مل تەقاندن

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-07-02:08:00 - کۆدی بابەت: 7117
مل تەقاندن

ناوه‌ڕۆك

مل تەقاندن چییە؟

مل تەقاندن (بە ئینگلیزی: Neck Cracking)، تەقاندنی جومگەکان خوویەکی باوە، کە زۆرێک لە ئێمە ئەنجامی دەدەین، ئێمە جومگەکان و پەنجەکان و پشت و پەنجەکانی قاچ و تەنانەت ملیشمان دەتەقێنین، بەڵام هەموو کەسێک ئەم تەقاندنە بۆ هەمان مەبەست و بە هەمان هۆکار ئەنجام نادات، زۆرێک بۆ ڕەواندنەوەی ئەو پەستانەی کە لە شان و ملدا هەستی پێدەکرێت ئەنجامی دەدات یاخود تەنها وەک خوویەک، بە گشتی تەقاندنی مل بە شێوەیەکی ئاسایی یاخود لە ناکاو نابێتە هۆی پەیدابوونی هیچ کێشەیەک بە مەرجێک کە بە شێوەیەکی ڕاست ئەنجام بدرێت، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی زۆر و بە هێزێکی زۆر مل بتەقێنرێت ئەوا دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ئازار یاخود ناڕەحەتییەکی زۆر زیاتر لەوەی کە پێش تەقاندنەکە هەستت پێی دەکرد.

هۆکاری پەیدابوونی ئەو دەنگە نامۆیەی کە لە کاتی تەقاندنی جومگەکاندا پەیدا دەبێت

کاتێک مل یاخود هەر جومگەیەکی دیکەی جەستەت دەتەقێنیت، ئەوا کیفە تەنکەکەی دەوری ئێسکەکانت دەکشێت، ئەم کیفانە شلەیەکیان تێدایە و کاتێک کە جومگەکە دەکشێت وا دەکات کە ئەم شلەیە پەستانێکی کەمتر بخاتە سەر جومگەکە، هەروەها کاتێک پەستانەکە کەمبووەوە، ئەم شلەیەی ناو جومگەکە دەگۆڕێت بۆ هەوا، و کاتێک کە بوو بە هەوا، دەنگێکی وەک قرتەقرت پەیدا دەکات، هەروەها ئەم پرۆسەیە یاخود پێی دەگوترێت کوڵاندن یاخود دروستبوونی بڵق، وە زۆرینەی جار ئەم مل تەقاندنە ئازار بەخش نییە، هەروەها لە کاتی مل تەقاندا کۆمەڵە دەزگایەک لە ملدا هەن پێیان دەگوترێت جومگەی نێوان بڕبڕەکان و ئەم جومگانە لە هەر دوو لای ملدا بوونیان هەیە، کاتێک کە ملت دەتەقێنیت، ئەوا جومگەی نێوان بڕبڕەکان دەکشێت، کە وادەکات شلەی ناو جومگەکە لە کیفەکەی بێتە دەرەوە و کاتێک کە ئەم شلەیە دەبێت بە هەوا ئەوا دەنگێک دروست دەکات کە وەک قرتەقرت وایە، هەر بۆیە کە کاتێک ملت دەتەقێنیت هەستێکی وەک ڕەواندنەوەی فشارەکانت بۆ پەیدا دەبێت لە دەوروبەری ناوچەی ملدا، هەروەها بیردۆزێکی جێگرەوە پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەنگی ئەو تەقاندنە بە بڵقێک بەرهەم دەهێنرێت کە لە جومگەکەدا دروست دەبێت.

ئایا مل تەقاندن هیچ سوودێکی هەیە؟

هەرچەندە مل تەقاندن دەکرێت چەند سوودێکی کەمی هەبێت بەڵام دەبێت هەمیشە پێش ئەنجامدانی مل تەقاندن قسە لەگەڵ پزیشک بکەیت، چونکە ئەوان دەتوانن ئامۆژگاریت بکەن لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەوە بۆ تۆ پارێزراوە یان پێشنیاری بژاردەکانی تر دەکەن بۆ حەسانەوە، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە مل تەقاندن لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ دەکرێت کاریگەری زۆر باش و ئەرێنێ لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت، چونکە زۆرێک لە خەڵک ئەو دەنگەی کە پەیدا دەبێت هاوبەشی پێدەکەن لەگەڵ ڕەواندنەوەی فشار و هەموارکردنی سەرکەوتووی جومگەیەک، لە هەندێ بارودۆخدا تەنها بە بیستنی دەنگی تەقاندنی مل دەکرێت کەسەکە هەست بە باشی و ئاسوودەیی بکات، تەنانەت ئەگەر هیچ فشارێکیشی کەم نەکردەوە یان جومگەکە بە تەواوی یان سەرکەوتووانە ڕێک نەخات، پاشان یەکێکی دیکە لە سوودەکانی مل تەقاندن ئەوەیە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئیندرۆفین لە ناوچەی جومگەی مل، هەروەها ئەندۆرفینەکان بەرهەمهێنراون لەلایەن ژێرمێشکە ڕژێنەوە و هەروەها لەلایەن جەستەتەوە دەردەدرێن بۆ یارمەتیدانی بەڕێوەبردنی ئازار، کاتێک کە ملت دەتەقێنیت، ئەوا ئیندرۆفین لەو شوێنەدا زیاد دەکات و ئەمەش هەستێکی ئاسوودەی و دڵخۆشکەرت پێ دەبەخشێت.

مەترسییەکانی مل تەقاندن

مل تەقاندن دەکرێت زیانبەخش بێت ئەگەر بە نادروستی یاخود بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجامی بدەیت، مل تەقاندن بە هێزێکی زۆر دەبێتە هۆی پەیدابوونی ژانێکی کەم لە دەمارەکاندا، و ئەم ژانە کەمەی دەمارەکان دەبێتە هۆی ئازارێکی لە ڕادەبەدەر  یاخود وا دەکات کە زۆر بە زەحمەت بتوانیت ملت بجوڵێنیت، هەروەها تەقاندنی مل زۆر بە سەختی، دەکرێت ببێتە هۆی شەکتکردنی ماسولکەی دەوری جومگەکان و تەنانەت شەکەتکردنی جومگەکان خۆشیان، هەروەها لە کاتی شەکتبوونی ماسولکە و جومگەکان جوڵاندنی ملت بە شێوەیەک لێ دەکات هەست بە ئازارێکی زۆر بکەیت، ئەو هەستەی کە واتلێدەکات کە ئارەزووی تەقاندنی ملت بکەیت پێی دەگوترێت هایپەرمۆبیڵیتی (hypermobility)، ئەم هەستە کاتێک پیدا دەبێت کە جومگەکانت ئارەزوی جوڵە پێکردنیان زۆر لە کاتی ئاسایی زیاترە، هەروەها زیاد لە پێویست تەقاندنی مل لەوانەیە ببێتە هۆی کشانی هەمیشەیی بەستەرەکان و بە ناجێگیری هەمیشەی ناو دەبرێت کە ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە مەترسییەکانی مل تەقاندن، هەروەها کاتێک کە ئەم کشانی هەمیشەیی بەستەرانە ڕوودەدات ئەگەری تەنکبوونی جومگەکانت زیاتر دەبێت، لە ڕاستیدا مل شوێنی کۆبونەوەی زۆرینەی دەمارەکانە، لە زۆرینەی بارودۆخەکاندا، مل تەقاندن زۆر سەختە یاخود هەندێک جار دەبێتە هۆی کونبوونی دەمارەکان، هەروەها لە هەندێک بارودۆخی دیکەدا مل تەقاندن دەبێتە هۆی دروستبوونی کڵۆ خوێن و ڕێگری لە ڕۆشتنی خوێن بۆ مێشک دەکات.


سەرچاوەکان



471 بینین