وشترمرخ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-11-04-12:40:00 - کۆدی بابەت: 7083
وشترمرخ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەعامە یاخود وشترمرخ (بە عەرەبی: نعامة، بە ئینگلیزی: ostrich)، لە کۆمەڵەی باڵندەکاندا پۆلێندەکرێت، بەڵام باڵندەیەکە کە توانای فڕینی نییە، نشینگە بنەڕەتییەکەی بریتییە لە ناوچە کێوی و ساڤاناکانی ئەفریقا، لە ئێستادا دەکرێت لە هەموو ناوچەکانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و نیمچەدوورگەی عەرەبی بوونی هەبێت، بەڵام بەهۆی ڕاوکردنی زۆرەوە نشینگە و جێگەی ژیانکردنی بەرتەسک بووەتەوە، جگە لە ئەو ژمارە نەعامانەی کە لە نشینگە سروشتییەکاندا دەژین دەکرێت بە دیل کراوی لە هەموو ناوچەکانی جیهان ببینرێن و لە لایەن خەڵکێکی زۆرەوە ماڵیدەکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشت و پێست و پەڕ و هێلکەکەی، ئەم باڵندە گەورانە مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە، کە بە بەردەوامی ژمارەیان کەمدەبێتەوە، لەنێوان جۆرەکانیشدا نەعامەی سۆماڵی زۆرترین مەترسی لەسەرە.

شێوەی دەرەوەی

نەعامە بە گەورەترین باڵندەی سەر ڕووی زەوی دادەنرێت، کە ملێکی درێژی ڕووتی هەیە، لەگەڵ دوو قاچی لاواز و دوو ڕانی پڕ لە ماسولکە، کە بە پەڕ داپۆشراون و هەموو جەستەی لەسەر ڕاگیر بووە، ڕەنگی پەڕەکەی دەگۆڕێت بە گۆڕانی ڕەگەزەکەی، بۆ نموونە نێرینەکان ڕەنگی جەستەیان ڕەشە لەگەڵ کلکێکی سپی، ڕەنگی ملیشیان پەمەیی یان شینێکی کاڵە، بەڵام ڕەنگی مێینەکان نزیکی قاوەیی و خۆڵەمێشی دەبێتەوە، بەرزییەکەیان لە نێوان ٢-٢.٧ م دەبێت و کێشیان بە نزیکەیی لە نێوان ١١٣-١٥٩ کگم دەبێت، بەڵام بە گشتی قەبارەی مێینەکان بە بەراورد بە نێرینەکان بچووکترە، چاوی نەعامە ٥ سم دەبێت بەهۆیەوە بە خاوەنی گەورەترین چاو دادەنێرێت لە نێو هەموو گیانەوەرە کێوییەکاندا، هەروەها خاڵی تایبەتمەندی جیاکەرەوەی لە هەموو باڵندەکانی دیکە ئەوەیە کە لە پێیەکانیدا تەنها دوو پەنجەی هەیە، ئەم شێوازە هاوکارییەتی لە ڕاکردنی خێرا و لەکاتی پارێزگاریکردنیش لەخۆی بەکاریدەهێنێت، کە درێژی نینۆکی پەنجە درێژەکەی دەگاتە ١٠ سم، خێراییەکەی لە کاتژمێرێکدا دەکرێت بە نزیکەیی بگاتە ٧٢.٥ کم و بە یەک بازدان دەتوانێت ٣-٥ م ببڕێت، ئەمانەش هەمووی بەهۆی قاچە بەهێزەکانیەوەیەتی، وە بە یەک لێدانی قاچەکانی توانای کوشتنی چەندین جۆری جیاوازی لە شیردەرەکان و خشۆکەکان هەیە.

خۆراک

بە گشتی نەعامە باڵندەیەکی ڕووەکخۆرە، کە گژوگیا و گوڵ و ڕەگەکان دەخوات، بەڵام توانای خواردنی مێروو و بڕبڕەداری بچووک و مارمێلکەکانیشی هەیە، یاخود هەر گیانەوەرێکی دیکەی هاوشێوە کە لە نشینگە سەختەکەیدا هەبێت و ڕووەک و خۆراکی پێویستی بە ئاسانی دەستنەکەوێت، هەروەها نەعامەکان بڕێکیش ئاو دەخۆنەوە، بەڵام ئەگەر ئاوی پێویست نەبێت ئەوا بڕی پێویستی لە ڕووەکەکانەوە دەستدەکەوێت و دەتوانن بۆماوەی چەند ڕۆژێک بە بێ ئاو بمێننەوە و بەردەوامبن لە ژیانکردن، بە سوود وەرگرتن لە بەکارهێنانی ئەو ئاوە هەڵگیراوەی کە لە بەشەکانی جەستەیدا هەیە.

زۆربوون

وەرزی زۆربوونیان ماوەی ٥ مانگ دەخایەنێت و زۆربوونی نەعامەکان لە ڕێگەی هێلکەکردنەوە دەبێت، درێژی هێلکەیەکی دەگاتە ١٥ سم و کێشی ١.٣ کگم دەبێت، هێلکەکانیان بە کۆمەڵەی زۆر و پێکەوە لە هێلانەکەیاندا دەدانێن، هێلانەی هێلکەکان بریتییە لە چاڵێک کە قوڵییەکەی بگاتە ٣ م و مێینەکە هەموو هێلکەکانی تێدا دادەنێت، دەکرێت لەهەمان کاتدا و پێکەوە ٦٠ هێلکە بن، پاشان نێرینە و مێینەکە پێکەوە لەسەری دەنیشن هەتا بێچووەکان هەڵدێن، کە دەکرێت ماوەی ٤٢-٤٦ ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام زۆرینەی جارەکان لەوانەیە هێلکەکان ڕووبەڕوی مەترسی ببنەوە و هەموویان هەڵنەیەن، کاتێک لەدایکدەبن قەبارەیان تاڕادەیەک گەورەیە و بە گەورەترین بێچووی نێو باڵندەکان دادەنرێن، کە قەبارەی بێچووەکان دەگاتە قەبارەی مریشکێک، هەروەها گەورەکردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی بێچووەکان لەسەر هەردوو و نێرینە و مێینەکەیە، بۆ نموونە لە کاتی هێرشی گیانەوەرێکی دڕندەدا، نێرینەکە هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی ڕاوچییەکە دەدات بۆ ئەوەی بێچووەکان ڕزگاریان ببێت، بێچووەکانیش دوای یەک هەفتە دەتوانن بە هەمان خێرایی پێگەیشتووەکان بجوڵێن، دوای ئەوەی تەمەنیان دەبێتە ٦ مانگ یەکەم گەشەسەندن تەواو دەکەن و لە نێوان تەمەنی ٣-٤ ساڵیدا بە تەواوەتی دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، هەورەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی نەعامەکان بە گشتی دەکرێت لە نێوان ٥٠-٧٥ ساڵ ببێت.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

جیاواز لە ڕاوبۆچوونی زۆرینەی خەڵکی نەعامەکان سەریان لە نێو لمدا نوقم ناکەن بە مەبەستی خۆ شاردنەوە، دەکرێت ئەم باوەڕە دروستبووبێت بەهۆی ئەوەی هەندێک لە باڵندەکانی دیکە هەمان کردە بەکاردەهێنن بەمەبەستی خۆپاراستن، بەڵام نەعامەکان لە کاتی هەستکردن بە مەترسیدا ئەوا سەریان و جەستەیان نزم دەکەنەوە و لە ئەنجامدا ملە درێژەکەی نزیک دەبێتەوە لەسەر ڕووی زەوی بەمەبەستی دیارنەمانی سەر و ملی، کە بەهۆی رەنگی پەڕەکەیەوە دواتر لەگەڵ نشینگەکەیدا تێکەڵ دەبێت و بە ئاسانی نابینرێت، بەهۆی ئەمەوە کاتێک لە مەودایەکی دوورەوە دەبینرێت وەک ئەوە دەردەکەوێت کە سەری لە نێو خۆڵ و لمدا نوقم کردبێت کە لە ڕاستیدا وا نییە، لە باری ئاساییدا جیاواز لە خۆپاراستن دەکرێت سەری نقوم بکات لە لمدا بۆ خواردنی ئەو کرمۆکانەی کە لە زەوییەکەدا هەیە، شێوازی ژیانکردنی دەکرێت تاک یان جووت بێت یاخود لە کۆمەڵەدا بژی بە گوێرەی وەرزەکان، کۆمەڵەکانیش نێرینەیەک سەرکردایەتی دەکات و مێینە و بێچووەکانیش لەخۆ دەگرێت.

جۆرە سەرەکییەکانی نەعامە

  • نەعامەی مل سوور: جۆرێکی نەعامەکانە تایبەتمەندە بە ملە سوورەکەی لەگەڵ خوە شەڕانییەکەی، بۆیە ماڵیکردن و ڕاگرتنی کارێکی قورسە، ملێکی درێژی هەیە کە ڕووتە و هیچ پەڕی پێوەنییە و بە ڕەنگی سوور دەردەکەوێت، ئەم جۆرە قۆناغی پێگەیشتنی دوادەکەوێت و بڕی هێلکەکردنیشی کەمە، کە مێینە پێگەیشتووەکانی بەلایەنی زۆرەوە ٥-١٠ هێلکە دەکەن، بۆیە بۆ بەرهەم هێنانی هێلکەش بەسوود نییە، سەڕای ئەوەی یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە زۆرترین بەرگری هەیە بەرامبەر نەخۆشییەکان.
  • نەعامەی مل شین: باڵندەیەکی گەورەیە پەڕەکانی چڕ و پڕن و پێستێکی ناسکی هەیە، بەهۆیەوە بۆ پێستە خۆشەکردن بەکار نایەت، بە بەراورد بە جۆرە مل سوورەکە قاچەکانی لاوازترە و کەمتر شەڕانییە، مێینە پێگەیشتووەکانی توانای دانانی ٢٠-٣٠ هێلکەی هەیە، بێچووەکانیشی تایبەتمەندن بە ئەوەی کە بە خێرایی پەرەدەسێنن، بەزۆری ئەم جۆرە لە ناوچەکانی ئەسیوبیا و سۆماڵ و باکووری کینیا هەیە.
  • نەعامەی مل ڕەش: بە یەکێک لە باشترین جۆرەکان دادەنرێت بۆ ماڵیکردن و ڕاگرتن، پێستێکی ئەستووری هەیە و خوی ئەم نەعامانە هێمنە بە گشتی، تەنها لە وەرزی زۆربووندا دەگۆڕێت و دەکرێت شەڕانی ببن، کە بە گشتی نێرینەکان دڕندە دەبن، هەروەها مێینەکانیش تایبەتمەندن بە توانا بەرزەکەیان بۆ بەرهەم هێنانی هێلکە، کە دەکرێت ٦٠-١٢٠ هێلکە بکات، هەروەها بەهۆی ئەوەی قەبارەکەشی بچووکترە لە جۆرەکانی دیکە توشبوونی بە مەترسی کەمترە.


سەرچاوەکان



979 بینین