یۆگا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-02-00:22:00 - کۆدی بابەت: 7062
یۆگا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یۆگا (بە ئینگلیزی: yoga) بریتییە لە چەند چالاکی یان وەستانێکی جەستەیی و دەروونی و ڕۆحی کە بۆ یەکەمجار لە هیندستانی کۆن سەری هەڵداوە، چالاکییەکانی یۆگاکردن بریتیین لە کۆنترۆڵکردن و ئارامکردنەوەی مێشک بە وەستان و کۆکردنەوەی بیر و هەناسەی قووڵ، چەندین جۆری جیاواز لە شوێنی تایبەت بە یۆگاکردن و ڕاهێنان و ئامانجەکانی یۆگا بوونی هەیە، بە شێوازی هیندۆسی و بوزی و جاینیزم و چەندین جۆری ڕەسەن و مۆدێرن یۆگا ئەنجام دەدرێت لە هەموو جیهاندا.

مێژوو

یەکەمین بەکارهێنانی وشەی یۆگا لە کۆکراوەیەکی چەند نووسراوێکی ڕەسەندا دەرکەوتووە، وشەی یۆگا لە وشەی (yuj)ـیی زمانی هیندیی ڕەسەنەوە هاتووە کە بە مانای (یەکگرتن) یان (بەیەکەوە بەستن) دێت، بەکارهێنانی یۆگا دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە هیندستانی باکوور، لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٨٩٠ ڕەبەنە هیندییەکان زانیاری و لێهاتوویەکی خۆیان لە یۆگادا بە ڕۆژئاوادا بڵاوکردەوە، تەکنیکە پێشکەوتووەکانی یۆگا بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناوبانگ بوو لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا لە نزیکی ساڵانی ١٩٧٠.

ئامانجی یۆگا

ئامانجی گشتی یۆگا پەیوەستکردنی مێشک و لەش و ڕۆحە، شەش لقی یۆگا بوونی هەیە کە هەر لقێک دەرخەری جۆرێکی جیاوازی سەرنج و کۆمەڵێک تایبەتمەندین، شەش لقەکە بریتیین لە:

  • یۆگای هاتا - Hatha yoga: لقێکی جەستەیی و هۆشییە کە ئامانجی گەشەپێدانی مێشک و لەشە.
  • یۆگای ڕاجا - Raja yoga: ئەم لقە تێڕامان و لایەنگری سەخت بە چەند هەنگاوێکی پەیوەستکراو بە یەکەوە دەگرێتەوە، ئەم هەنگاوانە بە هەشت پەلی یۆگا ناسراوە.
  • یۆگای کارما - Karma yoga: ئەم لقە بریتییە لە ڕێگایەکی خزمەت کە ئامانجی بنیادنی داهاتوویەکی خاڵییە لە بیری نەرێنی و خۆپەرستی.
  • یۆگای باکتی - Bhakti yoga: ئامانجی دامەزراندنی ڕێڕەوی دڵسۆزی و ڕێگایەکە بۆ ئاڕاستەکردنی هەستەکان و دڵفراوانی و توانای قبوڵکردن.
  • یۆگای جنانا - Jnana yoga: ئەم لقەی یۆگا دەربارەی ژیریی و ڕێڕەوی بەخشندەیی و گەشەسەندنی بیرە.
  • یۆگای تانترا - Tantra yoga: ئەم یۆگایە ڕێگای نەریت و ئاهەنگ و دروستکردنی پەیوەندی وەک هاوسەرگیرییە.

جۆرەکانی یۆگا

  1. یۆگای ئاشتانگا - Ashtanga yoga: ئەم جۆرە ڕاهێنانەی یۆگا شێوازە ڕەسەنەکانی یۆگای تێدا بەکاردێت، کە لە ساڵانی ١٩٧٠ باوبووە.
  2. یۆگای بیکرام - Bikram yoga: ئەم جۆرەی یۆگا بە یۆگای گەرمیش ناسراوە، لە ژوورێکدا ئەنجام دەدرێت کە پلەی گەرمی نزیک بێت لە ١٠٥ پلەی فەهرەنایت و ڕێژەی شێ تێیدا ٤٠٪ بێت، پێکدێت لە ٢٦ وەستان و دوو ڕاهێنانی هەناسەدانی یەک لەدوای یەک.
  3. یۆگای هاتا - Hatha yoga: دەستەواژەیەکی ڕەگەزییە بۆ هەر جۆرێکی یۆگا کە تێیدا فێری وەستانی جەستەیی ببیت.
  4. یۆگای ئاینگەر - Iyengar yoga: ئەم جۆرەی ڕاهێنانی یۆگا، سەرنج دەخاتەسەر دۆینەوەی وەستانی ڕاست بەیارمەتی مەودایەک لە پشتگیری وەک بلۆک و بەتانی و کورسی.
  5. یۆگای کریپالو - Kripalu yoga: لەم جۆرەی یۆگادا کەسەکە فێردەکرێت کە لە لەشیەوە فێربێت و بزانێت و قبوڵ بکات، قوتابییەکانی کریپالو فێردەبن کە ئاستی ڕاهێنانی خۆیان بزانن بە ڕووانینە ناخی خۆیان.
  6. یۆگای کوندالینی - Kundalini yoga: سیستمێکە لە تێڕامان کە ئامانجی دەرکردنی وزەی کپکراوە.
  7. یۆگای هێز - Power yoga: لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٨٠ ڕاهێنەرەکانی یۆگا ئەم جۆرە چالاکەی کە لە یۆگای ئاشتانگای ڕەسەنەوە سەرچاوەی گرتبوو پەرەپێدا.
  8. یۆگای سیڤانادا - Sivananda: ئەم سیستمە پێنج فەلسەفەی تێدایە کە بریتین لە هەناسەدانی گونجاو، ئارامبوونەوە، پارێزی خۆراک، ڕاهێنانکردن، بیرکردنەوەی ئەرێنی و کارکردن بەیەکەوە بۆ دروستکردنی شێوازێکی ژیانی یۆگایی تەندروست.
  9. یۆگای ڤینی - Viniyog: ئەم جۆرەی یۆگا سەرنج دەخاتەسەر دروستکردنی کارکردن و هەناسەدان و گونجاندنی زۆر.
  10. یۆگای یین - Yin yoga: شوێنی خۆی دەگرێت بە سەرنج خستنەسەر ڕاگرتنی وەستانی سست بۆ ماوەیەکی درێژ.
  11. یۆگای پێش منداڵبوون - Prenatal yoga: ئەم یۆگایە یارمەتیدەرە بۆ خانمان تاکوو بگەڕێنەوە شێوەی پێشووی خۆیان لەدوای منداڵبوون، هەروەها یارمەتی بە تەندروست مانەوەی خانمان دەدات لە کاتی دووگیانیدا.
  12. یۆگای نوێکەرەوە - Restorative yoga: جۆری ئارامبوونەوەی یۆگایە، چەند وەستانێکی سادە لەخۆ دەگرێت.

تێبینی: پێویستە ئەم جۆرانەی یۆگا بەپێی ئامانج و گونجاوی کەسەکان هەڵبژێردرێت بەیارمەتی کەسانی شارەزا.

چاکراکان - Chakras

وشەی چاکرا بە مانای چەرخی ڕستن دێت (بە ئینگلیزی: spinning wheel)، لە یۆگادا ئەم چاکرانە بە چەقی وزە و بیرکردنەوە و هەست و لەشی فیزیکی دادەنرێن، بەپێی بیروباوەڕی مامۆستاکانی یۆگا، چاکرا ئەوە دەدۆزێتەوە کە خەڵکی چۆن لەڕێگای کاردانەوەی هەستەکان، خواست یان بێزاری، ڕێژەی باوەڕبەخۆبوون یان ترس و نیشانە و کاریگەری جەستەییەوە ئەزموونی ڕاستی دەکەن.
کاتێک لە چاکرایەکدا وزە ڕێگری لێدەکرێت دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە هەست و بیر و دۆخی فیزیایی جەستەدا، کە ئەمە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی وەک دڵەڕاوکێ و بێهێزی و لاوازی هەرسکردن.
ئاساناکان (بە ئینگلیزی: Asanas) بریتیین لە چەند وەستانێکی جەستەیی لە یۆگای (هاتا)دا، ئەو کەسانەی یۆگا دەکەن ئاساناکان بەکاردێنن بۆ دەرکردنی وزە و ڕێگریکردن لە ناهاوسەنگی چاکرا.
حەوت جۆری سەرەکی لە چاکراکان بوونی هەیە کە هەریەکەیان خاوەنی سەرنجی تایبەتن، جۆرەکان بریتین لە:

  • سەهاسرارا - Sahasrara - چاکرای تاج: ئەم چاکرایە دەکەوێتە سەرەوە، هێمای پەیوەستیی ڕۆحییە.
  • ئاجنا - Ajna - چاوی سێیەمی چاکرا: دەکەوێتە نێوان برۆکانەوە، کە پێویستە بە ژیرییەوە ئانجام بدرێت.
  • ڤیشوودا - Vishuddha - چاکرای گەروو: گونجاوە بۆ بەرگری و پەیوەندی زارەکی.
  • ئاناهاتا - Anahata - چاکرای دڵ: دەکەوێتە ناوەندی سنگەوە، کاریگەری دەخاتەسەر پەیوەندییە کەسی و پیشەییەکان، هەر ناهاوسەنگییەک لەم چاکرایەدا کاریگەری دەخاتەسەر ئۆکسجین و هۆرمۆن و شانەکان و کۆنترۆڵی ئەندامە سەرەکییەکانی لەش.
  • مانیپورا - Manipura - دەمارەکانی بۆشایی سک: دەکەوێتە ناوچەی گەدەوە، گونجاوە لەگەڵ متمانە بەخۆبوون و ژیریی و پشت بەخۆبەستن
  • سڤادیشتانا - Svadhishthana - چاکرای پیرۆز: ئەم چاکرایە خوارووی ناوک دەگرێتەوە، دڵخۆشی و باشبوون و چالاکی پێکەوە کۆدەکاتەوە.
  • مولادهارا - Muladhara - چاکرای ڕەگ: دەکەوێتە بنچینەی بڕبڕەی پشتەوە، مێشک و لەش پەیوەست دەکات بە زەوییەوە بۆ ئەوەی کەسەکە بە خاکی بهێڵێتەوە.

سوودەکانی یۆگا

نزیکی ٩٤٪ ئەو کەسە پێگەیشتووانەی کە ڕاهێنانی یۆگا ئەنجام دەدەن هەست بە تەندروستییەکی باش دەکەن، یۆگا چەندین سوودی جەستەیی و دەروونی هەیە کە بریتیین لە: 

  • بنیادنانی ماسولکەی بەهێز.
  • لەش پتەو دەکات.
  • توانای هەناسەدان باشتر دەکات.
  • یارمەتی پاراستنی تەندروستی دڵ دەدات.
  • یارمەتیدەرە بۆ وەرگرتنی چارەسەری ئالوودەبوون.
  • پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ئازاری درێژخایەن کەم دەکاتەوە.
  • یارمەتیدەرە بۆ بوونی خەوێکی باش.
  • بە گشتی تەندروستی لەش باش دەکات و شێوازی ژیان بەرەوپێش دەبات.

مەترسی و کاریگەری لاوەکی

  • زۆربەی جۆرەکانی یۆگا نیانن و سەلامەتن بۆ خەڵکی ئەگەر بە شێوەیەکی باش ڕاهێنانیان لەسەر بکرێت لەژێر چاودێری مامۆستای شارەزادا، دەگمەنە کە تووشی زیانێکی مەترسیدار ببیت لە کاتی ئەنجامدانی یۆگادا، باوترین زیانەکان لە کاتی ڕاهێنانی یۆگادا بادران و پێچخواردنی لەشە.
  • خانمانی دووگیان و ئەو کەسانەی کە هەندێک کێشەی تەندروستی وەک ئێسکە نەرمە یان ئاوی ڕەشی چاویان هەیە، پێویستە سەرەتا ڕاوێژ بە پزیشک بکەن پاشان ئەگەر گونجاوبوو بۆیان دەست بکەن بە ئەنجامدانی یۆگا.
  • هەندێک کەس ئەگەر هەستیان کرد هەندێک جۆری یۆگا دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بارودۆخی تایبەتییان، پێویستە دووربن لەو جۆرە یان گۆرانکاری تێدابکەن.
  • ئەو کەسانەی سەرەتای دەستکردنیانە بە یۆگاکردن پێویستە دووربن لە تەکنیکە قورسەکانی وەک وەستاندنی سەر و هەناسەی زۆر بەهێز.


سەرچاوەکان



2760 بینین