قەل

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-02-16:35:00 - کۆدی بابەت: 7069
قەل

ناوه‌ڕۆك

قەلەکان

قەل یان عەلەشیش (بە عەرەبی: الديك الرومي، بە ئینگلیزی: turkey)، بە یەکێک لە باڵندە ماڵییەکان پۆلێندەکرێت، کە بۆ سوود بینین لە گۆشت و پەڕ و هێلکەکەی بەخێودەکرێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەری ئەمریکای باکوورە و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو پلەی دووەمی گرتووە لە بەخێوکردنی، کە ساڵانە ٤٨ ملیۆن دانەیان بەخێودەکات، ئیتاڵیاش پلەی سێیەمی هەیە کە ساڵانە ٢٣ ملیۆن دانە بەخێودەکات، هەموو باڵندەکان دەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە کە پێی جیادەکرێنەوە، ئەو دەنگە تایبەتمەندەی کە قەل هەیەتی تەنها نێرینەکان توانای دەرکردنیان هەیە، بەڵام دەنگی مێینەکان نزم و جیاوازە و دەنگە تایبەتمەندەکەیان نییە.

سوودەکانی گۆشتی قەل

بە بەراورد بە گۆشتی مریشک بڕێکی کەم چەوری و کۆلیستڕۆڵ لە گۆشتی قەلدا هەیە، لەگەڵ بڕێکی زۆر ڤیتامین و ترشی ئەمینی بنچینەیی، گرنگترینیشیان تریپتۆفانە، کە پێکهێنەرێکی سەرەکی دروستکردنی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنینە، ئەم هۆڕمۆنە ژمارەیەکی زۆر فرمانی هەیە کە یەکێکیان زیادبوونی ویستی خەوتنە، بۆیە پاش خواردنی گۆشتی قەل ئارەزووی خەوتنیش زیاد دەکات.

شێوەی دەرەوەی

قەل یەکێکە لە باڵندە قەبارە گەورەکان، دوو قاچی ناسکی هەیە هەریەکەیان ٣ پەنجەی پێوەیە، کە هاوکاری دەکات لە پاراستنی هاوسەنگی جەستەی و هەڵکۆڵینی خۆڵ و ڕووشاندنی، نێرینەکان تایبەتمەندن بە سەرێکی سوور کە پێی دەوترێت پۆپنە و تایبەتمەندن بە هەبوونی بەشێکی درێژبووەوە لە قوڕگیاندا، هەروەها کێش و قەبارەی قەلەکان بە گوێرەی تەمەن و جۆرەکانی دەگۆڕێت.

یەکگرتن و زۆربوون

قەلەکان زۆر زیرەک و هەستیارن و بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە پەیوەستی یەکدی دەبن کە هاوشێوەی نزیکبوونەوەی سەگەکانە، نێرینەکان هاوشێوەی تاووسەکان پەڕەکانیان بڵاودەکەنەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان و نزیکبوونەوەیان لە یەکدی، لە کاتی وەرزی یەکگرتنیاندا جووتەکان ئارەزووی جێگەی دابڕێنراو دەکەن کە دوور بێت لە کۆمەڵەکانیان، دوای یەکگرتنی نێرینە و مێینەکە، مێینەکە لەسەر هێلکەکانی کڕدەکەوێت و ماوەی مانەوەشی لەسەر هێلکەکانی ٢٨ ڕۆژ دەخایەنێت، پاشان ئەگەر هێلکەکە پیتێنراو بێت ئەوا بێچووە قەلەکان لەدایکدەبن.

جۆرە سەرەکییەکانی قەل

  • قەلی سووک: ئەم قەلانە بە گوێرەی تەمەن و ڕەگەز جیاوازییان هەیە، نێرینە پێنەگەیشتووەکان (قەل) ٤.٩ کگم دەبن و مێینە (قەلەموون)ە پێنەگەیشتووەکان کێشیان دەگاتە ٣.٨ کگم، بەڵام دوای گەشتنیان بە قۆناغی پێگەیشتن و بەدەستهێنانی توانای زۆربوون، نێرینەکان دەگەنە ٨-١١ کگم و مێینەکانیش ٥-٦ کگم، ئەم جۆرە لە قەلەکان بۆ زۆربوون بەخێو دەکرێن، چونکە لە تەمەنێکی کەمەوە توانای وەچە خستنەوەیان هەیە، کە بریتییە لە تەمەنی ٩-١٢ هەفتەیی، وە مێینەکان ساڵانە توانای هێلکە کردنێکی زۆریان هەیە، کە دەگاتە ١٠٠-١٣٠ هێلکە و لە گرنگترین نەوەکانی ئەم جۆرە بریتین لە قەلی برۆنزی و قەلی بلێستیڤلی سپی.
  • قەلی قورس: پێش قۆناغی پێگەیشتن نێرینەکان کێشیان دەگاتە ٥-٦ کگم و مێینەکانیش دەگەنە ٥ کگم، بەڵام دوای پێگەیشتن نێرینەکان دەگەنە ٢٠-٢٢ کگم و مێینەکانیش ٨-١٠ کگم دەبن، ئەم جۆرانە بەخێودەکرێن بۆ سوود بینین لە گۆشتەکەیان و دواتر بەکارهێنانیان وەک ژەمی خۆراکی لە ئوتێل و چێشتخانەکان یاخود هەندێك لە بۆنەکان کە پێویستی بە پێشکەشکردنی گۆشتی ئەم جۆرە باڵندەیە دەبێت، بۆیە ئەم جۆرەیان ئابوورییەکی زیاتری هەیە بەراورد بە جۆرە سوکەکە.
  • قەلی ناوەند: ئەم جۆرەیان لە ڕووی بەرهەم هێنانەوە لە نێوان دوو جۆرەکەی پێشوودایە، کێشی نێرینە پێنەگەیشتووەکان دەگاتە ٥ کگم و مێینەکانیش ٤ کگم دەبن، دوای گەورەبوونیان و گەشتنیان بە قۆناغی پێگەیشتن نێرینەکان لەوانەیە ببن بە ١٤-١٦ کگم و مێینەکان ببن بە ٧-٩ کگم.

شێوازی دروستی ماڵیکردنی قەلەکان

شوێن و جێگەی نیشتەجێبوونی قەلەکان هاوشێوەی مریشکەکانە لە ڕووی پێداویستییەکانییەوە، بەڵام تەنها قەبارەکەی دەبێت ٥ هێندەی ئەوەی مریشکەکان بێت، وەک ئەوەی داپۆشرابێت بۆ پاراستنی لە تیشکی خۆر و بەرزییەکەشی نزیکەی ٢ م ببێت، بڕی ژەمە خۆراکییەکەی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، جۆرە قورسەکان ڕۆژانە ٣٥٠ گم خۆراکیان پێویستە، لە کاتێکدا جۆرە سوکەکان پێویستیان بە ٢٥٠ گم خۆراک هەیە، هەروەها پێش وەرزی زۆربوون دەبێت دەرزی بۆ قەلەکان بکرێت بۆ زیادکردنی ئەگەری دروستبوونی هێلکەی پیتراو و نێرینە و مێینەکە ببرێنە جێگەیەکی دابڕینراو هەفتەی جارێک یاخود دوو هەفتە جارێک، دواتر جێگەی تایبەت بۆ هێلکەکان ئامادەبکرێت، کە لەسەر تەختەیەک هێلانەی بۆ دروستبکرێت.


سەرچاوەکان



1963 بینین