جەنگی ئەفغانستان و یەکێتیی سۆڤیەت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-04-22:50:00 - کۆدی بابەت: 7091
جەنگی ئەفغانستان و یەکێتیی سۆڤیەت

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ئەفغان 

جەنگی ئەفغانستان و یەکێتیی سۆڤیەت یاخود داگیرکردنی ئەفغانستان (بە ئینگلیزی: Soviet–Afghan War، بە عەرەبی: الحرب السوفيتية في أفغانستان)، جەنگێکی ١٠ ساڵەی نێوان وڵاتی ئەفغانستانی داگیرکراو و یەکێتیی سۆڤیەتی داگیرکەر بوو، ئامانج لە شەڕەکە ویستی یەکێتیی سۆڤیەت بوو بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی ئەفغانستان کە هاوپەیمانی سۆڤیەت بوو و لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانستانەوە دژایەتی دەکرا و لەلایەن ئەمریکا و سعوودیە و چین و پاکستانەوە یارمەتی دەدران.

لە ١٩٧٩/١٢/٢٥ سوپای چلەمی یەکێتیی سۆڤیەت هاتە نێو خاکی ئەفغانستان و لە ساڵی ١٩٨٩ بە یەکجاری کشایەوە دوای شکستی لە جەنگەکەدا.

مێژوو

دوای ئەوەی ئەفغانستان لە ساڵانی حەفتاکان چەندین کودەتا و شۆڕش و کەوتن و هەستانەوەی بەخۆیەوە بینی، لە ساڵی ١٩٧٨ لە ناوچەی نورستان شۆڕش دەستی پێ کرد و جەنگی ناوخۆ لەو شوێنەدا دروستبوو، لە ئەیلوولی ١٩٧٩ جێگری سەروەزیران "حەفیزەڵڵا ئەمین" گەیشتە سەر دەسەڵات دوای ئەوەی سەروەزیران کوژرا. بەپێی زانیارییەکانی ئەمریکا، وڵاتەکە شەش مانگ پێش هاتنەناوەوەی یەکێتیی سۆڤیەت یارمەتی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی داوە بۆ بەگژداچوونەوەی حکوومەتی ئەفغانی، بەپێی زانیارییەکانیش بێت ڕوون بووە یەکێتیی سۆڤیەت دەیەوێت وڵاتی ئەفغانستان داگیربکات، ڕای ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئەوەیە کە ئەمریکا ویستویەتی یەکێتیی سۆڤیەت ڕابکێشێتە نێو جەنگێکەوە کە بەدڵنیاییەوە دەدۆڕێت و ناتوانێت سەرکەوتووبێت تێیدا.

پێشتر پەیوەندی نێوان ئەفغانستان و یەکێتیی سۆڤیەت زۆر باشبووە، پێش هێرشی یەکێتیی سۆڤیەتیش ٤٠٠ چەکداری ڕاوێژکاری سەربازی ناردبوویە ئەفغانستان بۆ یارمەتیدانی حکوومەت لە مانگی ئاداری ١٩٧٨. لە ١٩٧٩/٧/٧ یەکێتیی سۆڤیەت کەتیبەیەکی سەربازی بە چەک و پێداویستی تەواوەوە دەنێرێتە ئەفغانستان لەسەر داوای حکوومەتی ئەفغانی، بەڵام دواتر داواکارییەکان زۆر زیاتردەبوون بەهۆی ئەوەی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی وڵات هاوکاری دەکران و حکوومەت چارەی نەدەکردن بۆیە داوای یەکەی سەربازی گەورەتری لە یەکێتیی سۆڤیەت دەکرد.

هاتنەناوەوەی سۆڤیەت

لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٧٨، مۆسکۆ و کابول ڕێککەوتنێک واژوو دەکەن کە ڕێگە بە یەکێتیی سۆڤیەت دەدات لەکاتی پێویستی و داواکردنی حکوومەتی ئەفغانستان سوپای خۆیان بنێرنە وڵاتەکە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٩ کێشە دەکەوێتە نێوان پەیوەندییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و ئەفغانستانەوە بەهۆی ئەوەی حکوومەتەکەی "ئەمین" گوێڕایەڵی ڕێککەوتنی خۆیان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت نابێت و نەیتوانیووە حکوومەتەکەی جێگیر بکات.

دواتریش بۆ یەکێتیی سۆڤیەت ڕوون بوویەوە کە ئەمین ناتوانێ چاکسازی ئەنجام بدات و لەلایەن چەند سەربازێکی دەزگای کەی جی بی ـیەوە حکوومەتی ڕووسیا ئاگاداردەکرێتەوەکە دوو پاسەوانی "ئەمین" سەروەزیرانی پێشوویان کوشتووە بۆ ئەوەی ئەمین بڕواتە شوێنەکەی و دواتریش دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە گوایە ئەمین کارمەندی CIAـیە، جەنەڕاڵ ڤاسیلی زابلاتینیش دەڵێت کە چوار وەزیری سەروەزیرانی پێشوو لەپشت نەبوونی جێگیری وڵاتەوەبوون.

لە ٢٢ـی ١٢ـی ١٩٧٩ کۆمەڵێک ڕاوێژکاری سەربازی دەڵێن سۆڤیەت داوای کردووە تانک و کەلوپەلە گرنگ و زرێپۆشەکانیان چاکبکرێنەوە، لەو ماوەیەشدا پەیوەندی کابولی پایتەخت لەگەڵ دەوروبەری دەپچڕێت و دۆخێکی ئاساییشی ناجێگیر دروست دەبێت، لەو کاتەشدا کۆمەڵێکی زۆر لە هێزەکانی سۆڤیەت لە زەوییەکانی کابول دەنیشنەوە و لەو کاتەشدا "ئەمین"ـی سەروەزیرانی ئەفغانستان بنکەی سەرۆکایەتی دەگوازێتەوە بۆ کۆشکی تاج بەگ، چونکە پێی وابووە ئەوێ ئاسایشی زیاترە.

لە ١٩٧٩/١٢/٢٧، ٧٠٠ چەکداری سۆڤیەت کە ٥٤ کەسیان کارمەندی دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەت لە نێو کۆمەڵەکانی ئەلفا و زینیث بوون بە جلوبەرگی ئەفغانییەوە هەڵدەستن بە دەستبەسەرکردنی هەموو باڵەخانە و شوێنە حکوومی و سەربازی و ڕاگەیاندنەوە گشتییەکانی کابول، و ئامانجی سەرەکیشیان گرتنی کۆشکی تاج بەگی سەرۆکایەتی و کوشتنی حەفیزەڵڵا ئەمین دەبێت.

لە کاتژمێر حەوتی ئێوارە کۆمەڵێک چەکداری سۆڤیەت لە گروپی زینیث هەڵدەکوتنە سەر بەشی پەیوەندییەکانی کابول و دەیتەقێننەوە و لە کاتژمێر ٧:١٥ هێرش دەکرێتە سەر کۆشکی تاج بەگ و بۆ ماوەی ٤٥ خولەک شەڕ بەردەوام دەبێت، بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٨ـی مانگ شەڕ تەواو دەبێت و لە ڕاگەیاندنی کابولەوە ڕاگەیەنرا کە وڵاتەکە لەژێر دەستی ئەمین دەرهێنراوە.

ئۆپەراسیۆنەکانی سۆڤیەت

لەگەڵ ئەوەی کابول داگیرکرا، بەڵام هێشتا %٨٠ـی وڵات لەژێر دەستی حکوومەت و خەڵکیدا بوو، بەوەش سۆڤیەت سەربازانی یەدەگی خۆی ئامادەکرد بۆ ئامادەباشی، لەگەڵ هەموو ئەمەشدا سۆڤیەت یەکێک لە سەختترین و شکستخواردووترین جەنگەکانی خۆی ئەنجامدا بەهۆی ئەوەی لەگەڵ شەڕی شاخ و بەرزایی و ناوچەی دۆڵ و لوتکە و جەنگی گرووپ و نائەکادیمی ڕانەهاتبوون و ڕاهێنانیان نەکردبوو، بەوەش تووشی زۆرجار شکست دەبوونەوە، هەروەها چەک و تانک و زرێپۆشەکانیان لەگەڵ ژینگە و کەشوهەوای ئەفغانستان نەدەگونجا و زۆرجار لەگەڵ قوڕ و لیتەکان دەرنەدەچوون، جیا لە ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆنی "زەوی سوتاو" بە سووتاندنی گوند و زەوی و کێڵگەکان، لەگەڵ بەکارهێنانی هەلیکۆپتەری سەربازی میل می-٢٤ لە جەنگەکەدا.

کاردانەوەی نێودەوڵەتی

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر زوو ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی کەرەستەی تەکنەلۆجی و دەرمان کرد بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و هێرشەکەی بە مەترسیدارترین هێرش دانا لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم لەسەر ئاشتیی جیهان. بەهۆی ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک بووبوویەوە ئەمە ترسی خستە دڵی ئەوروپیەکان و بۆیە هەرزوو حاڵەتی دژایەتییان گرتەبەر.

ئەمریکا چەندین ڕێگەی گرتەبەر بۆ دژایەتی هێرشەکە و لاوازکردنی پێگەی یەکێتیی سۆڤیەت لەنێو وڵاتان، لە ساڵی ١٩٨٠ـیش زۆرێک لە وڵاتان ڕەتیان کردەوە بەشداری ئۆڵۆمپیاتی هاوینی مۆسکۆ بکەن، لەگەڵ جەنگی یەکێتیی سۆڤیەتیش هەریەک لە شۆڕشی ئێران و جەنگی ئێران و عێراق و کێشەی بەدیلگرتنی سەربازە ئەمریکییەکان و ململانێی پاکستان و هیندستان و شەڕی ئیسرائیل و لوبنان سەریانهەڵدا، بەوەش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە ناوچەیەکی کێشە لەسەر و مەترسیدار.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە دەنگی ١٠٤ وڵات و دژایەتی ١٨ وڵات و ١٨ سەربەخۆ داوای کشانەوەی هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی کرد لە ئەفغانستان، لەگەڵ ئەمەشدا ئەنجوومەنی ئاسایش نەیدەتوانی هیچ بکات بەهۆی ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت مافی ڤیتۆی هەبوو.

جیهاد

لە ناوەڕاستی هەشتاکان، هەڵمەتێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت دەستی پێ کرد و زۆر کەسایەتی ئیسلامی ئەوکات تێیدا بەشدارییان کرد، بەرەی بەرگری ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا و سعوودیە و چین و بەریتانیاوە یارمەتی دەدران، سەربازەکانیش کەسانی ناشارەزا و ناسەربازی بوون، بەڵام لەلایەن وڵاتەکانەوە چەکیان پێ دەدرا و ڕاهێنانیان پێ دەکرا، لەو کاتەشدا زۆرێک لە سعوودی و خەلیجییەکان و هەندێک لە کوردەکانیش بەشدارییان لەو شەڕەدا کرد بۆ دژایەتی کوفر و بەرگری لە وڵاتی ئیسلامی ئەفغانستان، لەگەڵ ئەمەشدا ئەمریکا بە پێدانی چەکی دژەفڕۆکەی سووکی ستینگەر (FIM-92) توانی گورزێکی کوشندە لە چەکی ئاسمانی سۆڤیەت بدات و زیانێکی زۆریان پێ بگەیەنێت.

بەرەی جەنگ

یەکێتیی سۆڤیەت بەرەی بەرگری لە ئەفغانستان
لیۆنید بریجنێڤ ئەحمەد شاه مەسعوود
یوری ئەندرۆبۆڤ عەبدولحەق
قوستەنتین چێرنینکۆ عەبدوڵا عەزام
میخائیل گۆرباچۆڤ محەمەد ئیسماعیل خان
دیمتری ئۆستینۆڤ قەلەبەدین حەکەمتیار
سێرگی سۆکۆلۆڤ جەلالەدین حەقانی
دیمتری یازوف محەمەد نەبی محەمەدی
ڤالەنتین ڤارینیکوڤ مەلا نەقیب
محەمەد نەجیبوڵڵا عەبدوڕەحیم وردەک
عەبدوڕەشید دۆستەم فەزڵەلحەق موجاهید
عەبدوقادر دەگڕواڵ بورهانەدین ڕەبانی

هێز

یەکێتیی سۆڤیەت + ئەفغانییەکانی یارمەتیدەریان بەرەی بەرگری
٦٢٠,٠٠٠ ڕووسی ٢٠٠,٠٠٠ بۆ ٢٥٠,٠٠٠
٥٥,٠٠٠ ئەفغانی  

 زیانەکان

یەکێتیی سۆڤیەت + ئەفغانییەکانی یارمەتیدەریان بەرەی بەرگری مەدەنی
١٤,٤٥٣ کوژراوی ڕووسی ٧٥,٠٠٠ بۆ ٩٠,٠٠٠ کوژراو ٨٥٠,٠٠٠ بۆ ١,٥٠٠,٠٠٠ کەس
٢٦٥ ونبووی ڕووسی ٧٥,٠٠٠ بریندار ٥ ملیۆن ئاوارە
٤٥١ فڕۆکە + ٣٠٠ پاکستانی ٣ ملیۆن بریندار
١٤٧ تانک    
١,٣١٤ زرێپۆش   ١٠٠ مەدەنی ڕووسی
٤٣٣ تۆپهاوێژ    
١٨,٠٠٠ ئەفغانی کوژراو    

ئایا داگیرکردن بووە؟

بە شێوەیەکی گشتی بریجنێڤی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت پێشتر ١٨ جار هاتنەناوەوە و یارمەتی ئەفغانستانی ڕەتکردۆتەوە، بە شێوەیەکی یاساییش ئەم هەڵمەتە داگیرکردن نەبووە و ڕێککەوتنێک هەبووە کە بەجێ نەهێنراوە و سۆڤیەتیش دەڵێت ئەو ناوەی کە بە داگیرکردن هاتووە تەنیا پڕوپاگەندەیەکی ئەمریکییە.  


سەرچاوەکان



1295 بینین