سورەتە مەککی و مەدەنییەکان

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-06-21:30:00 - کۆدی بابەت: 7112
سورەتە مەککی و مەدەنییەکان

ناوه‌ڕۆك

پەیامی قورئان

پێغەمبەر فەزڵێکی زۆر گەورەی بەسەرمانەوە هەیە کە ئەم پەیامە جوانەی گەیاندووە بە هەموو مرۆڤایەتی، ئەو پەیامەی کە کێوەکان نەیانتوانی هەڵی بگرن، بەڵام گەورەی مرۆڤایەتی هەڵی گرت و گوێی نەدا بەو ناڕەحەتیانەی کە دێنە ڕێی، هاوەڵەکانیشی ئەم قورئانەیان زۆر بە جوانی لێ وەرگرت و نەوە بە نەوە گەیاندیان تا گەیشتووە بە ئێمە، قورئانی پیرۆز وتەی پیرۆزی خودای گەورەیە کە موعجیزەیەکە و بۆ سەر پێغەمبەر موحەمەد دابەزیوە کە کۆتا پێغەمبەرە، قورئان لە ١١٤ سورەت پێکدێت، لە ڕووی درێژیەوە دەبێت بە چەند بەشێک:

  • السبع الطوال: سورەتە درێژەکان، حەوت سورەتن کە دەکەونە سەرەتای قورئانی پیرۆز، ئەوانیش (البقرة، آل عمران، النساء، المائدة، الأنعام، الأعراف، التوبة).
  • المئین: ئەو سورەتانەن کە لە دوای سورەتە درێژەکان دێن و ئایەتەکانیان لە ١٠٠ ئایەت زیاترە یا نزیک ١٠٠٠ ئایەتە.
  • المثانی: ئەوانەش ئەو سورەتانەن کە دوای بەشی (المئین) دێن.

لە ڕووی دابەزینەوە سورەتەکان دەکرین بە دوو بەشەوە، سورەتە مەککی و مەدەنییەکان.

مەبەست لە سورەتی مەککی و مەدەنی چییە؟

زانایان چەند پێناسەیەکیان کردووە بۆ سورەتی مەککی و مەدەنی، لە گرنگترین ئەو پێناسانەش ئەمانەن:-

  • پێناسەی یەکەم: سورەتە مەککییەکان ئەو سورەتانەن کە لە مەککە و چواردەوریدا دابەزیون وەک کێوی عەرەفات، سورەتە مەدەنییەکانیش ئەو سورەتانەن کە لە مەدینە و چواردەوریدا دابەزیون، وەک بەدر و ئوحود، ئەم پێناسە پشت بە شوێن دەبەستێت لە دیاریکردنی سورەتی مەککی و مەدەنی، بەڵام ئەمە زۆر ورد نییە، لەبەر ئەوەی هەندێک ئایەت هەیە کە لە شوێنی تر دابەزیوە، بۆ نموونە لە تەبووک.
  • پێناسەی دووەم: سورەتە مەککییەکان ئەو سورەتانەن کە گفتوگۆ لەگەڵ گەلی مەککە دەکەن، وە سورەتە مەدەنییەکانیش ئەو سورەتانەن کە گفت و گۆ لەگەڵ گەلی مەدینە دەکەن، ئەم پێناسە پشت بەوە دەبەستێت کە ئایا سورەتەکە بەرەو ڕووی کێ کراوەتەوە، ئەم پێناسەش زۆر ورد نییە لەبەر ئەوەی هەندێک ئایەت هەیە کە خودای گەورە بەرەو ڕووی پێغەمبەری کردووەتەوە .
  • پێناسەی سێیەم: کە ئەم پێناسەیان بەناوبانگترە وەک پێشەوا جەلالەدینی سیوطی باسی کردووە، سورەتی مەککی ئەوەیە کە پێش کۆچکردن بۆ مەدینە دابەزیوە، ئەگەرچی لە مەککەش دابەزیبێت، سورەتی مەدەنیش ئەوەیە کە دوای کۆچکردن بۆ مەدینە دابەزیوە، ئەگەرچی لە شاری مەککەش دابەزیبێت، ئەم پێناسە پشت بە سەردەم و کات دەبەستێت، زانایانیش پشت بەم پێناسەیە دەبەستن، وە بۆی هەیە کە ئایەتێکی مەککی بکەوێتە سورەتێکی مەدەنییەوە، وە بە پێچەوانەشەوە.

گرنگی زانینی سورەتە مەککی و مەدەنییەکان

  • زانینی ناسیخ و مەنسوخ لە قورئاندا، ئەگەر زانیمان ئایەتێک مەککییە و لە پێش کۆچ بۆ مەدینە دابەزیوە و باس لە حوکمێکی شەرعی دەکات، پاشان ئایەتێکی مەدەنی دابەزیوە لە پاش کۆچ بۆ مەدینە و حوکمێکی تێدایە کە پێچەوانەی حوکمی یەکەمە کە لە مەککە دابەزیوە، ئەوا ئەوکات ئەوەمان بۆ دەرەکەوێت کە ئایەتە مەدەنییەکە نەسخی ئایەتەکەی مەککە دەکات.
  • بە زانینی مەککی و مەدەنی ئەوەمان بۆ دەرەکەوێت کە ئەم ئاینە پیرۆزە سەرەتا لە مەککەوە سەری هەڵداوە و باس لە یەکتا پەرستی و تەوحید دەکات پاشان بەرەو فەرزکردنی نوێژ و زەکات و ڕۆژوو و پاشان حەج، کە ئەمەش لە خۆیدا زانینی گرنگە بۆ تاکی باوەڕدار.
  • تاکی باوەڕدار لەوە دڵنیا دەبێتەوە کە قورئان بە سەلامەتی گەیشتووە پێمان بەبێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەکی تێدا ڕووی دابێت، ئەوەتا دیاریکراوە کە ئەم ئایەتە لە کوێ دابەزیوە و لە چ کاتێکدا بووە بە شێوەیەکی زۆر ورد.
  • سورەتە مەککی و مەدەنییەکان قۆناغەکانی بانگەوازی ئیسلامی ڕوون دەکاتەوە کە پێغەمبەر پێیدا تێپەڕیوە.

جیاوازی نێوان سورەتە مەککی و  مەدەنییەکان

  • ئایەتە مەککییەکان یا سورەتە مەککییەکان ئەوانەن کە بۆ سەر پێغەمبەر ﷺ دابەزیوە پێش ئەوەی کۆچ بکات بۆ شاری مەدینەی درەوشاوە، بەڵام ئایەتە مەدەنییەکان یا سورەتە مەدەنییەکان ئەوانەن کە بۆ سەر پێغەمبەر ﷺ دابەزیوە پاش ئەوەی کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە.
  • سورەتە مەککییەکان بەوە دەناسرێن کە باسی عەقیدە و بیر و باوەڕ و باوەڕبوون بە ڕۆژی دوایی و بەهەشت و دۆزەخ دەکەن، وە دەربڕینی وشەکانیشی تێیدا زۆر بەهێزە و توندە، ئەمە لە کاتێکدا کە سورەتە مەدەنیەکان بەوە دەناسرێن کە باس لە ئەحکام و تەشریع و حەڵاڵ و حەرام و خێزان و میرات و جیهاد و دەکەن.
  • ژمارەی سورەتە مەککی و مەدەنییەکان ڕاجیایی لەسەرە، زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە ٨٢ سورەت مەککییە و ٢٠ سورەت مەدەنییە، ١٢ سورەتیش دەمێنێتەوە کە زانایان ڕاجیان لەوەی کە ئایا مەککین یا مەدەنین.
  • هەر سورەتێک لە قورئانی پیرۆزدا وشەی (کلا)ی تێدا هاتبێت ئەوا سورەتێکی مەککیە، وە وشەی (کلا) تەنیا لە پازدە جوزئی دووەمدا هاتووە، ٣٣ جار هاتووە لە ١٥ سورەتدا.
  • هەر ئایەتێک یا سورەتێک (یا أیها الناس)ی تێدا هاتبێت وە (یا أیها الذين آمنوا) تێدا نەبێت ئەوا سورەتێکی مەککییە، یا بە (یا بنی آدم) دەستی پێکردبێت، چونکە ڕوودەکاتە هەموو مرۆڤایەتی و لەگەڵیاندا دەدوێت.
  • هەر سورەتێک کە باسی چیرۆکی پێغەمبەران و گفت و گۆیان لەگەڵ گەلەکانیان و گەلانی پێشووتری تێدا کرابێت ئەوا سورەتێکی مەککییە، بێجگە لە سورەتی (البقرة)، ئەمەش بۆ دڵنەوایی و چەسپاندنی دڵی پێغەمبەر .
  • هەر سورەتێک باسی چیرۆکی پێغەمبەر ئادەم (سەلامی خودای لەسەربێت) و ئیبلیس کرابێت ئەوا سورەتێکی مەککییە بێجگە لە سورەتی (البقرة).
  • هەر سورەتێک بە پیتە پچڕاوەکان دەستپێبکات بۆ نموونە وەک (الم) و (الر) و (حم) و هتد.. ئەوە سورەتێکی مەککییە بێجگە لە سورەتی (البقرة) و (آل عمران).
  • سورەتە مەدەنییەکان زیاتر لەگەڵ خاوەن کتێبەکان دەدوێت لە جولەکە و گاورەکان و بانگکردنیان بۆ ئیسلام بە بەردەوامی، وە ڕوون کردنەوەی ئەو دەستکاری کردنەی کە لە کتێبەکانی خودای گەورەدا کردویانە.
  • سورەتە مەدەنییەکان زۆر باسی دوو ڕووەکان دەکات و هەڵسوکەوت و نەفسیەتیان و خەتەرناکییان دەردەخات، بێجگە لە سورەتی (العنکبوت) کە سورەتێکی مەککییە.
  • ئایەتەکانی سورەتە مەدەنییەکان بەوە دەناسرێت کە درێژە.
  • ئایەتەکانی سورەتە مەککییەکان بەوە دەناسرێت کە کورتترە، بەڵام لە دەربڕیندا زۆر بەهێز و کاریگەرە.
  • بە زۆری ئەو ئایەتانەی کە سوجدەی تیلاوەیان تێدایە سورەتی مەککیین.
  • سورەتە مەدەنییەکان (یا أیها الذين آمنوا)ی تێدا هاتووە، بێجگە لە ٧ شوێندا.
  • سورەتە مەککییەکان گفت و گۆی تێدایە لەگەڵ بێباوەڕەکان و هاوەڵ پەیداکەرەکان.
  • سورەتە مەککییەکان لە ڕووی دەربڕینەوە بەهێزە و توندە لەبەر ئەوەی کە دژی کەسانێک قسە دەکات کە دژی ئیسلامن و کەلـلە ڕەقن، بەڵام سورەتە مەدەنییەکان دەربڕینەکانی نەرمترە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ باوەڕداران قسە دەکات و دەدوێت.
  • سورەتە مەککییەکان باسی نیشانە و دەسەڵات و ئایەتەکانی خودای گەورە دەکات لە بوونەوەر و گەردووندا.


سەرچاوەکان



1469 بینین