سوودە تەندروستییەکانی یۆگا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-02-23:15:00 - کۆدی بابەت: 7073
سوودە تەندروستییەکانی یۆگا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یۆگا ڕاهێنانێکی بەناوبانگە کە گرنگی دەدات بە هەناسەدان و هێز و جیڕیی، چالاکییەکانی یۆگاکردن بریتیین لە کۆنترۆڵکردن و ئارامکردنەوەی مێشک بە وەستان و کۆکردنەوەی بیر و هەناسەی قووڵ، ئەنجامدانی یۆگا چەندین سوودی جەستەیی و دەروونیت پێ دەبەخشێت، لە ساڵی ٢٠١٢ بەپێی چاوپێکەوتنێکی ڕێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی نزیکی ٩٤٪ خەڵکی ئەمریکا یۆگایان ئەنجامداوە لەبەر سوودە تەندروستییەکانی و هەستکردن بە باشتربوونی تەندروستییان، ئەو کەسانەی کە یۆگایان ئەنجاداوە باسیان لەوە کردووە کە یۆگا سوودی هەبووە بۆ تەندروسییان بە:

  • هانی داون تاکوو زیاتر ڕاهێنان بکەن.
  • هانی داون تاکوو زیاتر بە تەندروست نان بخۆن.
  • یارمەتیدەربووە بۆ بوونی خەوێکی باش.
  • ئاستی پەستانی دەروونی کەم کردوونەتەوە.
  • هانی داون خواردنەوە کحولییەکان و جگەرەکێشان کەم بکەنەوە.

سوودە تەندروستییەکانی یۆگا

پەستانی دەروونی کەم دەکاتەوە

زۆرجار خەڵکی بۆ کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی و ئارامبوونەوە یۆگا ئەنجام دەدەن، زاناکان ئێستا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە یۆگا چۆن پەستانی دەروونی کەم دەکاتەوە، دەردانی بەردەوامی هۆڕمۆنەکانی پەستانی وەک ئەدریناڵین و کۆرتیزۆڵ، دەبێتە ھۆی زیانگەیاندن بە دەمارەکانی خوێن و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، توێژەرەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئەو کەسانەی یۆگا ئەنجام دەدەن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵیان نزم دەبێتەوە، هەروەها ئەوەیان سەلماندووە کە ئەنجامدانی ڕاهێنانەکانی یۆگا بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٣ مانگ دەبێتە هۆی دابەزاندنی کۆرتیزۆڵ و کەمکردنەوەی ئەو سایتۆکینانەی کە دەبنە هۆی هەوکردن.

کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ

زۆربەی خەڵکی هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن لە چەند کاتێکی جیاوازی ژیانیاندا، دڵەڕاوکێ نیشانەیە بۆ بوونی چەندین حاڵەتی تەندروستی دیکەی وەک فۆبیا و ترس، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدراوە ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە ئەنجامدانی یۆگای جۆری هاتا (جۆرێکی تایبەتی یۆگایە) کاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر دڵەڕاوکێ، هەروەها ئەو کەسانەشی کە لە بەرزترین ئاستی دڵەڕاوکێدا بوون و یۆگایان ئەنجامداوە سوودیان لێ بینیوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی دڵەڕاوکێکەیان.
هەروەها لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجامدراوە ئەوە خراوەتەڕوو کە یۆگا هەستی دەروونی باش دەکات و زیاتر ئاستی دڵەڕاوکێ دادەبەزێنێت بە بەراورد بە پیادەڕەوی.

خەمۆکی کۆنترۆڵ دەکات

ساڵانە لە هەموو جیهاندا کەسانێکی زۆر بەدەست تووشبوون بە خەمۆکییەوە دەناڵێنن، چەندین چارەسەری سروشتی و دەروونی بوونی هەیە بۆ چارەسەرکردنی خەمۆکی، یۆگا یەکێکە لەو چارەسەرانەی کە وەک چارەسەرێکی تەواوکەری خەمۆکی بەکاردێت، پێداچوونەوەیەکی ڕێکخراوەیی کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجامدراوە ئەوەی سەلماندووە کە یۆگا دەتوانێت نیشانە بێزارکەرەکانی خەمۆکی کەم بکاتەوە لە زۆربەی تووشبوواندا بە تایبەت خانمانی دووگیان، هەروەها لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ئەو کەسانە ئەنجامدراوە کە هیچ کاردانەوەیەکی ئەرێنییان نەبووە بۆ دەرمانە دژەخەمۆکییەکان، ئەم کەسانە بۆ ماوەی ٢ مانگ یۆگای جۆری کریایان ئەنجامداوە ئەزموونی کەمبوونەوەی نیشانەکانی خەمۆکییان کردووە، توێژەرەوەکان پێشبینی ئەوەیان کرد کە یۆگا ئەم نیشانە خەمۆکییانە بە کەمکردنەوەی هۆرمۆنەکانی پەستانی دەروونی کەم دەکاتەوە.

ئازاری خوارەوەی پشت کەمدەکاتەوە

ئازاری خوارەوەی پشت بە نزیکەیی کاردەکاتە سەر ٨٠٪ کەسانی پێگەیشتوو لە چەند قۆناغێکی ژیانیاندا، کە ئەمە کاریگەری دەخاتەسەر توانایان بۆ ئەنجامدانی کاری ڕۆژانە و ڕاهێنان و خەوتنیان، یۆگا ڕێگایەکی ئاسان و هەرزانە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە، توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ یۆگای پەیوەست کردووە بە کەمکردنەوەی ئازاری پشت و کاریگەری لەسەر ئەو نەخۆشییانەی پەیوەستن بە پشتەوە، سەربازە بەتەمەنەکان و دەستەی کارگێڕانی چالاکییە سەربازییەکان زۆرجار زیاتر لە کەسانی دیکە ئەزموونی ئازاری توندی پشتیان دەکرد، بە تایبەت ئازاری خوارەوەی پشت، توێژینەوەیەک ئەوەی خستۆتەڕوو ئەنجامدانی یۆگا بۆ ماوەی ١٢ هەفتە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بێتوانایی و توندی ئازار و بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن لەناو سەربازەکاندا.
توێژینەوەیەکی دیکە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە یۆگا تەنها ئەوەندەی چارەسەرێکی فیزیایی کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پشت، کاریگەری سوودەکانی یۆگا بۆ ماوەی چەند مانگێک دەمێنێتەوە.

هانی کردارەکانی مێشک دەدات

یۆگا هانی کردارەکانی مێشک دەدات و ئاستەکانی وزە بەرزدەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ توێژینەوەیەک ئەوەی خستووەتەڕوو کە یۆگای جۆری هاتا جێبەجێکردنی کردارەکانی مێشک وەک ئەو کردارانەی کە پەیوەندیدارن بەو ئامانجانەی کە هەڵسوکەوت ئاڕاستە دەکەن و کاردانەوە سۆزدارییەکان و خواستەکان پەرەپێدەدات، هەروەها باری دەروونی باش دەکات، یۆگا دەتوانێت خێرایی وردبوونەوە و کارکردنی بەشی بیرەوەری مێشک پەرەپێبدات، ئەم کاریگەرییە ڕاستەوخۆ دوای ڕاهێنانکردن دەردەکەوێت و بۆ ماوەیەکی کورت دەمێنێتەوە.

یارمەتی باشتربوون دەدات لەکاتی نەخۆشیدا

هەندێک کەس یۆگا وەک تەواوکەرێکی سروشتی دادەنێن و لەگەڵ چارەسەری پزیشکیدا ئەنجامی دەدەن بۆ ئەوەی باشتر بژین، بە تایبەت لە کاتی تووشبوون بەم نەخۆشییانە:

  • شێرپەنجەی پڕۆستات: توێژەرەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەنجامدانی یۆگا هەفتەی ٢ جار لە کاتی وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجەی پڕۆستاتدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ماندووی، هەروەها ئارەزووی سێکسی و کرداری میزکردن بەرزدەکاتەوە.
  • جەڵتە: ئەنجام دانی یۆگا بۆ ماوەی ٦ مانگ دوای جەڵتە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەڵتە.
  • کۆڵۆن: ئەنجامدانی یۆگا بۆ ماوەی ١٢ هەفتە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی چالاکی کۆڵۆن.
  • هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزم: ئەنجامدانی کۆرسێکی چڕی یۆگا بۆ ماوەی ٨ هەفتە دەبێتە هۆی باشترکردنی نیشانە جەستەیی و دەروونییەکانی ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، هەروەها هەوکردن کەمدەکاتەوە.

ڕێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ دەکات

یۆگا هۆکارە مەترسیدارەکانی توشبوون بە جەڵتەی دڵی وەک کۆلیستڕۆڵ و پەستانی خوێن کەم دەکاتەوە، هەروەها گۆڕانی دەمارەکانی خوێن کە ڕێخۆشکەرە بۆ جەڵتەی دڵ کەم دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



550 بینین