مەلەکردن لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-31-22:10:00 - کۆدی بابەت: 7051
مەلەکردن لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا دەکرێت زۆر سوودبەخش بێت و دەکرێت بۆ هەندێک خانمیش قەدەغە بێت و زیانی هەبێت، بەڵام سوودەکانی زیاترە و تاکە وەرزشە کەمترین زیان و قورسی هەبێت بۆ دایکی دووگیان و لەگەڵیشیدا سوودی زۆرە.

چەند ڕێنماییەک پێش مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا

  • دەبێت ٣ جار لە هەفتەیەکدا خانمەکە مەلە بکات و زیاتر نەبێت و کاتەکەشی ٣٠ خولەک بێت.
  • هەر ١٥ خولەک جارێک پشوو بدە و ئاوی باش بخۆرەوە.
  • هەڵبژاردنی حەوزێکی باش و کراوە بۆ مەلەکردن.
  • ئاوێکی پاک کە دووربێت لە میکرۆب و پیسی و هەروەها دووربێت لە ماددەی کیمیاییە پاککەرەوەکان.
  • وا پێویستە کە حەوزی مەلەکردنەکە سەر کراوە بێت تاکوو حاڵەتی هەناسەتوندی ڕوونەدات.
  • نابێت ماوەیەکی زۆر بمێنیتەوە لەناو حەوزەکەدا.
  • هەناسەدانی قووڵ لە هەوای پاکدا.
  • ئاگاداربیت کە نەخلیسکێیت و نەکەویتە سەر زەوی.
  • نابێت لە ساونا و جاکوزیدا مەلە بکەیت.
  • بەتەنها مەڕۆ بۆ مەلەکردن.
  • نابێت ئاوەکە زۆر سارد یاخود زۆر گەرم بێت.
  • پێش ئەوەی کە دەست بکەیت بە مەلەکردن دەبێت وەرزشی خۆگەرمکردن ئەنجام بدەیت تاکوو جەستەت گەرم ببێت.
  • دەتوانیت بە درێژایی ماوەی دووگیانی سوود لە شێوازی باڵەمەلە وەربگریت.
  • لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانیدا واباشترە کە شێوازی بۆقەمەلە ئەنجام بدەیت.
  • بەهۆی پەستانی زۆر لەسەر پشت و کەمەر نابێت ژێرە مەلە ئەنجام بدەیت.

سوودەکانی مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا

نقوم بوونی جەستە لە ئاودا

یەکێک لە سوودە گرنگەکانی ئەوەیە کە هەموو جەستەی خانمەکە لەناو ئاودایە و جەستە هیچ پەستانێک ناخاتە سەر پشت و قاچی دایکەکە.

ئارامی دەروونی

بە بەراورد بە وەرزشەکانی دیکە زۆرترین ئارامی دەروونیت پێ دەبەخشێت و ئەنجامدانی لەگەڵ یۆگادا زۆر سودبەخشە.

چالاککردنی سوڕی خوێن

مەلەکردن جەستە و ماسولکەکانی جەستە بەهێز دەکات و سوڕی خوێن چالاک دەکات بۆ بەشەکانی جەستە.

دابینکردنی ئۆکسجین

مەلەکردن وەرزشێکی هەواییە و واتە ئۆکسجین بۆ جەستەی دایک و منداڵەکەش دابین دەکات.

کەمکردنەوەی ئازاری پشت

مەلەکردن پەستانی زۆر لەسەر پشت کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکەی.

جێگیری پلەی گەرمی جەستە

لە ماوەی دووگیانیدا پلەی گەرمی جەستە بەرز دەبێتەوە بە مەلەکردن دەتوانیت پلەی گەرمی جەستەت جێگیر بکەیت.

باشترکردنی کارەکانی دڵ

مەلەکردن لە ماوەی دووگیانیدا کار و چالاکییەکانی دڵ و دەمارەکان باشتر دەکات.

خاوکردنەوەی ماسولکەکان

خانمانی دووگیان بەگشتی تووشی کەشەنگبوونی ماسولکەکان دەبن و ماسولکەکانیان ڕەق دەبێت، بە مەلەکردن لەمە ڕزگاریان دەبێت.

بەرزکردنەوەی چالاکی کۆئەندامی بەرگری جەستە

ئاو هەمیشە چارەسەرێکی باشە بۆ زۆرینەی نەخۆشییەکان و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری جەستە و کە دژی نەخۆشییەکان بجەنگێت.

جێگیری کێشی جەستە

ڕێگایەکە تاکوو کێشی جەستە جێگیر بێت و ڕێگری دەکات لە زیادبوونی کێش.

خەوێکی باشتر

زۆرینەی خانمان بەهۆی قورسی و هەناسەتوندییەوە خەوێکی باشیان نییە لە ماوەی دووگیانیدا بە مەلەکردن ئەم کێشەیەیان چارەسەر دەبێت.

جەستەیەکی تەندروستتر

مەلەکردن قەبزی و بای سک کەم دەکاتەوە و جەستە چالاک دەکات.

کاریگەری مەلەکردن لە سێ مانگەکانی دووگیانیدا

لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوەی بەیانیان کەمتر دەکاتەوە.

کۆنتڕۆڵی زیادبوونی لەناکاوی کێش دەکات لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا.

لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا ئەنجامدانی بۆقەمەلە زۆر گرنگە و کە دەبێتە هۆی کێشهاتنی ماسولکەکانی سنگ و کورتکردنەوەی ماسولکەکانی پشت.

هۆکاری بەکارنەهێنانی ساونا و جاکوزی

بەکارهێنانی ساونا و جاکوزی لە ماوەی دووگیانیدا قەدەغەیە، بوون لە شوێنێک کە زۆر گەرم بێت و ڕێژەی شێی زۆر بێت وادەکات کە ئۆکسجینی جەستە کەم بکات و کەمتر ئۆکسجین بڕوات بۆ خۆت و منداڵەکەت، هەروەها ئاوی جەستەت لەدەست دەدەیت، وە لەوانەیە لە هەفتەکانی یەکەمی دووگیانی تاکوو هەفتەی ١٢ـم کێشە دروست بکات لە دروستبوونی بەشەکانی جەستەی منداڵەکەدا و گەشەکردنی، پلەی گەرمی جەستە لەم کاتەدا بەرز دەبێتەوە و بۆ ئەوەی پلەی گەرمی کەم ببێتەوە جەستە وادەکات کە وروژمی خوێن لە پێستدا زیاد بکات و کەمتر بچێت بۆ مێشک و بەمەش خانمەکە دەبوورێتەوە.

چ کاتێک نابێت مەلە ئەنجام بدەیت لە ماوەی دووگیانیدا؟

لە چ کاتێکدا دەبێت واز لە مەلەکردن بهێنیت؟

کاتێک لە کاتی مەلەکردنەکەدا ئەم حاڵەتانەت بەسەردا هات، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت و وازبهێنیت لە مەلەکردن:

  • خوێنبەربوون لە دامێنەوە.
  • نەمانی جووڵەی منداڵ.
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە.
  • هەناسە توندی.
  • سەرگێژخواردن.
  • بێهێزی و بوورانەوە.
  • سەرئێشە.
  • ئازاری سەر سنگ.
  • ئازاری پشت و مل.
  • بوونی کێشە لە کاتی ڕۆشتندا.
  • گرژبوونی بەردەوامی منداڵدان.
  • تەقینی پەردەی سەراو.


سەرچاوەکان



755 بینین