کوشتن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-11-05-23:30:00 - کۆدی بابەت: 7101
کوشتن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کوشتنی بە ئەنقەست بریتییە لە کۆتایی هێنانی نایاسایی بە ژیانی مرۆڤێکی دیکە بەبێ بوونی پاساو یان ڕێگەپێدانی یاسایی، بەتایبەت ئەو کوشتنە نایاساییەی کە پێشتر بە کینەوە پلانی بۆ دانراوە و بیری لێ کراوەتەوە، کوشتنی بە ئەنقەست پشت دەبەستێت بە بڕیاری دادوەری و لە جۆرەکانی دیکەی مرۆڤکوژی وەک کوشتنی بێ مەبەست جیاوازە، کوشتنی بێ مەبەست بریتییە لەو کوشتنەی کە بەبێ بوونی کینە و پلان ئەنجام دەدرێت.
زۆربەی کۆمەڵگاکان کوشتنی بە ئەنقەست بە تاوانێکی تەواو مەترسیدار هەژمار دەکەن، لەبەر ئەمە ئەو کەسەی کە تاوانبار دەکرێت بە کوشتن سزایەکی توندی بەسەردا دەسەپێنرێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەکردنەوە و گرنگیدان بەو تاوانە، لە زۆربەی وڵاتاندا ئەو کەسەی تاوانی کوشتن ئەنجام دەدات ڕووبەڕووی زیندانیکردنی درێژخایەن دەبێتەوە کە زۆرجار زیندانی هەمیشەیی دەگرێتەوە.

کوشتنی پلە یەک - کوشتنی پلە دوو

لەناو ئەو کوشتانانەدا کە پلان بۆ داڕێژراون و بە کینەوە ئەنجامدراون، یاسا پۆلێنبەندیان بۆ دەکات و هەندێکیان بە زۆر مەترسیدار و شایەنی سزای قورستر دادەنێت بە بەراورد بە هەندێکی دیکە، تاوانی کوشتنی پلە یەک دەدرێتە پاڵ ئەو کەسانەی کە تاوانەکەیان بە زۆر مەترسیدار و ئەنقەست پۆلێن دەکرێت، ئەو کوشتنانەشی کە ڕق و خراپی تاوانەکەیان وەک کوشتنی پلە یەک مەترسیدار نییە، بە کوشتنی پلە دوو پۆلێن دەکرێن، یاساکان لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە دەگۆڕێن بەپێی ئەوەی کە چ بارودۆخێک پاڵنەر بووە بۆ ئەنجامدانی کوشتنی پلە یەک، بەڵام ئەم جۆرە بارودۆخانە باون:

  • ئەو کوشتنەی کە بیری لێ کراوەتەوە و بەتەواوی بە ئەنقەست ئەنجامدراوە: واتە بکوژ پلانی بۆ کوشتەکە داڕێژاوە و کاتی تەواوی لەبەردەستدا بووە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەی، هەروەها کاتی تەواوی هەبووە بۆ بیرکردنەوە و پەشیمان بوونەوە، نموونە بۆ ئەم جۆرەی کوشتن ژنێکە کە دەچێت بۆ فرۆشگە و ژەهری مشک دەکڕێت و دەیکاتە ناو چاوە بۆ هاوسەرەکەی.
  • ئەو کوشتنەی لە کاتی ئەنجامدانی بەدکارییەکی مەترسیداردا ڕوودەدات: ئەم تاوانە زۆرجار پێی دەوترێت (کوشتنی کاتی بەدکاری)، کەسێک تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی بە ئەنقەستی کەسێکی دیکە لە کاتێکدا کە خەریکی ئەنجامدانی بەدکارییەکە، لە کاتێکدا کە ئەو کەسە بکوژیش نییە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مردنەکە بە ئەنجامی بەدکارییەکی سەرەتایی پێشبینی دەکرێت، بۆ نموونە: ئارۆن هەڵدەستێت بە ئاگر بەردانە ماڵێک و بە تاوانی سووتاندنی ماڵ دەستگیر دەکرێت، کریس کە ئاگرکوژێنەوەیە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا دەمرێت، کەواتە ئارۆن تاوانبارە بە کوشتنی کاتی بەدکاری چونکە ئەم مردنە لە ئەنجامی ڕوودانی بەدکارییەکی مەترسیداردا ڕووی داوە کە هۆکارەکەی ئارۆن بووە، مردنەکەش مردنێکی پێشبینی کراوە و ئەنجامی بەدکارییەکە.
    لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا ئەو تاوانبارکراوانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەبوونەتە هۆکاری مردنی هاوبەشی تاوانێک بە بەرپرسیاری ئەو مردنە هەژمار ناکرێن، بۆ نموونە ئاراس و ئارام دزی لە ماڵێک دەکەن، لە کاتی ئاشکرابوونیان و هەوڵدانیان بۆ ڕاکردن پۆلیس تەقە لە ئارام دەکات و دەیکوژێت، لێرەدا ئاراس بەرپرس نییە لەو مردنە و تاوانبار ناکرێت بە کوشتن، هەتا ئەگەر کوشتنەکە لە کاتی ئەنجامدانی بەدکارییەکیشدا ئەنجام درابێت.
  • بکوژ کەرەستەیەکی وێرانکەری وەک بۆمب بەکاربهێنێت: لە هەندێک وڵاتی وەک کالیفۆرنیادا یاسا کوشتنی پلە یەک بەپێی ئەوە پێناسە دەکات کە بکوژ چ ڕێگەیەکی بەکارهێناوە بۆ کوشتن، بۆ نموونە: هەموو ئەو کوشتنانەی کە بە بەکارهێنانی کەرەستەیەکی وێرانکەر و تەقەمەنی یان بە ئەنقەست و بە کینەوە ئەنجامدراون بە کوشتنی پلە یەک پۆلێن دەکرێن.

هۆکارە پاڵنەرەکان

بە پشت بەستن بە بنەڕەتەکانی هەڵسوکەوتکردن، هاندەرەکانی کوشتن دەکرێن بە چوار بەش کە ئەمانەن:

  • ئارەزوو: بکوژ دەیەوێت نەیارەکەی بکوژێت بۆ ئەوەی خواستە سێکسییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
  • خۆشەویستی: بکوژ دەیەوێت کوشتنی بەزەیی ئەنجام بدات، واتە ئەو کەسەی خۆشی دەوێت ناتەواوییەکی سەرەکی هەیە یان نەخۆشییەکی درێژخایەنی چارەسەر نەکراوی هەیە.
  • ڕقێکی زۆر: بکوژ هەوڵ دەدات ئەو کەسە بکوژێت کە زۆر ڕقی لێیەتی وەک دایک و باوکێکی خراپ یان ئەندامی گروپێک.
  • تاڵانکردن: بکوژ دەیەوێت کەسێک بکوژێت بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە.

باسکردنی بنەڕەتەکانی هەڵسوکەوت بە تەنها وەک هاندەرێکی کوشتن بەس نییە بۆ ڕوونکردنەوەی تاوانێکی کوشتن، چونکە خەڵک دەتوانن ئەزموونی ئەو هاندەرانە بکەن بەبێ ئەوەی کوشتن ئەنجام بدەن، هەڵسوکەوتە توندەکانی کە بە هۆکاری مەترسیداری کوشتن دادەنرێن و هەلی ئەوە زیاتر دەکەن کە کەسێک تاوانی کوشتن ئەنجام بدات بریتیین لە:

  • هۆڕمۆنی تێستێستیرۆن: هۆڕمۆنی سەرەکی نێرینەیە کە بەرپرسە لە هەڵسوکەوتی سووربوون و باوەڕبەخۆبوون و پێشبڕکێ.
  • کەمبوونەوەی سێریتۆنین: (ڕاگوێزەرێکی دەمارییە کە فەرمانی ئاڵۆز و هەمەجۆری هەیە، بەرپرسە لە گۆڕانی باری دەروونی و زانین و کاردانەوە و فێربوون و یادەوەری)، کاتێک ئەم ڕاگوێزەرە دەمارییە کەم بکات حەزی ئەنجامدانی هەڵسوکەوتی سەرشێتانە و ڕقاوی زیاد دەکات.
  • گۆڕان لە تێکشکاندنی گلوکۆز: ئەم گۆرانکارییە لە لەشدا کاردەکات سەر باری دەروونی و هەڵسوکەوت.
  • بەرزبوونەوە یان دابەزینی شەکرەی خوێن: دەتوانێت ببێتە هۆی ئەنجامدانی توندوتیژی.
  • خواردنەوە کحولییەکان: دەبێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵ.
  • پیسکەرەکانی ژینگە: کۆببنەوەیان لە لەشدا پەیوەست کراوە بە زیادبوونی توندوتیژی.
  • خواردنی خراپ: بەردەوام خواردنی شتی خراپ و بێسوود هانی ئەنجامدانی هەڵسوکەوتی توندوتیژی و تەنانەت کوشتنیش دەدات.
  • چەند نەخۆشییەکی دەروونی: هەندێک جۆری نەخۆشی دەروونی پەیوەستن بە زۆربوونی ڕێژەی کوشتن.


سەرچاوەکان



2574 بینین