا

کەمی زینک لە منداڵاندا بەهۆی چەندین هۆکارەوە ڕوودەدات و ساڵانە زیاتر لە نیو ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ بەهۆی کەمی زینکەوە دەمرن، گرنگە بزانین کە پێویستی زینک لە ڕووی فیسیۆلۆجییەوە لە ئافرەتی دووگیاندا زیاد دەکات و ئەمە خۆی لەوانەیە هۆکارێک بێت لە حاڵەتی کەمی خواردنی زینکدا، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەگەر لە ئەنجامی هەر هۆکارێکدا ڕوو بدات لەش لە کاتی کەمبوونەوەی زینکدا توانای هەڵمژینی زینک لە ڕیخۆڵەکانەوە زیاد دەکات، لەم حاڵەتانەدا لەوانەیە کەمبوونەوەی زینک زیاد بکات:
• شیرپێدان.
• کەمی کێشی کۆرپەلە.
• لاوازی ڕێڕەوی هەرس لە هەرسکردن و مژینەوەی زینک.
• بوونی ژینگەی نالەبار (هەژارنشین).
• بوونی ئەو نەخۆشی و حاڵەتانەی کە هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی زینک وەک:(خواردنەوەی کحول، کۆڵۆن، هەوکردنە برینی ڕیخۆڵە، نەخۆشی گەنم).

نیشانەکانی کەمبوونەوەی زینک لە منداڵاندا

زینک لەلایەن جەستەوە بەکاردێت بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خانەکانی لەش و پاڵپشتیکردنی بەرگری لەش، بەشێکی بنەڕەتییە لە گەشەی ئاسایی لەش، گەشەی سێکسی و ڕێگری توشبوون بە هەوکردن، لەبەر ئەوە لە کەمبوونەوەی زینکدا پەککەوتنی ئەم کردە سروشتیانە تێبینی دەکرێت، نیشانەکانی کەمبوونەوەی زینک دیاریکراو نین ئەمەش گرفت بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە دروست دەکات، دەستنیشانکردنەکە لە ڕێگەی پشکنینی خوێن، پشکنینی میز، هەروەها پشکنینی قژەوە (مووەوە) دەکرێت و  پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە، نیشانەکانی کەمبوونەوەی زینک لە منداڵاندا بریتین لە:
سکچوون
• هەڵوەرینی قژ.
• ئاوسانی زمان.
• پووکانەوەی نینۆک
• کەمبوونەوەی بەرگری، کە ئەگەری ڕوودانی هەوکردن هەیە.
• گرفتی زاوزێ. 
• تێکچوونی دەماری و کەمبوونەوەی تەرکیز و لاوازی بیرگە.
• دواکەوتنی ساڕێژبوونەوەی برین. 
• گۆڕانی هەستی تام و بۆن. 


سەرچاوەکان



581 بینین