ئەو نهێنیانەی کە نابێت هاوسەرەکەت بیزانێت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-28-00:07:00 - کۆدی بابەت: 7015
ئەو نهێنیانەی کە نابێت هاوسەرەکەت بیزانێت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاوسەران پێویست دەکات کە هاوڕێی یەکبن و زۆرینەی نهێنییەکانی یەکتری بزانن، بەڵام هەمیشە مرۆڤ کۆمەڵێک نهێنی هەیە کە ناتوانێت بە هەموو کەسێکی بڵێت تەنانەت بە هاوسەرەکەشی چونکە دەکرێت هەندێک لە نهێنییەکان ژیانی هاوبەش تێک بدەن و نەوتنی باشتر بێت لە وتنی.

ئەو نهێنیانە چین کە نابێت هاوسەرەکەت بیزانێت؟

ئەو هەڵانەی کە لە ڕابردوودا ئەنجامت داوە

زۆرجار کە دەچیتە دەرەوە تووشی هەندێک حاڵەت دەبیتەوە یاخود لە ڕابردوودا کۆمەڵێک کارت ئەنجامداوە و کە ئێستا باسکردنی ئەمانە هیچ سوودێک ناگەیەنێت و بەڵکوو زۆرجاریش زیان دەگەیەنێت، گومانی تێدا نییە کە هاوسەران دەبێت کێشە و نهێنییەکانیان بە یەکتری بڵێن و پاڵپشتی یەکتر بکەن بەڵام کۆمەڵێک نهێنی هەیە کە وتنی هیچ سوودێک ناگەیەنێت، بۆ نموونە لە دەرەوە تووشی جۆرە کێشەیەک دەبیتەوە و چارەسەریش دەبێت، ئەگەر دەزانی کە هاوسەرەکەت بەوە تێکدەچێت پێویست ناکات باسی بکەیت چونکە چارەسەریش کراوە.

کێشەکان و قسەکانی خێزانەکانتان

لە هەموو پەیوەندییەکدا کێشە و قسەکردن هەر ڕوودەدات، ئەگەر هاتو خەسووت یاخود کەسێکی هاوسەرەکەت جۆرە قسەیەکی کرد پێویست ناکات کە بە هاوسەرەکەتی بڵێیت و بیکێشیتەوە بە ناوچاویدا چونکە لەو کاتەدا ئەو قسە گێڕانەوەیە هیچ سوودێک ناگەیەنێت و تەنها کێشە و شەڕ و ئاژاوەیەک دروست دەکات کە دواتر چارەسەری قورس دەبێت، بەڵام کاتێک تۆ هەڵەیەکت شاردەوە تەنها بەو کارەی کە کردووتە خۆت و خێزانەکات دەپارێزیت لە شەڕ و ئاژاوە و ناخۆشی.

پێش تۆ ئاشق بووم

ئەگەر پێش هاوسەرگیریت ئاشقی کەسێکی دیکە بوویت و بەڵام بە هەر هۆکارێک بووە نەتانتوانیووە بە یەک بگەن ئەوا پێویست ناکات لە ژیانی ئێستاتدا بۆ هاوسەرەکەتی باس بکەیت، چونکە ئەمە جگە لە دڵشکانی هاوسەرەکەت کێشەی دیکەی زۆر بەدوادا دێت و لەوانەیە هاوسەرت ئیتر متمانەت پێنەکات و وابزانێت کە ئێستاش لەگەڵیدای یاخود هەر بیری لێ دەکەیتەوە.

ڕقم لە خێزانەکەتە

ئەگەر هاتوو بە هەر هۆکارێکیش بووە ڕقێکت هەیە بەرامبەر خێزانی هاوسەرەکەت، هەرگیز نابێت ئەمە بدرکێنیت و ڕقەکەت ئاشکرا بکەیت و بە هاوسەرت بڵێیت چونکە خێزانی هەر کەسێک هێڵی سووری ئەو کەسەیە و بە هەمان شێوە پێویست دەکات کە خێزانی هاوسەرەکەشت هێڵی سووری تۆ بێت و چۆن ڕێزی خێزانی خۆت دەگریت ئاواش بیت بۆ ئەوان.


سەرچاوەکان



2771 بینین