عومەر سەید عەلی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-28-22:29:00 - کۆدی بابەت: 7023
عومەر سەید عەلی

ناوه‌ڕۆك

عومەر عەلی

عومەر سەید عەلی، یەکێکە لە سیاسەتوانانی کوردی باشووری کوردستان و لە مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٤٥ لەدایکبووە، ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕانە و لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە بووە لەدوای نەوشیروان مستەفا، پێشووتر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٠ و لە ١٩٧٦ دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ژیانی تایبەت

عومەری سەید عەلی، لە ساڵی ١٩٤٥ لە گەڕەکی شێخان لە سلێمانی لەدایکبووە. و بڕوانامەی خانەی مامۆستایانی هەیە لە ساڵی ١٩٧٤ و هەمان ساڵ دەبێتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول تا نسکۆی شۆڕش بەردەوام بووە، لە ١٩٧٥ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە، لە ١٩٧٦ پاش ئاشکرابوونی ڕێکخستنەکەیان، عومەری سەید عەلی لەگەڵ شەش سەرکردەی کۆمەڵە دەچێتە ئێران، لەوێ دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی عێراق دەکرێنەوە. دواتر لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ١١ی تەممووزی ١٩٧٦ شەش ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت، ساڵی ١٩٧٩ بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت. دوای ئازادبوونی لە زیندان، عومەری سەید عەلی بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا. لە ١٩٨٠ بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە لە بناری کێوەڕەش بریندار بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی سوید دەکرێت، لەوێ سەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی یەکێتی کردووە لە ئەورووپا. لە ھەموو کۆنگرەکانی یەکێتیدا، عومەری سەید عەلی بە ئەندامی سەرکردایەتی و پاشان مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردراوە. ھەروەھا ماوەیەک سەرۆکی شاندی یەکێتی بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی بۆ پڕۆسەی ئاشتی. جگە لە کاری حیزبی، عومەری سەید عەلی، لە ١٩٩٢ بووەتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. ماوەیەکیش بەرپرسی مەکتەبی دارایی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی بووە. ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، و قادری حاجی عەلی، و عوسمانی حاجی مەحموود، و محەممەد تۆفیق ڕەحیم، دەستی لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کێشایەوە، و بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەسەر لیستی گۆڕان خۆی کاندید کرد و دواتر کشایەوە. عومەری سەید عەلی، پێش ئەوەی بە ڕێکخەری گشتیی گۆڕان ھەڵبژێردرێت، سەرپەرشتیاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان بووە. ساڵی ٢٠١٦ و پێش کۆچی دواییی نەوشیروان مستەفا کاتێک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بەریتانیا بوو، لەڕێی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە لەندەن بریکارنامەیەکی گشتی بۆ عومەری سەید عەلی کرد، بۆ ئەوەی کارە یاسایییەکانی گۆڕان ڕابپەڕێنێت.

لە ڕۆژی ٢٠١٧/٧/٢٥ دەبێتە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و لە ٢٠١٩/٩/١٤ دووبارە بە ڕێکخەری گشتی هەڵدەبژێردرێتەوە.

دەست لەکارکێشانەوە

عومەری سەید عەلی لە ٢٠٢١/١٠/١٣ بەھۆی ئەنجامە خراپەکانی بزووتنەوەی گۆران لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٠٢١ کە نەیتوانی ھیچ کورسییەک بەدەست بھێنێت و لە ھەمان کاتدا وەک ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەو شکستە سیاسییەی گۆڕان، لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە بە شێوەی گشتی دەست لە کارکێشانەوەیان ڕاگەیاند.


سەرچاوەکان



446 بینین