تۆقین لە خەودا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-29-23:21:00 - کۆدی بابەت: 7039
تۆقین لە خەودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تۆقین لە خەودا یان تۆقینی شەوانە حاڵەتێکە کە لە شەودا ڕوودەدات لە کاتی نووستندا، کاتێک تۆقین لە خەودا ڕوودەدات کەسەکە خەبەری نابێتەوە، هاواردەکات و دەگری و بەدەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە، یان چەند ئاماژەیەک دەکات کە دەردەکەوێت ترساوە و شڵەژاوە، ئەم بەشەی خەو زۆرجار چەند خولەکێک دەخایەنێت و هەندێک جار دەگاتە ٣٠ بۆ ٤٠ خولەک، بۆیە بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی ئەو تۆقینەدا کەسەکە خەبەری نابێتەوە، هەندێک کەسیش ڕاستەوخۆ دوای بینینی مۆتەکە و تۆقین خەویان لێدەکەوێتەوە، تۆقینی شەوانە زیاتر لە منداڵاندا باوە، بەڵام زۆرجار لە کەسانی پێگەیشتووشدا ڕوودەدات، نزیکی ٢٪ کەسانی پێگەیشتوو ئەزموونی تۆقین لە خەودا دەکەن.

نیشانەکانی تۆقین لە خەودا

  • دانیشتن لەسەر جێگای نووستن و گریان یەکەمین نیشانەی تۆقینن.
  • قیژاندن و گریان.
  • چاوبڕینە دەوروبەر.
  • کەوتن یان جووڵەی لەناکاو لەسەر جێگا.
  • هەناسەدانی خێرا و توند.
  • خێرابوونی لێدانی دڵ.
  • ئارەقکردنێکی زۆر.
  • سەرلێشێوان.
  • هەستانەوە و بازدان لەسەر جێگا، یان ڕاکردن بەناو ژوورەکەدا، هەروەها ئەگەر هاوڕێیەک یان کەسێکی خێزانەکەی بیانەوێت ڕێگری لێبکەن لە ڕاکردن یان بازدان ئەوا ئەگەری هەیە کە تووشی پیاکێشان ببنەوە لەلایەن ئەو کەسەوە کە تۆقیوە.

بە شێوەیەکی گشتی تۆقین لە خەودا لە سەرەتای شەودا ڕوودەدات، بە درێژایی نیوەی یەکەم ماوەی نوستن، کاتێک کە دەکەویتە قۆناغی سێیەمی جۆری یەکەمی نووستن کە پێی دەوترێت خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو، (خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو: لە شەودا دوای تێپەڕبوونی سوڕی ئەم خەوە، خەوی خێرا جوڵاندنی چاو دەست پێدەکات، سوڕی ئەم خەوە بە درێژایی شەو بەردەوام دەبێت بۆ هەر ٩٠ خولەکێک، خەوی قووڵ لە کۆتا قۆناغی ئەم خەوەدا ڕوودەدات)، شتێکی باو نییە کە دووجار لە شەوێکدا کەسێک تووشی تۆقین ببێت، بەڵام ئەگەری ڕوودانیشی هەیە.
بە شێوەیەکی ئاسایی تۆقین لە خەودا چەند چرکەیەک بۆ خولەکێک دەخایەنێت، بەڵام دەکرێت بۆ ماوەی ١٠ خولەک یان زیاتر بەردەوام ببێت، دوای تۆقین لە خەودا خەڵک بە شێوەیەکی ئاسایی خەویان لێ دەکەوێتەوە و ئەو حاڵەتەیان بیر نامێنێت کاتێک بەیانی لە خەو هەڵدەستن.

هەروەها دەکرێت ئەم حاڵەتە لە ساڵێکدا جارێک یان چەند جارێک ڕووبدات یان بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبدات.

جیاوازی نێوان تۆقین لە خەودا و مۆتەکەی خراپ چییە؟

تۆقین لە خەودا وەک مۆتەکە دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو دووانە لە یەکتر جیاوازن، کاتێک کەسێک دوای بینینی مۆتەکە خەبەری دەبێتەوە بیرییەتی کە خەوەکەی چی بووە و چی بینیوە، بەڵام کاتێک کەسێک دەتۆقێت خەبەری نابێتەوە و کاتێک کە خەبەری بوویەوە بیریی نییە کە چی بینیوە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا دیمەنێکی کەمی خەوەکەی بیرە، بەڵام بە شێوەیەکی باو کەسەکە نازانێ چی بینیوە و چی کردووە.

هۆکارەکان

تۆقین ڕوودەدات کە بە شێوەیەکی کەم خەبەرت دەبێتەوە (نیوە خەبەربوونەوە) کاتێک لە قۆناغی خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاودایت، ئەم تۆقینە ڕوودەدات کاتێک لە قۆناغێکی خەوەوە دەچیتە قۆناغێکی دیکە، کە بەخەبەرنیت بەڵام بە تەواویش نەخەوتوویت، تاکوو ئێستاش هۆکارێکی دیاریکراو بۆ ئەم نیوە خەبەربوونەوەیە و پەیوەندییەکەی بە تۆقینەوە نەزانراوە، بەڵام چەند هۆکارێک دیاریکراون کە بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆڵیان هەیە لەم تۆقینە، هۆکارەکان بریتین لە:

دۆخی دەروونی

هەندێک لەو کەسە پێگەیشتووانەی ئەزموونی تۆقینی شەوانە دەکەن، کە لەگەڵ کێشەی دەروونی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و نەخۆشی دووجەمسەریدا دەژین، جگە لەوانە تۆقین پەیوەست کراوە بە کۆسپی دەروونی و پەستانی توند و درێژخایەنی دەروونیەوە.

کێشەکانی هەناسەدان

کێشەکانی هەناسەدانی وەک هەناسە توندی لە خەودا مەترسی تۆقین لە خەودا زیاد دەکەن، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر ٢٠ کەس ئەنجامدراوە، چاودێری پەستانی سورێنچکیان کردبوو لە شەودا، بۆ ئەوەی بزانن کە چۆن کێشەکانی هەناسەدان دەبنەهۆی تۆقین لە خەودا، ئەنجامەکە پێشبینی ئەوەی کرد کە ئەو کەسانەی کێشەی خەوتنیان هەیە وەک تۆقین لە خەودا زیاتر ئەگەری ئەزموونی کێشەکانی هەناسەدانیان هەیە لە کاتی خەوتندا، توێژەران پێیان وایە ئەمە واتای ئەوە بێت کە هەوڵدانی زیاتر بۆ هەناسەدان دەبێته هۆی ئەوەی کەسەکە لەناکاو هەستێتەوە و ڕاپەڕێت لە خەو، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تۆقین و چەند کێشەیەکی دیکەی خەو.

هۆکارەکانی دیکە

  • خەوزڕانی دوای گەشتکردن.
  • ئازاری بەردەوامی قاچەکان.
  • کەمخەوی.
  • ماندوو بوونێکی زۆر.
  • دەرمانی وەک هاندەر و دژەخەمۆکی.
  • تا.
  • خواردنەوە کحولییەکان.

دیاریکردن

تۆقین لە خەودا هەندێک کات قورسە لە کەسانی پێگەیشتوودا دەستنیشان بکرێت چونکە بە شێوەیەکی دیاریکراو و لە کاتی دیاریکراودا ڕوونادات، هەروەها زۆرجار کەسەکە بیری نەماوە کە لە خەودا تۆقیوە.

ڕێگریکردن لە تۆقینی کاتی خەوتن

تۆقین لە خەودا هەمیشە پێویستی بە چارەسەر نییە، بەڵام ئەگەر ئەم نیشانانەی هەبێت لەوانەیە زیانبەخش دیاربێت:

  • ئەگەر تۆقینی شەوانە کاریگەری نەرێنی هەبوو لەسەر خۆت یان هاوبەشی ژیانت یان پەیوەندییەکانت.
  • کە لە خەو هەڵدەستیت هەست بە ئاسوودەیی ناکەیت.
  • تۆقین لە خەودا کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر چالاکی ئاسایی و ژیانی ڕۆژانە.
  • کردارەکانت لەکاتی تۆقیندا وەک (بازدان و ڕاکردن) زیانبەخش بێت بۆ خۆت و هاوبەشی ژیانت.

بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەری تۆقین لە خەودا بکرێت دەبێت سەرەتا دەربارەی هۆکارەکانی زانیاریت هەبێت، زانینی هۆکارەکان دەتوانرێت یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی تۆقینەکە کەم بکرێتەوە یان بە تەواوی بوەستێنرێت، هەوەها بەم ڕێگایانەی خوارەوە دەتوانرێت تۆقین لە خەودا کەم بکرێتەوە:

کاتی نووستنت ڕێکبخە

  • سەرەتایەکی باش بۆ ڕێگریکردن لە تۆقین لە خەودا دانانی کاتێکی ڕێک و دیاریکراوە بۆ نووستن، بۆت دەردەکەوێت کە تەنها خەوتنێکی باش و لە کاتێکی دیاریکراودا بەسە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تۆقینی شەوانە ببیتەوە.
  • هەوڵبدە پێش خەوتن دووربیت لە بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی و کارکردن و هەر چالاکییەکی دیکەی هاندەر.
  • لەبری ئەوە هەوڵبدە گەرماوێکی گەرم بکەیت یان کتێبێک بخوێنیتەوە.
  • لە درەنگانێکی شەودا دووربە لە خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە کافایینیان تێدایە.
  • خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان سنووردار بکە.
  • ژووری نوستنەکەت با ئاسوودەبەخش و هێمن بێت.

کەسێک هەبێت بتوانێت خەبەرت بکاتەوە

ئەگەر شەوانە لە هەمان کاتدا تووشی تۆقین دەبیت، ئەوا هەوڵبدە ١٥ خولەک پێش ئەو کاتە خەبەرت ببێتەوە، بۆ ماوەی چەند خولەکێک بوەستە و پاشان بخەوەرەوە.


سەرچاوەکان



1881 بینین